دار

سروه 157 | جەلال مەلەکشا

 

-ئۆخه‌ی!..تا سه‌عاتێکی ديکه‌ له‌م جه‌هه‌نده‌مه‌ رزگار ده‌بين! خاليد ئه‌مه‌ی گوت و ده‌ستی له‌ سه‌ر شانی دانا و رايته‌ڵه‌کاندم..

-له‌ کوێ؟ بيۆ له‌ چی ده‌که‌يه‌وه‌..به‌هه‌شت..به‌هه‌شت له‌و ديوی سنووره‌!

گوتم: به‌ڵام..جێگه‌ی ئێمه‌ له‌ کام نوخته‌ی ئه‌و به‌هه‌شته‌ دايه‌؟

له‌ سنوور نزيک ده‌بووينه‌وه‌..دڵه‌ڕاوکێ و دردۆنگی په‌نجه‌ی له‌ دڵم هه‌ڵپێکا بوو…کاتێ وه‌ڕێ که‌وتبووين له‌ خوشحاڵيدا حه‌جمێنم نه‌بوو..به‌ڵام ئێستا غوباری خه‌مێکی خه‌ست به‌سه‌ر دڵما کشابوو. هه‌ستم ده‌کرد به‌ هه‌ر هه‌نگاوێک هه‌زار فرسه‌خ له‌ خۆم دوور ده‌بمه‌وه‌. گوتی:

-چيه‌، فيکر و خه‌ياڵ هه‌ڵيگرتوويی.

بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی وڵامدانه‌وه‌ک بداتێ

-له‌ رابردو ماڵئاوايی بکه‌..داهاتوو عيشقه‌! ..له‌ تورکيه‌ زۆرمان پێ ناچێ..تۆ کاکه‌! هونه‌رمه‌ندی..نێو و نێوبانگت هه‌يه‌، له‌ چاو ترووکانێکدا هه‌ڵت ده‌فڕێنن..به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕی زه‌رياکان..به‌ره‌و به‌هه‌شت.. به‌هه‌شت له‌ويه‌!..بير له‌ هيچ مه‌که‌وه‌..هه‌ر که‌ جێی پێی خۆت قايم کرد. ژن و منداڵه‌کانيشت ده‌به‌ی..لێره‌ جگه‌ چاره‌ڕه‌شی و ژان و په‌ژاره‌ و ژينه‌سه‌گی چيان پێی داوی؟ له‌وێ..به‌ هونه‌رت..به‌ قه‌ڵه‌مت..

هه‌ژده‌ر هه‌ژده‌ر ده‌دوێ و ئيتر من قسه‌کانيم نه‌ده‌بيست، بۆ هه‌ر کوێ ده‌چووم له‌ هه‌ر کۆڕ و مه‌جڵسێکدا قسه‌ قسه‌ی رۆيشتن بوو.

-تۆ بۆ مايته‌وه‌..حه‌يفی! به‌م هه‌موو هونه‌ر و به‌هره‌وه‌ حه‌يفه‌ لێره‌ بمبێنێ..جێگه‌ی تۆ ئێره‌ نيه‌..لێره‌ هونه‌ر ده‌مرێ، قه‌ڵه‌م وشک ده‌بێ..ئازادی له‌ رۆژئاوايه‌..به‌ ئاسانی وه‌رت ده‌گرن. زيندانت کێشاوه‌، له‌ نێو هونه‌رمه‌ندانی خاريج نشين دا نێو بانگت هه‌يه‌..ته‌نيا ئه‌وه‌ت زه‌حمه‌ته‌ نێوت به‌ U-N بده‌ی.

ناسر بۆی نووسيبووم به‌ ته‌واوی مه‌عناوه‌ ئازادی لێره‌دايه‌..مرۆڤ لێره‌دا به‌ راستی ده‌ژی..وڵاتی ئێمه‌ به‌ داخه‌وه‌ پانسه‌د ساڵ له‌ کاروانی شارستانيه‌ت دواکه‌وتووه‌..ده‌بێ بيت و به‌ چاوی خۆت ببينی!

به‌ڵام ساديق له‌ نامه‌کانيدا باسی خه‌م و په‌ژاره‌ی په‌نابه‌رانی ده‌کرد..خه‌می غه‌ريبی، ناته‌بايی فه‌رهه‌نگی.باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ چۆن به‌ چاوی سووکه‌وه‌ بۆ په‌نابه‌ر ده‌ڕوانن په‌نابه‌ر به‌ تڵته‌ی فڕێ دراوی شه‌رق ده‌زانن..په‌نابه‌ر ناچاره‌ بۆ دابين کردنی بژيوی ژيان ته‌ن به‌ هه‌ر کارێکی سووک (که‌ خۆيان به‌ عاری ده‌زانن) بدات، ساديق نووسيبووی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ نامه‌کانيدا قسه‌ی زه‌لام زه‌لام ده‌که‌ن، لێره‌ (موسته‌راح) ده‌شۆرن..له‌ کافه‌ رستوورانه‌کاندا کاسه‌شۆری ده‌که‌ن وه‌به‌ر شه‌پانيان ده‌ده‌ن و زات ناکه‌ن سه‌رهه‌ڵبێنن. ساديق نووسيبووی سه‌ت ساڵيش لێره‌ بێ هه‌ر به‌ چاوی بێگانه‌وه‌ ته‌ماشات ئه‌که‌ن..قه‌ره‌ج و سه‌رڕه‌ش!

ناسر نووسيبووی-لێره‌ به‌ مرۆڤ بايه‌خ ده‌ده‌ن.

ساديق نووسيبووی-ديموکراسی رۆژاوا بۆ رۆژاوايی يه‌.ناسر نووسيبووی-ده‌ردی گه‌وره‌مان ده‌ردی ناته‌بايی فه‌رهه‌نگييه‌..لێره‌ ناتوانی به‌ ژنه‌که‌ت بێژی دوێنێ شه‌و له‌ کوێ بووی..ناتوانی به‌ کچه‌که‌ت بڵێی ئه‌و زه‌لامه‌ له‌نده‌هووره‌ کێيه‌ له‌گه‌ڵ خۆت هێناوته‌ ماڵه‌وه‌..ده‌نگت هه‌ڵێنی..به‌ نێوی شێت، ره‌وانه‌ی شێت خانه‌ت ده‌که‌ن!

به‌ خێزانم گوت-هه‌ر که‌ جێ خۆم کرده‌وه‌ به‌ دواتانا ده‌نێرم!

گوتی-کاری وا مه‌که‌..من خۆم و منداڵه‌کانم ده‌ربه‌ده‌ر ناکه‌م!

باوکم گوتی- دار، ريشه‌ی هه‌ڵکه‌نی ويشک ده‌بێ. ئينسانيش وه‌کو داره‌. هه‌ر ئينسانێک له‌ زێد و وڵاتی خۆيدا

ريشه‌ی کوتاوه‌..ئينسانی بێ ريشه‌ وه‌کو داری بێ ريشه‌يه‌!

دايکم به‌ ده‌م گريانه‌وه‌ گوتی-له‌م ئاخره‌ پيری يه‌وه‌ به‌ جێمان دێڵێ؟

گوتم-من لێره‌ خه‌ريکم له‌ به‌ين ده‌چم..من خاوه‌نی قه‌ڵه‌م و هونه‌رم، ده‌مهه‌وێ سانسۆر به‌سه‌ر قه‌ڵه‌مه‌که‌وه‌ نه‌بێ، بێ قه‌يد و به‌ند هه‌رچی له‌ دڵمايه‌ بينووسم..

سه‌عيد گوتی-ئه‌م توڕه‌هاته‌ پاکانه‌ی گه‌وجانه‌ی که‌سانێکه‌ هيچيآن له‌ جه‌نته‌دا نيه‌، ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ کورته‌ باڵانه‌ی مه‌ره‌که‌فيان بۆ نووسين نيه‌ به‌ جه‌وهه‌ری هه‌نده‌ران ناکه‌ونه‌ نووسين!

خاليد گوتی-ده‌زانی ده‌مهه‌وێ چبکه‌م؟ هه‌ر که‌ گه‌يشتمه‌ ئورووپا قژی لێ به‌رده‌ده‌مه‌وه‌..ئاخ له‌ گه‌ڵ کچانی ئورووپايی دا سه‌ما کردن..هه‌ر شه‌وێک و ته‌ريا و دانسينگێک..ويسکی، جين..ودکا و..ئاخ..ماڵته‌ نێو چاوانته‌وه‌ بکه‌وه‌..ئازادی..بێ کۆسپ و زنجير..لێده‌و هه‌ڵپه‌ڕه‌ و بخۆوه‌ و..ئازادی..له‌ قسه‌کانی دڵم تێک ده‌چوو.

ساديق نووسيبووی-هێندێ هه‌ر که‌ ده‌گه‌ينه‌ ئێره‌ وه‌ها خۆيان ون ده‌که‌ن به‌ که‌لله‌وه‌ ده‌نێو که‌سافه‌تا رۆده‌چن..رووناکبيره‌ پڕ ئيدعاکان ئه‌و هارت و پوورتانه‌يان فه‌رامۆش ده‌که‌ن.نێوی نيشتمان ته‌نيآ له‌ سه‌ر پێناسه‌کانيآن ده‌مێنێ..قاوه‌غێکی بێ ناوه‌رۆک..ون بوو..بێ هه‌ويه‌..

خێزانم گوتی-په‌له‌ مه‌که‌..بيری لێ بکه‌وه‌، هه‌موو لايه‌نه‌کانی هه‌ڵسه‌نگێنه‌..من تۆ ده‌ناسم، له‌وێ ئوقره‌ ناگری..شێت ده‌بی، شێت..ناتوانی هه‌ست و عاتيفه‌ی خۆت پێشێل بکه‌ی..

په‌رويز نووسيبووی-به‌ هه‌زار ئاوات و هيوا، خۆم گه‌يانده‌ ئێره‌، پێم وابوو له‌م به‌هه‌شته‌ به‌ هه‌موو ئاواته‌کانم ده‌گه‌م..چه‌ند رۆژی سه‌ره‌تايی دۆستانی پێشوو ده‌وره‌يان دابووم..زۆر زوو ده‌وره‌يان دام.. تامه‌زرۆی قسه‌ و باس و هه‌واڵی تازه‌ بوون.قسه‌ و باس ته‌واو بوو و ئه‌وانيش بڵاوه‌يان کرد و تازه‌ تێگه‌يشتم ده‌بێ بۆ درێژه‌دان به‌ ژيان کارێ بۆ خۆم بدۆزمه‌وه‌..مووچه‌ی په‌نابه‌ری هه‌ر به‌ش چه‌ند رۆژێکی ده‌کرد. ئه‌و دۆستانه‌ی که‌ له‌ نامه‌کانياندا هانيان ده‌دام نيشتمان به‌ جێ بێڵم و قه‌ولی يارمه‌تيان ده‌دام.. ئێستا هه‌ر که‌ منيآن ده‌ديت خۆيان ده‌دزيوه‌..لێره‌ له‌ هه‌ست و عاتيفه‌ی شه‌رقی خه‌به‌رێ نيه‌ف ته‌نانه‌ت براکه‌ت به‌ هاناته‌وه‌ نايه‌ت..من هاتبووم به‌ هونه‌ر و قه‌ڵه‌م نێو و نێوبانگ په‌يدا که‌م به‌ڵام هه‌موو ده‌رکه‌کانم لێ به‌سترابوو..رووم له‌ هه‌ر که‌س ده‌کرد وه‌زعێکی باشتری له‌ من نه‌بوو..لێره‌ هه‌موو شتێک تاکه‌که‌سی يه‌..خۆشی، شادی..خه‌م..ده‌رد..که‌س به‌شداريت ناکات..ئێستا هێندێ وه‌زعم باشتره‌..سالۆنی فڕۆکه‌خانه‌ ده‌شۆرم!

هاواری خاليد رايچڵه‌کاندم: گه‌يشتين..سنوور..تا چه‌ند ده‌قيقه‌يه‌کی ديکه‌..

له‌ سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که‌يه‌ک راوه‌ستاين..رووبه‌ڕوومان سنوری تێل به‌ند کراو و ئه‌وديوی سنوور، هه‌تا چاو بڕی ده‌کرد ده‌شتێکی قاقڕی سووتاو بوو..به‌ره‌و دواوه‌ ئاوڕێکم داوه‌ ..دارستان و سه‌وزه‌ڵان و مێرگ و ئاو..

به‌ خێزانم گوت:ده‌مهه‌وێ خۆم بگه‌ينمه‌ به‌هه‌شت. ده‌زانی به‌هه‌شت! ئێره‌ جه‌هه‌نه‌مه‌!

خێزانم گوتی: له‌و به‌هشته‌ خه‌ياڵی يه‌دا له‌چی ده‌گه‌ڕی؟

گوتم: ئاوی ژيآن!

خێزانم گوتی: ده‌زانی ئاوی ژيان له‌ زوڵمات دايه‌!

گوتم: له‌و قسه‌ رڕووناکبيرانه‌ گه‌ڕێ..

گوتی: مرۆڤ به‌ ئاوری جه‌هه‌نه‌می وڵاتی خۆی بسووتێ باشتره‌ له‌وه‌ی بۆ خواردنه‌وه‌ی ئاوی ژيانی ئه‌فسانه‌يی بکه‌وێته‌ تاريکی و زوڵه‌ماتی هه‌نده‌ران!

خاليد وه‌ک باڵنده‌يه‌ک له‌ قه‌فه‌س ئازاد کراو، به‌ ده‌م راکردنه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕی..من هه‌ر وا له‌ سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که‌ راوه‌ستابووم، ۀه‌ زه‌وی چه‌قيبووم. خاليد گه‌يشته‌ لای تيله‌کان و هاواری کرد:

-ئه‌ی بۆ راوه‌ستاوی.ده‌ی وه‌ره‌ ده‌ی..هه‌تا ژنده‌رمه‌کان نه‌هاتوون پێ هه‌ڵگره‌!

له‌ ژێر تێڵ دڕووه‌کانه‌وه‌ خۆی خسته‌ ئه‌و ديوی سنوور..

-ياڵڵا..دره‌نگه‌..

باوکم گوتی: داری بێ ريشه‌!

خێزانم گوتی: ئاوی ژيان له‌ زوڵه‌ماته‌!

ساديق نووسيبووی: ون بوو..خۆ دۆڕاو..بێ هه‌ويه‌

په‌رويز نووسيبووی: لێره‌ زۆر له‌ په‌نابه‌ران موسته‌راح ده‌شۆرن..

خاليد نه‌ڕاندی: به‌ ته‌مای چيت..بۆ واقت بردۆته‌وه‌..ده‌ وه‌ره‌ ده‌ی!

تا چاو بڕکات ده‌شتێکی قاقڕ و سووتاو

ئاوڕم دايه‌وه‌

دايکم ده‌گريا

باوکم ئاوی نه‌مامه‌کانی ده‌دا

خێزانم منداڵه‌کانی له‌ باوه‌ش گرتبوو و به‌ چاوی سه‌رزه‌نشت باره‌وه‌ لێی ده‌ڕوانيم.

هاوارم کرد: نا..ناتوانم..ده‌ترسم..ده‌ترسم ون بم

دايه‌ قاقای پێکه‌نين: پياوی زڵ، حۆل..وه‌ره‌ مه‌ترسه‌..من ئاگام لێته‌!

هاوارم کرد: من دره‌ختم..دره‌خت

له‌ قسه‌که‌م حاڵی نه‌بوو

وتی: چی؟ چی ده‌ڵێی

گوتم: نيشتمان زۆر گه‌وره‌ و گرانه‌ ناتوانم له‌ کوڵی که‌م و له‌گه‌ڵ خۆم بيهێنم!

نه‌ڕاندی: تووڕی ده‌..

نه‌ڕاندم: له‌ دڵمدايه‌

نه‌ڕاندی: شێتی..شێت..گوم به‌..

هێنده‌ راوه‌ستام هه‌تا ئه‌و له‌ ده‌شته‌ سووتاوه‌ قاقڕه‌دا بووم به‌ خاڵێک و گوم بوو!