جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تووڕەیی –

لەم جیھانە،

‌پەلەوەریش

نیشتمانی بۆ خۆی ھەیە

دارستانێ، تاقەدارێ

ئاوارەش بێ

نێو ئەشکەوتێ، بن پاسارێ!

چۆن شێت نەبم، نەچم بەگژ کوێستانێکا و

چوارڕێیانی گەردوون نەگرم

ھێشتا بستێ خاک شک نابەم

تیا بژیم، تیا بمرم!

چۆن شێت نەبم

ھەموو ڕێگام لێ بەسراوە

بە ‌ھەر جادە و شەقامێکا ڕادەبوورم

تەپۆڵکەیەک

کڵاوێکی سەربازانەی لە ‌سەر ناوە

دڵ و گیرفان دەپشکنێ

بەڵگەی خوایشم لەگەڵدا بێ

ڕێگام دەگرێ

نەکا نەخشەی وڵاتێکم لە گیرفان و

ڕەمزی نھێنی ناوێکم لە ‌دڵدا بێ!

چۆن شێت نەبم

تووڕەم، تووڕە…

وەک ئاگرم

شمشێرێکی ھەڵکێشراوم

لە ‌ناو بریسکەی خوێنی خۆما ئەزریکێنم

ھەتا کالان نەدۆزمەوە

‌ئۆقرە ‌ناگرم!

خوا ئەزانێ

من حەز ناکەم، وەک ئەشقیا

سەرگەردان بم لەم کوێستانە

ڕێگام بدەن بێمە ‌خوارێ

ھیچم ناوێ لەم جیھانە

جگە ‌نەختێ سەربەستی و

بستێ خاک و

ئاڵایەک و

ڕەشماڵێکی قەرەجانە!

جەلال مەلەکشا | تووڕەیی

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha - Celal Melekşa