جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوا ڕۆژانی سه‌ده‌ی بيست –

دوا ڕۆژانی سه‌ده‌ی بيست

 

 

ئێمه‌ خێڵی چه‌واشه‌ی نێو مێژووی دڵی خۆمانين و

چاومان تا سه‌ر کڵاوه‌ی لووتمان هه‌ته‌ر ناکا

هێشتا بيرمان کرچ و کاڵه!

هێشتا خه‌نجه‌ر

ئه‌ندێشه‌مان سه‌ر ئه‌بڕێت و

هێشتا تفه‌نگ،

فه‌رهه‌نگێکه ‌تاڵ و تووڕە

به‌ سه‌ر ژيانمانا زاڵه!

تفه‌نگ نه‌بێ لاڵ و کوێرين

له ‌هه‌وراز و له‌ نشێودا

تفه‌نگ گۆچانی ده‌ستمانه!

به‌ زمانی تفه‌نگ ده‌دوێين

له‌ جاسووسه‌ی تفه‌نگه‌وه

چاومان بۆ دنيا ئه‌ڕوانێ

ته‌نيا تفه‌نگ، تفه‌نگ، تفه‌نگ مه‌به‌ستمانه!

 

له ‌به‌رانبه‌ر دوژمن مه‌ردين

پۆڵاين، به‌ردين!

سه‌رمان له‌ حاستی گه‌ردووندا، دانانه‌وێ

هه‌مبه‌ر، قه‌نديل و هه‌ڵگوردين!

له ‌هه‌ڵمه‌تا، شێرين، په‌ڵه‌نگين، نه‌به‌ردين!

به‌ڵام ڕێگا باش ناناسين، زوو ئه‌خڵه‌تين!

سه‌دان که‌ڕە‌ت

نه‌وت و خوێن له‌ شاری که‌رکووک ئاوێته‌ بوو

سنه ‌سووتا

دياربه‌کر، له ‌ئاگری داخا هه‌ڵگيرسا

گردی سه‌يوانی سلێمانی خه‌ڵتان خوێن بوو

هه‌زار قازی

له ‌چوارچرای مه‌هابادا

له ‌دار درا…

به‌ڵام هيچمان به‌هيچ نه‌بوو!

 

کاتێ هه‌ستاين

کاتێ ويستمان ده‌نگ هه‌ڵبڕين

زه‌خم و زووخی مێژينه‌مان

به ‌گوێی جيهانا ده‌ربڕين

هه‌موو به‌يه‌ک ڕێگا بڕۆين

تفه‌نگ بۆمان بوو به ‌مه‌به‌ست!

ئامانج دزرا و ڕێگا ون بوو…

هه‌رکه ‌سازی خۆی گرته‌ده‌ست!

يه‌کێ چوو بۆ باوه‌ش دوژمن

تووره‌که‌ی جاشی کرده‌ سه‌ر

له‌م‌لايشه‌وه

بۆ چۆن مردن، گيان به‌خت کردن

بێگانه‌ بوو به‌ ڕاوێژکه‌ر!

ته‌ماشا که‌ن

ته‌ماشای ده‌ورو به‌رتان که‌ن

هه‌ر قۆناخێ پێداويستی خۆی گه‌ره‌که!

ئێستا، بير و مێشک و ئه‌ندێشه ‌پێويسته

به ‌جێی تفه‌نگ

به‌ چاوی خۆمان بڕوانين

به ‌هێزی مێشک و ئه‌ندێشه

بارودۆخی ژين بگۆڕين

ته‌ماشا که‌ن

دوا ڕۆژانی سه‌ده‌ی بيسته!

 

14/1/1370 – April 3, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha