– هه‌تا لووتکهچهندی ماوه؟ –
هه‌تا لووتکهچهندی ماوه؟
دانامرکێ
هه‌تا دێ هه‌ر زیاد ئەکا
گڕ و کڵپه‌ی ڕۆحی یاخی بووی ئهشقیام!
ڕامه‌وه‌سته، بڕۆ له‌لام
با تاوانی من تۆش نه‌گرێ
که‌وتوومه به‌ر تووکهشهقی چاره‌نووس و
وه‌ک گۆیه‌کی سه‌رگه‌ردانی گۆڕەپانی نه‌فره‌تی خوام!
ژیانم لێ وهڕەز بووه
زه‌وی له ژێر گرانی له‌شما ئه‌ناڵێنێ
چاوی ڕۆژ له حاندی سیمای من هه‌ڵنایێ
من چۆڵه‌که‌ی باڵشکاوی وه‌رزی ڕەشی گه‌رده‌لوولم
ڕۆحم له‌گه‌ڵ ئارامشدا،
له زه‌وی تا ئاسمان دووره…
دڵم پڕە له هاوار و گوێچکه‌ی گه‌ردوون
له به‌رامبه‌ر پاڕانه‌وه‌م کپ و کهڕە
لێم نابیسێ سکاڵایێ
ئاسمانی من نزم و نه‌وی
سه‌رم تا بن میچی ده‌گا
هه‌ورێکی ڕەش سه‌رتاپامی داپۆشیوه
ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکه
ته‌نیا ڕێگه‌ی به‌ر هه‌نگاوم
له خۆمه‌وه ده‌ست پێده‌کا و
ده‌گا به هه‌ڵدێری ڕۆحم
چ ئاسته‌نگێکی باریکه
ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکه
باران… باران، بارانی ڕەش
یاغر یاغر ده‌بارێت و ته‌ڕم ده‌کا و نامشواتهوه!
له ناو تۆف و کڕێوه‌ی وه‌رزی شه‌خته‌به‌ندی ته‌مه‌نمدا
ڕەق هه‌ڵاتووم!
بۆ کوێ ده‌ڕۆم؟
نازانم له کوێوه هاتووم؟
شێره به‌فرینه‌ی ده‌ستکردی منداڵانی چاره‌نووسم
ڕۆژ وه‌ک ئه‌ژدیهای ئه‌فسانه
لووشم ده‌کا و ده‌مخواته‌وه!
هه‌تا لووتکه چه‌ندی ماوه؟
ئه‌ی خوا گه‌وره و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو
«جولجولتا»ی من له‌سه‌ر دوندی کام کوێستانه
به ئه‌ندازه‌ی هه‌زار عیسای ناسری له خاچ دراوم
یههووداکان له‌ودیو په‌رچینی ماچه‌وه
به ساکاری ڕۆحی ماندووم گاڵته ئه‌که‌ن
ئه‌ی خوا گه‌وره و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو
هه‌تا لووتکه چه‌ندی ماوه؟!
مه‌هێڵن، مه…
ئه‌مجاره که گه‌یشتمه لووتکه
به‌ردی گیانم به‌ر بێته‌وه…
من نامه‌وێ ئه‌م زه‌وینه پڕ تاوانه له‌ژێر پێما بخولێته‌وه
ئاخر مه‌گه‌ر نازانن من
ساڵگارێکه گاشه‌به‌رده‌که‌ی «سیزف»م له کۆڵ ناوه؟
هه‌تا لووتکه چه‌ندی ماوه؟!
ڕاسته، من بووم له ئاگردانه‌که‌ی ئێوه
ئاورم دزی بۆ مرۆڤ و
له مهشغهڵدانی ڕۆحی خۆم
تیشک و ڕووناکیم دابه‌ش کرد
گوناهم کرد!
بۆیه ئێستا له تاراوگه‌ی ههڵهمووتم!
ئاوره‌که‌یان به‌ردایه‌وه له گیانی خۆم
ته‌ماشاکه‌ن، چۆن ئهسووتم؟
ڕزگارم که‌ن…
له چوارمێخه‌یان کێشاوم
هه‌موو شه‌وێ به ژاری ژین
ده‌شتی گیانم ئاژین ئه‌که‌ن
ئه‌م مۆته‌که سواری ڕۆحم ماندووم بووه و دانابه‌زێ!
ئاسمان بێزوو به خوێن ئه‌کا
هه‌ر داڵ ئه‌زێ!
هه‌ر داڵ دێن و جه‌رگم ده‌خۆن
ئه‌م ئاسمانه هه‌ر داڵ ئه‌زێ!
هه‌ر داڵ ئه‌زێ!
ئاخۆ گوڵی شۆرانی له کام کوێستانه؟
کوێستان نه‌ما به‌رد به به‌ردی
به خوێنی خۆم نهشۆرمهوه!
هه‌ر ده‌ڕۆم و ناگه‌م به ئه‌و ناونیشانه‌ی
«شۆڕەخهزاڵ» بۆی داناوم!
هه‌ر ئه‌ڕۆم و زام له سه‌ر زام
له سه‌ر سینگ و دڵم ده‌ڕوێ
گوڵی هه‌زار هه‌زار عه‌زره‌ت
له کوێستانی دڵما پشکووت
ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ش نییه
پرده‌کانی پشتی سه‌رم گشت ڕووخاون
هه‌واره‌که‌ی «خاتووخهزاڵ»یشیان کرده قه‌ره‌برووت!
هه‌تا لووتکه چه‌ندی ماوه؟
ئه‌ی خوا گه‌وره و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو
هه‌تا لووتکه چه‌ندی ماوه؟!
ئه‌ی من تا ئێستا چۆن ماوم؟!
1372 – 1993
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha