جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– داستانی داره‌پیره –

داستانی داره‌پیره

 

 

هه‌بوو نه‌بوو… ساڵانێ زوو

له ‌سه‌ر یاڵی به‌رزی مێژوو

پیره‌دارێک به‌ساڵاچوو، ڕاوه‌ستابوو!

سه‌ری نابووه‌ کۆشی خه‌یاڵ

بیری له ‌ژین ئه‌کرده‌وه!

ده‌نگ و چریکه‌ی باڵنده‌کان

له ‌ئامێز و له‌ نێو شاخ و په‌ل و پۆیدا،

تاڵی ژینی له‌ یادی ئه‌و ئه‌برده‌وه!

قژ و که‌زیی شانه ‌ئه‌کرد ده‌ستی شه‌ماڵ

به ‌قه‌تار و سیاچه‌مانه

به ‌حه‌یران و لۆره ‌و هۆر ‌و به‌ گاڵه‌گاڵ!

 

داره‌پیره، به‌ر له‌ مێژوو

له‌ نێو ئه‌م خاکه ‌ڕوابوو…

داره‌پیره‌ ڕیشه‌ی ژینی

تا نێو دڵی گابۆر و ماسیی کوتا بوو!!!

داره‌پیره‌ سه‌د قۆناغی دیبوو به ‌چاو

باروبنه‌ی سه‌د کاروانی ڕاپێچابوو

داره‌پیره، زریان و شه‌خته ‌و ڕە‌شه‌بای

سه‌دان که‌ڕه‌ت به‌زاندبوو!

داره‌پیره ‌وه‌ک ئێشکچی ده‌شتی سووتاو

له‌ سه‌ر لووتکه‌ی قه‌ڵاکه‌ی خۆی ڕاوه‌ستا بوو!

ده‌شتی سووتاو

گه‌وای شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونی سه‌دان جاری

دار و زستانی ملهوڕ بوو!

ئه‌وه‌ی پاشه‌کشی ئه‌کرد_

هه‌ر زستانی گژ و دڕ بوو!

وه‌رزێکی تاڵ

ڕۆژێکی ڕە‌ش…

داره‌پیره، سه‌ری نابووه ‌کۆشی خه‌یاڵ

با، لاپه‌ڕی گه‌ڵاکانی

وه‌ک کتێبی کۆنی مێژوو ئه‌دا لاوه

ڕووداوانی یه‌که‌یه‌که

به‌گوێی ده‌شتا ئه‌خوێنده‌وه

وره‌ی ده‌شتی

له‌نێو خوێنی ڕووداوانا ئه‌ژوێنده‌وه!

 

فه‌رمان درا… فه‌رمان درا…

داره‌پیره‌ بقڵیشێنن

کۆته‌ی ئه‌نجن‌ئه‌نجن که‌ن و

بۆ زستانی سۆبه‌ی کۆشکی فه‌رمانڕە‌وا

ڕە‌گ و ڕیشه‌ی ده‌ربهێنن.

فه‌رمان درا له‌به‌رئه‌وه‌ی

داره‌پیره‌ په‌نای یاخی و جه‌رده‌کانه

له‌به‌رئه‌وه‌ی سێبه‌ری وی

مۆڵگه‌ی گه‌ڵاڵه ‌و پیلانه

له‌به‌رئه‌وه‌ی هێندێ باڵنده‌ی نافه‌رمان

کردوویانه ‌به ‌هێلانه

پاڵ و پسێو داره‌پیره

مه‌ته‌رێزی یاخیه‌کانه!

بیقڵیشێنن، هه‌ڵیپاچن

چیلکه‌ی که‌ن و…

به‌ سێداره‌ی یاخی‌بوونیا هه‌ڵیواسن!

 

داس و کوتک و ته‌ور هاتن

له ‌سێبه‌ری داره‌پیره

ئیستێکیان کرد

چاویان گێڕا

داره‌پیره، ‌وه‌ک به‌ردی ڕە‌ق،

خۆی بۆ زه‌بری داس و کوتک و ته‌ور و چیتر ئاماده‌کرد!

خێڵی دوژمن،

به ‌هه‌ڕە‌شه ‌و گه‌له‌کۆمه

هورووژمیان بۆ داره ‌برد!

داره‌پیره، گوێی نه‌له‌قان

ته‌نانه‌ت چاوی نه‌نووقان

قووڵتر له ‌جاران ده‌ماری،

به‌ نێو ناخی خاکا چه‌قان!

خێڵی دوژمن ماندووبوون و

له ‌سێبه‌ری داره‌پیره ‌ڕاکشان و

که‌وتنه ‌ڕاوێژ و ته‌گبیران

گه‌وره‌که‌یان وتی یاران:

وه‌ک کورد ئه‌ڵێ:

«دارێ پوازی له ‌خۆی نه‌بێ قه‌د ناقه‌ڵيشێ!»

بیروڕاتان کۆ که‌نه‌وه، ناشێ نه‌بێ!

پوازێ له‌ خۆی په‌یدا که‌ین و دایتاشین و

ئیتر ئێوه‌کارتان نه‌بێ!

 

که‌وتنه‌ گه‌ڕان…

ئه‌ملا گه‌ڕان، ئه‌ولا گه‌ڕان

له‌ئه‌نجاما، به‌ر چاویان که‌وت

لقێ سووتاو!

ڕە‌ق و ته‌ق ڕەنگ ‌بزرکاو

لار و گێڕ و له‌ به‌ر خۆره‌تاو هه‌ڵقرچاو

لاواز و بێ‌به‌ر و گه‌ڵا

خوێڕی، ناحه‌ز و به‌ره‌ڵڵا!

وتیان: خۆیه…

دیاره ‌ده‌بێ به ‌ئاره‌زوو هه‌ڵیقڵاشین

به‌وجۆره‌ وا مه‌به‌ستمانه

بۆ گیان ئه‌م داره‌ دایتاشین!

لقیان بڕی.

لقی لار و خوار و خێچ و بێ‌ئه‌مه‌کیان

به ‌به‌ڵێنی درۆ کڕی!

دایانتاشی،

تیژیان کرد و…

بوو به‌ پواز!

وتیان پێی چۆن خه‌یانه‌ت کا…

هۆره‌ که‌وته ‌به‌رده‌میان و…

پیره‌داریان گه‌مارۆدا.

داره‌پیره ‌هه‌ناسه‌ی ساردی هه‌ڵکێشا

وتی: لقه، مه‌ڕۆ مه‌به‌ به داره‌ده‌ست

قه‌یناکا ‌هه‌ر ماوه‌ت ماوه…

باوه‌شی من هێشتا بۆ تۆ ئاوه‌ڵایه!

له‌گه‌ڵما به ‌له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌ڵایه!

مه‌ڕۆ لقه! جێم مه‌هێڵه

ده‌شتی سه‌وزی باوانی خۆت

به ‌ئاموور و نیری بێگانه‌ مه‌کێڵه!

به‌ڵام هۆره‌ی ویژدان‌تۆپیو

پووزه‌ی تیژی نا سه‌ر سینگی داره‌پیره

ئه‌مجاره دار وتی: پواز!

وه‌رگه‌ڕێوه‌ بۆ خۆت ئه‌ڵێم

من نامرم…

له ‌ئه‌وپه‌ڕی مه‌رگیشه‌وه ‌هه‌ر دێمه‌وه!

مێژوو حوکمت له‌سه‌ر ئه‌دا

دوژمن خاکی خه‌یانه‌تت به‌سه‌ر ئه‌کا

فریو مه‌خۆ، دوای نه‌یار بپچڕێنه

تف له‌ سیمای عه‌رنه‌مووت که

هه‌ڵبرووسکه ‌و چاوی دوژمن قاڵاوپووت که!

پواز وتی:

ئیتر من ئه‌و لقه ‌له‌ڕ و لاوازه‌ نیم

ته‌ماشام که، بزانه ‌چیم

ڕێزم ئه‌گرن، قه‌درم هه‌یه

جامه‌ی ڕە‌نگین بۆ سه‌رتاپای باڵام ئه‌بڕن!

به‌ڵێن وایه ‌بمکه‌ن به‌ده‌سته‌ی خه‌نجه‌ری

به‌ر پشتوێنی فه‌رمانڕە‌وا!

من چیم داوه‌ له ‌یاخی‌بوون

نازانم له‌ خه‌بات دژی سه‌ما و سۆڵه ‌و

مافی ڕە‌وا!

ئیتر پاره‌ و پاروو له‌ لام هه‌ر وه‌ک کایه!

زگم تێره و جامه‌ی زێڕین له‌به‌ر ئه‌که‌م!

قه‌ت نه‌مدیوی، نایشناسم

ڕەگه‌ز چیه، باوان کامه…

زێد و وڵات له ‌لام بایه…

خۆ وه‌حشی نیم، ئێوه‌مانان

له ‌ئه‌م یاڵ و دوند و چیایه!

ته‌ماشا که، چه‌نده ‌لووس و جوان و شه‌نگم

چه‌نده ‌تیژم

کێ ئه‌زانێ من ئه‌و لقه‌ هه‌ڵقرچاوه‌م!

هه‌لی وا قه‌ت ده‌س ناکه‌وێ

له‌سه‌ر فه‌مان ده‌تکوژم و

داخم به‌ سه‌رتا ئه‌ڕێژم!

 

پوازی نه‌یار… وه‌ک سه‌گی هار

قه‌پی کرده ‌ناقی دارا

خێرا هاتن، داریان دا به‌ر

داره‌پیره ‌له ‌نێو خوێنا

ئه‌م وشانه‌ی هاته ‌زارا…

من نامرم… له‌ناو خوێنا ئه‌ژیێمه‌وه

وه‌ک چووزه‌ره‌ و چرۆ له‌سه‌ر کۆته‌ی خۆما ده‌ڕوێمه‌وه.

داره‌که‌یان بنبڕ کرد و

بۆ ئاگری کووره‌ی کۆشکی سوڵتایان برد

ڕێ که‌وتن و پواز وتی: ئه‌ی من نابه‌ن؟

گه‌وره‌که‌یان وتی: لاچۆ…

لاچۆ له‌به‌ر چاوم بۆگه‌ن!

قه‌ت نه‌مدیوه‌ خاین به‌ خۆ

بێژگه‌ هۆره‌ی سپڵه‌ی وه‌ک تۆ

تفی لێکرد…

به‌شه‌پان و به‌تێهه‌ڵدان

فڕ‌ێي‌دایه نێو زبڵدان!

 

ئه‌وان چوون و…

دوای شینگێڕی داره‌پیره

مقۆمقۆ که‌وته ‌چیا…!

باڵنده‌کان، هه‌واڵێکیان بۆ یه‌ک ئه‌برد!

پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنیان له ‌یه‌ک ئه‌کرد!

وتم چیه؟ چی قه‌وماوه؟

له‌ دوای مه‌رگی داره‌پیره

جگه‌ خوێن و ئه‌شک و ماته‌م

چیمان ماوه؟

وتیان: نابێ بیدرکێنین

نهێنی و ڕە‌مز و ڕازه:

ده‌بێ به‌ چاو خۆت بیبینی!

کاتێ چوومه‌ سه‌ر مه‌زاری داره‌پیره

به ‌چاوی خۆم ئه‌وه‌م بینی

گۆپکه ‌و چووزه‌ی چه‌تری تازه!

 

سنه

9/2/1367 – April 29, 1988

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha