بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بڕیار –

بڕیار

 

 

ڕۆژێ له ‌ڕۆژان هه‌ژارێ

ویستی له ‌به‌رامبه‌ر دوژمن

ده‌نگ هه‌ڵبڕێ

مه‌به‌سته‌کانی ده‌ربڕێ

هه‌ر ده‌س‌به‌جێ

ده‌میان دووران

پۆله‌ چۆله‌که‌ی وشه‌یان

باڵ به‌سته‌ کرد!

ئێتر ئه‌ویش

هیچی نه‌گوت

بۆ ترۆپکی به‌رزی چیا سه‌ری هه‌ڵگرت

دای له ‌تاریکی شه‌وه‌زه‌نگ

هه‌موو وشه ‌به‌ندیه‌کانی کرده‌ گوللە ‌و

نایه ‌ناخی گه‌رمی تفه‌نگ!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕێبوار –

ڕێبوار

 

 

ڕێبوارێکم

به ‌قه‌د مێژوو وه‌رز و ساڵ و سه‌ده‌م دیوه

به ‌قه‌د مێژوو

چقڵی ڕێگام له‌نێو سینگ و دڵ چه‌قیوه‌!

به ‌قه‌د مێژوو

دێوه‌زمه‌ی به ‌سامی ڕێگا

له ‌ئاسمانی چاوه‌کانما

ئه‌ستێره‌ی گه‌شی چنیوه

به ‌قه‌د مێژوو

فرمێسکی چاوم سڕیوه!

ڕێبوارێکی چه‌واشه‌م و

خۆم نازانم بۆ کوێ ئه‌چم

تاریکه‌شه‌وی نووته‌که ‌و

ئه‌ستێره‌یه‌ک پێناکه‌نێ

هه‌ر لاقێکم به ‌لایێکا هه‌نگاو ئه‌نێ!

ده‌ستی ڕاست و ده‌ستی چه‌پم

به‌ قه‌د مه‌ودای سنووره‌کان له ‌یه‌ک دوورن!

جه‌سته‌یه‌کی بریندارم…

زامه‌کانم قووڵ و به‌تره‌ف و ناسۆرن

وه‌ک خه‌مێکی مێژینه‌م و

له ‌ناو کڵپه‌ی ئاگردانی ئه‌وینێکا هه‌ڵقرچاوم

وه‌ک ئاخێکی دووکه‌ڵاویم

هه‌ڵمی ناخێکی خنکاوم!

من ڕێبواری مێژووی تاڵی دڵی خۆمم!

هه‌ر ئه‌ڕۆم و هه‌ر ئه‌ڕۆم و هه‌ر جێماوم!

هاوار ئه‌که‌م!

ئه‌م ڕێگایه ‌نابڕێته‌وه

تا پێ به‌ شوێن یه‌کا نه‌چن

دڵ و گوڵی له‌ یه‌ک بڕاو ده‌ست له ‌ملی یه‌کتر نه‌که‌ن

ده‌ستی ڕاست و ده‌ستی چه‌پم به‌ یه‌ک نه‌گه‌ن

تا له ‌ژوانی ئه‌وینێکا په‌یمان تازه‌ نه‌کرێته‌وه

ئه‌م ڕێگایه ‌نابڕێته‌وه

نابڕێته‌وه!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕەجمم بکه‌ن، تاوانبارم –

ڕەجمم بکه‌ن، تاوانبارم

 

 

ڕەجمم بکه‌ن، تاوانبارم

سه‌رم بکه‌ن به بنچینه‌ی مناره‌تان

وه‌رن بمکه‌ن به ‌حه‌للاجێ

بۆ سه‌مای سه‌ر قه‌ناره‌تان

تاقه‌ شیعرێکم ناتوانن ده‌سته‌مۆ که‌ن

له‌ گێژە‌نی هه‌ستی خۆمدا نوقمه‌سارم!

ببن به‌خوا تووڕتان ده‌ده‌م

خوای وه‌ک ئێوه ناپه‌ره‌ستم

نابم به ‌به‌رد سه‌ری خه‌ڵکم پێ بشکێنن

نابم به‌ دار بۆ فه‌لاقه

چقڵی ئێوه‌ قه‌ت ناڕوێ

له‌ ناو بێستانی سه‌د ته‌رزم

بۆ ئێوه‌ قه‌ت لینی نابێ

خامه‌ی ڕە‌نگینی سه‌ربه‌رزم

سه‌ختم وێنه‌ی پۆڵا و ئاسن

شه‌پۆلێکی شێت و یاخیم

خه‌وی به‌نده‌ر ئه‌شێوێنم

دیلم ده‌که‌ن هانێ ده‌ستم

ئه‌وه‌ش گه‌رده‌ن هه‌ڵمواسن

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئیعدامی –

ئیعدامی

 

 

له ‌گۆڕە‌پانی شارێکا

جه‌لاده‌کان، داریان هه‌ڵخست

جاڕیان کێشا

ئه‌وه‌ی ویستیان…

به ‌ته‌شییه‌ کۆنه‌که‌ی خۆیان

بۆ خه‌ڵکیان ڕست

وتیان: تاوانی ئیعدامی

گه‌چڵاندنی خه‌وی شاره‌

سزای ئه‌وه‌ش له ‌قانوونی ئه‌ساسیدا

بۆ چاوترسێن خه‌ڵکی، داره!

وتیان: تاوانی ئیعدامی

ورووژانی بورکانه ‌دامرکاوه‌کان

بۆ ته‌کان و بوومه‌له‌رزه ‌و ئاژاوه‌یه

هێنانه‌وه‌ی ده‌نگی کوێستان

بۆ شڵه‌ژانی ئاسایشی ئه‌م وڵاته ‌ڕازاوه‌یه!

نیوه‌شه‌و بوو…

له ‌قاوشی زیندانێکا

ئیعدامییه‌ تاوانباره‌که

بیری له ‌کازێوه ‌ئه‌کرد

له ‌ژوورێکی پڕ خه‌یاڵی شاری خه‌ما

ژنێ بیره‌وه‌رییه‌کانی

ده‌نک ده‌نک

وه‌ک ملوانک،

بۆ گه‌ردنی کۆرپه‌ی هێشتا نه‌هاتووه‌که‌ی پێوه ‌ئه‌کرد!

له ‌گۆڕە‌پانی سامناکا

سه‌گ و پۆلیس ئه‌یانلووراند

له ‌ژووری دادگای شارا

کاربه‌ده‌ستان بۆ ئیعدامی

خه‌ڵاتیی مه‌رگیان ئه‌دووراند.

کاتژمێره‌ فێگرتووه‌که‌ی

کاکه‌ی تاوانباریش به‌له‌ز

شه‌وی ئه‌شکان

هاتن، هاتن…

قازی، مه‌لا، پۆلیس و میرغه‌زه‌ب هاتن

وتیان: هانێ! ئه‌وه ‌پێنووس

وه‌سییه‌تنامه‌که‌ت بنووسه‌

وتی: ده‌بێ سڵاو بنێرم بۆ کوێستان

وتیان: نابێ…

ئه‌ویش له‌ وه‌سییه‌تنامه‌دا

تفه‌نگه‌که‌ی دا به ‌سبه‌ی

داره‌که‌یان له‌ خه‌و هه‌ڵسان

وه‌نه‌وزی گۆڕه‌پان شکا

له ‌ژووری چۆڵ

تکێ فرمێسک

به ‌سه‌ر گۆنای ژنی ژانگرتوودا تکا!

ئاڵقه‌ی ته‌ناف زریکاندی

تاوانبار چوو به‌ره‌و ئاسمان

هه‌وره‌کانی کوێستان جمان

ژنی ژانگرتوو قیژاندی

کۆرپه‌ی سبه‌ی هاته‌ جیهان

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– من قه‌قنه‌سم –

من قه‌قنه‌سم

 

 

من قه‌قنه‌سم،

له ‌ئه‌فسانه ‌و له ‌مێژوودا ناوم هه‌یه

گه‌ر بمکوژن هه‌زاران جار

من خۆڵه‌مێش ئه‌که‌م به ‌هێلانه‌ی هاوار.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سه‌رئه‌نجام؟ –

سه‌رئه‌نجام؟

 

 

پرسیار، پرسیار…

تا چاو بڕ کات

خاڵ به‌ خاڵی ڕێگه ‌هه‌موو

هه‌ر پرسیاره

من ڕێبوارێکم ئه‌ناسی

به‌درێژایی ڕێگه‌ ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی

له ‌سێبه‌ری وڵامێکدا

نه‌ختێ ماندوویی خۆی ده‌رکا

سه‌رئه‌نجام له ‌ڕێگه، عاسی

خۆی به ‌ئا‌ڵقه‌ی پرسیارێکه‌وه‌ هه‌ڵواسی.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاواز –

ئاواز

 

 

دڵێکیان شکاند

شیعرێک قیژاندی

چه‌ند وشه‌ی باڵدار

خۆیان کرد به ‌ناو دڵۆپێ خوێنا

دڵۆپه ‌خوێنیش دای له‌ شه‌قه‌ی باڵ!

قامیشه‌ڵانی کرده ‌هێلانه

شوانێکی دڵدار

قامیشی بڕی

ئیتر له‌و ساوه

چه‌ند وشه‌ی باڵدار

وه‌ک کورته ‌شیعرێک

بوون به ‌ئاوازی نێو گه‌رووی شمشاڵ!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بێ‌قه‌رار –

بێ‌قه‌رار

 

 

من تاسه‌یه‌کی ئاواره‌م

هه‌ر ئه‌ڕۆم و

ڕێگا له‌ناو ته‌م و مژدا ونم ده‌کا!

هه‌ر ئه‌ڕۆم و

هه‌نگاوه ‌فێگرتووه‌کانم

به‌ره‌و نامۆی دوورم ده‌با!

من دڵداری ده‌ریایه‌کم

به‌ شه‌پۆله ‌یاخیه‌کانی

تینوویه‌تی هه‌موو وه‌رزه ‌نامۆییه‌کانم بشکێنێ

چه‌پکه ‌گڕێکی دوورکه‌وتووی کڵپه‌ی عه‌شقم

لرفه‌ ئه‌که‌م به‌ره‌و ئاسمان

به‌و ئاواته‌ی بمباته‌وه ‌بۆ ئاگردان!

گه‌رده‌لوولێ

نه‌رمه‌شنه‌ی‌ بای ئه‌وینێ!…

بێ‌قه‌رارم

نه‌هه‌نگێکی تووڕە‌ له‌ نێو گۆمی خوێنما ئه‌نرکێنێ

گیانم هه‌ڵمه‌ت بۆ مه‌رگ ئه‌بات

زۆر هه‌وڵ ئه‌ده‌م

ڕەمزی ئه‌وین له‌نێو دڵما بشارمه‌وه

نه‌کا له‌پڕ ئه‌وین‌کوژێ

شوێن پێی ئاسکی سڵی ده‌شتی خه‌یاڵ هه‌ڵکات!

خامه‌ی یاخی ئوقره ‌ناگرێ

ڕازه‌کانم ئه‌درکێنێ

وه‌ک مۆم له‌ نێو ئاگردانی ئه‌وینێکا هه‌ڵکورماوم!

تۆ ده‌ریامی

منیش زامێکی ناسۆرم

تینووی قومێ، تنۆکه‌يێ

چ

ۆ

ڕ

ێ

ئاوم!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تاوان –

تاوان

 

 

چونکه‌ ئه‌موت:

مرۆڤ ده‌بێ،

ئازاد و شاد و سه‌ر به‌ست بێ

شادی، دڵداری، ئازادی

بنه‌ڕە‌تی ژیان بێت و

بچووکترین وشه‌ی ئه‌وین

ماچ و ئاواز و هه‌ڵبه‌ست بێ .

دڵیان کۆڵیم

داخی هه‌زار خه‌میان چزان به ‌جه‌رگمه‌وه

مۆری سووری قاچاخ بوونیان

کوتا به ‌سه‌ر وشه ‌و شیعر و ده‌فته‌رمه‌وه!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– مه‌رگه‌سات –

مه‌رگه‌سات

 

 

ده‌سڕێژ ئه‌که‌ن

ده‌سڕێژ ئه‌که‌ن

له‌ هه‌ر لاوه‌ ده‌سڕێژ ئه‌که‌ن

په‌ڕ و باڵی کۆتری ته‌نیای ئه‌ندێشه‌یه

به‌ ده‌م باوه ‌سه‌ما ده‌کات

ئاسمان قۆرخ

زه‌وی قه‌ڵه‌مڕە‌وی تفه‌نگ

شیعر مه‌لێکی سڵۆکه

هه‌ر که ‌هێلانه‌ی به‌جێ‌هێشت

نازانێ له‌م مه‌رگه‌ساته

بۆ کوێ بفڕێ

په‌نا بۆ کام داڵده‌ ببات.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha