– پاتەختی خۆشەویستی –
پاتەختی خۆشەویستی
لە دەشتێکا وەک دڵی من
گەردەلوولە، گەردەلوولە
مژە، تەمە، تۆزە، بایە
ھەر ئەڕۆم و
خەمێک بەقەد بارستانی کوێستانێکم لە دڵدایە!
لە گەرووما، بولبولێکی بریندارە
وشەی خوێن و
وشەی زام و
وشەی ئەوین ئەچریکێنێ!
لە ناو زامی سینگی شەقار شەقار بووما
ھەورەتریشقەی ئاسمانێکی بێسنوورە
لە ژێر ڕەھێڵەی بارانی قورقوشمدا ئەشریخێنێ
با ھەر گوللە
با ھەر چەقۆ
ھەڵمەت بەرن بۆ ناو خوێنم
من دڵ ئەکەم بە پاتەختی خۆشەویستی
گیانم دەکەم بە گزنگ و
دڕک و داڵی ڕێگەی ئەوین ئەسووتێنم!
چیا ئەکەم بە گۆرانی
لە سەر لووتکەی قامێکەوە ڕادەوەستم
پڕ بە گەروو ھاوار دەکەم
بە گوێ دنیا ئەخوێنمەوە
ناوی جوانی خۆشەویستم.
١٣٦٨ – 1989
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha





