گازنده ٢
دیسان کرمی بوختانکهری نێو مۆبالی ده‌متان که‌وته مهرگهنووزه
ئێوه چین من بتاندوێنم
هێنده چووکن
ته‌نانه‌ت به مێروولهتان ناشوبهێنم
من شاعیری دڵی خۆمم
چیتان ده‌وێ بهرماوخۆران
بۆ چه‌قۆتان هه‌ڵگرتووه
سینگی شیعره‌کانم بدڕن!
ئاگادار بن، له‌م بێشه‌دا شێر خه‌وتووه
که‌م وه‌ک داڵاش
به سه‌ر جه‌سته‌ی ماندووی خهمڕێژدا بفڕن
ئێوه چین من بتاندوێنم
من دارێکی باڵابه‌رزم
گه‌رچی تووشی مه‌رگه‌ساتی وه‌رزی ڕەشم
به‌ڵام هه‌رگیز
سه‌رم بۆ چی دارکونکهری دنیا هه‌یه دانانه‌وێنم
وه‌کووو تانه که‌وتوومه سه‌ر گلێنه‌ی چاوتان
هاتوچۆم وه‌ک خه‌نجه‌رێکه
ڕۆ ده‌چێته نێو ده‌روون و قووڵایی هه‌ست و هه‌ناوتان!
ئێوه چقڵن
سیله‌ی ڕێگه‌ی جێ‌ژوان ئه‌گرن
ئێوه به‌کری مهرگهوهڕن
هه‌ست و ڕۆحی ئه‌وینداران بریندار ئه‌که‌ن
بێژگه خۆتان که‌س ناناسن
له نێوانی گوڵ و دڵدا وه‌ک له‌مپه‌ڕن
من شاعیری دڵی خۆمم
من هه‌ر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵداره‌که‌ی خۆم ئه‌خوێنم
مشتێ خاکی ده‌شتی عه‌شقم،
به‌ڵام له ئاستی ئێوه‌دا
لووتکه‌م، لووتکه!
ئێوه‌ی ته‌ڵخه‌ک له بنارما وه‌ک چه‌قۆی کول
بۆ ڕووخانی باڵای به‌رزم
به‌ردی خاراو هه‌ڵده‌کۆڵن
منی لووتکه‌ش پێدهکهنێم
هێنده چووکه‌ن
حه‌یام ده‌چێ بتاندوێنم.
ته‌ماشا که‌ن…
وێڕای ده‌یان جار که‌وتن و هه‌ستانه‌وه
من هه‌ر خۆمم
وه‌ک جارانی خۆم ئه‌نوێنم
ئێوه‌ش هه‌ر خۆتان ئاسایی
وه‌کووو کرم، بێده‌ست و پا
ژلێوهتان دێ به ناو یه‌کا
به‌ره‌و لووتکه تف ئه‌که‌ن و جنێو ئه‌ده‌ن
منیش له ئه‌و به‌رزانه‌وه
هه‌ر بورکان و بوومه‌له‌رزه ده‌خولقێنم
هێنده چووکه‌ن
حه‌یام ده‌چێ بتاندوێنم
چیتان ده‌وێ؟
بۆچی هێنده ڕۆحی ماندووم ئازار ئه‌ده‌ن؟
نیگایه‌کی ڕۆحی پیسی خۆتان بکه‌ن
ده‌ردی من و ده‌ردی ئێوه جیاوازه
شه‌رافه‌تی ده‌ردێکی خۆم
به گشت ژین و ماڵ و حاڵتان ناگۆڕمه‌وه
ده‌ردی من، ده‌ردی ئینسانه
ده‌ردی ئێوه‌ش زۆر گه‌وره‌یه
به‌ڵام هه‌تا لای گونتانه!
قه‌ڵه‌مێکی تیژ و تووڕەم
خۆتان له من بپارێزن
دێڕ به دێڕی نامیلکه‌ی ژیانتان ده‌زانم
من وه‌ک ئێوه خۆم له پشتی ئاوێنه‌وه ناشارمه‌وه
کانییه‌کی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌وم
ساکار و ڕوون وه‌ک ئاسمانم
من گوڵێکم
بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ
له‌م شۆره‌کاته ڕواوم
ئێوه‌ی دڕکیش ڕق و کینه‌ی هه‌موو دنیآ کۆ که‌نه‌وه
دڵنیا بن… ده‌ستان ناگا
به ترۆپکی به‌رزی ناوم!
ئێوه چین من بتاندوێنم
من شاعیری دڵی خۆمم
من هه‌ر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵداره‌که‌ی خۆم ده‌خوێنم.
6/7/1372 – September 27, 1993
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha