جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کوڕی شاخ –

کوڕی شاخ

 

 

تیژ و تووڕه

وه‌ک خه‌نجه‌ر بوو

هه‌تا نه‌مرد

له‌ به‌رامبه‌ر ئاسمانه‌وه‌

سه‌ری به‌رزی نه‌وی نه‌کرد!

هێنده ‌تامه‌زرۆی ژیان بوو

به ‌ناو دڵی مه‌رگا ئه‌چوو!

کاتێ ناویت لێ ئه‌پرسی

سه‌ری شه‌رمی دائه‌خست و

ئه‌یوت یاخیم

کوڕی شاخم

قه‌قنه‌سی ناو خۆڵه‌مێشی

دیرۆکی سووتاوی کوردم!

چۆڕاوه‌ی زامێکی قووڵم

داخم، ده‌ردم، سۆزم، ئاخم!

وشه‌ی سه‌رۆک

وه‌ک دڕک بوو!

هه‌ستی پاکی بریندار ئه‌کرد.

زگی سه‌رۆک

مه‌شکه‌یه‌کی پڕ له ‌درۆ

پڕ له فێڵ و پڕ له ‌فیز و پڕ له ‌با بوو

شڵقه‌ی ئه‌هات

عه‌قڵی پیاوی ساویلکه‌ی لە خشته ‌ئه‌برد!

ئه‌م وه‌ک خه‌نجه‌ر

ئه‌چه‌قیه‌ ناو

ته‌ک و پووز و سینگیانه‌وه!

کاتێ قسه‌ی قۆڕیان ئه‌کرد

هه‌روه‌ک دووپشک

ئه‌یدا به‌ ناو زاریانه‌وه!

گیرفانیانی ده‌پشکنی

ڕازه‌کانیانی ئه‌درکاند

وه‌ک تانه ‌بوو

به ‌سه‌ر گلێنه‌ی چاویانه‌وه!

کاتێ کوژرا

بوو به ‌شه‌هید!!

خوێنی بوو به ‌ده‌ریای مه‌نگ و

ئێستا سه‌رۆک

له‌ که‌ناری ده‌ریای خوێن و

له ‌ژێر سایه‌ی ناوی ئه‌وا

عومری خۆیان به ‌سه‌ر ئه‌به‌ن!

کێلی به‌رزی گۆڕەکه‌یشی

سه‌نگه‌رێکه

سه‌رۆکه ‌شۆڕشگێڕە‌کان

له‌ پشتیه‌وه

به‌ره‌و ڕووی خه‌ڵک

ده‌سڕێژ ئه‌که‌ن!

 

ورمێ

1370 – 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– نازانم چۆن زیندوو ماوم –

نازانم چۆن زیندوو ماوم

 

 

ده‌ستم بگره‌

له‌م مه‌رگه‌جاڕە ‌وه‌ڕە‌زم

به‌ره‌و هه‌ر کوێم ده‌به‌ی، بمبه

جه‌هه‌نده‌میش بێ ناپرسم

لێره ‌نه‌ڕۆم، وه‌ک دارێکی کڵۆڕ ده‌ڕزم!

ده‌مگوت: مێرده ‌ئه‌وه‌ی دایکی،

له ‌باوه‌شی بێگانه‌دا جێ نه‌هێڵێ.

ده‌مگوت: حیزن ئه‌وانه‌ی وا له ‌ته‌نگانه

گیانی خۆیان هه‌ڵئه‌گرن و

بیر و ئه‌ندێشه‌ی خۆیان و به‌رژە‌وه‌ندی نیشتمانیان پێشێل ئه‌که‌ن

هانا بۆ هه‌نده‌ران ده‌به‌ن!

ده‌مگوت: شێره، ئه‌وه‌ی له‌ ژێر لێزمه‌ی ته‌رزه‌ی

هه‌وری نه‌فره‌تی نه‌یاردا، ڕاده‌وه‌ستێ!

به‌ خوێنی خۆی په‌رژینێکی قایم به‌ده‌ور نیشتمان و ئه‌ندێشه‌ی خۆیدا

ده‌به‌ستێ.

ده‌مگوت: ده‌نگی شیعر له‌ ژێر زه‌بری قامچی ده‌بێ به ‌هاواری به‌رز و

دنیای بێده‌نگ ده‌هه‌ژێنێ!

ده‌مگوت: ته‌وژمی پۆستاڵ و زه‌بری گۆپاڵ

زه‌رده‌واڵه‌ی وشه‌ی تووڕە‌ ده‌هرووژێنێ!

ده‌مگوت… ده‌مگوت…

 

هه‌ڤاڵانم، هه‌ر یه‌که‌و خۆی به ‌سووچێکا ده‌رباز کرد و من مامه‌وه

قه‌ڵه‌مێکی پڕ هاوار بووم

ده‌مویست کۆشکی سته‌مکاران به‌ هێرشی سپای واژە‌ بڕووخێنم

له ‌هه‌ر لاوه ‌دامیانه‌ به‌ر پلار و په‌ڵ

بوومه‌ پارووی چه‌وری خێڵی گورگ و چه‌قه‌ڵ

ئیتر من بووم و دوو ده‌ستی ئاشنای به‌ند و که‌له‌بچه

قه‌ڵه‌مێکی ده‌نگ له‌ گه‌روودا خنکاو و

ئه‌ندامێکی پڕ له ‌زامی ساڕێژنه‌بووی شوێن پێی شه‌لاخ

ئیتر من بووم و قاوشی زیندانه‌کان

وه‌ک خه‌مێکی پشت‌کۆماوه‌ی ڕدین‌ سێی

له ‌ئه‌م زیندان بۆ ئه‌و زیندان

زامێکی به‌تره‌ف و ناسۆر

ژیان دۆڕاو

ئازارێکی په‌نجا ساڵه‌ی ئه‌تک کراو!

 

ئه‌گه‌ر قه‌ڵه‌م نه‌بووایه ‌چۆن ئه‌م ژینه‌ مه‌رگه‌م رائه‌بوارد؟

ئه‌گه‌ر شیعر نه‌بوایه ‌چۆن ئه‌م دۆزه‌خه‌م گوارا ئه‌کرد؟

نازانم چۆن زیندوو ماوم؟!

زیندان نییه ‌له‌م و‌ڵاته

به‌ یادگار ناوی من له‌ سه‌ر دیواری نه‌نووسرابێ!

ژووری تاکه‌که‌سی نییه، ئه‌م جه‌سته ‌لاوازه‌ی تێدا، به‌ند نه‌کرابێ!

نازانم چۆن زیندوو ماوم؟!

چه‌ند هاوزنجیرم کوژراون

چه‌ندیان له ‌کاتی کازیوه

له ‌شیرینی خه‌ودا بۆ ژێر سێداره ‌ڕاکێش کراون؟

ئه‌م چاوانه‌م به‌ قه‌د گه‌ڵای سه‌دان دره‌ختی جوانه‌مه‌رگ

فرمێسکی ئاڵی ڕشتووه

بێنم بۆنی عه‌تری خوێنی گوڵی هه‌زار گیانی نه‌سره‌وتی مشتووه!

ئاخ نازانم، نازانم چۆن زیندوو ماوم؟!

ده‌ستم بگره، له‌م دۆزه‌خه

گۆشت و ئێسقانم سووتاوه

ڕۆحم له‌ نێو ئه‌م قاوه‌خه ‌ئاسته‌نگه‌دا بێ‌قه‌راره

هێزی مانه‌وه‌م نه‌ماوه

متمانه‌م به‌ سبه‌ینێ نییه

مه‌ترسی وه‌کوو شێرپه‌نجه

په‌نجه‌ی له‌ گیان، له ‌هه‌ناوم هه‌ڵپێکاوه!

هاکا ئێستا و تاوێکی‌تر هاتن له ‌ده‌رکه‌یان کوتا و

زاری که‌له‌بچه‌ برینی ساڕێژنه‌بووی کولانده‌وه

ده‌ستم بگره ‌و ڕزگارم که

بوومه‌ته‌ هه‌یکه‌لی ئازار

خودی ده‌ردم، ڕە‌نجم، داخم، برینێکی پڕ له ئێشم

زیندان بۆته ‌مۆته‌که‌یه‌ک سواری ڕۆحم بووگه ‌و‌ ئیتر دانابه‌زێ!

ئازادیش بم ڕە‌هام ناکات

بهێڵن با دواهه‌ناسه‌کانم له ‌ژێر ئاسمانێکی به‌رفراوان

له ‌سه‌ر بستێ خاکی سه‌ربه‌ستا هه‌ڵکێشم!

 

16/3/1378 – June 6, 1999

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– عه‌شقێکی پاوان –

عه‌شقێکی پاوان

 

 

کچێکم خۆش ده‌وێ

وه‌ک په‌ڕە‌ی گوڵ وایه!

هێند جوان و ناسکه

هێند شیرین

که ‌ده‌ڵێی ده‌ستکردی تایبه‌تی خودایه!

وه‌ک په‌ری،

ده‌ستی لێ وه‌شاندووم

هه‌ربۆیه‌ شێت بوومه‌ و

نازانم چی بکه‌م

به‌م دڵه ‌شه‌یدایه!

جار جارێ

به ‌لاما راده‌برێ

بزه‌یه‌ک وه‌ک گوڵووک

له‌سه‌ر لێو

هه‌زاران ڕازیش له ‌نیگایه!

نه ‌دوورین، نه‌ نزیک

نێوانمان هه‌ر ته‌نیا

دیوارێک مه‌ودایه!

شه‌وانه‌ من ته‌نیام

ئه‌ویش له ‌ژووره‌که‌ی ته‌نیایه

هه‌ناسه‌ و خورپه‌ی دڵ یه‌کتر ده‌بیسین!

ئه‌زانم، من چه‌نده ‌دڵخوازم

ئه‌ویش وه‌ک من وایه!

به‌ڵام ئاخ!

ئه‌و مانگی یه‌که‌می به‌هاره‌

من مانگی کۆتایی زستانم

دوو هێڵی ته‌ریبین

قه‌د ناگه‌ین به ‌یه‌کتر

هه‌ر چه‌ند زۆر له یه‌کتر نزیکین!

 

هه‌ولێر

30/2/1379 – May 20, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– چریکه‌ی نێو قه‌فه‌ز –

چریکه‌ی نێو قه‌فه‌ز

 

 

هه‌موو شه‌وێ

له ‌ئه‌ودیوی دیواره‌وه

باڵنده‌ێکی دیلی قه‌فه‌ز، تێی ده‌چریکاند!

به‌سته‌کانی

ڕووداوانی نیشتمانی خوێن و ئاگر و هه‌ڵمه‌ت بوون

لاوک، حه‌یران، سیاوچه‌مانه‌ی

ئه‌کرد به‌ پرد

هه‌ڵگورد ده‌ستی شاهۆی ئه‌گرت

له‌گه‌ڵ قه‌ندیل، به‌ سه‌ر پردا

بۆ لای چیای ئاگری ئه‌چوون!

هه‌مو شه‌وێ

منیش له ‌پشت ده‌لاقه‌ی ژوره‌که‌مه‌وه

زنجیری دیلیم ده‌پساند و

ئه‌سپی خه‌یاڵم زین ئه‌کرد

به‌ شاڕێگه‌ی حه‌نجه‌ره‌ی ئه‌و باڵنده‌دا

بۆ نیشتمان ئه‌چوومه‌وه

دوێنێ شه‌وێ

شه‌وبۆنی خه‌م، بۆنی ماته‌می لێ ئه‌هات

تا به‌یانی چاوه‌ڕوان بووم

ده‌نگی باڵنده‌که ‌نه‌هات

ئه‌وڕۆ بیستم

له‌ کازێوه‌ی سپێده‌دا

باڵنده ‌ده‌نگ‌خۆشه‌که‌یان سه‌ر بڕیوه

بۆ تێکدانی بنکه‌ی سووری به‌سته‌کانی

ڕە‌گ به‌ ڕە‌گی حه‌نجه‌ره‌یان هه‌ڵدڕیوه

ئیمشه‌و دڵم ده‌کورکێنێ

باڵنده‌یه‌کی باڵ و په‌ل و پۆ خوێناوی

له ‌سه‌ر لقی شیعرێکی پڕ تاسه‌ و هێشتا نه‌گوتراوم

هه‌ڵنیشتووه ‌و ده‌چریکێنێ!

 

24/4/1371 – July 15, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– گله‌یی ٢ –

گله‌یی ٢

 

 

لێتان تووڕە‌م

له‌گه‌ڵتانا

یه‌کڕەنگ ژیام

به ‌شادیتان شاد ئه‌بووم و

له‌ ماته‌متانا ئه‌گریام!

به‌ڵام کاتێ

قوڵپه‌ی گریان

ئه‌وکی هه‌نسکی پێ‌گرتم

ئێوه‌ کردتان به ‌شایلۆغان!

ئێستاش دڵه‌ ساکاره‌که‌م نه‌گۆڕاوه‌…

هه‌روه‌ک دڵه‌که‌ی جارانه

هه‌رچه‌ند تووڕە‌م

پڕ له‌ خۆشه‌ویستیتانه!

 

10/4/1370 – July 1, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– خه‌ون –

خه‌ون

 

 

زۆر شه‌و له‌ خه‌و ڕاده‌چڵه‌کم

له‌ عاره‌قه‌ی سام ده‌گه‌وزام

خه‌ونم ده‌دی…

ته‌رمی کوژراوی پیاوێکم له ‌کۆڵ ناوه!

هه‌ر دوو ده‌ستم خوێناویيه

نه‌مده‌زانی ئه‌م بێگانه

چۆن به‌ ده‌ستی من کوژراوه!

خه‌ونم ده‌دی

پۆلیس وه‌ک شاره‌مێرووله ‌هه‌ڵده‌قوڵن و

ده‌ورم ده‌ده‌ن

هه‌ر دوو ده‌ستم ده‌به‌ستن و

به‌ره‌و گۆڕستانم ده‌به‌ن!

ڕامده‌کرد و

له‌ قه‌ڵشتی زامی سینگی ته‌رمه‌که‌وه،

ڕۆ ده‌چووم و

خۆم له ‌په‌نای ئاوارێکا ده‌شارده‌وه

هه‌ر خه‌ریک بووم

خه‌نجه‌رێکم به‌ هه‌سانی گه‌ردنی خۆم تیژ ئه‌کرد و

خه‌نجه‌ره‌که، ده‌می نابووه

گه‌رووی ته‌رم و

له ‌چۆڕاوه‌ی خوێنی ژینی ئه‌خوارده‌وه!

خه‌ونم ده‌دی، خه‌ونم ده‌دی

هه‌تا ڕۆژێ له‌م گۆڕەخانه‌ گیرسامه‌وه

ئێتر ئه‌وسا تێگه‌یشتم

ئه‌و ته‌رمه ‌هه‌ر جه‌سته‌ی خۆم بوو

که‌ خۆم به ‌ده‌ستی خۆم کوشتم!

 

27/7/1371 – October 19, 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕاز –

ڕاز

 

 

دایه‌ چۆن بوو…

له ‌ڕازه‌که‌ی دوێنێ شه‌وتا

کێ هات، کێ چوو؟

دایکم بێ‌ده‌نگ

دۆش‌دامابوو!

کاره‌ساتێک هێدی هێدی

ئه‌هات چاوی گه‌شی ئاسمان بشڵه‌قێنێ!

له‌ شاقه‌ڵی چیای خه‌ما

بزماری خه‌و

پێڵووی به ‌سه‌ر گلێنه‌ی چاوی ماندووی گوندا

ته‌قه‌ڵ دابوو!

دایه‌ چۆن بوو…

له ‌ڕازه‌که‌ی دوێنێ شه‌وتا

کێ هات، کێ چوو؟

دایکم بۆ ئاسمان ئه‌یڕوانی

هه‌ورێکی ڕە‌ش، به ‌پێدزکێ

خه‌نجه‌ر به‌ده‌ست

شوێنی مانگه ‌زه‌رده‌ڵه‌که‌ی ئاسمانی گوندی هه‌ڵئه‌گرت

تا گه‌یشتنه ‌دوندی چیا…

دایه‌ چۆن بوو…

ئاخری نه‌تگوت

پاڵه‌وانی چیرۆک چۆن مرد؟

هه‌ور نیشته ‌سه‌ر سینگی مانگ و

دایکم له‌پڕ زریکاندی

هاوار، هاوار،

سه‌ری بڕی!

له‌ پشت زریوه‌ی فرمێسکه‌وه

دیتم که‌ هه‌ور،

خوێنی مانگی

به ‌خاولیه ‌چڵکنه‌که‌ی

له ‌ده‌م و چاو خه‌نجه‌ر ئه‌سڕی!

 

1369 – 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– هه‌تا لووتکه‌چه‌ندی ماوه؟ –

هه‌تا لووتکه‌چه‌ندی ماوه؟

 

 

دانامرکێ

هه‌تا دێ هه‌ر زیاد ئەکا

گڕ و کڵپه‌ی ڕۆحی یاخی بووی ئه‌شقیام!

ڕامه‌وه‌سته، بڕۆ له‌لام

با تاوانی من تۆش نه‌گرێ

که‌وتوومه ‌به‌ر تووکه‌شه‌قی چاره‌نووس و

وه‌ک گۆیه‌کی سه‌رگه‌ردانی گۆڕە‌پانی نه‌فره‌تی خوام!

ژیانم لێ وه‌ڕە‌ز بووه

زه‌وی له ‌ژێر گرانی له‌شما ئه‌ناڵێنێ

چاوی ڕۆژ له‌ حاندی سیمای من هه‌ڵنایێ

من چۆڵه‌که‌ی باڵشکاوی وه‌رزی ڕە‌شی گه‌رده‌لوولم

ڕۆحم له‌گه‌ڵ ئارامشدا،

له ‌زه‌وی تا ئاسمان دووره…

دڵم پڕە‌ له ‌هاوار و گوێچکه‌ی گه‌ردوون

له ‌به‌رامبه‌ر پاڕانه‌وه‌م کپ و که‌ڕە

لێم نابیسێ سکاڵایێ

ئاسمانی من نزم و نه‌وی

سه‌رم تا بن میچی ده‌گا

هه‌ورێکی ڕە‌ش سه‌رتاپامی داپۆشیوه

ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکه

ته‌نیا ڕێگه‌ی به‌ر هه‌نگاوم

له ‌خۆمه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا و

ده‌گا به ‌هه‌ڵدێری ڕۆحم

چ ئاسته‌نگێکی باریکه

ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکه

باران… باران، بارانی ڕە‌ش

یاغر یاغر ده‌بارێت و ته‌ڕم ده‌کا و نامشواته‌وه!

له ‌ناو تۆف و کڕێوه‌ی وه‌رزی شه‌خته‌به‌ندی ته‌مه‌نمدا

ڕە‌ق هه‌ڵاتووم!

بۆ کوێ ده‌ڕۆم؟

نازانم له ‌کوێوه‌ هاتووم؟

شێره ‌به‌فرینه‌ی ده‌ستکردی منداڵانی چاره‌نووسم

ڕۆژ وه‌ک ئه‌ژدیهای ئه‌فسانه

لووشم ده‌کا و ده‌مخواته‌وه!

هه‌تا لووتکه‌ چه‌ندی ماوه؟

ئه‌ی خوا گه‌وره‌ و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو

«جولجولتا»ی من له‌سه‌ر دوندی کام کوێستانه

به ‌ئه‌ندازه‌ی هه‌زار عیسای ناسری له‌ خاچ دراوم

یه‌هووداکان له‌ودیو په‌رچینی ماچه‌وه

به‌ ساکاری ڕۆحی ماندووم گاڵته ‌ئه‌که‌ن

ئه‌ی خوا گه‌وره‌ و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو

هه‌تا لووتکه‌ چه‌ندی ماوه؟!

مه‌هێڵن، مه‌…

ئه‌مجاره‌ که ‌گه‌یشتمه ‌لووتکه

به‌ردی گیانم به‌ر بێته‌وه…

من نامه‌وێ ئه‌م زه‌وینه‌ پڕ تاوانه ‌له‌ژێر پێما بخولێته‌وه

ئاخر مه‌گه‌ر نازانن من

ساڵگارێکه‌ گاشه‌به‌رده‌که‌ی «سیزف»م له‌ کۆڵ ناوه؟

هه‌تا لووتکه ‌چه‌ندی ماوه؟!

ڕاسته، من بووم له‌ ئاگردانه‌که‌ی ئێوه

ئاورم دزی بۆ مرۆڤ و

له ‌مه‌شغه‌ڵدانی ڕۆحی خۆم

تیشک و ڕووناکیم دابه‌ش کرد

گوناهم کرد!

بۆیه ‌ئێستا له ‌تاراوگه‌ی هه‌ڵه‌مووتم!

ئاوره‌که‌یان به‌ردایه‌وه ‌له ‌گیانی خۆم

ته‌ماشاکه‌ن، چۆن ئه‌سو‌وتم؟

ڕزگارم که‌ن…

له ‌چوارمێخه‌یان کێشاوم

هه‌موو شه‌وێ به ‌ژاری ژین

ده‌شتی گیانم ئاژین ئه‌که‌ن

ئه‌م مۆته‌که ‌سواری ڕۆحم ماندووم بووه ‌و دانابه‌زێ!

ئاسمان بێزوو به‌ خوێن ئه‌کا

هه‌ر داڵ ئه‌زێ!

هه‌ر داڵ دێن و جه‌رگم ده‌خۆن

ئه‌م ئاسمانه ‌هه‌ر داڵ ئه‌زێ!

هه‌ر داڵ ئه‌زێ!

ئاخۆ گوڵی شۆرانی له ‌کام کوێستانه؟

کوێستان نه‌ما به‌رد به ‌به‌ردی

به‌ خوێنی خۆم نه‌شۆرمه‌وه!

هه‌ر ده‌ڕۆم و ناگه‌م به ‌ئه‌و ناونیشانه‌ی

«شۆڕە‌خه‌زاڵ» بۆی داناوم!

هه‌ر ئه‌ڕۆم و زام له‌ سه‌ر زام

له ‌سه‌ر سینگ و دڵم ده‌ڕوێ

گوڵی هه‌زار هه‌زار عه‌زره‌ت

له ‌کوێستانی دڵما پشکووت

ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ش نییه

پرده‌کانی پشتی سه‌رم گشت ڕووخاون

هه‌واره‌که‌ی «خاتووخه‌زاڵ»یشیان کرده‌ قه‌ره‌برووت!

هه‌تا لووتکه ‌چه‌ندی ماوه؟

ئه‌ی خوا گه‌وره ‌و بچووکه‌کانی سه‌رده‌می ویژدان تۆپیو

هه‌تا لووتکه ‌چه‌ندی ماوه؟!

ئه‌ی من تا ئێستا چۆن ماوم؟!

 

1372 – 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– چاو خڵه‌تێنه –

چاو خڵه‌تێنه

 

 

هۆ خه‌ڵکینه!

چاو که‌نه‌وه

ئه‌و هه‌ورانه

هه‌رچه‌ند سه‌ر له ‌ئاسمان ئه‌سوێن

قسرن، بارانیان پێ نییه

تۆزێ به‌ر پێی

ئه‌سپی له‌شکه‌ری هۆلاکۆن!

بڕوا مه‌که‌ن…

هه‌رچه‌ند له ‌ئاو

له‌ باران و به‌هار ئه‌دوێن

بڕوا مه‌که‌ن…

ته‌م و مژی چاوخڵه‌تێنه‌ی به‌ری ئاسۆن

 

کێلگه ‌تینوو

هه‌ور نه‌زۆک

ده‌ریاش سوێره!

ڕێگه ‌دوور و

ئاو تراویلکه

چاوساغ کوێره‌

شه‌و درێژە

ئه‌نگوسته‌‌چاوی نووته‌که

گه‌رده‌لووله، ته‌مه، مژە

چاو تا به‌ر پێ، هه‌ته‌ر ناکا

ئه‌و ئه‌ستێره‌ هانمان ده‌دا

کاروانکوژە!

 

4/7/1370 – September 26, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کاره‌سات –

کاره‌سات

 

 

باڵنده‌یه‌ک

چرپاندی به‌ گوێی گوڵێکدا

گوڵه‌ گیان!

له‌چکه‌ سه‌وزه‌که‌ت نه‌ختێ لاده

با خونچه‌ی ده‌م

تاسه‌ی ئه‌وینم بشکێنێ

ئاونگی شه‌رم

به‌ سه‌ر گۆنای گوڵدا خوشی

وتی شێته!

ها… ئه‌و هه‌وره‌ چۆن ده‌ڕوانێ؟

حه‌یام ده‌چێ

ئارام بگره ‌تا سبه‌ینێ!

هه‌ور گوێی لێ بوو

نه‌ڕڕه‌ی گوڕبن

شریخ و هۆڕی خسته‌ باخ و

بوو به‌ته‌رزه

ده‌مه‌و به‌یان

که ‌باڵنده‌ هات بۆ جێژوان

چه‌ند ‌دڵۆپی خوێنی سوور و

سێ چوار تیکه ‌له‌چک مابوو

له ‌ئه‌و گوڵه ‌باڵابه‌رزه

 

21/2/1371 – May 11, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha