جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ژوانی کورده‌واری –

ژوانی کورده‌واری

 

 

گونجێکی تاریک

دوو سێبه‌ری سڵ

له‌ یه‌کتر ئاڵاو

به ‌پسکه‌پسک و هه‌ناسه‌بڕکێ!

ته‌مه‌ننای نیگای دوو چاوی شه‌یدا

کسپه ‌و خورپه‌ی دڵ

کڵپه‌ی ئه‌وین و بڵێسه‌ی ئاگر

ده‌ستێکی له‌رزۆک

مه‌ڕمه‌ڕی سینگ و

له‌ره‌ و ته‌کانی دوو مه‌مکۆڵه‌ی خڕ!

سرته‌ی دوو لێوی تامه‌زرۆی یه‌کتر

تک‌تک ئاونگی عاره‌قه‌ی شه‌رم

له‌سه‌ر په‌ڕە‌ی گوڵ

له‌ناکاو چرپه‌ی پێی ڕێبوارێک و

سڵی ئاسکێک و

کۆڵانێکی پڕ

له ‌زرینگه ‌و بۆنی بازنه ‌و سمڵ!

 

8/5/1377 – July 30, 1998

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– قه‌قنه‌س –

قه‌قنه‌س

 

 

تاریکه ‌و شه‌وه‌زه‌نگ

گه‌له‌ گورگ

ده‌وریان لێداوم

چرایه‌ک ناسووتێ،

چرای ده‌روونی خۆم نه‌بێ.

ڕوون ناکات ترووسکه‌یه‌ک

ڕێگه‌ی به‌ر هه‌نگاوم!

سه‌گ‌وه‌ڕە‌ و لووره‌ی گورگ

که‌وتوومه ‌نێو بۆسه‌ی چه‌ند جه‌رده‌ی په‌تیاره!

یه‌کێ له‌م بناره

یه‌کێکیان له‌و گرده

یه‌کێ‌تر له‌م دۆڵه

یه‌کێ له‌و که‌ناره!

چرایه‌ک ناسووتێ

باش ڕێگا نابینم

په‌روانه‌ی بێ‌ئۆقره‌م

چه‌واشه‌ی ئه‌وینم

گه‌له‌گورگ

خێڵی سه‌گ

ڕێگه‌یان ته‌نیوم

دانیشم به ‌هه‌وای کام ناکه‌س

هه‌ڵده‌ستم

خۆم ئه‌که‌م به ‌ئاگر

مه‌رگ ئه‌که‌م به‌ گه‌رای ژینی نوێ

وه‌ک قه‌قنه‌س

 

1371 – 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوو تابلۆی ژیان –

دوو تابلۆی ژیان

 

 

-1-

 

چاوه‌ڕوانین!

هه‌موو کاته‌کانی ژینمان

چاوه‌ڕوانی ڕووداوێکین

ڕووداوه‌کان ڕوو ده‌ده‌ن و

ئێمه‌ هه‌روا چاوه‌ڕوانین!

له‌دایک‌بوون، ڕووداوێکه

مردن ڕووداوێکی دیکه

ژین مه‌ترسی نێوان ئه‌و دوو ڕووداوه‌یه!

 

 

-2-

 

ژیان، خاچێکی گرانه

من، وه‌ک عیسا

به‌ره‌‌و گردی یاخی‌بوونم

کێشی ده‌که‌م!

یان گاشه‌به‌ردی تاوانه

من وه‌ک سیزیف

له ‌بناری منداڵییه‌وه

هه‌تا لووتکه‌ی مه‌رگی ده‌به‌م!

هه‌رچه‌ند بارم زۆر گرانه ‌و

هه‌زار ساڵه

ئه‌م هه‌ورازه‌ تووشه‌ ده‌بڕم

به‌ڵام شادم

که ‌سه‌رئه‌نجام

له‌ جولجوتای عیشقا ده‌مرم!

 

1377 – 1998

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– په‌ری شیعر –

په‌ری شیعر

 

 

بارانێکی لێڵ ده‌بارێ

له‌ به‌ر ده‌رکه‌ی هه‌ڵبه‌ستێکا ڕاوه‌ستاوم

دڵم پڕیه ‌له‌ هه‌نسک و

چاوم ته‌ژی پڕمه‌ی گریان

په‌ری!

ده‌رکه‌م لێ که‌ره‌وه

خه‌م خه‌ریکه ‌دڵم ئه‌خوات، پێده‌که‌نێ

هاکا له‌به‌ر ده‌رکه‌که‌تا

سینگی شه‌ق بێ گوڵ‌خه‌نده‌ران!

په‌ری!

ده‌رکه‌م لێ که‌ره‌وه

دڵم ته‌نگه ‌ده‌خیلت بم

گۆڕی بێ ده‌نگی تاریکه‌

وه‌ره‌ له ‌ناو باخچه‌ی دڵما بچریکێنه

به‌بێ قام و حه‌یران ده‌مرم!

هاوار نه‌که‌م ئه‌م ئازاره ‌ده‌مخنکێنێ.

په‌ری!

وه‌ک هه‌ور بگرمێنه

سینگه ‌شه‌قاره‌که‌م ته‌ڕ که

سۆزی دڵم دامرکێنه

په‌ری!

ئیمشه‌و دانه‌باری ئاگر ئه‌گرم

تۆ خوا په‌ری! لێم مه‌تۆره

بۆ تۆ پشتم له ‌دنیا کرد

بووم به ‌شاعیر، خۆم ڕیسوا کرد

نه‌مزانی تۆ تۆفانێکی بێ‌ئامانی

ده‌ریایه‌کی بێ‌به‌نده‌ر و خرۆشانی.

من ئه‌مزانی هه‌زاران دڵ

له ‌ته‌نووری تۆفانی تۆدا خنکاوه

من ئه‌مزانی تۆ ئاگری

گیانی هه‌زاران په‌پووله

بۆ گه‌یشتن ‌به‌ سه‌رچاوکه‌ی تیشکی ڕوخسارت سووتاوه!

به‌ڵام هاتم

خۆشه‌ویستی تۆم کرده ‌ڕێی هات‌ونه‌هات

وه‌ک شه‌پۆلێکی نائارام

ڕووم کرده ‌به‌حری کاره‌سات

په‌ری!

ده‌رکه‌م لێ که‌ره‌وه

بارانێکی لێڵ ده‌بارێ

ئیمشه‌و هاتووم…

خه‌مه‌کانم له ‌باوه‌شتا بتوێنمه‌وه

ته‌مه‌نێکه ‌ڕێگا ده‌بڕم

که‌وشی پۆڵام داڕزاوه

گۆچانی ئاسنم شکاوه

توێشه ‌خاڵی، ڕۆحم ته‌نیا

خۆم غه‌ریب و دڵم هێلانه‌ی باڵنده‌ی

هه‌زار ئاواتی سووتاوه!

په‌ری!

ده‌رکه‌م لێ که‌ره‌وه

ئه‌وناقم کرد!

ڕۆحم وێنه‌ی چۆله‌که‌ی به‌ر لێزمه‌ی باران هه‌ڵده‌له‌رزێ

له ‌به‌ر ده‌رکه‌ی ماڵه‌که‌تا ڕاوه‌ستاوم

بارانێکی لێڵ ده‌بارێ

شه‌و دره‌نگه، دڵ خاوێره

ڕۆحی ته‌نیام به ‌شه‌پۆلی خۆت بسپێره

وه‌ره ‌بۆ ناو هه‌ستی ئاڵۆز و شێواوم

ئه‌ی فریشته، ئه‌ی شیعری جوانی ‌دڵداری!

ئیمشه‌و هاتووم

‌هاواری فرمێسک و خوێن بهۆنمه‌وه

بتکه‌م به دوایین نرکه‌ی شیعر و به‌سته‌ی ڕزگاری!

 

7/8/1371 – October 29, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– که‌نیشکه ‌ئوغر‌ بێ –

که‌نیشکه ‌ئوغر‌ بێ

بۆ کۆچه ‌سووره‌که‌ی ژیلا

 

 

به‌رامبه‌ر ئاوێنه ‌ڕاوه‌ستا

دوو په‌لکه ‌شۆڕەکه‌ی کرده‌وه

کراسێکی سپی ئاودامانی له‌به‌ر کرد

مه‌لێکی غه‌ریب له ‌دووره‌وه ‌ناڵاندی!

ئه‌م ڕایکرد

په‌نجه‌ره‌ی کرده‌وه،

باڵنده‌ی ڕۆحی له ‌ناو ڕکه‌ی جه‌سته‌یا زریکاندی!

دیوانه‌ شیعره‌که‌ی هه‌ڵگرت و

ئاخێکی هه‌ڵکێشا

وه‌ک بڵێی ئاخرین دیداره!

دڵۆپێ فرمێسکی هه‌ڵڕشت و

لاپه‌ڕە‌لاپه‌ڕە ‌هه‌مووی ‌دا ده‌م باوه

چی واژە‌ی شیعر بوو، هه‌ڵفڕین

وه‌ک پۆله‌ کۆتری ئاواره!

ئه‌سپێکی سپی له ‌به‌ر ده‌رکه‌ حیلاندی

هه‌زاران په‌پووله

گه‌مارۆی سه‌ریان‌ دا

وه‌ک پۆلي په‌رییان

خاتووزین به‌ڕێ که‌ن، بۆ لای مه‌م!

که‌نیشکی خوای جوانی

باڵنده‌ی ڕۆحی له ‌ناو ڕکه‌ی ده‌روونیا

بۆ ئاسمان ئه‌یڕوانی!

که‌نیشکه ‌ئۆغر ‌بێ!

 

ئه‌م ئه‌سپه ‌سه‌رشێته‌ و

ڕێگه‌ی کۆچ بێ‌به‌خته!

سه‌برکه ‌با سێبه‌ر بێته‌وه، ناوه‌خته!

نا، ده‌بێ هه‌ر بڕۆم

ئیتر لای ئێوه ‌خۆش

دڵدار‌م له ‌دوایین ژوانگه‌دا

چاوه‌ڕوانی من ده‌کا!

گیانه‌که‌م!

ئاخر بۆ وا بێده‌نگ؟!

له‌ دوای تۆ، کێ ده‌ستی دایکانه

به ‌سه‌ر ئه‌م شیعرانا ده‌هێنێ

به ‌با‌یان ئه‌سپێرم

با زه‌وی پڕ بکه‌ن

له‌ وشه‌ی ڕە‌نگاوڕە‌نگ!

که‌نیشکه‌!

بۆ هێنده ‌به‌په‌له‌ی

نه‌ختێ‌تر دانیشه ‌له ‌لامان

با تێر تێر بتبینن

تاسه‌مان هێشتا لێت نه‌شکاوه‌

ئه‌زانم دڵت له‌م دنیایه بێزاره!

ده‌روونت له ‌نیشی دووپشکی وڵاتی ئه‌وین‌کوژ زامداره!

زۆر تیری تانه‌ت لێدراوه

به‌ڵام ئه‌ی شاگوڵی باخی ژین

نه‌ختێ‌تر دانیشه

هه‌تاکوو ئێواره ‌زۆر ماوه

خه‌زان زۆر ناکێشێ

وه‌رزێ‌تر به‌هاره

به‌جێمان مه‌هێڵه…

تۆ تامی ژیان و نمه‌کی زه‌وینی

له ‌دوای تۆ به‌ره‌و کام ڕووگه‌ی عه‌شق ڕاوه‌ستین

تۆ قیبله‌ی ئه‌وینی.

 

سوار بوو… سوار بوو

«ئه‌ی هه‌ره‌س به ماڵم»

هه‌وره‌کان لێک ئاڵان

ئاسمان ده‌ستی به ‌گریان کرد

چی دار ئه‌رخه‌وان بوو

له‌ سۆزی ئه‌م کۆچه

قژ خۆیان هه‌ڵڕنی

گه‌ڵایان له ‌باڵا هه‌ڵوه‌ران

کۆڕژنی ئه‌سپه‌شێ

زه‌وینی ڕاچڵه‌کان

هه‌ناسه ‌له ‌سینگی زه‌ماندا، حه‌په‌سا

هه‌زاران په‌پووله

«شه‌م» یان بۆ جێژوانی«دێوانه» ئه‌برد و ئه‌گریان!

«ئه‌ی هه‌ره‌س به‌ماڵم»

ئه‌سپه‌شێ گلاندی

زاوای مه‌رگ…

ئامێزی کرده‌وه و دوا بزه‌ی شیرینی

وه‌ک دوایین هۆنراوه‌ی

زه‌وینی خه‌نی کرد

که‌ژاوه‌ی خوای ئه‌وین، هاته‌ خوار

ته‌رمه‌که‌ی له ‌ئاخڵه‌ی تیشک پێچا و

که‌نیشکه ‌غه‌ریبه ‌جوانه‌که‌ی برده‌وه

 

11/7/1375 – October 2, 1996

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تاراوگه –

تاراوگه

 

 

ده‌رفه‌ت نه‌ماوه

جیهان به‌هه‌شتاو

به‌ره‌و سه‌ره‌تای ئه‌گه‌ڕێته‌وه!

خواکانی زه‌وی،

ده‌فری ئاسمانیان

له‌ ئه‌ستێره و ‌ڕۆژ، له ‌مانگ دا‌ته‌کان

وه‌رز له ‌قۆناخی خۆی ڕاپه‌ڕیوه

شێواوه ‌و زه‌مان

ده‌سووڕێته‌وه ‌به ‌ده‌ور مه‌داری مردنا، دنیا…

به‌ره‌و کوێ ده‌به‌ن؟

بۆ کام تاراوگه

بۆ کام مه‌رگه‌جاڕ

ئینسانی ته‌نیا؟!

 

له ‌هه‌موو لاوه…

ڕووباری خوێنه

ده‌ڕژێته ‌ده‌ریای قووڵی سه‌ده‌ی بیست!

ڕێگه‌ی ڕزگاری مرۆڤ به‌سراوه

له‌م که‌ویره‌دا،

شه‌که‌ت و ماندوو

ڕوو له ‌هه‌ر لایێ ده‌که‌ی سه‌رابه

بارانی ده‌رد و ڕە‌نجه ‌ده‌بارێ

بۆ باڵنده‌ی دیل، په‌رواز خه‌ونێکه ‌و

ئاسمان قۆرخه

زه‌وی بست‌ به ‌بست

ته‌پکه‌ی ده‌ستکرد و تامووسک و داوه!

 

28/12/1376 – February 17, 1998

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– قوله‌ی قافی ئاوات –

قوله‌ی قافی ئاوات

 

 

شه‌که‌ت، نوقمی تۆز و غوباری بیابانی کاکی‌به‌کاکی

ئه‌گه‌رچی شه‌ڵاڵی خوێناوی سپێده‌ی ئه‌وینم

مله‌ی تووشی ژینه ‌له ‌ڕێما وه‌ره

له‌گه‌ڵما به ‌له‌م سه‌خته ‌هه‌ورازه ‌به‌رزه

که‌ ئاسته‌نگه ‌ڕێیه ‌و ده‌ڕۆم هه‌ر شه‌قاوێ به ‌چه‌نگه‌کڕێ

به ‌ئانیشک و ئه‌ژنۆ

چقڵ شینه‌ بزمار، هه‌وا ژار، ڕێگه‌ مه‌کۆی ماره

من چه‌سپی زه‌وی

مه‌گه‌ر هه‌ر به ‌ئه‌عجازی جه‌زمی ئه‌وین سه‌رکه‌وم

له‌م هه‌زار و هه‌زاره!

چلۆن ڕێ بپێوم

به‌ ودمی چ هێزێ؟

ده‌گه‌م و هه‌واره‌ی که‌ هۆبه‌ی ئه‌وینه

که ‌دڵ خه‌سته، دیله، به‌زنجیری عه‌شقت دراوه ‌شه‌ته‌ک!

سوار، چاره‌نووسه

له‌غاوی ژیانم ده‌كێشێ

به‌ره‌و نادیاری

وه‌ من ڕۆ ده‌چم، هه‌ر به‌ره‌و ناخی زوڵمه‌ت

ده‌ڵێی وه‌ک تفێکم

هه‌ڵمداوی بۆ نێو مه‌زاری ئه‌م زه‌وینه!

به‌ڵام من

که ‌دانانه‌وێنم له‌ هه‌مبه‌ر فه‌ڵه‌کدا سه‌رم

شه‌ڕە‌نگێز و یاخیم له ‌مه‌رگ و نه‌مان

هه‌تا جه‌غزی مێرگی به ‌ئه‌شک ئاودراوی ده‌ره‌ی سه‌وزی ژین

هه‌ر ده‌ڕۆم و ده‌ڕۆم

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێ به ‌تاڵانه‌خه‌نجه‌ر زه‌وین و زه‌مان!

به‌ره‌و ڕوومه‌ دێ له‌م بناره، په‌یاپه‌ی

له‌هه‌ر لاوه ‌تاوێر

ئه‌گه‌رچی ژیانی به‌ ئه‌م چه‌شنه ‌ڕژده

وه‌کوو که‌کره ‌تاڵه

به‌ره‌و ژووره، بۆ دونده، ڕێگه‌م

هه‌تاکوو له‌غاوی مه‌به‌ستم

له ‌زاری چیاکۆ نه‌به‌ستم

هه‌دادان و وه‌ستان

مه‌حاڵه، مه‌حاڵه!

وه‌ گوڵخه‌نده‌رانه ‌مه‌به‌ستم

ڕواوه ‌له ‌پۆپه‌ی قوله‌ی قافی ئاوات!

 

ده‌بێ زین له‌ کۆڵی مله‌ی تووشی ژین که‌م

بڕۆم و نه‌وه‌ستان ببێ به ‌دروشمم

خۆڵی بۆڕ و مردن له‌ چاوی فه‌ڵه‌ک که‌م

بڕۆم تاکوو ئه‌شکێ ڕکه‌ی ته‌سکی دیلی

به‌ قووه‌ی ئه‌وین گۆڕە‌پانی فه‌ڵه‌ک که‌م به ‌شانۆی سه‌مای ڕۆح

له‌ ئاستی به‌شه‌ردا

جیهان مێوه، ده‌کرێ بگۆڕدرێ به ‌هه‌رچی

ده‌ڕووخێنم ئه‌م نه‌زمه

ده‌کارم، ده‌کارم

جیهانێکی دیکه‌ بخوڵقێنم ئه‌مما

ئه‌گه‌ر بێی له‌گه‌ڵما!

 

26/11/1375 – February 17, 1997

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– هه‌ڵه‌بجه –

هه‌ڵه‌بجه

 

 

هه‌ڵه‌بجه،

زا‌مێکی ناسۆره

هه‌ر زووخی لێ ئه‌تکێ

ئه‌ڕژێته ‌ناو گۆمی خنکاوی ویژدانی سه‌ده‌ی بیست!

هاواری هه‌ڵه‌بجه

ئاسمانی ڕاچڵه‌کاند

خوا تف و له‌عنه‌تی له‌ سیمای زه‌وی ‌کرد.

موویه‌ک له‌ لاشه‌ی ئه‌م ده‌عبایه ‌نه‌بزووت.

دنیای که‌ڕ، هاواری پێنج هه‌زار په‌پووله‌ی

دیلی نێو دۆزه‌خی شه‌یتانی هه‌ر نه‌بیست!

له‌ مێژوو بپرسن

نه‌ورۆزی کام وڵات

ئاوری ‌کۆگای قژ، بسکی خاو…

ژیله‌مۆی برژانگی چاوی جوان

کاکۆڵ و په‌رچه‌می منداڵی ساوایه!

ئه‌مه ‌نه‌ ئاکامی ئاکاری خۆمانه ‌و

نه‌ ده‌ستی چاره‌نووس

یاسای ده‌ستکردی به‌دخواکانی زه‌وینه.

له ‌ئاسمان بپرسن

زه‌وینی پڕ تاوان

به‌ستێنی جه‌ولانی کام خوایه!

هه‌ڵه‌بجه!

هاواری ئینسانه‌

ئینسانی بێ‌په‌نا و ته‌نیای‌ ئه‌م زه‌مانه

وه‌ک ڕە‌وه‌ئاسکێکه، بێ‌داڵده

له‌ هه‌موو لایێکه‌وه ‌ده‌ستڕێژی لێ ئه‌که‌ن

بۆ هه‌ر لا ڕوو ده‌کا هه‌ر ته‌ڵه ‌و هه‌ر داوه!

هه‌ڵه‌بجه، شکاتی گه‌لێکه

وڵات به ‌وڵات و شار به ‌شار ده‌یگێڕم

نازانم له‌ کامه ‌دادگای عادڵدا، وه‌ک تفێک

ته‌ژی له‌ نه‌فره‌ت و ڕق و قین

هه‌ڵیداوێمه‌ نێو چاوانی ئه‌م قه‌ڕنه ‌به‌دناوه!

 

12/1368 – February, 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– درۆ –

درۆ

 

 

به ‌ئه‌م هه‌وره‌ قسره

نه ‌ئاسمان ئه‌زێت و

نه ‌قاقڕ به ‌شینکه ‌ئه‌خه‌مڵێ

گوڵم! وا مه‌نۆڕە

له ‌نیسێ به‌ ئه‌و لاوه ‌نینه

تریشقه‌ش ئه‌گه‌ر بێ

وه‌کووو ده‌وڵه، به‌س ده‌نگه، بۆشه!

ئه‌من شه‌و نه‌خه‌وتم

هه‌تا ژوانی پیلان

له‌ سرته‌ و چپه‌ی گه‌رده‌لوول و هه‌ور تێگه‌یشتم

دژی خاک ئه‌دوان

گوڵم! وا مه‌نۆڕە‌

درۆیه، فریوێکی نوێیه

له‌چاویان وه‌شێره‌

چ بۆن و به‌رامه‌ت له‌کۆشه!

 

5/4/1370 – June 26, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاخ باران! –

ئاخ باران!

 

 

چه‌ندی ماوه؟

تا په‌ڵه‌ی ئه‌م ڕۆحه ‌دیله‌ قاقڕەم، چه‌ن وه‌رز

هه‌وری چه‌ن پاییزی خوێناوی؟

ئه‌م که‌ویره ‌تاکوو ئاسمان…

هێنده‌ دووره، ده‌ستی باران

ناگه‌يێته ‌ناخی خنکاوی!

ئه‌م گوڵه ‌نیلووپه‌ڕە‌ی ژاکاوی ده‌ستی لم

تا که‌مه‌رچینی ئه‌سیری زبڵ و زاڵی پیسی زه‌لکاوه!

هه‌وڵ ئه‌دا خۆی هه‌ڵکشێت و

له‌م سنووره ‌ته‌متومانه ‌تێپه‌ڕێ تا ئه‌وپه‌ڕی گه‌ردوون!

ده‌ست و باڵی هه‌ڵبڕیوه، ڕوو به ‌تیشکی ڕۆژ

ڕیشه‌ تا ناخی قوڕ و لیته

چه‌ن هه‌زار ئاواتی سه‌وزی له‌م سیا ئه‌ستێره ‌خنکاوه!

ئاخ باران!

که‌ی ده‌بێته‌ لێزمه‌ بارانێ

چی که‌لاکی بۆگه‌نیوی خاکپه‌روه‌ر

له‌م زه‌وینه ‌ڕۆح‌کوژە‌ی به‌دناوه‌ ڕاماڵێ

هه‌ر دڕوو ده‌ڕوێ

خێڵی گوڵ که‌وتوونه‌ به‌ر شه‌للاخی باهۆز و

هه‌ر چی شیناوه‌رده، ژاکاوه

خاک لانه‌ی مار و دووپشکه

ئاسمانیش قۆرخی داڵه

ئاخ باران!

که‌ی ده‌بێته ‌لێزمه ‌بارانێ

گیانی تازه‌ خاته ‌به‌ر ئه‌م ژینه ‌گنخاوه!

 

1373 – 1994

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha