بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– هه‌تا لووتکه‌چه‌ندی ماوه؟ –

هه‌تا لووتکه‌چه‌ندی ماوه؟

 

 

دانامرکێ

هه‌تا دێ هه‌ر زیاد ئەکا

گڕ و کڵپه‌ی ڕۆحی یاخی بووی ئه‌شقیام!

ڕامه‌وه‌سته، بڕۆ له‌لام

با تاوانی من تۆش نه‌گرێ

که‌وتوومه ‌به‌ر تووکه‌شه‌قی چاره‌نووس و

وه‌ک گۆیه‌کی سه‌رگه‌ردانی گۆڕە‌پانی نه‌فره‌تی خوام!

ژیانم لێ وه‌ڕە‌ز بووه

زه‌وی له ‌ژێر گرانی له‌شما ئه‌ناڵێنێ

چاوی ڕۆژ له‌ حاندی سیمای من هه‌ڵنایێ

من چۆڵه‌که‌ی باڵشکاوی وه‌رزی ڕە‌شی گه‌رده‌لوولم

ڕۆحم له‌گه‌ڵ ئارامشدا،

له ‌زه‌وی تا ئاسمان دووره…

دڵم پڕە‌ له ‌هاوار و گوێچکه‌ی گه‌ردوون

له ‌به‌رامبه‌ر پاڕانه‌وه‌م کپ و که‌ڕە

لێم نابیسێ سکاڵایێ

ئاسمانی من نزم و نه‌وی

سه‌رم تا بن میچی ده‌گا

هه‌ورێکی ڕە‌ش سه‌رتاپامی داپۆشیوه

ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکه

ته‌نیا ڕێگه‌ی به‌ر هه‌نگاوم

له ‌خۆمه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا و

ده‌گا به ‌هه‌ڵدێری ڕۆحم

چ ئاسته‌نگێکی باریکه

ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکه

باران… باران، بارانی ڕە‌ش

یاغر یاغر ده‌بارێت و ته‌ڕم ده‌کا و نامشواته‌وه!

له ‌ناو تۆف و کڕێوه‌ی وه‌رزی شه‌خته‌به‌ندی ته‌مه‌نمدا

ڕە‌ق هه‌ڵاتووم!

بۆ کوێ ده‌ڕۆم؟

نازانم له ‌کوێوه‌ هاتووم؟

شێره ‌به‌فرینه‌ی ده‌ستکردی منداڵانی چاره‌نووسم

ڕۆژ وه‌ک ئه‌ژدیهای ئه‌فسانه

لووشم ده‌کا و ده‌مخواته‌وه!

هه‌تا لووتکه‌ چه‌ندی ماوه؟

ئه‌ی خوا گه‌وره‌ و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو

«جولجولتا»ی من له‌سه‌ر دوندی کام کوێستانه

به ‌ئه‌ندازه‌ی هه‌زار عیسای ناسری له‌ خاچ دراوم

یه‌هووداکان له‌ودیو په‌رچینی ماچه‌وه

به‌ ساکاری ڕۆحی ماندووم گاڵته ‌ئه‌که‌ن

ئه‌ی خوا گه‌وره‌ و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو

هه‌تا لووتکه‌ چه‌ندی ماوه؟!

مه‌هێڵن، مه‌…

ئه‌مجاره‌ که ‌گه‌یشتمه ‌لووتکه

به‌ردی گیانم به‌ر بێته‌وه…

من نامه‌وێ ئه‌م زه‌وینه‌ پڕ تاوانه ‌له‌ژێر پێما بخولێته‌وه

ئاخر مه‌گه‌ر نازانن من

ساڵگارێکه‌ گاشه‌به‌رده‌که‌ی «سیزف»م له‌ کۆڵ ناوه؟

هه‌تا لووتکه ‌چه‌ندی ماوه؟!

ڕاسته، من بووم له‌ ئاگردانه‌که‌ی ئێوه

ئاورم دزی بۆ مرۆڤ و

له ‌مه‌شغه‌ڵدانی ڕۆحی خۆم

تیشک و ڕووناکیم دابه‌ش کرد

گوناهم کرد!

بۆیه ‌ئێستا له ‌تاراوگه‌ی هه‌ڵه‌مووتم!

ئاوره‌که‌یان به‌ردایه‌وه ‌له ‌گیانی خۆم

ته‌ماشاکه‌ن، چۆن ئه‌سو‌وتم؟

ڕزگارم که‌ن…

له ‌چوارمێخه‌یان کێشاوم

هه‌موو شه‌وێ به ‌ژاری ژین

ده‌شتی گیانم ئاژین ئه‌که‌ن

ئه‌م مۆته‌که ‌سواری ڕۆحم ماندووم بووه ‌و دانابه‌زێ!

ئاسمان بێزوو به‌ خوێن ئه‌کا

هه‌ر داڵ ئه‌زێ!

هه‌ر داڵ دێن و جه‌رگم ده‌خۆن

ئه‌م ئاسمانه ‌هه‌ر داڵ ئه‌زێ!

هه‌ر داڵ ئه‌زێ!

ئاخۆ گوڵی شۆرانی له ‌کام کوێستانه؟

کوێستان نه‌ما به‌رد به ‌به‌ردی

به‌ خوێنی خۆم نه‌شۆرمه‌وه!

هه‌ر ده‌ڕۆم و ناگه‌م به ‌ئه‌و ناونیشانه‌ی

«شۆڕە‌خه‌زاڵ» بۆی داناوم!

هه‌ر ئه‌ڕۆم و زام له‌ سه‌ر زام

له ‌سه‌ر سینگ و دڵم ده‌ڕوێ

گوڵی هه‌زار هه‌زار عه‌زره‌ت

له ‌کوێستانی دڵما پشکووت

ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ش نییه

پرده‌کانی پشتی سه‌رم گشت ڕووخاون

هه‌واره‌که‌ی «خاتووخه‌زاڵ»یشیان کرده‌ قه‌ره‌برووت!

هه‌تا لووتکه ‌چه‌ندی ماوه؟

ئه‌ی خوا گه‌وره ‌و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو

هه‌تا لووتکه ‌چه‌ندی ماوه؟!

ئه‌ی من تا ئێستا چۆن ماوم؟!

 

1372 – 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– چاو خڵه‌تێنه –

چاو خڵه‌تێنه

 

 

هۆ خه‌ڵکینه!

چاو که‌نه‌وه

ئه‌و هه‌ورانه

هه‌رچه‌ند سه‌ر له ‌ئاسمان ئه‌سوێن

قسرن، بارانیان پێ نییه

تۆزێ به‌ر پێی

ئه‌سپی له‌شکه‌ری هۆلاکۆن!

بڕوا مه‌که‌ن…

هه‌رچه‌ند له ‌ئاو

له‌ باران و به‌هار ئه‌دوێن

بڕوا مه‌که‌ن…

ته‌م و مژی چاوخڵه‌تێنه‌ی به‌ری ئاسۆن

 

کێلگه ‌تینوو

هه‌ور نه‌زۆک

ده‌ریاش سوێره!

ڕێگه ‌دوور و

ئاو تراویلکه

چاوساغ کوێره‌

شه‌و درێژە

ئه‌نگوسته‌‌چاوی نووته‌که

گه‌رده‌لووله، ته‌مه، مژە

چاو تا به‌ر پێ، هه‌ته‌ر ناکا

ئه‌و ئه‌ستێره‌ هانمان ده‌دا

کاروانکوژە!

 

4/7/1370 – September 26, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کاره‌سات –

کاره‌سات

 

 

باڵنده‌یه‌ک

چرپاندی به‌ گوێی گوڵێکدا

گوڵه‌ گیان!

له‌چکه‌ سه‌وزه‌که‌ت نه‌ختێ لاده

با خونچه‌ی ده‌م

تاسه‌ی ئه‌وینم بشکێنێ

ئاونگی شه‌رم

به‌ سه‌ر گۆنای گوڵدا خوشی

وتی شێته!

ها… ئه‌و هه‌وره‌ چۆن ده‌ڕوانێ؟

حه‌یام ده‌چێ

ئارام بگره ‌تا سبه‌ینێ!

هه‌ور گوێی لێ بوو

نه‌ڕڕه‌ی گوڕبن

شریخ و هۆڕی خسته‌ باخ و

بوو به‌ته‌رزه

ده‌مه‌و به‌یان

که ‌باڵنده‌ هات بۆ جێژوان

چه‌ند ‌دڵۆپی خوێنی سوور و

سێ چوار تیکه ‌له‌چک مابوو

له ‌ئه‌و گوڵه ‌باڵابه‌رزه

 

21/2/1371 – May 11, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کاروان، کاراوان –

کاروان، کاراوان

 

 

کاروان، کاروان!

کێ نوستووه، کێ بێداره؟

ئه‌م ڕێگایه ‌پێدا ده‌چن…

هه‌ر ڕێگا کۆنه‌که‌ی پاره!

ده‌ور و به‌رتان گورگه‌لووره

چه‌قه‌ڵ کاسه‌ی سه‌ر و گۆشتی دڵتان ئه‌خوات

ئه‌وه‌نده ‌تاریکی چڕە

جندۆکه‌ کۆرپه‌تان ده‌دزێ

پێ نازانن!

چاوتان له‌ ناو تاریکیدا

تا ئه‌م خواره ‌هه‌ته‌ر ناکات!

بیرتان ئاسمانێکی ته‌سکه

هێنده‌ به‌رچاوتان تاریکه

نازانن ڕۆژ له ‌ئاسۆی کام پێده‌شته‌وه!

سه‌ر هه‌ڵدێنێ.

هه‌ر به ‌ته‌شییه‌ کۆنه‌که‌تان ده‌یڕێسن و

له ‌بیری نوێ سڵ و سرکن…

هه‌ر ئه‌ڕۆن به ‌ناخی قووڵی زوڵمه‌تا ڕۆ ده‌چن!

چراکانیش کز ئه‌سووتێن

هێندێ چراش چاوی گورگن!

 

کاروان… کاروان!

هۆ کاروانی سه‌ر ‌لێشێواو

له‌ شه‌وگاری ئه‌نگوسته‌چاو

گۆچانی شک ده‌لاقه‌یه‌ک ناکاته‌وه!

مه‌شغه‌ڵ مه‌شغه‌ڵ…

مه‌شغه‌ڵی بیر

چرای ئه‌ندێشه‌تان هه‌ڵکه‌ن

ڕێگا و ڕە‌وتی هه‌نگاوه‌کانتان بگۆڕن

ئه‌م ڕێگایه ‌پێدا ده‌ڕۆن

زۆر کاروانی پێدا ڕۆیی و نه‌هاته‌وه

کاروان، کاروان…!

بۆ کوێ ئه‌ڕۆن؟!

ئه‌م هه‌ورازه‌ی وه‌ک مێرووله

پێدا ڕێچکه‌تان به‌ستووه

ده‌تانباته‌ هه‌ڵدێره‌که‌ی ساڵی پێشوو

ئه‌و بناره‌ش

وا به ‌ئێسک و کاسه‌ی سه‌رتان داپۆشراوه

ده‌گاته‌وه‌ به‌فره‌چاڵی کلیله‌ی ڕندوو

کاروان… کاروان!

ڕێگای تازه‌ بدۆزنه‌وه…

 

1369 – 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاخاوتن له‌ ئه‌وین –

ئاخاوتن له‌ ئه‌وین

 

 

ده‌ته‌وێ، له ‌ئه‌وین بپه‌یڤی؟

ڕاوه‌سته ‌با بزانم،

له ‌پشتی ده‌رکه‌وه

کوڵه‌یان لێ نه‌گرتووین؟

ئاماژه‌ زمانی ئه‌وینه ‌و

هیچ به‌کره‌شۆڤارێک نازانێ

ژوانگه‌مان له ‌کوێیه

ئه‌گه‌ر هه‌ر متمانه‌ به ‌چاوی یه‌ک بکه‌ین!

پێخاوس ڕێ مه‌که ‌گیانه‌که‌م!

ئه‌م خاکه ‌ئاوس به ‌دووپشکه

گه‌ر نووستی، که‌په‌نک له‌به‌رکه

سیاساڵ مار زۆره

ده‌ستم لێ به‌ر مه‌ده

هه‌ر ده‌ستێ مه‌گووشه، گیانه‌که‌م!

له‌ نێو زۆر قۆڵدا مار

پاپۆکه‌ی به‌ستووه!

 

 

له ‌به‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌ مه‌وه‌سته‌ گیآنه‌که‌م!

تاریکی کراسه‌که‌ت ڕە‌ش ده‌کات

ئاگات له ‌زارت بێ

با، ناکاو هه‌ڵده‌کات

په‌یڤ سووکه، با ده‌یبات!

 

 

بۆ ئاسمان مه‌ڕوانه، گیانه‌که‌م!

له‌مێژە‌ مانگ له‌نێو

هه‌ورێکی دێوجامه‌ئاسایی

ئه‌سیره!

شه‌وه ‌شه‌و گیانه‌که‌م!

چرایه‌ک بهێنه

بگه‌ڕێین، با بزانین،

ئه‌وشه‌و چه‌ند ئه‌ستێره‌ی چاوگه‌شیان

له‌ خاکدا چاندووه!

 

 

مه‌یژە‌ ڕە‌ش بۆ دنیا ده‌ڕوانێ!

من دووپشک گه‌ستوومی

ئازارم چێشتووه

ده‌زانم چزی مار چلۆنه

به‌ ژاری پیرانم کردووه!

بڕوانه، سه‌رانسه‌ر په‌یکه‌رم،

جێی زامه!

بلۆقی مه‌چه‌کم…

جێی که‌ڵبه‌ی که‌له‌بچه‌ و

ته‌وێڵی پڕچینم

شوێن هێڵی گاسنی زه‌مانه!

مه‌یژە‌ ڕەش بۆ دنیا ده‌ڕوانی!

 

1377 – 1998

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوایین نامه –

دوایین نامه

 

 

دوایین نامه‌‌م

په‌ڵه‌هه‌ورێکی دڵته‌نگه

به ‌ئاخی دڵ ئاخنراوه!

وشه‌کانی

دڵۆپ دڵۆپ

به ‌خوێن، به ‌ئه‌سرین، نووسراوه!

کاتێ نامه ‌هه‌ورینه‌که‌م ده‌که‌یته‌وه

ئاگات لێ بێ

سینگ و به‌رۆکت ته‌ڕ نه‌بێ

هه‌ندێ وشه‌م

تینوون، تامه‌زرۆن، به‌دفه‌ڕن!

چمکی داوێنه‌که‌ت هه‌ڵکه

نه‌کا وشه‌ی خوێن سووری کا

ئاخر پۆلیس، ماوه‌یه‌که

بۆ قاتڵی من ده‌گه‌ڕن

 

زیندانی ورمێ

4/7/1371 – September 29, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– پرسیار –

پرسیار

 

 

کێ به‌ر هه‌تاوی گرتووه

ئه‌ی بۆ گوڵێ ناپشکوێ

ئه‌ی ئه‌م به‌فره‌ پڕ له ‌کرمه

بۆ هه‌تا دێ زیاد ئه‌کا و ناتوێته‌وه؟!

وه‌رزی ساردی سیاساڵه

به‌ گوڕين و هه‌وره‌‌تریشقه ‌نه‌بێ هه‌رگیز

قوفڵی ژە‌نگ گرتووی ئه‌م ده‌رکه

ناکرێته‌وه

کام ده‌ستی ڕە‌ش

قژی تاریکی شه‌وگاری

بۆ ڕایه‌خی خه‌وی ئه‌م خاکه ‌ڕستووه

گه‌رووی زه‌وی گرێ‌چنه

هه‌ناسه‌ی خاک حه‌په‌ساوه

کێ ده‌روازه‌ی ساڵی تازه‌ی داخستووه!

 

12/1/1371 – April 1, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– من و تۆ –

من و تۆ

 

 

دوو هێڵی ته‌ریب

له‌ کام قۆناخی ده‌شتی ژیانا

ده‌ستی یه‌ک ده‌گرن؟

ئه‌ستێره ‌پۆل پۆل

له‌ ژوانگه‌ی سووری کازێوه ‌ده‌مرن

ناگه‌ن به‌ ڕۆژ و

به‌ پۆلووی کوانووی یه‌که‌م هه‌واری هه‌تاو

ده‌سووتن!

چاوه‌ڕوان مه‌به

من وه‌ک پاییز و

ڕووم له ‌زستانه

تۆیش به‌هارێکی

خونچه‌ی ژیانت به‌ره‌و پشکووتن!

 

5/6/1371 – August 27, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سه‌فه‌رێکی نه‌هات –

سه‌فه‌رێکی نه‌هات

 

 

به‌ره‌و کوێستان ئه‌هاتمه‌وه

جانتام پڕ بوو له ‌ئاوات و حه‌ز و تاسه

هێنده ‌تینوو

هێنده ‌تامه‌زرۆی دیدار بووم

ده‌مویست به‌فری ساڵی نه‌هات

بتوێنمه‌وه‌ به ‌هه‌ناسه!

بۆ لای کاڵێ ئه‌هاتمه‌وه

کاڵێ، عه‌شقی قه‌ڵای به‌رزی هه‌ست و

دڵی منیش،

کۆتره ‌برجیله‌ی ماڵی بوو

کاڵێ ڕۆحی سه‌وزی ده‌شت و

چاوی گوند و

هێزی عه‌شق و

جوانتر له «عه‌نبه‌ر خاتوونی» «مه‌ولانا» و

گه‌وره‌تر له‌ «خاتوو حه‌بیبه»ی دیوانی شیعری «نالی» بوو!

دێر هاتمه‌وه، دێر هاتمه‌وه!

کوێستان چۆڵ بوو…

چاوی ئاسمان، ڵێڵ ئه‌یڕوانی

جێژوانه‌که‌ی جاران بۆنی

خه‌مێکی زه‌ردی لێ ئه‌هات!

پڕ له ‌چقڵ و خاک و خۆڵ بوو!

ئیتر دنیا ڕە‌ش ئه‌نوێنێ

له ‌ناو دڵما که‌وی ته‌نیای شیعر

دڵته‌نگ دڵته‌نگ،

دڵته‌نگتر له ‌کوێستان

سیاوچه‌مانه‌ی فرمێسک و خوێن ئه‌چریکێنێ.

 

8/5/1369 – July 30, 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تاپۆی بوومه‌ڵێڵ –

تاپۆی بوومه‌ڵێڵ

بۆ سواره

 

 

شه‌مێ باڵابه‌رز

گۆچانی تیشکی گرت به‌ ده‌سته‌وه

شه‌وی به‌زاند و

گڕی خسته‌ ناو شه‌وگاری نووته‌ک

له ‌نیڵه‌نیڵدا

هێنده‌ فرمێسکی ڕووناکی هه‌ڵڕشت

به‌لادا که‌ت و

نه‌گه‌یی به ‌هه‌تاو

وه‌ک تاپۆی ئاوات

له‌ بوومه‌ڵێڵدا

 

1372 – 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha