جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– وتم مه‌ڕۆ، یاخی ده‌بم –

وتم مه‌ڕۆ، یاخی ده‌بم

 

 

وتم: مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ!

ژینم مه‌که‌ به‌ ژان و سۆ

سینگم مه‌که ‌به‌ کێڵگه‌ی هێڵی برین

ڕاسته ‌جوانیت و دڵڕە‌قیت

به‌ڵام نه‌ختێ ترست هه‌بێ

له ‌تووڕە‌یی خودای ئه‌وین!

خه‌نجه‌ر بێنه‌

سینگم هه‌ڵبدڕە، ببینه

له‌ سه‌رانسه‌ر نیشتمانی گه‌وره‌ی دڵما

جگه‌ له ‌تۆ، تاقانه‌که‌ی دنیای ژینم

چی‌تر نینه!

وتم: گیانه!‌

کۆشی ڕووبار

تووله‌ نه‌مام ئه‌کا به ‌دار!

خۆشه‌ویستی تۆ ده‌توانێ

هه‌ستی ماندووی منی شاعیر ببزوێنێ

تۆ ده‌توانی من هان بده‌ی

دنیا پڕ که‌م له‌ بڵێسه‌ی پشکۆی هاوار!

نێرۆن! وه‌ک ڕۆم بمسووتێنه

بمکه ‌به ‌خاک و خۆڵه‌مێش

دڵم پڕ که ‌له ‌زام و ئێش

به‌ڵام مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ

ژینم مه‌که‌ به‌ژان و سۆ

چۆن ئه‌توانی به‌جێم بێڵی

ته‌ژی تاسه ‌و خۆزگه ‌و ئاوات و ئه‌وینم

چۆن ئه‌توانی

ئاوێنه‌که‌ی خۆت بشکێنی

من شاعیری خوڵقێنه‌ری وشه‌ی ژینم

هه‌ست و گیانم ئاورینه

وه‌ک کاکه‌ مه‌م

خوێنم په‌رژی عه‌شقی زینه!

نێرۆن! وه‌ک ڕۆم بمسووتێنه

له ‌سه‌ر لووتکه‌ی له‌خۆبایی

هه‌ڵقرچانی ڕۆمی هه‌ژارت ببینه

به‌ڵام مه‌ڕۆ

خۆشه‌ویستیم پێشێل مه‌که

من شاعیرم، یاخی ده‌بم

شیعره‌کانم له ‌ناو کووره‌ی ده‌رد و خه‌ما

زاخاو ئه‌ده‌م

ده‌یکه‌م به‌ خه‌نجه‌ر، به ‌تفه‌نگ

لێت نابوورم

تۆڵه‌ی دڵه ‌ساکاره‌که‌م ئه‌که‌مه‌وه

ڕۆژت ئه‌که‌م به‌ شه‌وه‌زه‌نگ!

 

12/12/1364 – March 3, 1986

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha