جێگەیەک بۆ مردن

رامان 30 | کاره‌سات | جەلال مەلەکشا

شار لە ژێر بارانی بۆمبا و تۆپ و راکێت و گوللەدا. لە خوێن گەوزابوو. لە هەموو لاوە، شاریان دەکوتا.

دەنگی تەقینەوەی هاوەن.. شریخ و هۆڕی فانتۆم، ویزەی گوللە.. گرمەی تۆپ… زرم و هۆڕی تانک و زرێپۆش.. هەراو هۆریای پێش مەرگەو نەڕەو گوڕەی سەرباز و شین و شەپۆڕی تازیە باران و ناڵەی بریندار و گرم و قاڵی خەڵک ئاوێتە و تێکەڵاو ببوون…

بیست رۆژ بوو شار لە گەمارۆدا بوو… ئەوانەی کە پێشبینی ئەم بارودۆخەیان کردبوو، پێش دەست پێکردنی شەڕ، شاریان بەجێهێشتبوو… لە ئاسمانەوە مەرگ دەباری و لەزەوینەوە خوێن هەڵدەقووڵا….. ئەوانەی کە دەرفەتی هەڵاتنیان پەیدا نەکردبوو لە ژێر خانی ماڵان و پەناگا، خزا بوون.

تەرمی کوژراوان، لە شەقام و کۆڵان، لەژێر خۆرەتاوی داخی سەرەتای هاویندا، هەڵمابوون و بۆگەنی کەلاک فەزای شاری ئاخنی بوو. مەرگ ئاساییترین هەواڵ بوو… کەس چاوەڕێ نەبوو، هەڵاتنی هەتاوی سبەینێ ببینێ…. ئەوانە، هەر کە تەقە بە رێژەی رۆژ، نەختێ ئارام دەبوو…. هەرکەس، بیوێراتەو پێی لەجەرگی خۆی دابنایە، لەتەنیا رێگەی پشتی شارەوە، خۆی بەرەو گوندەکانی پشت چیا، دەرباز دەکرد…

حەمەی مام ئەوڕەحمان، لەو کەسانە بوو، کە نەیتوانیبوو تا ئەوکاتە، خۆی و خێزانەکەی لەو دۆزەخە رزگار بکات. پێی وابوو، شەڕەکە، یەک دوو رۆژ ناخایەنێ….. سەرەڕای ئەوە، حەمەی مام ئەوڕەحمان، مرۆڤێکی رژد و چڕنۆک بوو…. دین و ئیمانی پوول بوو…. بۆ قڕانێک، گیانی دەدا… حازر بوو، بیکوژن و داوا فلسێکی لێ نەکەن…. پێی سەیر بوو، ئەو خەڵکە چۆن ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێ دەهێشت و هەڵدەهاتن… دەترسا، لەخوانەترسێکی دزە، ماڵ و حاڵی تاڵان بکات….

بیست رۆژ بوو، پەسترابوونە ژێرخان…. بەهەر تەقینەوەیەک. کاکە حەمە وەک فیشەک شێتە هەڵدەبەزی.

هاواری دەکرد- راکشێن… راکشێن… هاوەنە…. بازاتی خودا، لە ماڵەکەیان دا…. خودایە… رەحممان پێ بکە!

بەسەر ژنەکەیا دەینەڕاند: ئەمە قوڕی ئێوەیە من دەیشێلم…. ئەگەر تۆ و ئەم تووتکە سەگانە نەبوونایە…

رووی لە ئاسمان دەکردو-ئەی خوا هەڵینگەری!… ئا ئەمە چ بەڵایەکە تەوقەمان بووە… نازانم ئەمانە چییان دەوێ، میراتی بابیان بەش دەکەن؟!… ئەی خوا… هەردوویان نوقمە سارکە!…. نەخێر…. ئیتر جێگەی مانەوە… نییە. بەگرمە تەقینەوەیەک دەرکە و پەنجەرەکان کەوتنە شکانوە…

-هەی هاوار کوژراین… هەی داد… هەی بێداد…

کاکە حەمە، لەپڕ تەکانێکی بەخۆی داو هەستاو وتی:

-دەبێ هەر ئەوشەو بڕۆین… هەستە… هەستە منداڵەکان گورجەوەکە…

-بۆ کوێ بڕۆین پیاوەکە…. هەر ئەم ژێر خانی خۆمانە لە هەموو جێگایەک ئەمین ترە… تفاقیشمان هەیە…

-دەتەوێ زیندە بە گۆڕمان کەن!؟ من نامەوێ بمرم.. شار کەسی تیا نەماوە… شار چۆڵ بووە!…

لە گۆشەیەکی ژێر خانەکەدا، لای فەرشەکەی هەڵدایەوە و خاکەکەی دا لاوە و جانتاکەی دەرهێناو تۆز و خاکەکەی سڕییەوە و توندتوند لە باوەشی گرت..

-هەرکە هەوا لێڵ بوو، وەڕێ دەکەوین… لێرە دەرچوونمان نییە… دەبێ زۆرتر بڕۆین.

دەستێکی پڕ لە خۆشەویستی بە جەمەدانییەکەدا هێناو….

-کاری چاکم کرد، پوولەکەم لە بانک دەرهێنا…. دەڵێن بانک نەماوە تاڵانی نەکەن….. دا. ژنەکە ئەو رادیۆیە بکەوە.. بزانین چ باسە؟

کابرایەک لە رادیۆکە دەینەڕاند و خەڵکی بەبەرگری و داکۆکی لە شار بانگهێشتن دەکرد.

-نەخێر… ئەم شەڕە.. بەم حاڵە حاڵە تەواو نابێ…

ژنەکەی وتی- ئاخۆ ئێمە کوێمان هەیە… تۆ بەم ئەخلاقە شیرینەت قەوم و خزمێکت بۆمان نەهێشتووە…

بۆ کوێمان دەبەی؟

-دەچین بۆ دێ!.. دێی خۆمان.. هێشتا قەوم و خزممان ماوە… خۆ دەزانن شار لێی قەوماوە…

تۆ بکەوە خۆت… هەر چیمان پێویستە کوێ کەوە…. بزانم، دەتوانم بچمە دەرەوە سەر و گویەک دەئاو بدەم کاتێ دەرکەی حەوشەی کردەوە… لە نێو کۆڵاندا، چەند کەسێ راوەستابوون… دەرو جیران بوون…

-کاکە حەمە مەرحەبا… ئەوە تا ئێستا ماوی؟!

-دوژمنم بمرێ….

دایانە قاقای پێکەنین….

-وەڵڵا خۆ تا ئەم شارە نەنێژی، سەر نانێیتەوە….

-کا حەمە… ئەوە چۆن تۆ نەڕۆیشتووی.. ماڵتە…. خۆ کەس لە شار نەماوە….

-ئەی ئێوە چۆن ماونەتەوە….

-بۆ کوێ بڕۆین کاکە حەمە!…. بە کۆڵێ منداڵەوە… روو لە کوێ بکەین.

چەند، پێشمەرگە، بە هەروا و هۆریا، بە لایاندا، تێپەڕ بوون.

کاکە حەمە یاکیانی بانگ کرد- ئەرێ کوڕە، کام رێگە بۆ دەربازبوون ئاوەڵایە؟!

-تەنیا رێگەی خدری زیندە ئاوەڵایە…. خدری زیندە!

یەکێ لە هاوسێکان وتی- مامە حەمە دەتەوێ هەڵێی؟

-ئەی چ بکەم باوکم؟ دانیشم تا دەمکوژن!

-مەرگ و ژیان، بە دەستی خودایە کا حەمە…

-بەڵام پیاو چوزانێ.. رەنگە یەکێ لەم گوللەو تۆپانە ئیزراییل بێت!

قرمەی تەقینەوەیەک، ئەو ئاقارەی هەژاند و سەد میترێ لەولاوەتر خانوویەک خاپووربوو و تۆز و خاک، بەری رۆژی گرت.

هەوا تاریک ببوو.. حەمەی مام ئەوڕەحمان و ژن و سێ منداڵەکەی لە ماڵ دەرچوون…. لە هەموو لایەکەوە هەروا بوو…..

خوڵخوڵەی رۆم بوو… تەقە، گرمە…. شریخە… هاوار… جنێو… ناڵە…. شیوەن….

کارەبا نەبوو. کۆڵانەکان تاریک بوون. حەمەی مام ئەوڕەحمان لەنوا و خێزانەکەی لە دوای دەڕۆیشتن.

جانتای پوولەکەی، وەک منداڵێکی نازدار و خۆشەویست بە سنگەوە گرتبوو…. ژنەکەی جانتایەکی بە دەستەوە بوو…

کوڕە مێرمنداڵەکەیان، کچە چکۆڵەکەی لەکۆڵ نابوو…. منداڵە نێوەنجییەکەش لۆی کراسەکەی دایکی گرتبوو….

حەمە پەیتا پەیتا دەیوت- وتم نەکەن،،، بە دواما وەرن..

گەیشتنە ئاخری کۆڵانەکە… حەمە بۆناو شەقامی ڕوانی… چەند لاشەیەک لە نێوەڕاستی شەقامەکە کەوتبوون… بۆنی گەنیو دەهات… سەگێکی شەل بەسەر لاشەکاندا دەگەڕا… بۆنیانی دەکرد و سەری بەرز دەکردەوە و دەیلووراند..

ئێستا لە سەری کۆڵانەکە، چەند خێزانێکیتر، بەتەمابوون، لە دەرفەتێکدا، لە شەقامەکە بپەڕنەوە… بەڵام زاتیان نەدەکرد.

گەنجێک وتی- من دەڕۆم… ئەگەر پەریمەوە… ئێوەش بەدواما بێن.

گەنجێکی قوڵچماغ، گەیشتە نێوەڕاستی شەقام…. لە پڕ دەستڕێژێکی قورس، جێگەنی کرد و مێشکی پژاند… حەمەی مام ئەوڕەحمان حەپەسا…. پیرەژنێک بە سینگ کوتان و قژڕنین، بە دوات جەوانی کوژراودا، خۆی هاویشتە نێو شەقام… دەستڕێژێکیتر ئەویشی لە زەوی هەڵبڕی… ئیتر جێ مانەوە نەبوو… هەموو، گەڕانەوە کۆڵان بە کۆڵان…

بە کۆمە کۆم و پسکە پسک… گەیشتنە ئەو پەڕی شار…  حەمەی مام ئەوڕەحمان بە دیتنی جەماعەتێکیتر سوکنایی بە دڵیدا هات و بە خۆشحاڵییەوە وتی:

-رزگاریمان هات… ئەو رێگە…

هەر لەم کاتە…. زیڕەی هاوەنێک، جەماعەتەکەی شڵەژاند…. هاوەنەکە تەقیەوە… شەپۆلی تەقینەوە حەمەی فڕێ دا… بە زەرب دای بە زەویدا و گێژ بوو….

دڵی بوورایەوە… شین و ڕۆڕۆ کەوتە نێو جەماعەتەکە، پێی وابوو، بریندار بووە…

دەنگی ژنەکەی خۆی دەبیست، بانگی دەکا… چاوی کردەوە… بەم لاولایدا چەند کەسێک کەوتبوون.

لە پڕ خورپەیەک دڵی تەکان دا:

-جە… جانتاکەم…. جا….

چاوی ورد کردەوە. جانتاکەی لەولاوەتر کەوتبوو.. دەرکەکەی کرابۆوەو چەند سەفتە پارەی پەرش و بڵاو ببوون… بە پەلە پەل، پوولەکەی کۆکردەوە و بە سینگیەوەی نووساندن و کەوتە بیری ژن و منداڵەکانی…

-ئێوە ساغن… منداڵەکان ساغن!

ژنەکەی وتی- پیاوەکە بۆ خاتری خودا بچینەوە بۆ ماڵ… ژێر خانەکەی خۆمان لەهەموو جێگایەک ئەمین ترە…

حەمە وتی –ناگەڕێینەوە… زیندە بە چاڵ دەکرێین…

لە شار دەرچوون، کاروانی هەڵاتوان، وەک مێروولە، رێچکەیان بەستبوو و بەهەورازدا هەڵدەزنان…

لە نیوەی رێگەدا قاو کەوتە نێو قافڵە-

-رێگەکەیان داوە بەر گوللە…

یەکەم هاوەن، لەسەر گردەشانی رووبەڕوویان، دڕی بە کاروان دا…

بوو بەزڵە… هەرکەس بەلایەکدا هەڵدەهات… کەس لە کەسی نەدەپرسی… حەمەی مام ئەوڕەحمان –کاتێ بۆ ئەم لاولاوی خۆی روانی ژن و منداڵەکەی نەبینی… لە دڵی خۆیدا وتی:

-لەگەڵ خەڵکەکەدان!… لەودیوی چیا، دادەنیشم تا دێن!…

دوو زەلامی زەبەلاح، خۆیان گەیاندە حەمە… یەکیان وتی:

-خاڵە! ئەم جانتایە زلە چییە؟

دووەمیان وتی –تۆ بڵێی پڕ لە پوول نەبێ؟

حەمە پەشۆکا بوو، رەنگی هەڵبزرکا بوو

-نا. نا… بەسەری ئەنگۆ پوول نییە… جا کوانێ ئەو بەخت و ئێقباڵە… جل و بەرگی منداڵانە…

نیگایان، ترسێنەر بوو. ناوچاویان گرژ و مۆن… هەنگاوەکانی شەل کردەوە و کەم کەم خۆی وە دوا خست.

-دەبێ ونیان کەم…

کەوتبووە هەناسە بڕکێ، عارەق خوساندبووی. گەیشتە لای گاشەبەردێک… پاڵی پێوەداو بۆ شاری روانی.. دەستڕێژی گوللە، ئاسمانی شاری خەت خەت دەکرد… نەفەسێکی قووڵی کێشا –ئای رزگار بووم!

لەپڕ، هەمان دوو کابرای دیتەوە… بەرەو لای دەهاتن.. نەفەس لە گەروویدا گرێ چن بوو… یەکین وتی:

-خاڵە، ئەوە لە مەرگمان بێزاری، وا خۆتمان لێ دەشاریەوە.

حەمە، بە پێکەنینێکی پڕ لە ترس و تورەتور وتی –نەوەڵڵا….. ئە…. ئەم…. قسانە چییە…. من… من…. منداڵەکانم ون کردووە….

هەردووکیان، دایان لە شاخەی پێکەنین و یەکیان وتی:

-خاڵە ئەگەر ماندوو بووی… جانتاکەت بدە هەڵیگرم تا…

-نا. نا. نەوەڵڵا ماندوو نیم… نا… زۆر سپاس…

جانتاکەی بە هەر دوو دەست بەسنگەوە توند گرت و پای لێ توند کرد و بەدەم راکردنەوە هاواری کرد:

-دز… دز…. چەتە…. ئەی هاوار. تاڵانیان کردم… فریام کەون… چەتە!

چەند کەسێ لە دوورەوە پێیدەکەنین و حەمە وەک سوورە کەروێشکێکی هەڵۆ لێدراو دەکەوت و هەڵدەستایەوە. یەکێ لە دوو زەلامەکە وتی: بەخوا برا چاک ترسا…. دەیناسی؟… حەمەی مام ئەوڕەحمانە…. حەمە چڕنۆکی پێدەڵێن

لەو دیوی کوێستان. قافڵەی هەڵاتوو، باروبنەی خست! هەموو، ماندوو، شەکەت و بێ هێز… حەمە هێندە چاوەڕێ ما تا ژن و منداڵەکانی گەیشتن… ژنەکەی بە رق و قینەوە بەسەریدا زریکاندی!

-هەی ناپیاو! جانتای پوولەکەت لە منداڵەکانت خۆشەویست تر بوو؟

-بێ دەنگ بە ئافرەت… ئابڕوومان چوو… کارێ مەکە خەڵک بزانن.. هەزار دز و درۆزن لەنێو ئەم خەڵکەدان!

ونتانم کرد… چ بکەم… تاریک بوو…

-تف لە غیرەتت پیاو!

دیسان کەوتنەوە ڕێ… حەمەی مام ئەوڕەحمان لە خۆشیدا حەجمینی نەبوو:

-رزگار بووین…. ئافرەت!.. ئەگەر لەشاری بماباینەوە… وەڵڵاهی لەسەت گیان گیانێکمان دەرنەدەکرد!

زیندە بە چاڵیان دەکردین.. تیکەی گەورەمان دەبوو بە گوێمان!… ئێستا ئیدی لێیان گەڕێ… هەرچی دەکەن با بیکەن… با یەکتری خاڵسەکەن کەن!.

لای ئێوارە گەیشتنە گوند… قەوم و خزم بە پیرییانەوە هاتن… حەمەی مام ئەوڕەحمان قەت بە مێشکیدا نەدەهات ئەو خزم و خوێشانەی کە ئەم عاری دەهات خۆی لە قەرەیان بدات ئاوەها پێشوازییان لێ بکەن!..

هەر دەست بەجێ ماڵێکیان دەبەست بۆ ئامادە کرد:

-ئای ئافرەت، حەسامەوە…

ژنەکەی وتی: -وەڵڵاهی من شەرم دەکەم… بزانە چییان دەرحەق کردین… تۆ قەت چاکەت بۆیان نەبووە!

-وەزیفەیانە ئافرەت…. ئەی خزم و قەوم بۆ کەی دەبێ….

لە پڕ ویزەی گوللەیەک هات، شووشەی پەنجەرەکە شە ق پەق بوو..

حەمەی مام ئەوڕەحمان، رەنگی سپی هەڵگەڕا… لە پەنجەرەکەوە سەری هێنا دەر و هاواری کرد:

-ئەوە چ باسە… چی قەوماوە!

ساحیب ماڵەکە… لە حەوشەوە وتی:

-هیچ نییە مامە گیان مەترسن… دوو نەفەر بۆتە شەڕیان… سەنگەریان لە یەک رتووە!.

لەناکاو گوللەیەک، راست نێو تەوێڵێ حەمەی سمی و لەودیو، سەری هەڵتەکاندو مێشکی بە دیوارەکە دا پرژاند و لاشەی لە پەنجەرەکەوە بەربۆوەو لە کۆڵانە بەردەڵانەکەدا نەخشی زەوی بوو. زاری بە ئاخێکی ناتەواو نیوە ئاوەڵا مایەوە و چاوە پڕ لە پرسیارەکانی، بەتاقی ئاسمانەوە مۆڵەق بوون…