جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– زياره‌تی کتێبخانه‌ پيرۆزه‌که‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د –

زياره‌تی کتێبخانه‌ پيرۆزه‌که‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د

جەلال مەلەکشا

 

هه‌رگيز بڕوام نه‌ده‌کرد ڕۆژێ له‌ ڕۆژان شه‌ره‌فی زياره‌تی کتێبخانه‌ پيرۆزه‌که‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د په‌يدا بکه‌م. سه‌فه‌ری مامۆستا مارف خه‌زنه‌دار، ئه‌ديب و نووسه‌ری فه‌رزانه‌ی کورد له‌ هه‌ولێری پايته‌خته‌وه‌ بۆ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بوو به‌ هۆی ئه‌و شه‌ره‌فه‌ مه‌زنه‌.

ڕۆژێ 23/9/2005 ده‌گه‌ڵ مامۆستا مارف خه‌زنه‌دار و مامۆستا عوسمان ده‌شتی له‌ شاری سنه‌وه‌ به‌ره‌و شاری بۆکان وه‌ڕێ‌که‌وتين. به‌ درێژايی ڕێگا مامۆستا مارف خه‌زنه‌دار له‌ بيره‌وه‌ریيه‌کانی خۆی قسه‌ی بۆمان ده‌کرد. بيره‌وه‌ری ساڵانی خوێندن له‌ يه‌کێتی سۆڤييه‌ت و پێوه‌ندی و هه‌ڵس‌وکه‌وت ده‌گه‌ڵ که‌ڵه‌ پياوانی سياسه‌ت و ئه‌ده‌ب و زانست و هه‌روه‌ها  له‌ مه‌ڕ شۆڕش، بارزانی نه‌مر… شاعير و نووسه‌رانی کورد و پێشه‌نگانی ئه‌ده‌بی کوردی و ژيانی خۆی له‌ به‌غدا و ئه‌لجه‌زاير و… نه‌مانزانی ڕێگه‌ی درێژی نێوان سنه‌ و سه‌قز و بۆکان چۆن ته‌واو بوو… له‌ بۆکان کاک شيروان ياری ڕۆژنامه‌وان بوو به‌ يانه‌ی خۆيی مامۆستايان و منيش هه‌رچه‌ند ماڵ و مناڵم له‌ ورمێن،‌ هاتبوون بۆ بۆکان و ناچار بووم له‌ لايان بم، به‌ڵام هه‌ر له‌ خزمه‌تی براده‌ران‌دا بووم… شه‌و زۆرێک له‌ شاعيران و نووسه‌رانی بۆکان به‌سه‌ريان کردينه‌وه‌. ده‌عوه‌تی ماڵی کاک ناسری وه‌حيدی بووين و يارانی خاوه‌ن‌قه‌ڵه‌م کۆ بوونه‌وه‌ و مامۆستا مارف که‌ به‌ڕاستی خه‌زنه‌داری دنيايه‌ک بيره‌وه‌رييه‌ له‌هه‌ر بابه‌تێکه‌وه‌ قسه‌ی ده‌کرد و وڵامی پرسياره‌کانی ده‌دايه‌وه‌. دوو به‌تڵی شه‌و داشکابوو… مامۆستايان گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی کاک شيروان و منيش بۆ لای ماڵ و منداڵانم…

به‌يانی ئه‌و شه‌وه‌، به‌ ويست و خوازی مامۆستايان ڕوومان له‌ ناڵه‌شکێنه‌ کرد و بووينه‌ ميوانی حه‌سه‌ن زيره‌ک. ناڵه‌شکێنه‌ گۆڕاوه‌. تا چه‌ند ساڵی پێش له‌ ئێستا، ناڵه‌شکێنه‌ ته‌پۆڵکه‌يه‌کی ڕه‌قه‌ن و به‌رده‌ڵانێکی دوور له‌ شار بوو… تا چه‌ند ساڵی پێش له‌ ئێستا حه‌سه‌ن زيره‌ک له‌ نێو گڵکۆيه‌کی هه‌ژارانه‌دا غه‌ريبانه‌ بۆ ميراوای ده‌ڕوانی؛ به‌ڵام ئێستا ناڵه‌شکێنه‌ له‌ نێوه‌ڕاستی شاردايه‌ و سيمای گۆڕاوه‌ و جامه‌ی ڕه‌نگينی له‌به‌ر کردووه‌. گۆڕه‌که‌ی زيره‌کيش ڕازاوه‌ته‌وه‌، ده‌وران‌ده‌وری مه‌عجه‌ر کێشراوه‌ و به‌ شێوه‌يه‌کی هونه‌رمه‌ندانه‌ نۆتی گۆرانی ناڵه‌شکێنه‌ له‌سه‌ر نه‌رده‌ی مه‌عجه‌ره‌که‌دا نووسراوه‌. گڵکۆکه‌شی به‌ ڕه‌سمێکی زيره‌ک و به‌يتێ شيعری جوان ڕازاوه‌ته‌وه‌… مامۆستا مارف خه‌زنه‌دار هێندێ بيره‌وه‌ری ده‌رباره‌ی حه‌سه‌ن زيره‌ک گێڕاوه‌ که‌ له‌ به‌غدا پێکه‌وه‌ چيان کردووه‌ و چۆنيان ڕابواردووه‌… له‌م که‌ين‌وبه‌ينه‌دا بووين که‌ شاره‌داری لاوی بۆکان بۆ سه‌ردانی پرۆژه‌که‌ی هات بۆ وێنده‌رێ و پێکه‌وه‌ ئاشنا بووين و چه‌ند ڕه‌سمێکی يادگاريمان پێکه‌وه‌ کێشا. جه‌نابی شاره‌دار  به‌ڕاستی دڵسۆزانه‌ خه‌ريکی ڕازاندنه‌وه‌ و ئاوه‌دان‌کردنه‌وه‌ی شاری بۆکانه‌. ده‌يوت له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ی تازه‌ کار ده‌که‌ن و ده‌يهه‌وێ کێوی لای ڕۆژئاوای بۆکان به‌ شێوه‌ی ئاويه‌ری سنه‌ بکات به‌ سه‌يرانگايه‌کی ڕازاوه‌ی گشتی که‌ بتوانێ سه‌رنجی خه‌ڵکی شارانی ديکه‌ و گه‌ردش‌گه‌ران ڕاکێشێ…

2- ئێره‌ش ئاوايی حه‌ماميانه‌، زێدی بنه‌ماڵه‌ی ئيلخانی‌زاده‌ و موهته‌دييه‌کان که‌ له‌ به‌ره‌بابێکن. گڵکۆی سواره‌ی ئيلخانی‌زاده‌ شاعيری نوێخوازی کورد لێره‌يه‌. گۆڕستانی بنه‌ماڵه‌ی ئيلخانی‌زاده‌ له‌سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌‌ و ده‌وری حه‌سار کێشراوه‌ و مجێوری هه‌يه‌. کاک سواره‌ به‌ جه‌وانی سه‌ره‌ پڕ له‌ خه‌ونه‌که‌ی نايه‌وه‌ و هه‌زاران ئاوات و ئاره‌زووی برده‌ ژێر خاک. من له‌گه‌ڵ سواره‌ ئاشنا بووم. ئه‌و کاته‌ی که‌ له‌ تاران بوو، به‌رنامه‌ی پڕ ناوه‌رۆک و به‌بايه‌خی (تاپۆ و بوومه‌لێڵی) پێشکه‌ش ده‌کرد. سواره‌ له‌و به‌رنامه‌دا شيعری نوێی کوردی له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌س‌پێ‌کرد و به‌ نووسينی ئه‌و کورديیه‌ په‌تی و تايبه‌ت‌به‌‌خۆيه‌ زۆر که‌سی ده‌گه‌ڵ تايبه‌ت‌مه‌ندیيه‌کانی شيعر و ئه‌ده‌بياتی کوردی ئاشنا کرد. ئه‌و کاته‌ی من به‌ داخه‌وه‌ زۆر به‌ته‌نگی ئه‌ده‌بياتی کوردیيه‌وه‌ نه‌بووم و له‌ گۆڤار و بڵاوگه‌ فارسييه‌کاندا شيعر و چيرۆکم بڵاو ده‌کرده‌وه‌، کاکه‌ سواره‌ هانی ده‌دام ڕوو له‌ ئه‌ده‌بياتی کوردی بکه‌م. هه‌گيز قسه‌يێکی کاک سواره‌ له‌ بير ناکه‌م که‌ وتی: ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵيش له‌ بواری شيعر و ئه‌ده‌بی فارسيدا هه‌وڵ بده‌ی و تێکۆشی، قه‌ت نابی به‌ شاملوو يان ئه‌خه‌وان؛ چونکه‌ فارسی زمانی زگماکت نييه؛ به‌ڵام له‌ کورديدا زوو سه‌ر ده‌که‌وی و ناوبانگت ده‌رده‌که‌وێ و…

3- دوای زياره‌تی گڵکۆی سواره‌ هاتينه‌وه‌ ناو شاری بۆکان و به‌ره‌و گوندی سه‌راو سواری ماشێن بووين و له‌و سه‌فه‌ره‌دا قه‌رار بوو ببين به‌ ميوانی ماڵی منيره‌ خانم کچی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له‌ گوندی سه‌راو. شه‌وی پێشتر کاک سه‌ردار کوڕی منيره‌ خانم به‌ ته‌ليفون ده‌عوه‌ته‌که‌ی دووپات کرده‌وه‌ و به‌تايبه‌ت حه‌زيان ده‌کرد منيش ده‌گه‌ڵ ئه‌و خۆشه‌ويستانه‌دا بڕۆم. هه‌رچه‌ند ده‌مويست به‌ره‌و ورمێ بڕۆم، به‌ڵام شه‌وقی ديداری ئه‌و بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌ و به‌تايبه‌ت يادگار و کتێبخانه‌ پيرۆزه‌که‌ی پێشه‌وای نه‌مر ده‌ربه‌ستی کردم. حه‌زم ده‌کرد بزانم پێشه‌وا قازی چلۆن کتێب‌گه‌لێکی موتاڵا کردووه‌. دياره‌ جۆر و نه‌وعی کتێبه‌کان، بير و بۆچوون و ڕاده‌ی فيکر و ئه‌ندێشه‌ی سه‌رۆک کۆماری جوانه‌مه‌رگی کوردی بۆمان ڕوون ده‌کرده‌وه‌. ده‌مهه‌ويست بزانم کتێبه‌کان چۆن ده‌پارێزن و کتێبخانه‌که‌ چۆناوچۆن ته‌به‌قه‌به‌ندی کراوه‌… هاوسه‌فه‌رانيش هه‌ر يه‌که‌و له‌ خه‌ياڵی خۆيدا نوقم بوون. ڕه‌نگه‌ ئه‌وانيش بۆ ديتنی گۆشه‌يێک له‌ ژيانی پێشه‌وا په‌له‌يان بوو. مامۆستا مارف خه‌زنه‌دار بيره‌وه‌ریيه‌کانی خۆی ده‌گه‌ڵ ڕه‌حيم قازی که‌ له‌ باکو ده‌ژيا، گێڕاوه‌ و ماڵی خانه‌خوێکه‌شمان له‌ گوندی سه‌راو ماڵی فه‌تاح خان کوڕی حه‌مه‌حسه‌ين خانی سه‌دری قازی بوو که‌ ده‌بوو به‌ مێردی منيره‌ خانمی کچی پێشه‌وا… و دياره‌ منيره‌ خانم وه‌ک ميرات‌گری پێشه‌وا ئه‌رکی پاراستنی کتێبخانه‌که‌ی وه‌ ئه‌ستۆ بوو. له‌ ئاوايی ئه‌رمه‌نی‌بڵاغی داوه‌تێکی خۆش بوو. ڕه‌شبه‌ڵه‌ک، ژن و پياو، زه‌رد و سوور… ته‌قه‌ی ده‌وڵ و زوڕنا و قريوه‌ی گه‌نجی به‌عه‌زره‌ت و ده‌ست له‌ نێو ده‌ستی دوو ئه‌و ناوه‌ی پڕ له‌ شادی و هه‌را کردبوو… شاعيری به‌هه‌ستی کورد سه‌عيدی نه‌جاڕی له‌وێ بوو. به‌ ديداری يه‌ک شاد بووينه‌وه‌ و هه‌رچه‌ند زۆريان خوڵک کردين له‌ شاييه‌که‌دا به‌شداری بکه‌ين؛ به‌ڵام به‌په‌له‌ بووين و بۆ لای نيوه‌ڕۆ گه‌يشتينه‌ سه‌راو…

4- فه‌تاح خان و منيره‌ خانم و کاک سه‌ردار و کاک سه‌لاحه‌دينی خه‌ديو پێشوازيمان لێ ده‌که‌ن… ديوه‌خانه‌ گه‌وره‌که‌ گڵۆڵه‌ی خه‌ياڵم به‌ره‌و بيره‌وه‌رييه‌کانی ساڵانی زوو گلۆر ده‌کاته‌وه.‌.. ئه‌و ساڵانه‌ی که‌ هێشتا ژيان و ژيوار هێنده‌ ته‌نگی به‌ ئينسان هه‌ڵنه‌چنیبوو و سه‌ره‌ڕای که‌مايه‌سی و هه‌ژاری و نه‌داری دڵ‌خۆشيش هه‌بوو، ديوه‌خانان زڵه‌يان ده‌هات و هه‌موو شه‌وێ جمکوت بوون و ڕيز به‌ ڕيز خه‌ڵک داده‌نيشتن و به‌ قسه‌ی خۆش و نوکته‌ و گه‌ڕه‌لاوژه‌ شه‌ويان تێپه‌ڕ ئه‌کرد. ئێستا زۆر به‌ده‌گمه‌ن خه‌ڵکی له‌ ديوه‌خانان خڕ ده‌بنه‌وه‌. ديوه‌خان نه‌ماوه‌. خه‌ڵکی دڵ و ده‌ماخی جارانيان نه‌ماوه‌ و خاوه‌ن ديوه‌خانی واش نه‌ماوه! يه‌ک دوو ساعه‌تێ به‌ قسه‌ی لابه‌لا و بيره‌وه‌ری و نوکته‌ و قسه‌ی خۆشمان ڕابوارد و ئه‌مجار باسی کتێب‌خانه‌که‌ی پێشه‌وامان هێنايه‌ پێشێ… فه‌تاح خان و کاک سه‌رداری کوڕی کۆڵێ زووخاويان هه‌ڵێناوه… له‌ ده‌ستی دوژمنانی فه‌رهه‌نگ و جه‌رده‌ و دژه‌‌ـ‌وشه‌ و کتێب‌خۆر و وشه‌کوژ… ده‌يانگێڕايه‌وه‌ که‌ چۆن چه‌ندين جار په‌لاماری تاڵانی کتێب‌خانه‌که‌يان داوه‌ و هه‌ر جاره‌ به‌ هه‌زار په‌له‌پڕووزێ و ناری‌عه‌لی له‌ ده‌ستيان ڕزگار کراوه‌! ده‌يانگێڕاوه‌ که‌ زۆر کتێبيان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گه‌له‌کۆمه‌ له‌و تاڵانه‌دا په‌ڕپووت بوون و دڕاون و له‌ به‌ين چوون و خه‌ريکن ده‌پرووتکێن! جێگای داخ و که‌سه‌ر بوو… چيمان له‌ ده‌ست ده‌هات؟ سه‌ره‌نجام ده‌رکه‌ی کتێب‌خانه‌که‌يان به‌ ڕوومان کرده‌وه‌. هه‌نسک به‌ربينگی لێ گرتبووم، فرمێسک له‌ ناو گلێنه‌ی چاوما قه‌تيس مابوو… کتێبه‌کان په‌خش و په‌ڵا له‌ سه‌ر يه‌ک که‌وتبوون. بێ‌ژماره‌ و بێ‌ته‌به‌قه‌به‌ندی.. هه‌ر يه‌که‌و له‌ گۆشه‌يه‌ک و غه‌ريبانه‌… هه‌ر کتێبێک هه‌زار هه‌زار هاواری له‌ جه‌ور و بێداد و سته‌م له‌ دڵدا بوو… کتێبه‌کان که‌ڵه‌که‌ کرابوون. سه‌دان کتێبی پڕبايه‌خی ده‌ست‌نووس به‌سه‌ر يه‌کدا که‌وتبوون و هێندێکيان شيرازه‌ و په‌راوێزه‌يان لێک پچڕابوو… ئيتر نه‌متوانی خۆم بگرم و فرمێسک به‌ چاومدا هات… هه‌ر يه‌که‌ له‌م کتێبانه‌ ئاشنای ده‌سته‌ تامه‌زرۆ‌کانی پێشه‌وا بوون. هه‌ر يه‌که‌و له‌م کتێبانه‌ له‌ ژێر تيشکی نيگای پێشه‌وادا ڕووناکييان ديوه‌… هه‌موو ئه‌م کتێبانه‌ بگره‌ ده‌يان جار ده‌ست و چاوی پێشه‌وايان ماچ کردووه‌… مامۆستا مارف خه‌زنه‌دار و مامۆستا عوسمان ده‌شتی به‌ سه‌رسوڕمان و ئيعجابه‌وه‌ له‌ کتێبه‌کانيان ده‌ڕوانی. جێگای سه‌رنج له‌وه‌دا بوو که‌ جۆره‌ها جۆر عينوان کتێب له‌م کتێبخانه‌دا بوون و ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ياند که‌ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له‌ باری ئه‌ندێشه‌ و فيکره‌وه‌ چه‌ند کراوه‌ بووه‌… له‌ گۆشه‌يه‌کدا هه‌ر چوار ئينجيلی پيرۆز(عه‌تيق، لۆقا، جه‌ديد و مه‌تا) ده‌بينران و زۆر ڕومان و کتێبی شيعر و فه‌لسه‌فه‌ و کتێبی مێژوويی و زانستی… به‌داخه‌وه‌ ئه‌م کتێبخانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ که‌ ده‌بێ وه‌ک يادگار و ديارييه‌کی پيرۆز و مێژوويی له‌ شوێنێکی تايبه‌تدا بپارێزرێ، له‌ حاڵی فه‌وتان و پترووکان و له‌ ناوچوون‌دايه‌. دياره‌ دوژمنانی کورد هه‌رگيز حه‌ز به‌ وه‌ها ميرات و يادگارێک ناکه‌ن و ڕه‌نگه‌ هه‌رده‌م له‌ فيکری له‌ ناوبردنيدا بن… ئه‌رکی کێيه‌؟ ئاخۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئه‌و ئه‌رکه‌يان له‌ ئه‌ستۆيه‌ و خۆيان به‌ به‌رپرس بزانن و خه‌می ئه‌م سامانه‌ پيرۆزه‌ بخۆن…؟ لای ئێواره‌ ماڵ‌ئاواييمان کرد و گه‌ڕاينه‌وه‌ بۆ بۆکان هه‌تا خۆمان بۆ درێژه‌پێدانی سه‌فه‌ره‌که‌مان ئاماده‌ بکه‌ين… هه‌تا ئێستاش هه‌ر که‌ ده‌که‌ومه‌ بيری ئه‌و کتێبه‌ غه‌ريبانه‌ی پێشه‌وا که‌ خاوه‌نی خۆيان ون کردووه‌ و غه‌ريبانه‌ له‌ غوربه‌ت و خه‌ڵوه‌تی ته‌نيايی خۆياندا ده‌پترووکێن کزه‌ له‌ جه‌رگمه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێ…

با دوو قسه‌ له‌ مامۆستا مارف خه‌زنه‌داره‌وه‌ ببيستين: (ئه‌و جێيه‌ی ته‌رمی پێشه‌وای لێ نێژراوه‌ گوڵستانێکی ڕه‌نگينه‌، له‌و ديوه‌وه‌ به‌شی ئه‌ونده‌ی‌ زه‌وی ماوه‌ چه‌ند ژوورێکی وه‌کوو ماڵی خۆی لێ دروست بکرێ له‌ رووی بيناسازیيه‌وه‌ ئه‌و ماڵه‌ بکرێ به‌ مۆزه‌ و کتێبخانه‌که‌ی لێ بپارێزرێ. هه‌روه‌ها هه‌ندێ که‌ل‌وپه‌ل و شتومه‌کی تايبه‌تی پێشه‌وا له‌ پێشانگه‌ی مۆزه‌که‌ بخرێته‌ ڕوو).