بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئیعدامی –

ئیعدامی

 

 

له ‌گۆڕە‌پانی شارێکا

جه‌لاده‌کان، داریان هه‌ڵخست

جاڕیان کێشا

ئه‌وه‌ی ویستیان…

به ‌ته‌شییه‌ کۆنه‌که‌ی خۆیان

بۆ خه‌ڵکیان ڕست

وتیان: تاوانی ئیعدامی

گه‌چڵاندنی خه‌وی شاره‌

سزای ئه‌وه‌ش له ‌قانوونی ئه‌ساسیدا

بۆ چاوترسێن خه‌ڵکی، داره!

وتیان: تاوانی ئیعدامی

ورووژانی بورکانه ‌دامرکاوه‌کان

بۆ ته‌کان و بوومه‌له‌رزه ‌و ئاژاوه‌یه

هێنانه‌وه‌ی ده‌نگی کوێستان

بۆ شڵه‌ژانی ئاسایشی ئه‌م وڵاته ‌ڕازاوه‌یه!

نیوه‌شه‌و بوو…

له ‌قاوشی زیندانێکا

ئیعدامییه‌ تاوانباره‌که

بیری له ‌کازێوه ‌ئه‌کرد

له ‌ژوورێکی پڕ خه‌یاڵی شاری خه‌ما

ژنێ بیره‌وه‌رییه‌کانی

ده‌نک ده‌نک

وه‌ک ملوانک،

بۆ گه‌ردنی کۆرپه‌ی هێشتا نه‌هاتووه‌که‌ی پێوه ‌ئه‌کرد!

له ‌گۆڕە‌پانی سامناکا

سه‌گ و پۆلیس ئه‌یانلووراند

له ‌ژووری دادگای شارا

کاربه‌ده‌ستان بۆ ئیعدامی

خه‌ڵاتیی مه‌رگیان ئه‌دووراند.

کاتژمێره‌ فێگرتووه‌که‌ی

کاکه‌ی تاوانباریش به‌له‌ز

شه‌وی ئه‌شکان

هاتن، هاتن…

قازی، مه‌لا، پۆلیس و میرغه‌زه‌ب هاتن

وتیان: هانێ! ئه‌وه ‌پێنووس

وه‌سییه‌تنامه‌که‌ت بنووسه‌

وتی: ده‌بێ سڵاو بنێرم بۆ کوێستان

وتیان: نابێ…

ئه‌ویش له‌ وه‌سییه‌تنامه‌دا

تفه‌نگه‌که‌ی دا به ‌سبه‌ی

داره‌که‌یان له‌ خه‌و هه‌ڵسان

وه‌نه‌وزی گۆڕه‌پان شکا

له ‌ژووری چۆڵ

تکێ فرمێسک

به ‌سه‌ر گۆنای ژنی ژانگرتوودا تکا!

ئاڵقه‌ی ته‌ناف زریکاندی

تاوانبار چوو به‌ره‌و ئاسمان

هه‌وره‌کانی کوێستان جمان

ژنی ژانگرتوو قیژاندی

کۆرپه‌ی سبه‌ی هاته‌ جیهان

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– من قه‌قنه‌سم –

من قه‌قنه‌سم

 

 

من قه‌قنه‌سم،

له ‌ئه‌فسانه ‌و له ‌مێژوودا ناوم هه‌یه

گه‌ر بمکوژن هه‌زاران جار

من خۆڵه‌مێش ئه‌که‌م به ‌هێلانه‌ی هاوار.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سه‌رئه‌نجام؟ –

سه‌رئه‌نجام؟

 

 

پرسیار، پرسیار…

تا چاو بڕ کات

خاڵ به‌ خاڵی ڕێگه ‌هه‌موو

هه‌ر پرسیاره

من ڕێبوارێکم ئه‌ناسی

به‌درێژایی ڕێگه‌ ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی

له ‌سێبه‌ری وڵامێکدا

نه‌ختێ ماندوویی خۆی ده‌رکا

سه‌رئه‌نجام له ‌ڕێگه، عاسی

خۆی به ‌ئا‌ڵقه‌ی پرسیارێکه‌وه‌ هه‌ڵواسی.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاواز –

ئاواز

 

 

دڵێکیان شکاند

شیعرێک قیژاندی

چه‌ند وشه‌ی باڵدار

خۆیان کرد به ‌ناو دڵۆپێ خوێنا

دڵۆپه ‌خوێنیش دای له‌ شه‌قه‌ی باڵ!

قامیشه‌ڵانی کرده ‌هێلانه

شوانێکی دڵدار

قامیشی بڕی

ئیتر له‌و ساوه

چه‌ند وشه‌ی باڵدار

وه‌ک کورته ‌شیعرێک

بوون به ‌ئاوازی نێو گه‌رووی شمشاڵ!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بێ‌قه‌رار –

بێ‌قه‌رار

 

 

من تاسه‌یه‌کی ئاواره‌م

هه‌ر ئه‌ڕۆم و

ڕێگا له‌ناو ته‌م و مژدا ونم ده‌کا!

هه‌ر ئه‌ڕۆم و

هه‌نگاوه ‌فێگرتووه‌کانم

به‌ره‌و نامۆی دوورم ده‌با!

من دڵداری ده‌ریایه‌کم

به‌ شه‌پۆله ‌یاخیه‌کانی

تینوویه‌تی هه‌موو وه‌رزه ‌نامۆییه‌کانم بشکێنێ

چه‌پکه ‌گڕێکی دوورکه‌وتووی کڵپه‌ی عه‌شقم

لرفه‌ ئه‌که‌م به‌ره‌و ئاسمان

به‌و ئاواته‌ی بمباته‌وه ‌بۆ ئاگردان!

گه‌رده‌لوولێ

نه‌رمه‌شنه‌ی‌ بای ئه‌وینێ!…

بێ‌قه‌رارم

نه‌هه‌نگێکی تووڕە‌ له‌ نێو گۆمی خوێنما ئه‌نرکێنێ

گیانم هه‌ڵمه‌ت بۆ مه‌رگ ئه‌بات

زۆر هه‌وڵ ئه‌ده‌م

ڕەمزی ئه‌وین له‌نێو دڵما بشارمه‌وه

نه‌کا له‌پڕ ئه‌وین‌کوژێ

شوێن پێی ئاسکی سڵی ده‌شتی خه‌یاڵ هه‌ڵکات!

خامه‌ی یاخی ئوقره ‌ناگرێ

ڕازه‌کانم ئه‌درکێنێ

وه‌ک مۆم له‌ نێو ئاگردانی ئه‌وینێکا هه‌ڵکورماوم!

تۆ ده‌ریامی

منیش زامێکی ناسۆرم

تینووی قومێ، تنۆکه‌يێ

چ

ۆ

ڕ

ێ

ئاوم!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تاوان –

تاوان

 

 

چونکه‌ ئه‌موت:

مرۆڤ ده‌بێ،

ئازاد و شاد و سه‌ر به‌ست بێ

شادی، دڵداری، ئازادی

بنه‌ڕە‌تی ژیان بێت و

بچووکترین وشه‌ی ئه‌وین

ماچ و ئاواز و هه‌ڵبه‌ست بێ .

دڵیان کۆڵیم

داخی هه‌زار خه‌میان چزان به ‌جه‌رگمه‌وه

مۆری سووری قاچاخ بوونیان

کوتا به ‌سه‌ر وشه ‌و شیعر و ده‌فته‌رمه‌وه!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– مه‌رگه‌سات –

مه‌رگه‌سات

 

 

ده‌سڕێژ ئه‌که‌ن

ده‌سڕێژ ئه‌که‌ن

له‌ هه‌ر لاوه‌ ده‌سڕێژ ئه‌که‌ن

په‌ڕ و باڵی کۆتری ته‌نیای ئه‌ندێشه‌یه

به‌ ده‌م باوه ‌سه‌ما ده‌کات

ئاسمان قۆرخ

زه‌وی قه‌ڵه‌مڕە‌وی تفه‌نگ

شیعر مه‌لێکی سڵۆکه

هه‌ر که ‌هێلانه‌ی به‌جێ‌هێشت

نازانێ له‌م مه‌رگه‌ساته

بۆ کوێ بفڕێ

په‌نا بۆ کام داڵده‌ ببات.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ده‌رفه‌ت –

ده‌رفه‌ت

 

 

من زۆر له ‌غه‌ریبی ده‌ترسم

وه‌ره ‌با باوه‌شت بکه‌م به ‌نیشتمان

به‌ وه‌رزی زریاندا ڕە‌ت ده‌بم

هه‌تا دێم هه‌ستمه‌وه

شه‌پۆلێ به ‌سه‌رما ده‌ڕووخێ

ئه‌مخاته‌ گێژە‌نی بێ‌ئامان!

هه‌تا چاو بڕ ئه‌کات

شه‌پۆل و گێژاوه

ده‌ست کورتتر له‌وه‌م که…

له ‌پاپۆڕ دانيشم

به‌له‌می هیواشم شکاوه!

وه‌ره‌ وه‌ک به‌نده‌رێ

ئامێزت بکه‌م به‌ له‌نگه‌رم

ته‌نیایی ده‌ستڕێژم لێئه‌کات

من زۆر له‌ غه‌ریبی ده‌ترسم

بانگم که…

با ئه‌وین بکه‌م به ‌سه‌نگه‌رم

شکاوه، شکاوه…

به‌له‌می نه‌جاتم شکاوه

من بۆنی هه‌ڵۆ له ‌هه‌ناسه‌ی بای زریان ده‌بیسم

وادیاره‌ بۆ کۆتر ده‌رفه‌تێ نه‌ماوه.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سوارۆ –

سوارۆ

 

 

له‌سه‌ر یاڵی قۆناخ

برووسکه‌ی پزیسکی ناڵ و به‌رده

که‌ وه‌حشه‌ت ئه‌خاته ‌دڵی دۆڵی مێژوو!

خه‌وی زینده‌وه‌ر ڕاده‌چێنێ

قریوه‌ی سوار و پڕمه‌ی که‌حیل

وه ‌زرمه‌ی له‌ یه‌کدانی تاوێر و قرمه‌ی هه‌ره‌س!

شه‌ڕی گاشه‌به‌رد و سمی ئه‌سپه‌ له‌م ده‌رنگانه‌ وه‌خته.

سوارۆ گڕێکه ‌که ‌شه‌و ڕاده‌ماڵێ

سوارۆ شه‌مێکه‌ که ‌سێبه‌ر سه‌ر ئه‌بڕێ

سوارۆ سه‌مای عیشق و خوێنه

سوارۆ په‌یامی به‌هاره

سوارۆ چرۆی به‌ر به‌رۆکی ژیان و گوڵووکی ئه‌وینه

خودایه! ئه‌گه‌ر ئه‌م سواره

نه‌گاته ‌بنار

دڵی ڕاده‌وه‌ستێ له ‌لێدان و خورپه

گوڵی سووری سه‌ر تۆپ

که ‌ئاوی دراوه ‌به‌ ئه‌سرینی چاوی هه‌زاران هه‌زار!

شه‌وێکی دزیوه

به‌قه‌د چۆمی سیروان به‌ری پێوه‌ماوه‌.

هه‌تا تیشک هاوێژ

زگی هه‌ڵمساوه‌ به‌ پیلانێ ناحه‌ز ده‌ڵێی ئاوسه‌

خودایه‌! له‌ پزدانی ئه‌م قه‌حبه‌ زۆڵێک

له‌پڕ ده‌رپه‌ڕێت و

ژوان بێته‌ ژان و ژوانگه‌ مه‌زار!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– گه‌ڕانه‌وه –

گه‌ڕانه‌وه

 

 

گه‌لێ یاران!

کاتێ مردم، ده‌خیلتان بم!

له‌م غه‌ریبستانه‌ مه‌منێژن

جه‌سته‌ ماندوو خه‌مڕێژە‌که‌م بسووتێنن

خۆڵه‌مێشه ‌خه‌مباره‌که‌م

به ‌ئاوی دیجله ‌بسپێرن!

دیجله‌ ده‌مبا بۆ ئوقیانووس

ده‌بمه ‌هه‌ڵم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئاسمان

بای زریانیش هه‌ڵده‌کات و

جه‌سته‌ی سپی چه‌شنی هه‌ورم

ده‌باته‌وه ‌بۆ کوردستان!

دڵته‌نگ، دڵته‌نگ

له‌ سه‌رچاوکه‌ی ژیانه‌وه

چه‌شنی هه‌ورێکی خه‌ماژۆ، داده‌بارێم

له‌ کوێستان و له ‌پێده‌شت و دارستانا

داده‌بارێم، تۆزقاڵ تۆزقاڵ

ژیله‌مۆی دڵ، دابه‌ش ده‌که‌م

به ‌سه‌ر هه‌موو کوردستانا!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha