– ھێلانەی من… –
ھێلانەی من…
-١-
ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم
چۆن بێمەوە؟
ئەم گێژاوە دەمخنکێنێ
لەم لێمشتە سامناکە چۆن بپەڕمەوە؟!
گەر بتەوێ
دڵت ئەکەی بە پردێک و
نەک ھەر لافاو
شەپۆلی گشت زەریانەکانیش لەغاو ئەکەی
کە ھاتیەوە
عارەقەی نێو چاوانت بە قژ و کەزی ئەسڕمەوە!
-٢-
ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم
چۆن بێمەوە؟!
لە نێوانی من و تۆدا
شمشێرێکە و
خوێنی ھەزار ئەوینداری لێدەچۆڕێ
شمشێر کولە و ئەوین تێژە
بە بڵێسەی ئاگری دڵ
ئەم شمشێرە بتوێنەوە
ئەوینداری ڕاستەقینە
لە بەرامبەر ھیچ کۆسپێکا
دڵ ناگۆڕێ
-٣-
ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم
چۆن بێمەوە؟!
تا چاو بڕ کات
ھەر بڵێسە و کڵپەی ئاگر
بەرەو ئاسمان ھەڵئەچێت و
دووکەڵ دنیای داپۆشیوە
دڵم نەماوە حەجمێنی
ئاگر بە ئاو دائەمرکێ
دەبێ لە کوورەی ئەوینا
ببێ بە ئاو
بەرەو ئاسمان ھەڵکێشیت و
وەک ھەور بەسەر
چەڕە دووی ئەم گڕکانەدا، داباریت و
سینگە سووتاوەکەی من و
زەوینی خوا بخەمڵێنی
-٤-
ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم
چۆن بێمەوە؟!
ئا لەم شەوە کش و مات و گورگە ناوە، چەواشەم و
نازانم چۆ بتبینمەوە؟
گەر ئەتەوێ لەگەڵ منا ئاوێتە بیت و ھەر بژیت
گیانت بکە بە گزینگ و
سامانی شەو بسووتێنە!
بۆ ئەم ساماڵە تاریکە، ببە بە ڕۆڵەی تاقانە
ئەگەر تیری ھەوری چڵکنیش پێکاتی
ئەوسا ئیتر، دێیتەوە بۆ باوەش من و
سینگم ئەکەی بە ھێلانە!
٢٥/١/١٣٦٩ – April 14, 1990
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha