چاوەکانی قازی

ڕامان ژمارەی ٢٥ | کارەسات | جەلال مەلەکشا

لە دەرەوە غەڵبە‌غەڵب و هەرا و هوریای خەڵک لە‌گەڵ شریخ‌وهۆڕی گوللە و ناڵە و هاواردا ئاوێتە ببوو. خرمە و زرمەی پێی، هەڵات‌هەڵات، نەڕەی پۆلیسە دەم‌شڕەکان و شیعاری خەڵک: (مەرگ بەر شا، مەرگ بەر شا).

نایب عەباس خان، پەردەی پەنجەرەکەی دادا و لەنێو ژوورەکەدا دەستی بە هات‌وچوو کرد؛ بێ‌ئوقرە و بێ‌قەرار بوو.

-کەی ئەم هەرا و بەزمە تەواو ئەوێ، کەی؟ کەی؟ نازانم بۆچە بەریان ناگرن؟! مشتێ مناڵەوردەڵە گەرەکیانە سەڵتەنەت لەناو بووەن، هەی تڕ هاو! ئەیژیتە شا داربەلەکە! کورە شاهەنشا گەرەکی نییە دەس لە ڕووی مەردما بکاتەوە، جا چۆن؟ مەگەر هەروا کەشکە! شا بەم گشتە دەم‌ودەزگاوە بە قوولە و فیکەی مناڵەوردکە دەس لە تاج و تەخت هەڵگرێ…!

کوڕەکەی نایب عەباس خان بەدەم جل گۆڕینیەوە وتی:

-باوکە گیان! مناڵە‌وردەڵەی چە؟ تواو مەردم هەڵساگن. سەرانسەر ئێران یەکپارچە خوێن و ئاگرە! تواشای ڕۆژنامە بکە، کار لە کار ترازیاگە! بێرە دەرەوە بزانە دنیا ها بە دەس کێوە؟!

نایب عەباس خان هەر دوو چاوی پەڕییە تەوقی سەری و بەسەر کوڕەکەیدا نەڕاندی:

-فڵتەفڵت قوڕمساق! جارێ‌تر لەم قسە مفتگەلە بکەی دەم‌ودیانت ورد ئەکەم! ئەمانە خائینن، نۆکەر بێگانەن، گەرەکیانە مەملەکەت بخەنە باوەش ڕووسە لادینەکان، قسەی قۆڕ! داس و  چەکوش و سەرنێزە مەحکووم دەکا! ئەی نایکا! شیڕەی تێ! موسەدیق بەو گشتە شان‌وشەوکەتەوە تڕی گۆزەڵەی شای نەشکان! ئیسە چەن ئامووزگارە کوتەرە… لاالە الا اللە… پیاگ لە داخا سکی ئەماسێ!

بەرەو لای پەنجەرەکە چوو، نەختێ پەردەکەی لادا و بۆ ناو شەقامی ڕوانی، شەقام چۆڵ ببوو، بۆنی لاستیکی سووتاو و دووکەڵ فەزای شەقامەکەی ئاخنیبوو. ئاخێکی هەڵکێشا:

-تۆ نازانی ڕۆڵە، نازانی. مناڵی، هیچت نەدیگە. شا، بەم مناڵ‌بازیگەلە نالەرێتەوە. ئیمریکا، ئیمریکای لە پشتە. ئێرانی کردگە جبەخانە! تۆ چووزانی چەی هەس. من دەزانم، من! سی ساڵ خزمەتم کردگە، من ئەزانم پادگان‌گەل چەی هاتیا. ئاخر مشتێ مناڵە وردکە…دای لە قاقای پێکەنین:

-کورە جا بێ و لە داخا مەمرە! هیشتا هێچێ نەوگە شوعار خودموختاریم بۆ ئان! خودموختاری! وا ئەزانن هەروا شۆخییە…ئەرێ وەڵڵا! نیاگیانە ناو سینی بۆتان! خودموختاری!!

کوڕەکەی لەبەر دەرکەی ژوورەکەدا راوەستا بوو، بۆ دەرفەتێ دەگەڕا خۆی دەرباز کا، خۆی بۆ رانەکیرا و وتی:

-باوکە، میللەت حەق خۆیان گەرەکە، چاو مەردم کریاگەسەو…ئەشێ بۆچە میللەتی کورد بە (30) میلیۆنەوە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی نەبێ؟..

-فڵتەفڵت، بە زات خوا قەسەم جارێتر لەم قسە گەوجانە بکەی هەر بە شەق هارت ئەکەم! سیگارێکی گیراند و مژێکی قووڵیلێ دا و دووکەڵەکەی بە تووڕەییەوە بڵاو کردەوە. بۆ ساتێ چاوەکانی نووقاند و لەبەر خۆیەوە:

-هە…خودموختاری! قازی موحەمەد بەو گشتە…ناوی قازی تەزێکی خستە گیانی

کوڕەکەی وتی:

-باوکە، ئەزانی مەردم لەبارەتەوە چ ئێژن؟ باوکە! وەختێ قازی موحەمەدیان لە دار دا تۆ لە مەهاباد بووی؟

چاوی دەرپەڕاند:

-مەردم چە ئێژن؟

کوڕەکەی، بێ دەنگ سەری داخست. ئەم نەڕاندی:

-وتم مەردەم چە ئێژن؟ لاڵی؟

-ئێژن تۆ… تۆ… قسەکەی نەتوانی تەواو بکا، دای لە قوڵپەی گریان:

-ئێژن تۆ ئەو رۆژە..باوکە! درۆوە…مەگەر نە؟ درۆوە…

عەباس خان، سەری داخست. شریخەی دەسڕێژی گوللە و هەرا و هوریای خۆپیشاندەران، لە دەرەوە دەبیسرا، تەپەتەپی ڕاکردن و بوەستەی پۆلیس.

تاریکی بەسەر شاردا زاڵ دەبوو، عەباس خان بۆ سەعاتە دیوارییەکەی روانی، کوڕەکەی وتی:

-من ئەچمە دەرەو! عەباس خان وەک فیشەکە شێتە ڕاپەڕی.

-بۆ کوێ؟ مەگەر نازانی حکوومەت نیزامییە، هەرکە بگرن نەجاتی ناوێ.

-منیچ وەک ئەم گشتە!

-دانیشە ڕۆڵە، دانیشە! خۆت مەخە ناو گێچەڵ. تلیفوون کە ماڵ خاڵۆت، بێژە دایکت و مناڵەکان ئیمشەو لە ماڵ خاڵۆتا دانیشن!

کوڕەکەی وتی:

-ئیمشەو تەزاهورات شەوانەس!

عەباس خان وتی:

-بەتۆ چ؟ یانێ ئەگەر تۆ نەچێ سەرناگرێ؟ مەگەر تۆ حەپەی بەر ڕانی؟ تۆ بە نان ئەم دەوڵەتەوە گەور ەبووگی، تۆ کوڕ…

-ئەزانم، ئەزانم، من کوڕ نایب عەباس خانم! باوکە! ئەزانی ڕەفێقەکانم چۆن تواشام ئەکەن؟ بە چاو گومانەوە تواشام ئەکەن؟ چونکە کوڕ نایب عەباس خانم!

-مەگەر من ساواکیم؟

-کاشکایە ساواکی بوایی و…

-بێدەنگ بە قوڕمساق

کوڕەکەی دەرکەی کردەوە و خۆی خستە دەرەوە، عەباس خان دەلەرزی لە سەرما بوو یان…

-کاشکای ساواکی بوایی. یانێ خەڵک لە بیریان ماگە؟ چەند ساڵە؟ دوای سی ساڵ…سی ساڵ! ڕەفێقەکانم بە چاو گومانەوە تواشام ئەکەن. کوڕ نایب عەباس خان. مەردم هیچێ فەرامۆش ناکەن. ئەگەر شا، بڕووخێ تەکلیف من چەس؟ ئەگەر مەردم لەبیریان ماوێ، ئەشێ لەم شارە بارکەم بڕۆم. وەلێ بۆ کوێ بڕۆم، بۆ کوێ سەرخۆم هەڵگرم؟!

هەستی بە سەرما کرد. ددانەکانی یەکیان نەدەگرت؛ دەلەرزی. پاڵتوە نیزامییەکەی توند توند بە خۆیەوە پێچا.

***

بەیانی زوو وەک جاران، لە ماڵ هاتە دەرەوە. پاڵتوەکەی بەخۆیەوە پێچابوو. بایەکی سارد پێستی چرچی مل و دەم‌وچاوی دەرزی ئاژەن دەکرد. نانەواخانە جمکوت بوو. نایب عەباس خان خۆی کرد بە نانەواخانەکەدا و بە دەنگێکی بەرز وتی: شاتر! چوار نانم بۆ بگرە

خەڵکەکە ئاوڕیان بۆ دایەوە، شاتر وتی:

-بە نۆگە! بە نۆگە نایب! ئەم گشتە بۆ نان وێسیاگن! بە قرپەی پێکەنینی چەند کەسێ تەرێق بووەوە بەڵام بە رووی خۆیدا نەهێنا و وتی:

-دەی باشە باوکم! وا بۆچە! بێژە بە نۆگە!

لە پاڵ دەرکەکەدا ڕاوەستا. سەری خستە خوارەوە و چووە ناو فیکرەوە. چەند نیگایەک وەک دەرزی دەچەقینە دەم‌وچاویەوە. لەدڵی خۆیدا وتی:

-دەورەت نەماگە نایب عەباس خان خوا عەفووت کا!

دوای سەعاتێک ئەم‌پا و ئەوپاکردن نانەکانی وەرگرت و گەڕایەوە. کاتێ گەیشتە بەر دەرکەی ماڵ، لەپڕ دڵی داخورپا؛ لەسەر دەروازەکە نووسرا بوو: (مرگ بر قاتل قاضی محمد).

بە خەتێکی وردتر (نایب عەباس خان، قاتل قاضی محمد اعدام باید گردد)!

نانەکان لە دەستی بەربوونەوە. دەست‌وپێی کەوتنە لەرزین. تەقەی ددانەکانی خۆی دەبیست. ڕەنگی بزرکابوو. دوای ماوەیە: هاتەوە سەرخۆی، بەپەلە چووە ماڵەوە. سەتڵێکی ئاو و کوتێ پەڕۆی هێنا. هەرچی کرد خەتەکە نەسڕایەوە. نەوتی هێنا. دوای سڕینەوەی خەتەکە. بە هەزار حاڵ خۆی هاویشتە ژوورەکەی؛ لەرزی گرتبوو، دڵی دەبوورایەوە.

-ئەمکوژن، هەزار گیانم بێ، گیانێ دەرناکەم! کێ ئەم شوعاریە نووسیگە:( قاتل قاضی محمد). ڕووی باوکتان ڕەش بێ من بۆچە؟ مەگەر من کێ بووگم؟ چۆن تۆمەت و تاوان دروست ئەکەن! کوڕەکە وتی بەچاو گومان تواشام ئەکەن! کاشکای ساواکی بوایی… ئاخر من بۆچە؟ دادگا قازی موحەمەدی کوشت، بە فەرمانی شا، ئیمریکا، ئەرێ ئیمریکا. ئەو شەوە کابرای ئیمریکایی، نازانم ژنراڵ بوو، تەڕەماش بوو، هاتە پادگان. من تازە چووبوومە سەربازی، گرووبان سێ بووم.

بە زڕەی زەنگ، مووچڕکێکی پێدا هات:

-کێیە؟ ناشێ مناڵەکان بن، ئاژاوەچییەکان نەون، چ بکەم؟ مۆڵەتم بڕیاگە، ئەشێ لەم شارە بار کەم، ئەچم، ئەچمە شارێ کەس نەمناسێ!

هەمیسان زڕەی زەنگی دەرکە مێشکی هەژاند:

-نا، نایکەمەوە، ئاژاوەچین. زانیگیانە تەنیام. زانیگیانە کەس لە ماڵ نییە. ئەو کوڕە بەرەڵڵایچە لە ماڵ نییە! خوا ئەزانێ ئیسە خەریک چەس، ئەو ڕاپۆرتمی نەداوێ؟!

زڕەی زەنگەکە ئەمجارە توندتر لە پێش، نایب عەباس خانی خستە لەرزە.

-ئەوە بۆچە ئەونە ترسنۆکم تیا دەرهاتگە، لە پەنجەرەکەوە تواشا ئەکەم؛ ئەگەر ئەوان بن هاوار ئەکەم، خۆ شار بێ‌خاوەن نییە. جا ئەوە هاتوو هاواریچم کرد، لەم ڕۆمەڵخەزا کێ بە کێیە. مەردم بۆ سەرم ئەگەڕن، خۆ دیتان شاتر ئەولەسەن چۆن جواومی داوە. جاران نایب عەباس خانی کەر نەیدەکێشا!

هەڵسا، بە هەنگاوی شل و لەرزۆکەوە چوو پەنجەرەکەی کردەوە، سەری کێشا دەرەوە، سپووری گەڕەک بوو. بە فەرخوونەکەیە، زەبڵ و زاڵی کۆدەکردەوە.

-چەت گەرەکە کورە، بەم مەلا بانگدانە شێتمانۆ کرد.

-ئەشخاڵ، ئەشخاڵ…

-ئەشخاڵ، ئەشخاڵ، قوڕمساق! وەختێ کەس درگا ناکاتەو یانێ ئەشخاڵ نییە، سپوورەکە سەری هەڵبڕی و وتی:

-قوڕمساق هاوناوتە! باوەحیزی سەگ باوکە. شێت بووگی بە خۆتەوە جوێن ئەوەی؟ ئەگەر پیاگی پات بنەخوارەوە تا کەر بکێشم لە دایکت!

-کورە ئەوە ئەزانی تەک کێیا قسە ئەکەی؟

-ئەرێ، ئەزانم، تەک یابووە گەڕەکەی چەم قەساوخانە قسە ئەکەم.

دەورتان نەماگە بە گیان ئاغە شاتان! جارێ‌تر لەم گووگەلە بخوەی کتک ئەخەمە ناو شواڵت، حاڵی بووی؟

نایب عەباس خان ئاخێکی هەڵکێشا و پەنجەرەکەی پێوەدا و بۆی ڕاکێشا و چاوی بڕیە بن میچەکە:

-خەریکم ئەلەرزم، تەکانم خواردگە..( قاتل قاضی محمد) هەی هاوار! بە کێ بێژم. من گورووبانە شڕەیەک بووم، من ئەو کارەم نەکردایە یەکێکی‌تر ئەیکرد. گشتمانیان جەم کرد هاوردمانیانە چوارچرا، تا ئیعدامییەکانیان نەهاورد نەمانزانی چ باسە. قازی موحەمەد کوایەکی شۆڕی لەبەر کردوو، بیجامەکەی چەرمگ بوو، ئەیژی دوێکە بوو. باڵابەرز و لاغر، گشتمان تواشامان ئەکرد. دارەکەیان هەڵخستوو، کابرای ئیمریکایی جل و بەرگی ئەرتەشی ئێرانی لەبەر بوو. سەرهەنگ هومایوونی ڕووی کردە گرووبانی مەهابادی و وتی:

-تو گروهبان! تو طناب را به گردن آن یکی بینداز؛ ئیشارەی بۆ قازی کرد. گرووبانەکە ڕەنگی پەڕی وتی: قوربان من هەرگیز ئەو کارە ناکەم، من خەڵک مەهابادم، نا، هەرگیز. ئەگەر دەریشم کەن ئەو کارە ناکەم. سەرهەنگ بە هەر کەسی وت، کەس قبووڵی نەدەکرد. دوایی ڕووی کردە من و وتی:

-تو اهل کجایی؟ (تۆ خەڵکی کوێی؟)

وتم:… قربان!

وتی: اینجور کارها از هر کسی برنمیاد، مرد می‌خواد، مرد! تو مرد این کار هستی گروهبان!

وتم: قربان هرچه شما بفرمائید! نازانم بۆچە نەمتوانی سەرپێچی کەم. ئەترسیام دەرم کەن. عومرێک هەژاریم کێشابوو، کرێکاریم کردبوو، برسییەتیم چەشتبوو، دەترسیام دەرم کەن.

قازی بە لای چاو تواشایەکمی کرد، سینگم دابەرەو، بەڵام خوا ئەزانێ قاچم ئەلەرزی. چوومە سەر سەکۆکە وەختێ تەنافەکەم ئەخستە ملی زەردەخەنەیەکی کرد و وتی:

-من بۆ پاراستنی میللەتی کورد ئەم دارەم هەڵبژارد بەڵام هەرگیز بە بیرمدا نەدەهات کوردێکی هەڵخەڵەتاو تەناف دەخاتە گەردنم!

خەریکبووم تەنافەکە تووڕ بدەم و ڕاکەم، وەلێ وتم پێدەکەنن، دەرم دەکەن! تەنافەکەم خستە ملی ڕاست تواشای ناو چاومی کرد، ئەوەندە چاوگەلی بەهەیبەت بوون خۆم بۆ نەگیرا گمێزم بە خۆما کرد. ئیتر لەوزەمانەوە دوچار گمێزەچورتێ بووم. دوکتۆر نەما نەچمە لای، بێ‌فایدە، من مەعموور بووم.

مەعموور و مەعزوور! جا گوناح من چەس؟ ئەی خوایە لەرز کوشتمی، بۆچە مناڵەکان نەهاتنەوە. تۆ بێژی ئەوانیش وەک مەردم لەبارەمەوە قەزاوەت ئەکەن! ئەی هاوار، ئەم غەڵبەغەڵبە چەس؟ چوارچرای مەهاباد، این کار مرد می‌خواد…ئای، نا، من سەرهەنگ هومایوونی، من ناتوانم، نا، خەریکن بەرەو ڕووم دێن. خەڵک تووڕەن. دەمیان کەفی کردگە، هاوار ئەکەن، وامەکە، واتواشام مەکە قازی موحەمەد! من … من مەعموورم، مەعموور و مەعزوور. ئای، واتواشام مەکە…ئەو تۆ لەو سرمیچە..چاوەکانی قازی.. ئامان، ئامان! قازی پێیان بێژە نەمکوژن، ئەوە خۆ هەتیمەکەی خوەیچم هالە تەکیانا، ئەی نمەک بە حەرام. خێزانم، کەنیشکەکانم، گشتیان کەفتگنە دوای قازی. ئەوە کێ تەنافەکەی پچڕی. دەرم ئەکەن، لە برسیا ئەمرم. ئیمریکاییەکە چێ پێ هات؟ بۆ کوێ چوو؟ سەرهەنگ هومایوونی بۆ کوێ ئەچێ؟ ئەی من؟ من تەنیام. مەردم وەک هێلانە زەردەواڵە خرۆشیاگن. ئای من بێگوناحم. مەکەن. مەکەن. ئەی نمەک بە حەرام. کوڕەکەی خوەم بە ئیشارەی قازی تەنافەکە ئەخاتە ملم، دەبمکوژن با ڕزگار بم لە چاوەکانی قازی، چاوەکان قازی، چاوەکان قازی!