– دڵته‌نگیه‌کانی فه‌رهاد –
دڵته‌نگیه‌کانی فه‌رهاد
-1-
چه‌ند گه‌ڕاوم
له شار له دێ
له نیشتمان، له بیانی
سوێند ده‌خۆم
نه‌مدیوه که‌س
وه‌ک تۆ کچێ
شه‌نگ و چه‌له‌نگ!
له ناو کچانی دنیادا
هه‌ر تۆ جوانی!
-2-
بانگت ده‌که‌م
ده‌م پڕ ده‌بێ، له شیله‌ی گوڵ
ئه‌وین هه‌تاوێکی گه‌رمه
هه‌نییه‌ی ته‌نیاییم ماچ ئه‌کا
با‌نگم ده‌که‌ی
ئاسمان ده‌بێ
به چارشێوی گوڵئه‌ستێره و
دارستانی کپی ژیان
پڕ ده‌بێ له چریکه‌ی بولبول!
-3-
شیرین گیان!
پێش ئه‌وه‌ی بتناسم
تفه‌نگێکی یاخی بووم
گرژ و مۆن…
له لووتکه‌ی خۆمه‌وه
تا به‌ر پای عه‌شقی تۆ
که‌وتمه تلاوتل!
ئێستا له قه‌راخی ئه‌ستێرکی ئه‌وینتا
ههروهکووو شۆڕەبی
خاکه‌ڕاو و لاره‌مل!
-4-
شیرین گیان!
خه‌ریکه شێت ده‌بم
تۆیان لێم بزر کرد
ئاخر چۆن
من به‌رگه‌ی فیراقی تۆ ده‌گرم
ئه‌گه‌ر زوو نه‌یته‌وه
تۆ خۆش بی
من ده‌مرم!
-5-
شیرین گیان!
له دووریت
بووگم به په‌یکه‌ری ژان و ئێش
وه‌ره‌وه، بخزه نێو چاوانم
زوو به زوو
ده‌ترسم، کڵپه‌ی ئاگری دڵ
بتکات به خۆڵه‌مێش!
-6-
شیرین گیان!
دڵته‌نگم
شه‌ودێزی خه‌یاڵم ده‌نێرم
سواری به‌و وه‌ره‌وه
له وه‌ختێ ڕۆیشتووی ده‌روونم خه‌زانه
به ده‌ستی نیگایه‌ک، بزه‌یه‌ک
ده‌لاقه‌ی دڵ به‌ره‌و
به‌هاری جوانیت بکه‌ره‌وه!
-7-
شیرین گیان!
من ئه‌گه‌ر خوا بایام
ته‌نیا تۆم ده‌خوڵقاند
دهمکردی به ته‌نیا ئافره‌تی ڕووی زه‌وی
په‌سنی تۆم ده‌کرد به مه‌سحه‌ف و
ڕۆژانه سه‌ت ڕەکات نوێژم بۆ ده‌کردی!
ئێستاکه‌ش…
من ئه‌گه‌ر خوا بایام
قابیزم ده‌نارده خواره‌وه
ئافره‌تی سه‌رانسه‌ر ڕووی زه‌وی بمرێنێ
تۆم ئه‌کرد به‌ته‌نیا خواژن و
ئیتر هه‌رتا ئه‌به‌د
سوژده‌م بۆ ئه‌بردی!
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha