خاک، مەیل‎‌بڕە

کتێبی کارەسات | جەلال مەلەکشا

ئەم نەخۆشییە گیان‌بەسەری کردووم. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، کز و لاوازترم دەکا. ویشک و ڕەق هەڵاتووم. دوکتورەکان بەردەوام دەوا و دەرمانم بۆ دەنووسن، خزم و قەوم دڵنەواییم دەکەن. خێزانم ڕەنج دەکێشێ و نەختە‌نەختە توانەوەی من لە نێو ئاوری ئەم ئازارەدا دەبینێ و ڕەنج دەکێشێ. ئاخ چەندە هەست بە دڵتەنگی دەکەم . چەند بەختیار بووم، خۆم لە پەڕپەڕۆچکەی ژیاندا دەدی. لەپڕ ئەم ئازارە بەربێنگی پێ گرتم و ئاوقەم بوو. ژیان، بە هەموو لایەنە جوانەکانیەوە پێم پێدەکەنی. هاوسەرێکی دلۆڤان و سێ منداڵی ساغ و قەشەنگ؛ چم کەم نەبوو؛ چم لە خودا ویستبوو پێی دابووم. زێدەخواز نەبووم. خانوو، ماشێن، سامانی پێویست. لە تەمەنی چل ساڵەییدا تەنانەت بیری مردن بە مێشکمدا نەدەهات. بەڵام ئەم نەخۆشینە، وەک قرژاڵ چنگی لە ڕیشە و دەماری گیانم گیر کردووە. ئەم ئازارە هەمووشتێکی تێک‌دا. بیری مردن شۆڕشێکی مەزنی لە دەروونمدا بەرپا کردووە. چەندە زوو ڕادەبوورێ؛ وەک خەونێکی ناتەواو. دەڵێی دوێنێ بوو لە کوڵانەکانی منداڵیمدا شاد و بێ‌خەیاڵ تەڕاتێنم دەکرد. هەرچی تەمەن دەچێتە سەر، ڕەوتی زەمان توندتر دەبێ. ساڵ لە دوای ساڵ بەهەشتاو تێدەپەڕن. کاتێ بیر لە مردن دەکەمەوە، خەمێکی خەست دڵم دەگووشێ.

ــ تۆ دەمری و ئاو لە ئاو تەکان ناخوات. ژیان، لە گەڕیانی خۆی ناکەوێ. ڕۆژ وەک هەمیشە هەڵدێ و ئاوا دەبێ. ئەوین، دووری، دەرد و شادی، مرۆڤ بە خۆیانەوە خەریک دەکەن، وەک جاران؛ بەڵام ئیدی تۆ نیت. کاتێ گیانت لە لەشت دەردەچێ، بەپەلە کفن و دفنت دەکەن، لە تەرمەکەت دەترسێن. لە تۆ کە تا دوێنێ خۆشەویست و لەبەردڵان بووی دەترسێن و دووریت لێ‌دەکەن. دەیانەوێ هەرچی زووتر لە ژێر خاکدا بتشارنەوە. هەموو پەلەیانە؛ دەتخەنە چاڵێکەوە، سەرت

دادەپۆشن؛ بە قوڕ و گەچ  سارووج. ئەگەر زۆریش ئازیز بی چەند دڵۆپێ فرمێسکت بۆ دەڕێژن و فاتیحایەک دەخوێنن و ئەوسا تۆ دەمێنی و گۆڕی تەنگ و تاریک، تەنیا و بێ‌پەنا، تەنیا، بێ‌دەنگ، بێ‌دەسەڵات… ئاخ… ئاخ!

*    *    *

چەند ڕۆژێکە نەخۆشینەکە زۆری بۆ هێناوم. دۆست و خزم و جیران دێن و دەڕۆن، دڵم دەدەنەوە.

ــ هیچ نییە، پەتایە. بەڵام نیگایان شتێکی تر دەڵێ. خێزانم بەردەوام دەگری.

دەڵێم:

ــ خانم! بمبەخشە، ماندووم کردووی. بوومە مایەی زەحمەتت. لەم ڕۆژانا زەحمەت کەم دەکەم سەرم لە باوەش دەگرێ. دڵۆپ‌دڵۆپ فرمێسک بە دەم‌وچاوما دەتکێ.

دەڵێ:

ــ دڵتەنگی مەکە. توخوا لەم قسانە گەڕێ. پێکەوە دەبێ مناڵەکانمان گەورە کەین. پێکەوە دەژین و پێکەوە دەمرین.

کوڕە گەورەکەم عەقڵی دەگا، نیگەرانە. بەڵام ئەوانی دیکە منداڵن، لە دنیای منداڵانەی خۆیاندان. دوێنێ شەوێ خەونم دی مردووم. لە گۆڕیچەیەکی تەنگ و تاریکیان هاویشتم. نەمدەتوانی بجووڵێمەوە. ترسم لێ‌نیشتبوو؛ بە بەردی زەلام سەریان داپۆشیم. خاکیان بەسەردا کردم، خاک… خاک… هاوارم کرد:

ــ من نەمردووم، من زیندووم… نەمر…

لە خەو ڕاچڵەکیم، وەحشەت مچووڕکی خستبووە گیانم، عارەقێکی سارد هەموو گیانی خووساندبووم. خێزانم ئاوی بۆ هێنام. هەرچی نەخۆشینەکەم پەرە دەستێنێ هەست بەوە دەکەم هەنگاو بە هەنگاو لە مردن نزیک‌تر دەبمەوە. بە عەزرەت و تاسەوە لە دەور و بەرم دەڕوانم؛ دەڵێی دەمهەوێ هەموو شتێک بە یاد بسپێرم. چەند

دڵم دەخوازێ جارێکی تر پشکووتنی گوڵ ببینم. کاتێ لە منداڵەکانم دەڕوانم کە بێ‌خەیاڵ یاری دەە دڵم هەڵدەقرچێ. لە دوای من چارەنووسیان دەبێ بە چی؟ چییان بەسەردێ؟ خێزانم، هێشتا جوان و جەوان و لەبەردڵانە.

ــ تۆ دەمری، ژیان بێ‌ڕاوەستان لە گەڕدایە. تا بووە هەر وا بووە. دڵۆپێ چ نەخشێکی لە چارەنووسی دەریادا هەیە؟ بوون و نەبوونی تۆ هیچێ ناگۆڕێ. بە مردنی تۆ تەنانەت گەڵایەک نالەرێتەوە.

بە زریکە و قیژەی بەردەوامی خێزانم، ماڵ پڕ لە خزم و دۆست و جیران دەبێ.

هەست دەکەم لێدانی دڵم هێور دەبێتەوە. بۆ دواجار بە عەزرەت و پەژارە، وەک ماڵ‌ئاوایی لە ڕوخساری فرمێسکاوی خێزانم دەڕوانم. تەماشای تیشکی هەتاو دەکەم کە لە گۆشەی پەنجەرەکەوە لیزگی داوەتە نێو ژوورەکە و تێرتێر گەڵازەردەکانی دار ئەرخەوانی نێو حەوشەکەمان کە لە پەنجەرەوە دیارە تەماشا دەکەم. ماڵ‌ئاوایی لە دنیا دژوارە. کوڕە گەورەکەم دەگری. دووی دیکە لارەمل و کزکز بە سەر سووڕماوی لە خەڵکەکە دەڕوانن. دابڕان لە ژین و ماڵ و خۆشەویستان دژوارە. ئای … دوور دەبمەوە، دوور … دوور. ئارام‌ئارام وەک پەڕە کایەک بەدەم باوە، هەست بە سووکی دەکەم. بێ‌دەنگییەکی قووڵ بە سەرما زاڵ دەبێ.

غەڵبە غەڵب و شین‌وشەپۆڕ…بەپەلە ڕامدەگوێزن. زرم‌وهۆڕی پاچ و بێڵ. ئەڵڵاهو ئەکبەر و نوێژێکی کورت و … لاشەی کفن‌پێم لە گۆڕدا دەنێژن. جێگام تەنگ و شێ‌دارە. وەحشەت ئەکەم. ئێستا چی دەبێ. ئاخ چەندە تەنیام! ئێستا خێزانم، منداڵەکانم، چ دەکەن؟ مەودای ئەم گۆڕە تا ماڵەکەمان ئەبەدییەتێکە. خزم و کەس‌وکار، دەروجیران سەرەخۆشی لە خێزانم دەکەن:

ــ دنیا زاد و مەرگە! خۆتان سڵامەت بن. ئەم وشترە لەبەر هەموو ماڵێکدا دەنوێ… خێزانم بێ‌ئۆقرەیە… دەستە خوشکەکانی پێی دەڵێن:

ــ ئەم بێقەرارییە بۆ ماوەیەکە! خاک مەیل‌بڕە!

ڕاستە خاک مەیل‌بڕە! زەمانێکی پێم وابوو ئەگەر بابم بمرێ، دایکم بمرێ، بێ‌گومان منیش دەمرم… دوای مردنی ئەوان بۆ ساتێکیش ناتوانم درێژە بە ژیان بدەم. باوک مرد، دایک مرد، چەند ڕۆژێ ئۆقرەبڕاو خۆم بە دار و بەردا دەدا… هاوارم دەکرد، دەگریام. هەموو ڕۆژێ دەچوومە سەر قەبران. ئاوپڕژێنم دەکرد، گوڵم دەچاند. دوای ماوەیەک بەرەبەرە یادیان لە زەینمدا کاڵەوە بوو. سەرەتا، هەموو ڕۆژێ دەچووم. بوو بە حەوتووی جارێ، مانگێ جارێ، ساڵی جارێ… و … گژوگیا گۆڕەکانیانی داپۆشی. دوایین کەڕەت بە ڕێکەوت ڕێگەم کەوتە سەر قەبران. بە هەزار حاڵ گۆڕەکەی دایکم دیتەوە، کێلی گڵکۆکەی شکابوو؛ خاک مەیل‌بڕە!

*    *    *

خێزانم قاپی عەکسەکەمی لە بەرانبەر خۆی داناوە و دەگری. هی سی ساڵەیی. تازە پێکەوە زەماوەندمان کردبوو. جەوان و ساغ و بەهێز. ژیان لە چاوانمدا شەپۆلی دەدا. خانووەکەمان بێ‌دەنگە، منداڵەکان نووستوون. خێزانم بێ‌دەنگ فرمێسک دەڕێژێ. بۆ هەر لایەک دەڕوانێ بیرەوەرییەکی وەبیر دێتەوە. لە پڕ هەست دەکەم شتێک خەریکە کاژەڵەی سەرم کون دەکا. مارە… مارە… دەنگی لێک‌هەڵپچڕانی کفنەکەم دەبیستم. گۆڕهەڵکەنێ بە ددانە تیژەکانی سینگم هەڵدەدڕێ و پارچەیەک لە دڵم دەپچڕێ. مارەکە مێشکم دەجوێ. دووپشکێکی زەلام گلێنەی چاوم دەتۆقێنێ. هەزاران زیندەواری ورد و درشت بۆ لاشەی بێ دەسەڵاتم هێرشیان هێناوە. گۆشتی تەرمەکەم تەڕ و تازەیە؛ لێک‌بڵاوبوون دەستی‌پێ‌کردووە.

*    *    *

چەند لە مردن ڕابوردووە؟ نازانم. سەرەتا هەموو ڕۆژێ دەهاتنە سەر گڵکۆم. خێزانم باوەشی بە مەزارەکەمدا دەکرد و وەک باران فرمێسکی دەباراند. منداڵەکانم یارییان دەکرد. کوڕە گەورەکەم، بەڵام مات و حەیران بوو. دەیزانی کۆڵەکەی ماڵەکەیان ڕووخاوە! دەیزانی بە هەتیوی ماوەتەوە.

ــ کەم‌کەم، هات‌وچۆ، کەم دەبێتەوە. ئێستا چەند ڕۆژێکە کەس نەهاتووە. زۆرتر لە جاران هەست بە تەنیایی دەکەم. تەواو بوو؟ لە بیر چووم؟ شەوی جومعەش کەس نەهات. خوشکم لەبەر دەرکەوە بە خێزانمی گوت:

ــ ناتوانم، منداڵەکەم نەخۆشە، بۆ لای دوکتوری دەبم!

خێزانم گوتی:

ــ کەوایە منیش ئەم حەوتە ناچم.

حەوتووی دوایی هاتن. زۆری پێ خۆشحاڵ بووم. بەڵام بە پێچەوانەی جاران، بەپەلە فاتیحایەکیان خوێند و ڕۆیشتن. ئاویان بە گوڵەکانیش نەدا. خێزانم هێشتا جل‌وبەرگی ڕەش لەبەر دەکا.

*    *    *

زۆر چاوەڕوان بووم. حەوتوویەک… دوو حەوتوو… سێ حەوتوو… بوو بە مانگێک… خێزانم و خوشکم هاتن. لەمێژە براکانم نەهاتوون. ڕۆژی ناشتنی تەرمەکەم هاتن، لە سێ‌ڕۆژەشدا هاتن. پێم وایە شەوی ئەوەڵین جومعەش هاتن و ئیتر پێ‌بڕی قەبرستان بوون. خێزانم جل‌وبەرگی ڕەشی دەرهێناوە و کراسێی گوڵ‌گوڵی سووری لەبەر کردووە. چاوەکانی دەڕێژێ و لێوی ئاڵ دەکا. خوشکم زۆر بەپەلە بوو. منداڵەکانیان نەهێنابوو. خێزانم دەیگوت:

ــ خەمی سەرقەبران کار لەسەر ڕوحی منداڵ دەکا!

قاپی عەکسەکەمیان لە دیوار هەڵگرتووە. خێزانم جل‌وبەرگەکانمی دە دەفرێک کرد و هەمووی دا بە سواڵکەرێک. شەوێ چوومە خەونی خێزانم. ویستم لە باوەشی بگرم، قیژاندی:

ــ تۆ مردووی، تۆ مردووی.

لە خەو ڕاپەڕێ، زۆر ترسابوو. پەژیوان بوومەوە. هەر ئەو کاتە هەستا و قاپی عەکسەکەی لە دیوار کردەوە. بەیانی بە ژنی دراوسێی دەگوت:

ــ کاتی لە عەکسەکەی دەڕوانم، دەڵێی بە چاو قسەم لەگەڵ دەکا. زۆری لێ دەترسم! ناسنامەکەمیان باتڵ کردۆتەوە. نێوم لە نێوان نەماوە. کەس یادم ناکا. لە لاشەم چ نەماوە. هەزاران‌هەزار جانەوەر لە نێو گۆڕەکەمدا ژلیوەیان دێ. پێست و گۆشتم پێوە نەماوە. ئێسکلێتێکم لێ ماوە و هیچی تر. چەند لە مردنم ڕابواردووە؟ نازانم. بۆ من زەمان مانایەکی نییە. منداڵەکانیش لە بیریان کردووم. هیچ ئاسەوارێ لە من لە نێو ماڵدا نەماوە. خێزانم پێدەکەنێ. قاقا پێدەکەنێ. وەکوو ئەو زەمانەی تازە پێکەوە زەماوەندمان کردبوو، جامەی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر دەکا. خۆی دەڕازێنێتەوە.

*    *    *

گۆڕەکەم وێران بووە، گژ و گیا دایپۆشاوە. لە مێژە دەنگی پێی ئاشنایەکەم لەسەر مەزارەکەم نەبیستووە. جگە چەند پارجە ئێسقانی کاسە سەر و لۆلاقە و دەندەی شکاوی بەڕبەڕەی پشت هیچی دیکەم لێ نەماوە. زیندەوار و جڕوجانەوەریش بە جێیان هێشتووم. لە مێژە، خشەی مار و زرت‌وخرتی گۆڕ هەڵکەن و جانەوەرێک بێ‌دەنگی گۆڕەکەی نەشکاندووم.

کابرایەکی نەناسراو جێی منی گرتۆتەوە. خێزانم شووی کردووە. ئەو کابرایە لە هەمان جێدا دادەنیشێ کە من زەمانێکی دادەنیشتم. عەکسی ئەویان لە جێی

عەکسەکەی من هەڵواسیوە. منداڵەکان گەورە بوون، هەر یەکە وە دوای چارەنووسی خۆی کەوتووە.

*    *    *

ئەوڕۆ لەناکاو گرم‌وهۆڕ، بێ‌دەنگی گۆڕستانەکەی تێک‌دا. تا هاتم بزانم چ باسە گۆڕەکەم ژێر و ڕوو بوو. ئێسقانەکانم کەوتنە دەرەوە. ئێسقانەکانم هەوای دنیایان هەڵمژی… تاو لێی‌دام. سەرەتا لە ڕووت‌بوونی ئێسقانەکانم شەرمەزار بووم، بەڵام دیتم هەموو مردووەکان وەکوو منیان لێ هاتووە؛ پێم وابوو قیامەتە و ڕۆژی حەشرە. بەڵام زرم‌وهۆڕی چەند بۆڵدۆزرێک لە هەڵەی دەرهێنام. خەریک بوون گۆڕستانەکەیان تێک‌دەدا. دەیانەویست بیکەن بە فەزای سەوز! هێندێک بە تەلیس و کیسە بە دەست لە نێو قەبرەکاندا دەخولانەوە و کاتێ گۆڕی مردووەکانی خۆیان دەدیتەوە ئێسقانەکانیان کۆ دەکردەوە و دە کیسەیان دەکرد و دیانبردن لە شوێنێکی تر بیان‌نێژن.

چەندم پێ خۆش‌بوو کەسێ بێت و منیش کۆ بکاتەوە؛ بەڵام کەس نەهات. بەردی قەبرەکەم لە لایەک کەوتبوو، شکابوو… نێوم لەسەر بەردەکە کاڵ ببۆوە. بۆڵدۆزرەکە جارێکی تر گەڕایەوە. بەردی قەبرەکە پارچە پارچە بوو. ئێسقانەکانم لە ژێر تەوژمی بۆڵدۆزرەکەدا بوو بە خاک و ئیتر لە من نە نێوی مایەوە و نە شوێنەوارێ؛ دەڵێی هەرگیز لە دایک نەبووم. بەڵام بەوە دڵخۆش بووم کە خاکی گۆڕەکەم و ئێسقانە وردبووەکانم بە ڕەگ و ڕیشەی گوڵ و دارەکانی فەزای سەوزدا دەگەڕێنەوە سەر دنیا و لە ئاڵقەیەکی تری ژیاندا دەترووسکێنەوە.