بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاویه‌ر –

ئاویه‌ر

 

 

من کێوێکی ڕاوه‌ستاوم له‌و به‌رزه

هه‌وره‌‌تریشقه‌ش پشتم ناخاته ‌له‌رزه

هه‌ر چه‌ند بێده‌نگ، ڕاوه‌ستاوم له‌و بانه

ده‌روونم پڕ له‌ ئاگر و بورکانه

کاره‌سات و ڕووداوی زۆرم دیوه

زۆر نه‌یاری دڕم لێ ڕاپه‌ڕیوه

خوێنی گوڵی سووری زۆرم ڕژاوه

به ‌سه‌ر یاڵ و ماه و زه‌ردما پژاوه

سینگم داڵده‌ی ڕۆڵه‌ی ئازا و بوێره

لانی ته‌ژی نرکه‌ی پڵێنگ و شێره

سه‌دان که‌ڕە‌ت هێرشیان بۆ هێناوم

له ‌ڕوویاندا وه‌ستاوم، ڕاوه‌ستاوم

گوڵی زۆریان له ‌داوێنم دزیوه

پای چه‌ند ڕۆڵه‌م له ‌ته‌پکه‌ و داو خزیوه

هێند ئازار و برین و ئێشم دیوه

باخی مێژوو به‌ خوێنی من خه‌مڵیوه

پشتم چه‌ما له ‌ژێر باری ته‌وژما

تفه‌نگ نه‌ما هه‌ڵنه‌شاخێ به‌گژما

هه‌ر چه‌ند له‌ ناو خاک و خوێنا گه‌وزاوم

به‌ڵام دیسان هه‌ستاوم و هه‌ر ماوم

ڕۆحی به‌رزم چاوکه‌ی ئاوی ژیانه

قه‌ت نامرم خزری زینده‌م میوانه

 

1365 – 1986

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– وتم مه‌ڕۆ، یاخی ده‌بم –

وتم مه‌ڕۆ، یاخی ده‌بم

 

 

وتم: مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ!

ژینم مه‌که‌ به‌ ژان و سۆ

سینگم مه‌که ‌به‌ کێڵگه‌ی هێڵی برین

ڕاسته ‌جوانیت و دڵڕە‌قیت

به‌ڵام نه‌ختێ ترست هه‌بێ

له ‌تووڕە‌یی خودای ئه‌وین!

خه‌نجه‌ر بێنه‌

سینگم هه‌ڵبدڕە، ببینه

له‌ سه‌رانسه‌ر نیشتمانی گه‌وره‌ی دڵما

جگه‌ له ‌تۆ، تاقانه‌که‌ی دنیای ژینم

چی‌تر نینه!

وتم: گیانه!‌

کۆشی ڕووبار

تووله‌ نه‌مام ئه‌کا به ‌دار!

خۆشه‌ویستی تۆ ده‌توانێ

هه‌ستی ماندووی منی شاعیر ببزوێنێ

تۆ ده‌توانی من هان بده‌ی

دنیا پڕ که‌م له‌ بڵێسه‌ی پشکۆی هاوار!

نێرۆن! وه‌ک ڕۆم بمسووتێنه

بمکه ‌به ‌خاک و خۆڵه‌مێش

دڵم پڕ که ‌له ‌زام و ئێش

به‌ڵام مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ

ژینم مه‌که‌ به‌ژان و سۆ

چۆن ئه‌توانی به‌جێم بێڵی

ته‌ژی تاسه ‌و خۆزگه ‌و ئاوات و ئه‌وینم

چۆن ئه‌توانی

ئاوێنه‌که‌ی خۆت بشکێنی

من شاعیری خوڵقێنه‌ری وشه‌ی ژینم

هه‌ست و گیانم ئاورینه

وه‌ک کاکه‌ مه‌م

خوێنم په‌رژی عه‌شقی زینه!

نێرۆن! وه‌ک ڕۆم بمسووتێنه

له ‌سه‌ر لووتکه‌ی له‌خۆبایی

هه‌ڵقرچانی ڕۆمی هه‌ژارت ببینه

به‌ڵام مه‌ڕۆ

خۆشه‌ویستیم پێشێل مه‌که

من شاعیرم، یاخی ده‌بم

شیعره‌کانم له ‌ناو کووره‌ی ده‌رد و خه‌ما

زاخاو ئه‌ده‌م

ده‌یکه‌م به‌ خه‌نجه‌ر، به ‌تفه‌نگ

لێت نابوورم

تۆڵه‌ی دڵه ‌ساکاره‌که‌م ئه‌که‌مه‌وه

ڕۆژت ئه‌که‌م به‌ شه‌وه‌زه‌نگ!

 

12/12/1364 – March 3, 1986

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha