ژیاننامەی جەلال مەلەكشا

• منداڵی و میرمنداڵی
جەلال مەلەكشا، ٢٨ی ئازاری ١٩٥٢ی زایینی، لە گوندی مەلەكشانی سەر بە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە. ناوی باوكی ئەحمەد ڕەحیمی مەلەكشان و دایكیشی ئامینە گەوێڵی كێڵانەیە. جەلال یەكەم منداڵی خێزانەکەی بووە و خاوەنی سێ خوشك و سێ برای‌ دیکەیە. هەر لە منداڵییەوە، پێش ئەوەی بڕواتە مەكتەب لە ژێر کاریگەریی مامێکی خوێندەواری بە ناوی عەبدولڕەزا، فێری خوێندن و نووسینی كوردی دەبێت، وەك خۆی باسی كردووە: «پێنج ساڵان بووم، كە مامم بە هاندان و بە زۆر، شیعری شاعیرانی كلاسیكی وەكوو نالی و مەحوی و هتدی پێ لەبەر دەكردم». جەلال ٨ ساڵان بووە كە باوكی لە دایرەی كشتوكاڵی شاری سنە دادەمەزرێت و بەماڵەوە دەڕۆنە سنە و لەو شارەدا نیشتەجێ دەبن. لەبەر ئەوەی كە تەمەنی جەلال سەرەوەی ٧ ساڵ بووە بە كێشەیەکی زۆر لە قوتابخانە وەردەگیرێت. بەهۆی بارودۆخی وڵاتی ئێران و قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی دایكی، وەكوو هەموو منداڵە كوردەكان بە ناچاری بە زمانی فارسی دەخوێنێت. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەكانی «شێخ موهاجیر»، «سەعدی»، «چواری ئابان» و «سەعدی ژمارە ٢» تەواو دەكات و قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەكانی «شاپوور»، «بووعەلی»، «ڕازی»، «غەزاڵی» و «هیدایەت» دەخوێنێت و دیپلۆمی وێژەیی لە زمانی فارسیدا وەردەگرێت.

• چالاكیی سیاسی
جەلال مەلەكشا لە تەمەنێكی كەمدا، تێكەڵاوی كاری سیاسی دەبێت. ئەو كە بە نووسینی شیعر و چیرۆک بە خێرایی توانیبووی جێگایەكی تایبەت لە ڕۆژنامە و گۆڤارە فارسیەكاندا بۆ خۆی بكاتەوە، چەندین جار لە بەر نووسراو و بیروبڕواكانی دەكەوێتە بەر لێپرسینەوەی ساواك و ڕەوانەی زیندان دەكرێت. زیندان بۆ جەلال دەبێتە زانستگایەك و لە زینداندا لەگەڵ چەندین كەسایەتیی سەر بە حیزب و ڕێکخراوە گەورە و بچووكەكان ئاشنایەتی پەیدا دەكات و بیروبڕوای زۆرێک لە گرووپە چەپ و سیاسیە كوردەكان و هەروەها فیدایی و موجاهید دەناسێت. بۆ نموونە لە زیندانی ناوەندیی سنە لە گەڵ «بێهرۆز حەقی مەنیع»(بهروز حقی منیع)، خەڵكی شاری تەبریز و ئەندامی ناسراوی فیداییەكان ئاشنا دەبێت. حەقی مەنیع بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زینداندا «ماتریالیسمی دیالکتیکی مێژوویی» دەڵێتەوە و جەلال کەڵک لە وانەکانی دەگرێت و وەكوو مامۆستایەكی زۆر توانا ناوی دەبات. پێش شۆڕشی گەلانی ئێران مەلەكشا دەبێتە ئەندامی سازمانی چریكی فیدایی لە كوردستان و تا كۆتایی‌هاتن بە ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران وەكوو ئەندامی ئەو حیزبە چالاكی دەنوێنێت و پاش ئەوەش دەبێتە ئەندامی كۆمەڵە و لە چالاكیەكانیدا بەشداری دەکات و هەر بەهۆی چالاكیە سیاسیەكانیەوە لە هەر دوو ڕژیمی پاشایەتی و كۆماری ئیسلامیدا نزیك بە دوازدە ساڵ زیندانی دەکرێت. ڕەنگدانەوەی چالاكیە سیاسیەكانی جەلال مەلەکشا لە زۆربەی بەرهەمەكانی ئەو سەردەمەیدا بە ڕوونی دەبینرێت. دواتر كە لە چالاکیی حیزبایەتی دەكشێتەوە، لە وتووێژێكدا دەڵێت:«مرۆڤ ناتوانێ خۆی لە سیاسەت بدزێتەوە، بەتایبەت خاوەن قەڵەم! بەڵام نابێ هونەر لە چوارچێوەی حیزبێكدا زیندانی بكرێ، بەرپرس‌بوون بەرانبەر بە حیزبێك سەربەستیی بیر و ئەندێشە لە ناو دەبات».

• زیندان
جەلال مەلەكشا لە قۆناغی گەنجیدا تێكەڵی كاری سیاسی دەبێت و بەهۆی نووسراو و چالاكیە سیاسیەكانییەوە چەندین جار زیندانی كراوە. یەكەم جار ساڵی 1969 لە ڕژیمی پاشایەتیدا و کاتێ تەمەنی حەفدە ساڵان بووە بەهۆی شیعرێكەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی و ئەشکەنجەی ساواك دەبێت و لەوە بە دوا زۆر جار بە هۆكاری گەورە و بچووكەوە دەستبەسەر دەکرێت و هەر جار، چەندین مانگ بەند دەكرێت. ساڵی 1972 حوكمی چوار ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنن کە پاش دوو ساڵ ئازاد دەکرێ. لە 1976 دیسان دەکەوێتە بەندیخانە، بەڵام جەلال بەو حوكمانەشەوە ناشكێ و هەر لە نێو زیندانەوە بۆ یەكەمجار دەستدەكات بە نووسینی چیرۆك و ڕەوانەی گۆڤارە فارسیەكانی دەكات، بەم چیرۆكانەش دیوێكی‌تر لە ژیانی ئەدەبی خۆی دەردەخات. ئەو چیرۆكانەی كە لە نێو زیندانەوە ڕەوانەی دەرەوەی دەكات، ئەوەندە كاریگەر دەبن كە دوای ئازادبوونی لە زۆر شوێن ناوی دەرکەتووە و ناسراوە و لەگەڵ زۆرێک لە ئەدیب و نووسەر و شاعیر و چالاكوانە سیاسیەكانی سەردەم دۆستایەتی و ئاشنایەتی پەیدا دەكات. ساڵی 1978، لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا دیسانەوە دەكەوێتە زیندان، بەڵام پاش چەند مانگێک ڕژیمی پاشایەتی لەژێر تەوژمی خەباتی گەلاندا ناچار زۆربەی زیندانیە سیاسیەكان ئازاد دەكات. پاش لەناوچوونی ڕژیمی پاشایەتی، قەڵەمە بوێرەكەی جەلال، هەرگیز بەرامبەر دەسەڵاتی داگیركەر ئارام ناگرێت و بەرپرسیارانە لە ئاست ئازار و مەینەتی گەلەكەی چالاك دەبێت. پاش شۆڕش و لە كۆماری ئیسلامیشدا لە ڕیزی سەرەتاییترین چالاکوانانی كورددایە كە دەستبەسەر و زیندانی دەکرێت! لەبەر چالاکیەکانی جەلال بۆ ماوەیەک تەنانەت هەموو ئەندامانی بنەماڵەكەیشی سەرجەم دەكەونە ژێر گوشاری ڕژیم و زیندانی دەكرێن. هەروەها چەندین جار هەوڵدەدرێت، بەهیە خانمی هاوژینی كە لە سنە مامۆستای قوتابخانە بووە، لە كار لابدرێت و وەک سزادان بۆ چەندین شاری‌ دی دووری‌ دەخەنەوە.
جەلال مەلەكشا ساڵی 1983، جارێكی‌تر دەكەوێتە بەر پەلاماری ڕژیم و سزای دە ساڵ زیندان و دوورخستنەوە و پازدە ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا دەسەپێندرێت، لە کاتی دەستبەسەریشدا، هەرچەند مانگێک لە زیندانێكەوە بۆ زیندانێكی‌تر دەگۆازرێتەوە و لەم گواستنەوانەدا زۆر لە نووسراوەكانی لەناو دەچێت، هەندێكیان وەك ئەمانەت دەدرێتە دەستی دۆست و ئاشنا كە ڕەوانەی دەرەوەی بەندیخانە بكرێ و بە داخەوە بە دەگمەن دیسان دەستی جەلال دەكەونەوە و هەندێ‌تریشیان دەكەوێتە دەست زیندانەوانەكان و چەندین دەفترە شیعری لە بەرچاوی دەسووتێندرێت!
پاش نزیك بە چوار ساڵ تێپەڕاندنی حوکمی زیندان، بە فەرمانێكی بەخشین وەک زۆربەی كوردە بەندکراوەکان ئازاد دەبێت. دواتر و لە سەردەمی ئیشکردنی لە گۆڤاری سروەشدا، ناوبەناو، بە هۆی جیاوازەوە قوڵبەست دەكرێ و چەند جاری‌تر ڕەوانەی زیندان دەکرێت.
ئەزموونی زیندان ڕەنگدانەوەی زۆری بەسەر شیعرەكانی مەلەكشادا هەبووە و زۆرێک لە شیعرەكانی بەرهەمی گۆشەی سیاچاڵ و گرتووخانەکانی هەردوو ڕژیمی پاشایەتی و كۆماری ئیسلامی ئێرانن. جەلال بە تاوانی بیروباوەڕ و هەوڵەکانی لە پێناو بەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانی مرۆڤایەتی، لە هەر دوو ڕژیمدا ، بە گشتی بۆ ماوەی زیاتر لە دوازدە ساڵی تەمەنی لە زینداندا تێپەڕ کردووە. لە زیندانەكانی ساواك و پاشتر ئیتلاعاتی شاری سنە و زیندانی ناوەندی سنە تا زیندانی ناوەندی ورمێ و زیندانی شارەوانی ئابادان و زیندانی قزڵحەساری كەرەج و هتد، کە هەر یەكەیان بۆ ماوەیەك بوونەتە ژووری ئەشكەنجەدانی ئەو!

• کانوونی نووسەرانی ئێران
ئەزموونی نووسینی جەلال مەلەكشا لە تەمەنێكی خوارەوە دەستی پێكرد. ئەو لە شیعری نوێی فارسیدا سەركەوتوویی باشی بەدەست‌ هێنا و شیعر و چیرۆکەكانی لە زۆربەی گۆڤار و بڵاوكراوە بەناوبانگەكانی ئەو سەردەمەی ئێراندا چاپ دەكران، تەنانەت دوای ئەوەش كە بەهۆی چالاكیەكانیەوە دەكەوێتە زیندان لە نووسیندا بەردەوام دەبێت و شیعر و چیرۆك و دەقەكانی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان دەكات. مەلەکشا ساڵی 1977، وێڕای نەبوونی كتێبی چاپكراو، لە بەر بەهێزبوونی شیعر و چیرۆك و دەقە بڵاوکراوەكانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا، وەك ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران وەردەگیرێت. ئەمەش لە حاڵەتێكدایە كە مەرجی ناونووسی بۆ ئەندامیەتی لەو ناوەندەدا دوو كتێبی چاپكراو بووە، تاکوو پاشان لەسەر شایەنبوونی ئەندامیەتی نووسەر دەنگ بدرێ، بەڵام ئەندامیەتی جەلال مەلەکشا، بە بێ ‌كتێبی چاپكراو، ئاستی هێز و توانای قەڵەمی ئەو نووسەرە لە زمانی فارسیدا پیشان دەدات. لەو سەردەمەدا ئەندامانی دیکەی كوردی کانوونی نووسەرانی ئێران «عەلی ئەشرەف دەروێشیان» و «عومەر فارۆقی» بوون. ئەندامیەتی لە کانوونی نووسەرانی ئێران دەبێتە دەرفەتێكی باش بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر و دۆستایەتی لە نێوان جەلال و گەورەنووسەران و ئەدیبان و شاعیرانی ئەو سەردەمەی ئێران. بەناوبانگترین ئەندامانی ئەو ناوەندە لەو سەردەمەدا كەسانی وەكوو «مەهدی ئەخەوان سالیس»، «ئەحمەد شاملو»، «هووشەنگ گوڵشێری»، «جەلال ئال ئەحمەد» و «مەحموود ئیعتمادزادە» بوون.

• پێوەندی كۆمەڵایەتی
پێوەندی زۆر باش و بەربڵاو لە گەڵ زۆربەی هونەرمەندان و شاعیران و نووسەرانی كورد و ئێرانی، لە تایبەتمەندیەكانی ژیانی جەلال مەلەكشا بوو. هووشەنگ گوڵشیری، مەهدی ئەخەوان سالیس، ئەحمەد شاملوو، ئیسماعیل خۆیی، خەسرەو گوڵسورخی، عەباس پەهلەوان، میرزائاغا عەسگەری، ئەحمەد ئەحرار، ئیسماعیل نووری ئەعلا، سەعید سوڵتانپوور و… بەناوبانگترین شاعیران و نووسەران و ئەدیبانی فارس‌زمانن، كە جەلال مەلەكشا لە گەڵیاندا پێوەندی هەبووە. هەر وەها لەگەڵ گەورە نووسەر و شاعیر و ئەدیب و هونەرمەندانی كورد وەكوو؛ هێمن و هەژار موکریانی، مەلاعەبدولكەریمی مودەڕس، مەسعوود محەمەد دیدار و چاوپێكەوتنی هەبووە و لەگەڵ عەبدوڵا پەشێو، شێركۆ بێكەس، مارف خەزنەدار، ڕەحیم لوقمانی، هاشم سراج، ئەحمەد قازی، عوسمان دەشتی، مارف ئاغایی، شوكر مستەفا، كەریم دافعی، سیمین چایچی، فرەیدوون ئەرشەدی، عەباس حەقیقی، فەرهاد عەونی، محەمەد سەعید نەجاڕی، شوكروڵای بابان، ناسر ڕەزازی، شڤان پەروەر، عەزیز شاڕۆخ و نەجمەدین غوڵامی هاوڕییەتی و پێوەندی دۆستانەی هەبووە. هەروەها بەهۆی كاری ڕۆژنامەوانی و چالاکیی سیاسیەوە، جەلال مەلەكشا پێوەندییەكی باشی لەگەڵ زۆربەی کەسایەتیە سیاسیە كوردەكانی وەكوو: مەسعوود بارزانی، جەلال تاڵەبانی، مەلا بەختیار، فرانسوا حەریری، نێچیرڤان بارزانی، عەبدوڵا موهتەدی، حسێن یەزدانپەنا، مستەفا هیجری، خالد عەزیزی، ڕەزا كەعبی و كەریم حیسامی و هتد هەبوو. مەلەكشا لە یەكێک لە دیدارە گرنگەكانی ژیانیدا، ڕۆژنامەنووس و توێژەری بەناوبانگی فەرەنسی كریس كۆچێرا دەبینێت و چەند ڕۆژێ پێکەوە دەبن و هەموو كات لە کریس کۆچێرا وەك مامۆستایەك یادی دەکرد.

• ژیانی بنەماڵەیی
جەلال مەلەكشا، ساڵی 1975، لە تەمەنی بیست و چوارساڵیدا لەگەڵ خانمی بەهیە ئەژدەرنەژاد، کچی بنەماڵەیەكی ناسراوی شاری ورمێ، هاوسەرگیری دەكات و لە ژیانی هاوبەشیاندا دەبنە خاوەنی سێ کوڕ بە ناوەكانی كاوە، شاهۆ و نیما.

• ژیان لە دەرەوەی ئێران
جەلال بەهۆی چالاكیەكانیەوە، لە سەردەمی هەر دوو ڕژیمی پاشایەتی و كۆماری ئیسلامیدا، زۆر كات ناچار بووە لە ناوخۆی ئێراندا بەنهێنی بژی. شارەكانی تاران و ورمێ و ئابادان و خوڕەمشار و شیراز و ئەسفەهان و سەقز و مەهاباد و بۆكان و تەنانەت سنەش هەر یەكە و بۆ ماوەیەك بوونەتە شوێنی ژیانی نهێنی و حەشارگەی مەلەکشا، بەڵام بە هەموو كێشە و گرفت و ئاریشەكانەوە هەرگیز بەوە ڕازی نابێت كە وڵات بەجێ بهێڵێت. لەسەرەتای كاركردنی لە گۆڤاری سروەدا نەختێک گوشارە ئەمنییەكان لەسەری كەم دەبێتەوە، بەڵام هەرچی بەرەو پێشتر دەڕوا دیسان گوشار و قوڵبەستكردنی ناوبەناو زیادتر دەبێت و پاش ئەوەی كە لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی لە سروە جیا دەبێتەوە، هەوڵی ئەوە دەدرێ كە سزای بەسەردا بسەپێنن و حوكمی زیندانی درێژخایەنی پێ بدەن، پاش ئەو سیناریۆیە ئیدی بەرگە ناگرێ و بەوتەی خۆی: «ئێتر تاقەتی كەلەپچە و زیندانم نەمابوو و بە قاچاخە ڕێگادا بەرەو باشووری كوردستان ڕۆیشتم»، سلێمانی و هەولێر باوەشی خۆیان بۆ جەلال دەكەنەوە، هەر وەها بۆ ماوەیەكیش لە بەغداد ژیاوە.

• كۆتاساڵەكانی ژیانی
کۆتاساڵەكانی ژیانی جەلال مەلەكشا كەم تا زۆر بە گۆشەگیری تێپەڕبوو. لە وڵاتی ئێران بە هیچ شێوەیەك ڕێگا بە چالاكیە ئەدەبیەكانی نەدەدرا و نەیدەتوانی لەبەر سانسۆر بەرهەمەكانی چاپ و بڵاو بکاتەوە، تەنانەت ڕێگا نەدەدرا لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا بەشداری بکات. بڕیار وابوو ساڵی 2015، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ماندووبوونی چەندین ساڵەی جەلال مەلەکشا لە ناوەندی هونەری فەجری شاری سنە بەڕێوە بچێت، تەنانەت ئامادەکاریی باش بۆ مەراسیمەکە کرا، بەڵام لە کۆتاساتەکاندا ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ڕێگری کرد و شوێنی کۆبوونەوەکەیان داخست و بڵاوەیان بە ئامادەبووان کرد. چەندین جار لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە بانگێهشت كرا بۆ باشووری كوردستان تا لەوێ بژی، بەڵام جەلال هەرگیز تاقەتی دووركەوتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەت شاری سنەی نەبوو. هەروەها نەخۆشین تەنگی ‌لێ هەڵچنیبوو و زۆر بەسەختی هاتوچووی دەكرد، بەڵام هەرگیز لە نووسین نەوەستا و هەنووکە بەرهەمی لێ بەجێماوە كە هێشتا چاپ نەکراون.

• کۆچی‌دوایی و پاش مەرگی
مەلەکشا لە كۆتا پەردەی ژیانیدا، کاتژمێر 6:15ی ئێوارەی ڕۆژی سی و یەكی تشرینی یەكەمی 2020، لە ماڵی باوكی لە گەڕەكی تەپەی قەوپاڵی شاری سنە و بەهۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی ‌دوایی كرد. لە ڕۆژی یەکی تشرینی دووه‌می 2020 لە بارودۆخێكی ئێجگار ئەمنیەتیدا تەرمەكەی لەسەر شانی سەدان كەس لە جەماوەری شاری سنە و هۆگرانی، بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و سروودی «ئەی ڕەقیب»، بەڕیکرا و لە گۆڕستانی گوندی مەلەكشانی سەربە شاری سنە و لە زێدی باب و باپیرانیدا بە خاك سپێردرا.
زۆر لە كەسایەتیە بەناوبانگەكانی كوردستان وەك: سەرۆك حکومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیەكان پەیامی سەرەخۆشیان ئاراستەی بنەماڵەكەی و هەموو خەڵكی كوردستان كرد. هەروەها سەرۆك مەسعوود بارزانی تاجەگوڵینەیەكی بۆ سەرمەزاری جەلال مەلەكشا هەناردە کرد. جگە لەو مەراسیمە کە لە شاری سنە و گوندی مەلەکشان بەڕێوە‌چوو لە شارەکانی‌تری کوردستان و هەروەها لە ئەورووپا و ئەمریکا چەندین مەراسیم لە لایان کوردانی دانیشتووی تاراوگە بۆ ماڵاوایی‌کردن لە شاعیری کۆچکردوو جەلال مەلەکشا بەڕێوەچوو.
پاش مەرگی مەلەكشا چەندین كەس لە بنەماڵە و دۆستانی نزیكی جەلال بۆ ماوەی چەند مانگێک كەوتنە بەر لێپرسینەوەی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت كە قەڵەمەكەی جەلال و كاریگەریەكەی تەنانەت پاش مەرگیش هەر چقڵێکە لە نێو چاوی داگیركەرانی كوردستاندا.
بەبۆنەی چلەی کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا، وەکوو وەفایەک بەرانبەر بە تەمەنێک خزمەتی شوێندانەری جەلال لە دوو شاری هەولێر و سلێمانی لە باشووری کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ پەردەلادران لەسەر کتێبی «پیرەدار» بەڕێوەچوو.