بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ھەی لە ڕەنجی بەخەسارمان –

ھەی لە ڕەنجی بەخەسارمان

 

 

ھاوردنی بووکی نازدار

پڕ دژوار بوو

لەو کوێستانە ھەڵەمووتە

لە‌ ئەو چیا بەرز و ھەزار بە ھەرزارە

زۆرمان کوژران

زۆر بزر بوون…

زۆرمان لێ بەکۆمەڵ مردن

زۆر بەکۆمەڵ لە گۆڕ  نران!

 

عەشقی نەوبووک

وەک ئاگر بوو

زۆری سووتان

وەک پەنگر بوو

بوون بە گاوگەردوون، بە پەپوولە

بە ھەزاران!

 

بووکمان ھێنا

بە جەلیت و بە تەقڵەکوت

گیانی سەدان و ھەزاران

لە ژێر پێی ئەسپی نەوبووک بوو

بەڵام ئەفسووس

ھەی لە ڕەنجی بەخەسارمان

زاواکەمان نێرەمووک بوو!

 

سنە

٤/١٠/١٣٩٣ – December 25, 2014

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ياده‌وه‌ری –

ياده‌وه‌ری

 

 

شه‌که‌ت، ماندوو…

بريندار و له ‌خوێن گه‌وزاو

به‌ڵام سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو

گه‌يشتينه ‌ئه‌م هه‌واره

ڕێگايه‌كی دوور و درێژمان بڕيوه

هه‌نگاو به‌هه‌نگاوی ڕێگا

شه‌تڵی گيانی شه‌هيدێكه

به ‌ئه‌شك و خوێن ئاو دراوه

مێژوويه‌كی پڕ كاره‌سات

هه‌ر وه‌ره‌قی ته‌ژی له ‌ئه‌سرين و زووخاو

به ‌قه‌ڵه‌می ئه‌ويندارێكی نووسراوه

گه‌لۆ سووكی لێ مه‌ڕوانن

به‌ها و قه‌دری ئه‌م کيانه

هه‌رزان نيیه…

زۆر گرانه

ده‌ريا، ده‌ريا، خوێنه، گيانه!

 

له‌ قووڵترين دۆڵی تاريكی مێژوودا

وه‌ڕێ كه‌وتووين

ئاوڕێک بۆ دوا بده‌نه‌وه

ئه‌و ڕێگايه، به ‌كه‌لاك و كاسه‌ی سه‌رمان داپۆشراوه

له‌ هه‌ر شه‌قامێكا گۆڕی شه‌هيدێكه

ئه‌م خاكه‌ گه‌ر هه‌ڵده‌نه‌وه

كۆگای پرچ و بسكی خاو و چاوی جوان و لێوی ئاڵ و..

باڵای عه‌رعه‌ری نازدارێ، تيا نێژراوه‌

ئه‌م كاروانه، باری خه‌م و خوێن و ئيمان و ئامانجه‌

زۆر جار كه‌وتين

زۆر جار به ‌به‌رد و تاوێران گه‌له‌كۆمه‌يان لێ كردين

هه‌ستاينه‌وه‌ و هه‌ر نه‌مردين

ديسان به‌ره‌و لووتكه‌ی ئامانج هه‌ڵكشاين و

مه‌رگیش نه‌يتوانی ڕێگا‌ی ژيانمان لێ بگرێ

پله پله، ته‌رمی خۆمان سه‌ر يه‌ك دانا و

به ‌قاڵدرمه‌ی جه‌سته‌ی خۆماندا سه‌ركه‌وتين.

 

ڕێگا، ڕێگا چ ڕێگايه‌كی ئاسته‌نگ بوو

ئاسمان قه‌له‌مڕه‌وی داڵ و

زه‌وی عه‌رسه‌ی مار و دووپشك

لای خواروومان خه‌رندێكی قووڵ و هه‌زاربه‌هه‌زار و

لای سه‌روومان هه‌ڵه‌مووت و

چوار ده‌ورمان ئاگر و ئاسن

بۆ پڕووز و چه‌قه‌وڕی سووتمانی گۆشت و ئێسقان بوو

له‌ ئه‌م قۆناخ بۆ ئه‌و قۆناخ

سه‌دان جار كه‌وتين و هه‌ستاينه‌وه‌

منداڵ گاڵته‌ی به‌ مه‌رگ ئه‌كرد

له‌ سێبه‌ری ڕه‌شی مه‌رگا

پلانی ژينمان داده‌‌ڕشت

هه‌رزانترين كاڵا گيان بوو

مێژوو ده‌ڵێ، من نانووسم

كورد بۆ ژيان، به ‌ناو دڵی مه‌رگا ئه‌چوو!

ئه‌نفال…

هه‌ڵه‌بجه…

بادينان…

تایلە و كوچكه‌ڕه‌شی سنه…

چوارچرای مه‌هاباد و

شه‌قامه‌كانی قاميشلی و

زيڕه‌ و هاواری گه‌رميان شايه‌تمانن

مێژوو ده‌ڵێ من نانووسم.

تا گه‌يشتن به‌م هه‌واره

سه‌دان قۆناخمان بڕيوه

هه‌زار هه‌زار مه‌رگه‌ساتمان به ‌چاو ديوه

به‌ هه‌زاران له‌ گۆمی واندا خنكاوين

مێژوو ده‌ڵێ من نانووسم

له‌ سه‌ر دوندی ئاگری داخ و

قه‌نديل و شاهۆ دنيامان پڕ كرد له‌ زايه‌ڵه‌ی هاوار

به‌رده‌قاره‌مان و بارزان، شايه‌تمانن.

 

ده‌خيلتان بم!

ئه‌م هه‌واره‌ شڵوێ نه‌كه‌ين

ئه‌م کيانه‌ پڕ گرانه…

له‌ زارۆكانمان تێك نه‌ده‌ين

بهێڵين با…

له ‌سێبه‌ری چڕی ئه‌م داره ‌پيره‌دا

كاروان سه‌رخه‌وێ بشكێنێ

زۆر ماندووه…

ڕێگايه‌كی دووری به‌ قه‌د

درێژايی مێژووی خه‌باتی بڕيوه

ده‌خيلتان بم…

ئه‌م كاروانه ‌هێشتا زووخی له ‌زام ئه‌تكێ

زۆر قۆناخی ديوه ‌به ‌چاو

به‌ند و داوی سه‌دان پيلانی بچڕيوه

شه‌هيده‌كانی چاويان لێمانه‌ چی ده‌كه‌ين

ئارامشی شه‌هيده‌كان مه‌شێوێنن

هه‌نگاوێكی خوار هه‌ڵبگرين، نامان ‌به‌خشن

هێدی بڕۆين و ڕاست بڕۆين

له‌ خه‌و دايان نه‌چڵه‌كێنين

ده‌خيلتان بم…

ڕێگه ‌و بانی ئه‌م هه‌واره

به‌ برژانگی چاو بماڵين

به‌ فرمێسك ئاو پرژێنی كه‌ين

پوخڵ و پيسی به‌جێ ماوی نه‌يارانی لێ ڕاماڵين

ته‌ماشا كه‌ن

ئه‌وه ‌ڕۆحی شێخی پيری پيرانه ‌دێ

قازی خوێن له ‌ڕوخسار ئه‌سڕێ

له‌ سێداره‌كه‌ی چوارچرا دائه‌به‌زێ

شێره‌كه‌ی به‌رده‌قاره‌مان

زامی سينگی به ‌هه‌توانی ئه‌م هه‌وارگه ‌ساڕێژ ده‌بێ

ته‌ماشا كه‌ن…

قاره‌مانی هه‌موو مێژووی كوردان

بارزانی وه‌ك جاری جاران

باڵای به ‌قه‌د باڵای به‌رزی كوردستانه ‌و

لێو به‌بزه، خه‌ريكه ‌دێ

فيشه‌ك لۆخی له ‌قه‌د ئاڵا و

خه‌نجه‌ر له‌ پشتوێن قايم و…

بڕنه‌و له ‌سه‌ر پێ ئاماده

چاوی پڕ له‌ خۆشه‌ويستی نيشتمانه‌.

دێن به‌ سه‌رمان ده‌كه‌نه‌وه‌

ده‌خيلتان بم

نه‌كا دڵه ‌گه‌وره‌کانتان بڕه‌نجێنن

نه‌كا نه‌ختێ لێمان تاڵ بن

تا ئه‌توانين…

ده‌ڵێ كاروان ڕابگرين و

هه‌وارگه‌مان، به‌ هه‌زاران

نه‌خش و نيگار بڕه‌نگێنن!

 

25/12/1396 – March 16, 2018

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی ژیان –

غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی ژیان

مه‌زموونی ئه‌م شیعره‌م له ‌فرانتس کافکا وه‌رگرتووه

 

 

ده‌نگی مۆریانه‌ی مه‌رگ

له ‌ده‌روونمدا

جه‌سته‌م ده‌جوێ!

تۆزقاڵ تۆزقاڵ

غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی ده‌خنکێنێ!

 

ئاخ! له‌م په‌نجه‌ره ‌ڕووناکه‌وه

ئه‌ودیوی تاریکی حه‌قیقه‌ت

دیار نییه

که‌س نازانێ

له‌ پشت ئه‌م زه‌رده‌خه‌نه ‌گه‌مژانه‌وه

پڕاوپڕی

چه‌ند گۆڕستان

فرمێسک تێیدا قه‌تیس ماوه!

 

ئاخ…! ئه‌گه‌ر بزانی

ئه‌م ئاقاره‌ به ‌ڕواڵه‌ت هێمنه

ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی، چ مه‌رگه‌ساتێکی ژاناوی

ده‌یشڵه‌ژێنێ!

ئه‌وه‌ی چاک و خۆیشم له‌گه‌ڵ ده‌کا

به‌ جه‌خت

ئیهانه‌م ده‌کات و

وه‌ک وایه

سێوێک له‌ سێوێک‌تر بپرسێ

ئه‌رێ قوربان!

ئه‌حواڵی کرمه‌ نازه‌نینه‌کانی له‌شی موباره‌کتان چۆنه؟!

 

ورمێ

10/10/1384 – December 31, 2005

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– به‌خوا تۆ گوناهی خانم گیان –

به‌خوا تۆ گوناهی خانم گیان…

 

 

من هه‌رگیز نه‌مزانی

له‌ کوێوه‌ هاتووی و چۆن چۆنی

خۆت خسته ‌نێو گه‌رووی ته‌نووره‌ی گێژاوی ژیانم؟!

له ‌مندا چیت دیوه؟

چیت کرده ‌به‌هانه؟

به‌خوا تۆ گوناهی خانم گیان!

گوڵێکی سه‌ر تۆپی سه‌رتاپا جوانی

نازانم چۆن دڵی به‌ خۆیدا ناسووتێ

نێو جه‌رگه‌ی شۆره‌کات ئه‌کا ئینجانه؟!

هۆ کۆتره‌برجیله‌ی نه‌خشین باڵ

ئه‌م ناوه‌ سه‌رانسه‌ر ئاگره ‌و

تۆ به‌رگه‌ی جه‌هه‌ننه‌م ناگری

بڕوانه ‌قه‌ڵاکه‌ت ڕووخاوه…

خاپووره، شێواوه ‌هێلانه!

بانگه‌شه‌ی به‌هه‌شتم مه‌که…مه..

ناتوانم ئه‌م پیره‌دۆزه‌خه ‌جێ بێڵم

ده‌ردی من ده‌ردێکی گرانه

له‌ هه‌رلا ‌بڕوانی ‌هه‌ر ده‌رده

«نازانم ئه‌م که‌وا ڕزیوه‌م

به‌ کامه‌ لقێکی شه‌وگارا هه‌ڵواسم…!»

له ‌نێوانی ئاسمان و زه‌ویدا، سه‌راوێز کراوم

به‌خوا تۆ گوناهی خانم گیان!

ده‌ستت له ‌شاقه‌لی ئه‌م که‌وا سووتاوه‌ی من به‌رده.

 

2/1/1387 – March 21, 2008

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سه‌مبول –

سه‌مبول

 

 

له ‌ڕە‌وتی مێژوودا

هێندێ که‌س

ده‌بن به ‌ئو‌ستووره ‌و

سه‌مبولی به‌رخۆدان

وه‌ک شێخ و

بارزانی و

پێشه‌وا؛

هێندێ ناو

ده‌بن به ‌ڕە‌مز و ڕاز

وه‌ک به‌رده‌قاره‌مان

ئاراز و

چوارچرا.

 

10/12/1384 – March 1, 2006

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– یادگار –

یادگار

 

 

لە داوەتی کچ و کوڕێکی پێشمەرگە

ئەنگووستیلەیەکیان ھێنا بۆ قامکی زاوا

وتیان ھانێ!

لە ئەنگوستی چکۆلەتی کە

زاوا وتی: نا، لە قامکی چکۆلەی ناکەم

دۆشاومژە بۆ کلکەوانە شیاوە

چونکە ئەم قامکە پیرۆزە

لە سەر زیتەی تفەنگەکەم

بە ھەزاران داگیرکەری خاکی نیشتمانی ڕاو ناوە!

بووکیش وتی:

منیش تارای سەرم دەبێ

تان و پۆکەی چنراو لە کاڵای ڤیان بێ

دیواخەکەم

یادگاری قازی محەمەد

ئاڵای بەرزی کوردستان بێ!

 

١٠/١٠/١٣٨٤ – January 30, 2006

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بیستوومه‌ ده‌ڵێن… –

بیستوومه‌ ده‌ڵێن…

 

 

بیستوومه‌ ده‌ڵێن

هه‌ندێ له‌ پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌یلوول

ئیختیار و په‌ک‌که‌ته

له‌ به‌ر مه‌یخانه‌کانی شاردا

ڕیشۆڵه ‌و پاقڵه ‌ده‌فرۆشن

هه‌ندێ له‌ مستشاره‌کانی پێشوو

بۆ کورسی به‌تاڵی په‌رله‌مان و مێزی وه‌زاره‌ت

له‌گه‌ڵ سه‌رانی حیزبه ‌شۆڕشگێڕەکاندا

مامڵه ‌ده‌که‌ن و چه‌ک و شیر له ‌یه‌کتر ده‌کێشن!

 

بیستوومه‌ده‌ڵێن

سمه‌ی ئه‌حه‌ڕە‌ش

پێشمه‌رگه‌ی ئه‌یلوول و گوڵان

که ‌هێشتا چه‌ند تیکه ‌لوغم دوو گولله‌ی

له ‌نێو جه‌سته‌دا ماوه

کراوه ‌به ‌حه‌ره‌سی به‌ر ده‌رکه‌ی ماڵی ئه‌کره‌می حاجی موشیر؛

ئه‌کره‌می حاجی موشیریش هێشتا

جێگه‌ی ئه‌و میداڵیۆمانه‌ی ماوه

که ‌دیکتاتۆره‌ زێڕە‌که‌

له‌ ده‌سخۆشانه‌ی ئه‌نفالی هه‌فت هه‌شت هه‌زار بارزانی و

کوێرکردنی چه‌ند کانی و سووتانی چه‌ندان دارستان

له‌ به‌ربه‌رۆکی داوه

 

بیستوومه ‌ده‌ڵێن

نازانم دایک، یان خۆشکی مامه‌ریشه

له‌ شه‌قامه‌کانی سلێمانیدا سواڵی ده‌کا

یاخوا درۆ بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاسته

ئاخۆ ئه‌و مه‌سئووله‌ شۆڕشگێڕە ‌داناڕزێ

وا خه‌ریکه ‌هه‌ر ڕۆژە ‌و

یه‌ک له ‌ئاسکه ‌وه‌حشه‌کانی ده‌شتی

شاره‌زوور ماڵی ده‌کا.

 

27/8/1384 – December 18, 2005

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ته‌نیایی –

ته‌نیایی

 

 

له ‌ئاسمان له‌عنه‌ت و ڕقی خوا ده‌بارێ

له ‌زه‌وی دووپشک و مار ده‌ڕوێ

داڵده‌یه‌ک شک نابه‌م

جگه‌ ناو خه‌ڵوه‌تی ڕۆحی خۆم!

من ماران‌گه‌سته‌م و

ته‌وقێکی غه‌زه‌بم

له ‌ئاده‌م به ‌میرات ماوه!

هه‌ست ده‌که‌م

له ‌جنسی ئه‌م خاک و خه‌ڵکه ‌نیم

زمانی باڵنده ‌و دار و به‌رد ده‌زانم

به‌ڵام که‌س له‌ زمانی من ناگات

گه‌یشتوومه‌ ته‌نیایی جیهان و

ته‌نیایی خۆم به ‌جێ هێشتووه!

له‌ودیوی ئه‌م ژووره ‌تاریک و ته‌نگه‌وه

مارێکی قه‌ترانی، پاپۆکه‌ی به‌ستووه

ژنان هه‌ر نه‌مامی داره‌ سێو ده‌چێنن

ئاده‌م له ‌نێوانی به‌هه‌شت و دۆزه‌خدا دڕدۆنگه

ئه‌هریمه‌ن شکۆفه‌ی سێوی بۆ ده‌هاوێ

قابیل یه‌ک له‌ دوای یه‌ک

هه‌ر ته‌رم ده‌نێژێ!

ئێمه‌گشت

له‌ نوتفه‌ی قابیلین!

تاوانی ئاده‌م و فریوی شه‌یتان و

شه‌هوه‌تی حه‌وامان له‌ کۆڵه

ده‌عبایه‌ک ده‌روونم ده‌کۆڵێ

ده‌نگی پێی ده‌بیسم

خرته‌خرت، خه‌ریکه

مێشک ده‌جوێ، دڵ ده‌خوات

هه‌ر نزیک ده‌بێت و نزیکتر

نازانم له ‌رۆحی خۆمه‌وه

‌په‌نا بۆ کوێ ببه‌م

وه‌حشه‌ت له‌ ژیانم، په‌نجه‌ی هه‌ڵپێکاوه

داڵده‌یه‌ک شک نابه‌م

له‌ ئاسمان له‌عنه‌ت و له ‌زه‌وی مار ده‌ڕوێ.

 

12/3/1387 – June 1, 2008

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاوێنه –

ئاوێنه

 

 

کاتێ له ‌نێو ئاوێنه‌دا،

ڕوخساری خۆی ته‌ماشا کرد

به‌و تاوانه‌ی،

ئه‌هریمه‌نی نیشان ده‌دا،

ئاوێنه‌که‌ی،

وردوخاش کرد.

ئاوێنه‌که…

بوو به ‌سه‌ت له‌ت

ئه‌م ڕاچه‌نی

سه‌ت ئه‌هریمه‌ن

له ‌نێو له‌ته ‌ئاوێنه‌دا

پێده‌که‌نی!

 

ورمێ

18/1/1387 – April 6, 2008

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شیعر و تفه‌نگ –

شیعر و تفه‌نگ

 

 

ئاخۆ له ‌سه‌ر سینگی دوژمن

زامی شیعر بێ‌ده‌رمانه‌

یا هی تفه‌نگ؟!

ئاخۆ له‌ تارمایی ژینا،

برووسکه‌ی گولله

یان بڵێسه‌ی پشکۆی شیعر

ئه‌شڵه‌قێنێ شه‌وی بێده‌نگ؟!

له ‌کازێوه‌ی ته‌نگه‌به‌را

تێگه‌یشتم

شیعر و تفه‌نگ، دوو هاوپشتن

که‌چی بینیم،

شاعیرێک و پێشمه‌رگه‌یه‌ک،

ده‌ستیان له ‌یه‌ک که‌له‌بچه‌دا

به‌ره‌و مردن ده‌ڕۆیشتن!

 

1380 – 2001

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha