جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شیعری لاسار –

شیعری لاسار

 

 

دیوارێکیان به‌ده‌ور شیعره‌کانما کێشا و

په‌رژینیان کرد…

ئه‌ودیویان لێ پاوان کردم…

له‌م‌دیو دیوار

تابلۆی ژنێکیان هه‌ڵواسی

وتیان فه‌رموو

ئه‌وه ‌باخی سینگ و مه‌مک

ئه‌وه ‌نازی چاوی جوان و

شه‌کری لێو و

باڵای سه‌رو و

ئه‌مه‌ش قه‌ڵه‌م!

تا ئه‌توانی

تا هێزی هه‌ستت بڕ ئه‌کا، پێیا بێژە

وشه‌کانت

له‌ قاڵبی قاچ و قول و سمت و که‌مه‌ریا داڕێژە!

 

شیعرێکم هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیا

بزۆز و شێت و لاسار بوو

به‌ گژ داروبه‌ردا ئه‌چوو…

هه‌ڵده‌به‌زی

بۆ ئه‌ودیوی دیواره‌که ‌سه‌ری ئه‌برد

له ‌ئاکامدا…

بڕیاری‌ دا،

شووره‌ی ده‌ستکرد بڕووخێنێ…

نهێنی و ڕازی ئه‌ودیو، دیواره‌که ‌بدرکێنێ.

به ‌قاڵدرمه‌ی وشه‌کانا،

هه‌رکه ‌گه‌یشته ‌سه‌ر دیوار

خێرا هاتن، به‌ده‌ست‌وبرد

پێی و ده‌ست و ده‌میان به‌ست و…

ئاگریان دا و…

جه‌سته‌یان به‌ خۆڵه‌مێش کرد!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha