جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئیعدامی –

ئیعدامی

 

 

له ‌گۆڕە‌پانی شارێکا

جه‌لاده‌کان، داریان هه‌ڵخست

جاڕیان کێشا

ئه‌وه‌ی ویستیان…

به ‌ته‌شییه‌ کۆنه‌که‌ی خۆیان

بۆ خه‌ڵکیان ڕست

وتیان: تاوانی ئیعدامی

گه‌چڵاندنی خه‌وی شاره‌

سزای ئه‌وه‌ش له ‌قانوونی ئه‌ساسیدا

بۆ چاوترسێن خه‌ڵکی، داره!

وتیان: تاوانی ئیعدامی

ورووژانی بورکانه ‌دامرکاوه‌کان

بۆ ته‌کان و بوومه‌له‌رزه ‌و ئاژاوه‌یه

هێنانه‌وه‌ی ده‌نگی کوێستان

بۆ شڵه‌ژانی ئاسایشی ئه‌م وڵاته ‌ڕازاوه‌یه!

نیوه‌شه‌و بوو…

له ‌قاوشی زیندانێکا

ئیعدامییه‌ تاوانباره‌که

بیری له ‌کازێوه ‌ئه‌کرد

له ‌ژوورێکی پڕ خه‌یاڵی شاری خه‌ما

ژنێ بیره‌وه‌رییه‌کانی

ده‌نک ده‌نک

وه‌ک ملوانک،

بۆ گه‌ردنی کۆرپه‌ی هێشتا نه‌هاتووه‌که‌ی پێوه ‌ئه‌کرد!

له ‌گۆڕە‌پانی سامناکا

سه‌گ و پۆلیس ئه‌یانلووراند

له ‌ژووری دادگای شارا

کاربه‌ده‌ستان بۆ ئیعدامی

خه‌ڵاتیی مه‌رگیان ئه‌دووراند.

کاتژمێره‌ فێگرتووه‌که‌ی

کاکه‌ی تاوانباریش به‌له‌ز

شه‌وی ئه‌شکان

هاتن، هاتن…

قازی، مه‌لا، پۆلیس و میرغه‌زه‌ب هاتن

وتیان: هانێ! ئه‌وه ‌پێنووس

وه‌سییه‌تنامه‌که‌ت بنووسه‌

وتی: ده‌بێ سڵاو بنێرم بۆ کوێستان

وتیان: نابێ…

ئه‌ویش له‌ وه‌سییه‌تنامه‌دا

تفه‌نگه‌که‌ی دا به ‌سبه‌ی

داره‌که‌یان له‌ خه‌و هه‌ڵسان

وه‌نه‌وزی گۆڕه‌پان شکا

له ‌ژووری چۆڵ

تکێ فرمێسک

به ‌سه‌ر گۆنای ژنی ژانگرتوودا تکا!

ئاڵقه‌ی ته‌ناف زریکاندی

تاوانبار چوو به‌ره‌و ئاسمان

هه‌وره‌کانی کوێستان جمان

ژنی ژانگرتوو قیژاندی

کۆرپه‌ی سبه‌ی هاته‌ جیهان

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha