جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– هێلانه –

هێلانه

 

 

من سنوور ناناسم

کێ مافی داوه ‌به‌م جه‌ردانه

ئاسمان و زه‌وین و ده‌ریاکان دابه‌ش بکه‌ن؟

کێ به‌ر دره‌وشانه‌وه‌ی هه‌تاوی گرتووه

کێ ئیزنی پێداون

تیشک له ‌باڵنده ‌دابڕ که‌ن؟

سیمای ڕۆژ به ‌چڵکی هه‌ناسه‌ی خۆ ڕە‌ش که‌ن؟

من سنوور ناناسم

پێم‌خۆشه‌ هه‌ڵبفڕم

له‌ گوانی کامه هه‌ور زۆر ته‌ڕە‌

پاراو که‌م ئه‌م ڕۆحه ‌شه‌قاره‌م

پێم خۆشه

یاسای ده‌ستکردی چی خواوه‌ندی زه‌وینه

پێشێل که‌م

بڕۆم و له ‌نێوان دوو هێمتی دنیادا ڕاوه‌ستم

بست به‌ بست سه‌رتاپای نیشتمان

بکه‌م به‌ هێلانه‌ی ئه‌م جه‌سته ‌ئاواره‌م.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha