جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– زریکه‌ی رۆح –

زریکه‌ی رۆح

 

 

ھێشتا زەوی

کۆرپەی ئامێزی گەردوون بوو

ھێشتا ئاسمان

خەڵکی وڵاتی نەبوون بوو

عیشق و خەمیان ئاوێتە کرد.

کردیانە دڵ!

زریکەی ڕۆحێکی ئەشقیا

خەوی کۆرپەی نووستووی شێواند

زنجیریان کرد،

جەستەمیان وەک ڕکە ھێنا

ڕۆح و دڵیان تیا بەستەوە و

نایانە کڵ!

ئێستاکەش ھەر

ڕۆحم، ڕۆحە تووڕە و دیلەکەی جارانە

دڵیشم ھەر عیشق و خەمە ئاوێتەکەی

بەر لە خیلقەتی جیھانە…

بەڵام ھەرچەند دنیا گەڕام..

نەمدیتەوە

نە ئاسمانێ بۆ ھەڵفڕین

نە دڵدارێ بۆ تاقی کردنەوەی ئەوین!

 

٧/٨/١٣٧٥ – October 28, 1996

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha