جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کاروان، کاراوان –

کاروان، کاراوان

 

 

کاروان، کاروان!

کێ نوستووه، کێ بێداره؟

ئه‌م ڕێگایه ‌پێدا ده‌چن…

هه‌ر ڕێگا کۆنه‌که‌ی پاره!

ده‌ور و به‌رتان گورگه‌لووره

چه‌قه‌ڵ کاسه‌ی سه‌ر و گۆشتی دڵتان ئه‌خوات

ئه‌وه‌نده ‌تاریکی چڕە

جندۆکه‌ کۆرپه‌تان ده‌دزێ

پێ نازانن!

چاوتان له‌ ناو تاریکیدا

تا ئه‌م خواره ‌هه‌ته‌ر ناکات!

بیرتان ئاسمانێکی ته‌سکه

هێنده‌ به‌رچاوتان تاریکه

نازانن ڕۆژ له ‌ئاسۆی کام پێده‌شته‌وه!

سه‌ر هه‌ڵدێنێ.

هه‌ر به ‌ته‌شییه‌ کۆنه‌که‌تان ده‌یڕێسن و

له ‌بیری نوێ سڵ و سرکن…

هه‌ر ئه‌ڕۆن به ‌ناخی قووڵی زوڵمه‌تا ڕۆ ده‌چن!

چراکانیش کز ئه‌سووتێن

هێندێ چراش چاوی گورگن!

 

کاروان… کاروان!

هۆ کاروانی سه‌ر ‌لێشێواو

له‌ شه‌وگاری ئه‌نگوسته‌چاو

گۆچانی شک ده‌لاقه‌یه‌ک ناکاته‌وه!

مه‌شغه‌ڵ مه‌شغه‌ڵ…

مه‌شغه‌ڵی بیر

چرای ئه‌ندێشه‌تان هه‌ڵکه‌ن

ڕێگا و ڕە‌وتی هه‌نگاوه‌کانتان بگۆڕن

ئه‌م ڕێگایه ‌پێدا ده‌ڕۆن

زۆر کاروانی پێدا ڕۆیی و نه‌هاته‌وه

کاروان، کاروان…!

بۆ کوێ ئه‌ڕۆن؟!

ئه‌م هه‌ورازه‌ی وه‌ک مێرووله

پێدا ڕێچکه‌تان به‌ستووه

ده‌تانباته‌ هه‌ڵدێره‌که‌ی ساڵی پێشوو

ئه‌و بناره‌ش

وا به ‌ئێسک و کاسه‌ی سه‌رتان داپۆشراوه

ده‌گاته‌وه‌ به‌فره‌چاڵی کلیله‌ی ڕندوو

کاروان… کاروان!

ڕێگای تازه‌ بدۆزنه‌وه…

 

1369 – 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاخاوتن له‌ ئه‌وین –

ئاخاوتن له‌ ئه‌وین

 

 

ده‌ته‌وێ، له ‌ئه‌وین بپه‌یڤی؟

ڕاوه‌سته ‌با بزانم،

له ‌پشتی ده‌رکه‌وه

کوڵه‌یان لێ نه‌گرتووین؟

ئاماژه‌ زمانی ئه‌وینه ‌و

هیچ به‌کره‌شۆڤارێک نازانێ

ژوانگه‌مان له ‌کوێیه

ئه‌گه‌ر هه‌ر متمانه‌ به ‌چاوی یه‌ک بکه‌ین!

پێخاوس ڕێ مه‌که ‌گیانه‌که‌م!

ئه‌م خاکه ‌ئاوس به ‌دووپشکه

گه‌ر نووستی، که‌په‌نک له‌به‌رکه

سیاساڵ مار زۆره

ده‌ستم لێ به‌ر مه‌ده

هه‌ر ده‌ستێ مه‌گووشه، گیانه‌که‌م!

له‌ نێو زۆر قۆڵدا مار

پاپۆکه‌ی به‌ستووه!

 

 

له ‌به‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌ مه‌وه‌سته‌ گیآنه‌که‌م!

تاریکی کراسه‌که‌ت ڕە‌ش ده‌کات

ئاگات له ‌زارت بێ

با، ناکاو هه‌ڵده‌کات

په‌یڤ سووکه، با ده‌یبات!

 

 

بۆ ئاسمان مه‌ڕوانه، گیانه‌که‌م!

له‌مێژە‌ مانگ له‌نێو

هه‌ورێکی دێوجامه‌ئاسایی

ئه‌سیره!

شه‌وه ‌شه‌و گیانه‌که‌م!

چرایه‌ک بهێنه

بگه‌ڕێین، با بزانین،

ئه‌وشه‌و چه‌ند ئه‌ستێره‌ی چاوگه‌شیان

له‌ خاکدا چاندووه!

 

 

مه‌یژە‌ ڕە‌ش بۆ دنیا ده‌ڕوانێ!

من دووپشک گه‌ستوومی

ئازارم چێشتووه

ده‌زانم چزی مار چلۆنه

به‌ ژاری پیرانم کردووه!

بڕوانه، سه‌رانسه‌ر په‌یکه‌رم،

جێی زامه!

بلۆقی مه‌چه‌کم…

جێی که‌ڵبه‌ی که‌له‌بچه‌ و

ته‌وێڵی پڕچینم

شوێن هێڵی گاسنی زه‌مانه!

مه‌یژە‌ ڕەش بۆ دنیا ده‌ڕوانی!

 

1377 – 1998

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوایین نامه –

دوایین نامه

 

 

دوایین نامه‌‌م

په‌ڵه‌هه‌ورێکی دڵته‌نگه

به ‌ئاخی دڵ ئاخنراوه!

وشه‌کانی

دڵۆپ دڵۆپ

به ‌خوێن، به ‌ئه‌سرین، نووسراوه!

کاتێ نامه ‌هه‌ورینه‌که‌م ده‌که‌یته‌وه

ئاگات لێ بێ

سینگ و به‌رۆکت ته‌ڕ نه‌بێ

هه‌ندێ وشه‌م

تینوون، تامه‌زرۆن، به‌دفه‌ڕن!

چمکی داوێنه‌که‌ت هه‌ڵکه

نه‌کا وشه‌ی خوێن سووری کا

ئاخر پۆلیس، ماوه‌یه‌که

بۆ قاتڵی من ده‌گه‌ڕن

 

زیندانی ورمێ

4/7/1371 – September 29, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– پرسیار –

پرسیار

 

 

کێ به‌ر هه‌تاوی گرتووه

ئه‌ی بۆ گوڵێ ناپشکوێ

ئه‌ی ئه‌م به‌فره‌ پڕ له ‌کرمه

بۆ هه‌تا دێ زیاد ئه‌کا و ناتوێته‌وه؟!

وه‌رزی ساردی سیاساڵه

به‌ گوڕين و هه‌وره‌‌تریشقه ‌نه‌بێ هه‌رگیز

قوفڵی ژە‌نگ گرتووی ئه‌م ده‌رکه

ناکرێته‌وه

کام ده‌ستی ڕە‌ش

قژی تاریکی شه‌وگاری

بۆ ڕایه‌خی خه‌وی ئه‌م خاکه ‌ڕستووه

گه‌رووی زه‌وی گرێ‌چنه

هه‌ناسه‌ی خاک حه‌په‌ساوه

کێ ده‌روازه‌ی ساڵی تازه‌ی داخستووه!

 

12/1/1371 – April 1, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– من و تۆ –

من و تۆ

 

 

دوو هێڵی ته‌ریب

له‌ کام قۆناخی ده‌شتی ژیانا

ده‌ستی یه‌ک ده‌گرن؟

ئه‌ستێره ‌پۆل پۆل

له‌ ژوانگه‌ی سووری کازێوه ‌ده‌مرن

ناگه‌ن به‌ ڕۆژ و

به‌ پۆلووی کوانووی یه‌که‌م هه‌واری هه‌تاو

ده‌سووتن!

چاوه‌ڕوان مه‌به

من وه‌ک پاییز و

ڕووم له ‌زستانه

تۆیش به‌هارێکی

خونچه‌ی ژیانت به‌ره‌و پشکووتن!

 

5/6/1371 – August 27, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سه‌فه‌رێکی نه‌هات –

سه‌فه‌رێکی نه‌هات

 

 

به‌ره‌و کوێستان ئه‌هاتمه‌وه

جانتام پڕ بوو له ‌ئاوات و حه‌ز و تاسه

هێنده ‌تینوو

هێنده ‌تامه‌زرۆی دیدار بووم

ده‌مویست به‌فری ساڵی نه‌هات

بتوێنمه‌وه‌ به ‌هه‌ناسه!

بۆ لای کاڵێ ئه‌هاتمه‌وه

کاڵێ، عه‌شقی قه‌ڵای به‌رزی هه‌ست و

دڵی منیش،

کۆتره ‌برجیله‌ی ماڵی بوو

کاڵێ ڕۆحی سه‌وزی ده‌شت و

چاوی گوند و

هێزی عه‌شق و

جوانتر له «عه‌نبه‌ر خاتوونی» «مه‌ولانا» و

گه‌وره‌تر له‌ «خاتوو حه‌بیبه»ی دیوانی شیعری «نالی» بوو!

دێر هاتمه‌وه، دێر هاتمه‌وه!

کوێستان چۆڵ بوو…

چاوی ئاسمان، ڵێڵ ئه‌یڕوانی

جێژوانه‌که‌ی جاران بۆنی

خه‌مێکی زه‌ردی لێ ئه‌هات!

پڕ له ‌چقڵ و خاک و خۆڵ بوو!

ئیتر دنیا ڕە‌ش ئه‌نوێنێ

له ‌ناو دڵما که‌وی ته‌نیای شیعر

دڵته‌نگ دڵته‌نگ،

دڵته‌نگتر له ‌کوێستان

سیاوچه‌مانه‌ی فرمێسک و خوێن ئه‌چریکێنێ.

 

8/5/1369 – July 30, 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تاپۆی بوومه‌ڵێڵ –

تاپۆی بوومه‌ڵێڵ

بۆ سواره

 

 

شه‌مێ باڵابه‌رز

گۆچانی تیشکی گرت به‌ ده‌سته‌وه

شه‌وی به‌زاند و

گڕی خسته‌ ناو شه‌وگاری نووته‌ک

له ‌نیڵه‌نیڵدا

هێنده‌ فرمێسکی ڕووناکی هه‌ڵڕشت

به‌لادا که‌ت و

نه‌گه‌یی به ‌هه‌تاو

وه‌ک تاپۆی ئاوات

له‌ بوومه‌ڵێڵدا

 

1372 – 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– گه‌مارۆ –

گه‌مارۆ

 

 

به ‌ده‌ورما

دیواری ئاسن و پۆڵایان کێشاوه

سه‌ربان و به‌ر ده‌رکه

ته‌نانه‌ت له ‌سه‌ر ‌ڕێی خه‌یاڵما

چاودێریان داناوه

به‌ڵام شیعر

بۆ سه‌فه‌ر

له‌ چاودێر ناپرسێ

ئه‌شقیای کوێستانی خه‌یاڵه ‌و

له‌سوڵتان، له‌ خونکار، له‌ جه‌للاد

ناترسێ

شیعری من

هاواری ئه‌وینه ‌و

شووره‌ی ئه‌م قه‌ڵایه‌ کون ده‌کا

له‌ سه‌دان ده‌رکه‌وه ‌ڕە‌ت ده‌بێ

به‌ده‌ستی دڵداری خۆی ده‌گا!

 

20/6/1373 – September 11, 1994

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– گازنده ٢ –

گازنده ٢

 

 

دیسان کرمی بوختانکه‌ری نێو مۆبالی ده‌متان که‌وته ‌مه‌رگه‌نووزه

ئێوه‌ چین من بتاندوێنم

هێنده ‌چووکن

ته‌نانه‌ت به ‌مێرووله‌تان ناشوبهێنم

من شاعیری دڵی خۆمم

چیتان ده‌وێ به‌رماوخۆران

بۆ چه‌قۆتان هه‌ڵگرتووه

سینگی شیعره‌کانم بدڕن!

ئاگادار بن، له‌م بێشه‌دا شێر خه‌وتووه

که‌م وه‌ک داڵاش

به‌ سه‌ر جه‌سته‌ی ماندووی خه‌م‌ڕێژدا بفڕن

ئێوه‌ چین من بتاندوێنم

من دارێکی باڵابه‌رزم

گه‌رچی تووشی مه‌رگه‌ساتی وه‌رزی ڕە‌شم

به‌ڵام هه‌رگیز

سه‌رم بۆ چی دارکونکه‌ری دنیا هه‌یه ‌دانانه‌وێنم

وه‌کووو تانه‌ که‌وتوومه ‌سه‌ر گلێنه‌ی چاوتان

هات‌وچۆم وه‌ک خه‌نجه‌رێکه‌

ڕۆ ده‌چێته ‌نێو ده‌روون و قووڵایی هه‌ست و هه‌ناوتان!

ئێوه‌ چقڵن

سیله‌ی ڕێگه‌ی جێژوان ئه‌گرن

ئێوه ‌به‌کری مه‌رگه‌وه‌ڕن

هه‌ست و ڕۆحی ئه‌وینداران بریندار ئه‌که‌ن

بێژگه‌ خۆتان که‌س ناناسن

له ‌نێوانی گوڵ و دڵدا وه‌ک له‌مپه‌ڕن

من شاعیری دڵی خۆمم

من هه‌ر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵداره‌که‌ی خۆم ئه‌خوێنم

مشتێ خاکی ده‌شتی عه‌شقم،

به‌ڵام له‌ ئاستی ئێوه‌دا

لووتکه‌م، لووتکه!

ئێوه‌ی ته‌ڵخه‌ک له ‌بنارما وه‌ک چه‌قۆی کول

بۆ ڕووخانی باڵای به‌رزم

به‌ردی خاراو هه‌ڵده‌کۆڵن

منی لووتکه‌ش پێده‌که‌نێم

هێنده ‌چووکه‌ن

حه‌یام ده‌چێ بتاندوێنم.

ته‌ماشا که‌ن…

وێڕای ده‌یان جار که‌وتن و هه‌ستانه‌وه

من هه‌ر خۆمم

وه‌ک جارانی خۆم ئه‌نوێنم

ئێوه‌ش هه‌ر خۆتان ئاسایی

وه‌کووو کرم، بێ‌ده‌ست و پا

ژلێوه‌تان دێ به ‌ناو یه‌کا

به‌ره‌و لووتکه‌ تف ئه‌که‌ن و جنێو ئه‌ده‌ن

منیش له‌ ئه‌و به‌رزانه‌وه

هه‌ر بورکان و بوومه‌له‌رزه‌ ده‌خولقێنم

هێنده ‌چووکه‌ن

حه‌یام ده‌چێ بتاندوێنم

چیتان ده‌وێ؟

بۆچی هێنده ‌ڕۆحی ماندووم ئازار ئه‌ده‌ن؟

نیگایه‌کی ڕۆحی پیسی خۆتان بکه‌ن

ده‌ردی من و ده‌ردی ئێوه ‌جیاوازه

شه‌رافه‌تی ده‌ردێکی خۆم

به ‌گشت ژین و ماڵ و حاڵتان ناگۆڕمه‌وه

ده‌ردی من، ده‌ردی ئینسانه

ده‌ردی ئێوه‌ش زۆر گه‌وره‌یه

به‌ڵام هه‌تا لای گونتانه!

قه‌ڵه‌مێکی تیژ و تووڕە‌م

خۆتان له‌ من بپارێزن

دێڕ به‌ دێڕی نامیلکه‌ی ژیانتان ده‌زانم

من وه‌ک ئێوه‌ خۆم له‌ پشتی ئاوێنه‌وه‌ ناشارمه‌وه

کانییه‌کی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌وم

ساکار و ڕوون وه‌ک ئاسمانم

من گوڵێکم

بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ

له‌م شۆره‌کاته‌ ڕواوم

ئێوه‌ی دڕکیش ڕق و کینه‌ی هه‌موو دنیآ کۆ که‌نه‌وه

دڵنیا بن… ده‌ستان ناگا

به ‌ترۆپکی به‌رزی ناوم!

ئێوه‌ چین من بتاندوێنم

من شاعیری دڵی خۆمم

من هه‌ر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵداره‌که‌ی خۆم ده‌خوێنم.

 

6/7/1372 – September 27, 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– له‌ سه‌ر شانۆی براکوژی –

له‌ سه‌ر شانۆی براکوژی

 

 

بڕیار وابوو

ئاکتۆره‌کان

به‌پێی شانۆ، له‌سه‌ر میرات

یه‌کتر بکوژن!

ماوه‌یه‌ک بوو

هه‌موو شه‌وێ

کاره‌ساتی براکوژی

دووپات ئه‌بوو!

پاڵه‌وانی شانۆ هه‌ستا

به‌پێچه‌وانه‌ی ڕیژیسۆر

به‌ره‌و لای چه‌پ که‌وته ‌ڕێگه!

هاواریان کرد…

شانۆنامه‌که ‌تێک مه‌ده

به‌ره‌و لای ڕاست بگه‌ڕێوه

له ‌پشته‌وه‌ په‌لاماری براکه‌ت به!

پاڵه‌وانی شانۆ به‌ڵام

ده‌ستی دایه‌ تفه‌نگه‌که‌ی

به‌ده‌ست‌و‌برد

ماوه‌ی نقه‌ی به‌ که‌س نه‌دا

به‌ره‌و شانۆنووس و کارگێڕ

ده‌سڕێژی کرد

 

9/11/1375 – January 28, 1997

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha