جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئەوینی نادیار –

ئەوینی نادیار

 

 

ڕۆحی نەسرەوتم، تامەزرۆی تۆیە

بە دواتا دنیام سەروسووژن کرد

پەیداتم نەکرد!

وتیان ئەگەر لە ڕووباری ئاگر بپەڕیتەوە

دەیبینيتەوە…

پێخاوس، عوریان، دام لە جۆگەی گڕ

قەقنەس‌ئاسایی، سووتام، ھەڵقرچام

دڵم کرد بە پرد، پەیداتم نەکرد!

وتیان دوورترین ئەستێرەیەکی

لە پەڕپەڕووچکەی کاکێشانێکی کەشف نەکراودا

ڕۆحی خۆم کردە نەردیوانێک و

بەرەو ڕووت ھاتم

بە سواری ئەسپی سەرکەشی خەیاڵ

قەلەمڕەوی خوام

ھەنگاو بە ھەنگاو پشکنی، گەڕام

کەوتمە بەر ھێرشی ھەورە تریشقەی تووڕەیی گەردوون

سووتا ئاواتم

پەیداتم نەکرد

وتیان لەوپەڕی شمشێرە ماڵت

دام لە مەودای تێخ

دڵم ئەسپاردە زامێکی ناسۆر

بریندار لەت‌لەت لە خوێنا گەوزاو

گەڕام بست بە بست، چ نزیک، چ دوور، پەیداتم نەکرد

دوایی وتیان: تۆ وشەیەکی

لە ناو لاپەڕەی پەرتووکی کۆنی جیھانی خیلقەت

لە بیر کراوە

من بەدوای تۆدا

دنیام پەڕپەڕ کرد، گشتم دا لاوە، پەیداتم نەکرد!

ئێستاش بە دواتا ھەر سەرگەردانم

شەکەت و ماندوو

بە ھێزی ئەوین، ھەر ڕێگا دەبڕم

ئەی جوانتر لە ڕۆژ، ڕۆحی نەسرەوتم تامەزرۆی تۆیە

ناوت نازڕێنم، نەکا بتکوژن نەیارانی دڕ

عومرێکە جادەی تاریکی تەمەن

دەپێوم و ھەر ناوی تۆ دەچڕم

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha