جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شه‌وێکی ئه‌بوونه‌واس –

شه‌وێکی ئه‌بوونه‌واس

 

 

چه‌ند که‌سێکی سه‌وداسه‌ری ئاواره‌ی ئه‌م جیهانه ‌بووین!

له‌ که‌ناری دیجله‌ی چاو به‌گریانه‌وه

شێخی باده‌ کووره‌ی زیکری پێ به‌ستبووین.

شاری به‌غدا له ‌خه‌ودا بوو

چه‌ند ده‌روێشێکی ئاواره‌ و ده‌رکراو

له‌ دۆزه‌خستانه‌کانی ئه‌م دنیا و

من و سمکۆ و ئه‌بوونه‌واس

ده‌ستی دیجله‌مان گرتبوو

به‌رامبه‌ری شێخی باده

ئه‌و ناوه‌مان گشت کردبوو به ‌زیکرستان!

له‌وبه‌ر دیجله

حه‌للاج هه‌ر به ‌سێداره‌وه ‌سه‌مای ده‌کرد

ڕۆحی شێت و یاخیی ئێمه‌ش، بۆ هه‌ڵفڕین

بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌نووسه‌که‌ی حه‌للاج

خواخوای ئه‌کرد!

شێخی باده‌ د‌ە‌یرووژاندین

هه‌تا ده‌هات، کووره‌ی زیکره‌که‌مان گه‌رم و گه‌رمتر ده‌بوو!

ده‌روێشه‌ ئاواره‌کان و ئه‌بوونه‌واسی سه‌رخۆش و سمکۆی مه‌ست و

منی یاخی له خۆم و خوا

یه‌خه‌ی گه‌ردوونمان گرتبوو

دیجله‌ی فێ‌گرتووش شڵپ و هۆڕ

نازانم بۆ کوێنه ‌ئه‌چوو!

شاری به‌غدا له‌ خه‌ودا بوو…

شێخی باده، به ساقییه‌تی ئه‌بوونه‌واس

هێنده‌ زیکری پێکردبووین

هووهوومان تا لای خه‌ڵیفه ‌و لای خوا ئه‌چوو

شه‌ومان شکاند

شێخی باده ‌بوو به ‌تیشک و

زوڵمه‌تی نێو ده‌روونمانی ڕوون کرده‌وه

دیجله ‌به‌ هاژەهاژ

سه‌ری هه‌ڵگرتبوو

ده‌روێشه‌کانی خانه‌قای غه‌ریبستان

ماڵاواییان لێکردین و

ئه‌بوونه‌واس ڕۆچووه نێو دڵی عاشقی نه‌سره‌وتم

سمکۆ خه‌وت و

منیش ته‌نیا

سه‌رخۆش سه‌رخۆش

به ‌له‌تر و لار

به‌ره‌و ژێر داره‌که‌ی حه‌للاج وه‌رێ که‌وتم!

 

1/2/1379 – April 20, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha