جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– خەم –

خەم 1

 

 

ھەور، ئاوھەڵدێری خەمە

بە لاسامە، دێتە خوارێ

دڵی منیش، ڕووبارێکە

پڕ لە وردە ماسیی ئەوین

چی ئاوھەڵدێری دنیایە

بە خۆڕژم تێی ئەبارێ

 

٥/٣/١٣٧١ – May 26, 1992

١- وەرگێڕانی شیعری «ابرھای ھمە عالم در دلم می‌گریند» شاعری فارس «ئەخەوان سالیس»ە.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئەوینی نادیار –

ئەوینی نادیار

 

 

ڕۆحی نەسرەوتم، تامەزرۆی تۆیە

بە دواتا دنیام سەروسووژن کرد

پەیداتم نەکرد!

وتیان ئەگەر لە ڕووباری ئاگر بپەڕیتەوە

دەیبینيتەوە…

پێخاوس، عوریان، دام لە جۆگەی گڕ

قەقنەس‌ئاسایی، سووتام، ھەڵقرچام

دڵم کرد بە پرد، پەیداتم نەکرد!

وتیان دوورترین ئەستێرەیەکی

لە پەڕپەڕووچکەی کاکێشانێکی کەشف نەکراودا

ڕۆحی خۆم کردە نەردیوانێک و

بەرەو ڕووت ھاتم

بە سواری ئەسپی سەرکەشی خەیاڵ

قەلەمڕەوی خوام

ھەنگاو بە ھەنگاو پشکنی، گەڕام

کەوتمە بەر ھێرشی ھەورە تریشقەی تووڕەیی گەردوون

سووتا ئاواتم

پەیداتم نەکرد

وتیان لەوپەڕی شمشێرە ماڵت

دام لە مەودای تێخ

دڵم ئەسپاردە زامێکی ناسۆر

بریندار لەت‌لەت لە خوێنا گەوزاو

گەڕام بست بە بست، چ نزیک، چ دوور، پەیداتم نەکرد

دوایی وتیان: تۆ وشەیەکی

لە ناو لاپەڕەی پەرتووکی کۆنی جیھانی خیلقەت

لە بیر کراوە

من بەدوای تۆدا

دنیام پەڕپەڕ کرد، گشتم دا لاوە، پەیداتم نەکرد!

ئێستاش بە دواتا ھەر سەرگەردانم

شەکەت و ماندوو

بە ھێزی ئەوین، ھەر ڕێگا دەبڕم

ئەی جوانتر لە ڕۆژ، ڕۆحی نەسرەوتم تامەزرۆی تۆیە

ناوت نازڕێنم، نەکا بتکوژن نەیارانی دڕ

عومرێکە جادەی تاریکی تەمەن

دەپێوم و ھەر ناوی تۆ دەچڕم

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– وێڵ –

وێڵ

 

 

ته‌نیا جارێک

له‌ کانیاوی ئه‌وینێکی پاوان کراو

دڵۆپێ عیشقم خوارده‌وه

په‌ڕی، ده‌ستی لێ وه‌شاندم!

گێژه‌‌ڵووکه‌ی ڕووداوێکی پڕ کاره‌سات

هه‌ڵیکرد و… ڕێم لێ گۆڕا

خۆمم ون کرد…

له‌و ڕۆژە‌وه

به‌درێژایی ته‌مه‌ن،

به ‌دوای خۆما وێڵم

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– هێلانه –

هێلانه

 

 

من سنوور ناناسم

کێ مافی داوه ‌به‌م جه‌ردانه

ئاسمان و زه‌وین و ده‌ریاکان دابه‌ش بکه‌ن؟

کێ به‌ر دره‌وشانه‌وه‌ی هه‌تاوی گرتووه

کێ ئیزنی پێداون

تیشک له ‌باڵنده ‌دابڕ که‌ن؟

سیمای ڕۆژ به ‌چڵکی هه‌ناسه‌ی خۆ ڕە‌ش که‌ن؟

من سنوور ناناسم

پێم‌خۆشه‌ هه‌ڵبفڕم

له‌ گوانی کامه هه‌ور زۆر ته‌ڕە‌

پاراو که‌م ئه‌م ڕۆحه ‌شه‌قاره‌م

پێم خۆشه

یاسای ده‌ستکردی چی خواوه‌ندی زه‌وینه

پێشێل که‌م

بڕۆم و له ‌نێوان دوو هێمتی دنیادا ڕاوه‌ستم

بست به‌ بست سه‌رتاپای نیشتمان

بکه‌م به‌ هێلانه‌ی ئه‌م جه‌سته ‌ئاواره‌م.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– نیشتمان –

نیشتمان

 

 

دیوانی شیعری حه‌للاجم ئه‌خوێنده‌وه‌

ته‌نیا یه‌ک وشه‌ی تێدا بوو

“انا الحق”ێ له‌ داردراو!

 

دیوانی شیعری باڵنده‌ی

نێو قه‌فه‌زم ئه‌خوێنده‌وه‌

ته‌نیا یه‌ک وشه‌ی تێدابوو

“ئاسمانێکی” له‌ت‌له‌ت‌کراو

 

دیوانی شیعری شاعیرێ بێ‌وڵاتم

ئه‌خوێنده‌وه

ته‌نیا یه‌ک وشه‌ی تێدا بوو

“نیشتمانێکی” چوارپه‌ل‌بڕاو!

 

دیوانی شیعری کوردێکی

دیلی چاوه‌ڕوانی مه‌رگم ئه‌خوێنده‌وه

ته‌نیا سێ وشه‌ی تێدا بوو

“اناالحق”ێ له ‌داردراو!

“ئا…س…ما…ن…ێکی” له‌ت له‌ت‌کراو

“نیشتمانێکی” چوارپه‌ل ‌بڕاو!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بووژانه‌وه –

بووژانه‌وه

 

 

دوڕگه‌ی نووستوو

سه‌ری نابووه‌ کۆشی ده‌ریا و

جه‌نگه‌ڵ تاریک و نووته‌ک بوو

پۆلێ منداڵ

خاڵی داخی زیخیان له ‌سه‌ر

سینگ و دڵ و ته‌وێڵ ئه‌ژمارد!

بێشکه‌ی خۆزگه‌ و

بیره‌وه‌ريیه‌ کۆنه‌کانیان ڕاده‌هه‌ژاند

هه‌ڵمی ده‌ریا

چاوی ئاسمانی شڵه‌قاند و

هه‌وره‌تریشقه

خه‌وی قووڵی ئاوی شڵه‌ژاند

شه‌پۆلێکی یاخی ڕابوو

دوڕگه‌ی له ‌خه‌و ڕاچڵه‌کاند

بێشکه‌ی خۆزگه ‌و بیره‌وه‌ری، لێک ترازا

پۆلێ پیاوی مه‌زن، مه‌زن

ئاسمانیان ده‌سته‌مۆ ئه‌کرد

برووسکه‌یان بۆ ناو دڵی جه‌نگه‌ڵ ئه‌برد.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تووڕە‌یی –

تووڕە‌یی

 

 

له‌م جیهانه،

‌په‌له‌وه‌ریش

نیشتمانی بۆ خۆی هه‌یه

دارستانێ، تاقه‌دارێ

ئاواره‌ش بێ

نێو ئه‌شکه‌وتێ، بن پاسارێ!

چۆن شێت نه‌بم، نه‌چم به‌گژ کوێستانێکا و

چوارڕێیانی گه‌ردوون نه‌گرم

هێشتا بستێ خاک شک نابه‌م

تیا بژیم، تیا بمرم!

چۆن شێت نه‌بم

هه‌موو ڕێگام لێ به‌سراوه

به ‌هه‌ر جاده‌ و شه‌قامێکا ڕاده‌بوورم

ته‌پۆڵکه‌یه‌ک

کڵاوێکی سه‌ربازانه‌ی له ‌سه‌ر ناوه

دڵ و گیرفان ده‌پشکنێ

به‌ڵگه‌ی خوایشم له‌گه‌ڵدا بێ

ڕێگام ده‌گرێ

نه‌کا نه‌خشه‌ی وڵاتێکم له‌ گیرفان و

ڕە‌مزی نهێنی ناوێکم له ‌دڵدا بێ!

چۆن شێت نه‌بم

تووڕە‌م، تووڕە…

وه‌ک ئاگرم

شمشێرێکی هه‌ڵکێشراوم

له ‌ناو بریسکه‌ی خوێنی خۆما ئه‌زریکێنم

هه‌تا کالان نه‌دۆزمه‌وه

‌ئۆقره ‌ناگرم!

خوا ئه‌زانێ

من حه‌ز ناکه‌م، وه‌ک ئه‌شقیا

سه‌رگه‌ردان بم له‌م کوێستانه

ڕێگام بده‌ن بێمه ‌خوارێ

هیچم ناوێ له‌م جیهانه‌

جگه‌ ‌نه‌ختێ سه‌ربه‌ستی و

بستێ خاک و

ئاڵایه‌ک و

ڕە‌شماڵێکی قه‌ره‌جانه!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بڕیار –

بڕیار

 

 

ڕۆژێ له ‌ڕۆژان هه‌ژارێ

ویستی له ‌به‌رامبه‌ر دوژمن

ده‌نگ هه‌ڵبڕێ

مه‌به‌سته‌کانی ده‌ربڕێ

هه‌ر ده‌س‌به‌جێ

ده‌میان دووران

پۆله‌ چۆله‌که‌ی وشه‌یان

باڵ به‌سته‌ کرد!

ئێتر ئه‌ویش

هیچی نه‌گوت

بۆ ترۆپکی به‌رزی چیا سه‌ری هه‌ڵگرت

دای له ‌تاریکی شه‌وه‌زه‌نگ

هه‌موو وشه ‌به‌ندیه‌کانی کرده‌ گوللە ‌و

نایه ‌ناخی گه‌رمی تفه‌نگ!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕێبوار –

ڕێبوار

 

 

ڕێبوارێکم

به ‌قه‌د مێژوو وه‌رز و ساڵ و سه‌ده‌م دیوه

به ‌قه‌د مێژوو

چقڵی ڕێگام له‌نێو سینگ و دڵ چه‌قیوه‌!

به ‌قه‌د مێژوو

دێوه‌زمه‌ی به ‌سامی ڕێگا

له ‌ئاسمانی چاوه‌کانما

ئه‌ستێره‌ی گه‌شی چنیوه

به ‌قه‌د مێژوو

فرمێسکی چاوم سڕیوه!

ڕێبوارێکی چه‌واشه‌م و

خۆم نازانم بۆ کوێ ئه‌چم

تاریکه‌شه‌وی نووته‌که ‌و

ئه‌ستێره‌یه‌ک پێناکه‌نێ

هه‌ر لاقێکم به ‌لایێکا هه‌نگاو ئه‌نێ!

ده‌ستی ڕاست و ده‌ستی چه‌پم

به‌ قه‌د مه‌ودای سنووره‌کان له ‌یه‌ک دوورن!

جه‌سته‌یه‌کی بریندارم…

زامه‌کانم قووڵ و به‌تره‌ف و ناسۆرن

وه‌ک خه‌مێکی مێژینه‌م و

له ‌ناو کڵپه‌ی ئاگردانی ئه‌وینێکا هه‌ڵقرچاوم

وه‌ک ئاخێکی دووکه‌ڵاویم

هه‌ڵمی ناخێکی خنکاوم!

من ڕێبواری مێژووی تاڵی دڵی خۆمم!

هه‌ر ئه‌ڕۆم و هه‌ر ئه‌ڕۆم و هه‌ر جێماوم!

هاوار ئه‌که‌م!

ئه‌م ڕێگایه ‌نابڕێته‌وه

تا پێ به‌ شوێن یه‌کا نه‌چن

دڵ و گوڵی له‌ یه‌ک بڕاو ده‌ست له ‌ملی یه‌کتر نه‌که‌ن

ده‌ستی ڕاست و ده‌ستی چه‌پم به‌ یه‌ک نه‌گه‌ن

تا له ‌ژوانی ئه‌وینێکا په‌یمان تازه‌ نه‌کرێته‌وه

ئه‌م ڕێگایه ‌نابڕێته‌وه

نابڕێته‌وه!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕەجمم بکه‌ن، تاوانبارم –

ڕەجمم بکه‌ن، تاوانبارم

 

 

ڕەجمم بکه‌ن، تاوانبارم

سه‌رم بکه‌ن به بنچینه‌ی مناره‌تان

وه‌رن بمکه‌ن به ‌حه‌للاجێ

بۆ سه‌مای سه‌ر قه‌ناره‌تان

تاقه‌ شیعرێکم ناتوانن ده‌سته‌مۆ که‌ن

له‌ گێژە‌نی هه‌ستی خۆمدا نوقمه‌سارم!

ببن به‌خوا تووڕتان ده‌ده‌م

خوای وه‌ک ئێوه ناپه‌ره‌ستم

نابم به ‌به‌رد سه‌ری خه‌ڵکم پێ بشکێنن

نابم به‌ دار بۆ فه‌لاقه

چقڵی ئێوه‌ قه‌ت ناڕوێ

له‌ ناو بێستانی سه‌د ته‌رزم

بۆ ئێوه‌ قه‌ت لینی نابێ

خامه‌ی ڕە‌نگینی سه‌ربه‌رزم

سه‌ختم وێنه‌ی پۆڵا و ئاسن

شه‌پۆلێکی شێت و یاخیم

خه‌وی به‌نده‌ر ئه‌شێوێنم

دیلم ده‌که‌ن هانێ ده‌ستم

ئه‌وه‌ش گه‌رده‌ن هه‌ڵمواسن

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha