جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– نامه‌یه‌کی تامه‌زرۆ –

نامه‌یه‌کی تامه‌زرۆ

 

 

گیا‌نه‌که‌م!

له‌مێژە‌ نامه‌م بۆت نووسیوه

هه‌زاران دڵۆپه‌ فرمێسکی فیراقی تێدایه!

له‌مێژە ‌ئه‌م نامه

تامه‌زرۆی سه‌فه‌ره

چه‌مه‌ڕای ته‌ته‌ره

به‌ڵام هه‌ر ئه‌سیری نێو دوو تۆوی دیوانه‌شیعرێکی شه‌یدایه!

کۆتری نامه‌به‌ر!…

ئاخ زامی سه‌ر د‌ڵم کولاوه

هه‌زاران کۆتری نامه‌به‌ر

که‌وتنه سه‌ر ده‌ستڕێژی ڕاوچی و

هه‌ر هیچيان نه‌ماوه!

گیا‌نه‌که‌م!

هه‌رچه‌ند لێت نزیکم

به‌ڵام ئه‌و

«بستۆکه‌ی که ‌ناوی سنووره!»

وه‌ک شووره‌ی قه‌ڵای دێو

بوو به ‌له‌مپه‌ری دڵداران

سه‌گانی یانیگر بۆسه‌یان داناوه

نێو دڵ و نێو گیرفان بۆن ده‌که‌ن

زه‌وین و ئاسمان بۆن ده‌که‌ن

بۆنی عه‌شق ببیسن، هار ده‌بن

خۆ ئێمه‌ش عه‌شیره‌ی عاشقان

نا‌مه‌ش گه‌ر بنووسین

وشه‌کان هه‌موو هه‌ر له ‌عه‌شقن

به‌ڵام هه‌ر سه‌رئه‌نجام

ئه‌م نامه ‌خه‌مباره ‌ده‌نێرم

بهێڵه ‌با وه‌رزی بێده‌نگی ته‌واو بێ

خه‌وی ئه‌م بناره ‌بشێوێ

هه‌ڵۆکان به‌ره‌و شاخ بێنه‌وه:

نامه‌که‌ ده‌سپێرمه ‌هه‌ڵۆیه‌ک بۆ لای تۆی بهێنێ!

ده‌خیله، نه‌هێڵی

هه‌واڵی هاتنی هه‌ڵۆی شاخ

بگاته ‌گوێچکه‌ی قه‌ل

با شاخیش هه‌میسان

دڵی هه‌ڵنه‌قرچێ!

گیا‌نه‌که‌م!

شه‌قام و مه‌یخانه‌ی ئه‌م غه‌ریبستانه‌م

پڕ کردووه‌ له ‌ناوت

هه‌موویان ده‌زانن

هه‌رچه‌نده‌ کوڕی شاخ

پڵینگی لێڕه‌وار

وه‌ک به‌وری پێده‌شتم

به‌ڵام من لێره‌دا دڵته‌نگم

ئه‌م قه‌ڵای هه‌ولێره ‌و عه‌شقێکی ئاورین ڕایگرتووم

ئه‌گه‌ر نا، تا ئێستا

حه‌ژمه‌تی فیر‌اق و غه‌ریبی ده‌یکوشتم!

 

هه‌ولێر

22/12/1378 – March 12, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha