جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئێواره‌ی غه‌ریبستان –

ئێواره‌ی غه‌ریبستان

 

 

ئێواران غه‌م دێت و له ‌ده‌رکه ‌ده‌دا. له ‌په‌نجه‌ره‌وه ‌هه‌ڵدێم. ده‌ڕۆم خۆم له‌نێو شووشه‌ی باده‌دا بشارمه‌وه! که‌چی ده‌بینم غه‌م پێش له‌ من له‌سه‌ر کورسیی به‌رامبه‌رم دانیشتووه‌ و چه‌مه‌ڕایه! ده‌ست له ‌ملم ده‌کا و ده‌ڵێ: دڵنیا به، من وه‌ک شادی بێ‌وه‌فا نیم! هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی ژیانته‌وه‌ له‌گه‌ڵتدا بوومه ‌و هه‌تا دوا‌ڕۆژ به‌ جێت ناهێڵم! هه‌ڵده‌ستێ و ڕۆ ده‌چێته ‌نێو شووشه‌ی باده‌که‌وه. ده‌یخۆمه‌وه ‌و تک تک له‌ چاوه‌کانمه‌وه ‌داده‌چۆڕێ و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌لام و به‌رامبه‌رم داده‌نیشێ.

ئێواران، دڵم پڕخورپه‌تر و چکۆله‌تر له‌ دڵی په‌ڕه‌سێلکه ‌کۆچه‌رییه‌کانه.

شه‌قامه ‌قه‌ره‌باڵغه‌کانی هه‌ولێر پڕن له ‌ته‌نیایی و «مه‌چکۆ»ش ته‌ژی له ‌ریا و قسه‌ی پشته‌مله‌یه؟

ئێواران، نازانم سه‌رم بۆ کامه‌ شوێن هه‌ڵبگرم، نه‌ختێ له‌م غه‌ریبستانه‌ دوورم بکاته‌وه! مه‌یخانه‌کانیش لێواولێوی خه‌م و فرمێسکن.

ئێواران هه‌موو غه‌ریبه‌کان دێن و له ‌به‌رامبه‌ر شێخی باده‌دا پرچ و قژی خه‌مه ‌درێژ و پرش و بڵاوه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه‌ و کووره‌ی زیکرێکی پڕ له‌ جه‌زم و حاڵ ده‌به‌ستن.

ئێواران سواری ئه‌سپێکی تیژپا ده‌بم و به ‌قاچاخه‌ڕێیه‌کانا له‌ سنووره ‌ده‌ستکرده‌کان ده‌په‌ڕێمه‌وه ‌و له‌پڕ باوه‌ش به‌ خۆشه‌ویسته‌کانمدا ده‌که‌م و پڕمه‌ی گریان به‌ر بینگم لێ ده‌گرێ.

ئه‌گه‌ر «ئیسماعیلی به‌رزنجی» جڵه‌وەی ئه‌سپه‌که‌ نه‌گرێ و ده‌نگم نه‌دا… ئاخ!

ئاخ ئیسماعیلی به‌رزنجی!… ئه‌سپه‌که ‌سڵ ده‌کا و ده‌مگڵێنێ و ده‌بینم:

له ‌باخچه‌ی مه‌یخانه‌یه‌‌کدا دانیشتووم و گه‌یشتوومه ‌سنووری دوایین پێک.

 

 

ئێواران

نازانم بۆچی هه‌ر ئێواران

شاعیر و عاشق و دێوانه

ئۆقره‌یان لێده‌بڕێ

دنیایان لێ ده‌بێ به ‌پێسته‌ چۆله‌که ‌و

حه‌ز ده‌که‌ن، له ‌خۆیان یاخی بن

به‌ره‌و ‌ڕووی،

گه‌ردوون و گشت جیهان ڕاپه‌ڕن!

ده‌بن به ‌ئاگر و

بڵێسه‌یان کۆڵه‌که ‌ده‌به‌ستێ

هه‌ربۆیه‌ ئێواران

خۆیان به‌ مه‌یخانه‌ ده‌گه‌ێنن

که ‌به ‌مه‌ی کوڵ‌وکۆی ده‌روونیان خامۆش که‌ن!

به‌ڵام مه‌ی، وه‌کووو نه‌فت

ئاگره‌که‌ خۆش ده‌کات!

ئێواران،

وه‌کوو مار

دڕکه‌زێ خه‌فه‌ت و په‌ژاره‌ی غه‌ریبی

کاژم پێ ده‌خات و

جامه‌ی پڕ فریو‌ی ڕۆژانه ‌تووڕ ده‌ده‌م!

ده‌بمه‌وه‌ خودی خۆم

جه‌لالی مه‌له‌کشای ڕووت و قووت

دڵه‌که‌م ده‌خه‌مه ‌سه‌ر له‌پ و

له ‌ژێر تیشک چلچرای باده‌دا

هه‌موو که‌س ده‌مبینێ

چۆناوچۆن ده‌سووتێم!

دڵداره‌ دووره‌که‌م!

ئه‌ی ژنه ‌خه‌مناکه ‌دوازده‌ساڵ بێوه‌که‌م!

من هه‌ڵۆی یاخی بووی کوێستانم

هاکا له‌م ڕۆژانا، گولله‌یه‌ک

دڵه ‌پڕ ژانه‌که‌م وێران کات

ئه‌زانم به‌ جێگه‌ی سه‌رسینگی نه‌رمی تۆ

به‌ گولله‌ی تفه‌نگێکی تیرۆریست

چیمه‌نتۆی شه‌قامی ئه‌م شاره

ده‌بێ به‌ سه‌رینم

تۆ خواکه‌ی پێش له‌وه‌ی

خاکی ئه‌م وڵاته ‌خه‌مباره‌ قووتم دا

هه‌ر جارێ

وه‌ره ‌نێو خه‌ونێکی ئاڵۆزم!

 

13/6/1379 – September 3, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha