بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ده‌رفه‌ت –

ده‌رفه‌ت

 

 

من زۆر له ‌غه‌ریبی ده‌ترسم

وه‌ره ‌با باوه‌شت بکه‌م به ‌نیشتمان

به‌ وه‌رزی زریاندا ڕە‌ت ده‌بم

هه‌تا دێم هه‌ستمه‌وه

شه‌پۆلێ به ‌سه‌رما ده‌ڕووخێ

ئه‌مخاته‌ گێژە‌نی بێ‌ئامان!

هه‌تا چاو بڕ ئه‌کات

شه‌پۆل و گێژاوه

ده‌ست کورتتر له‌وه‌م که…

له ‌پاپۆڕ دانيشم

به‌له‌می هیواشم شکاوه!

وه‌ره‌ وه‌ک به‌نده‌رێ

ئامێزت بکه‌م به‌ له‌نگه‌رم

ته‌نیایی ده‌ستڕێژم لێئه‌کات

من زۆر له‌ غه‌ریبی ده‌ترسم

بانگم که…

با ئه‌وین بکه‌م به ‌سه‌نگه‌رم

شکاوه، شکاوه…

به‌له‌می نه‌جاتم شکاوه

من بۆنی هه‌ڵۆ له ‌هه‌ناسه‌ی بای زریان ده‌بیسم

وادیاره‌ بۆ کۆتر ده‌رفه‌تێ نه‌ماوه.

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سوارۆ –

سوارۆ

 

 

له‌سه‌ر یاڵی قۆناخ

برووسکه‌ی پزیسکی ناڵ و به‌رده

که‌ وه‌حشه‌ت ئه‌خاته ‌دڵی دۆڵی مێژوو!

خه‌وی زینده‌وه‌ر ڕاده‌چێنێ

قریوه‌ی سوار و پڕمه‌ی که‌حیل

وه ‌زرمه‌ی له‌ یه‌کدانی تاوێر و قرمه‌ی هه‌ره‌س!

شه‌ڕی گاشه‌به‌رد و سمی ئه‌سپه‌ له‌م ده‌رنگانه‌ وه‌خته.

سوارۆ گڕێکه ‌که ‌شه‌و ڕاده‌ماڵێ

سوارۆ شه‌مێکه‌ که ‌سێبه‌ر سه‌ر ئه‌بڕێ

سوارۆ سه‌مای عیشق و خوێنه

سوارۆ په‌یامی به‌هاره

سوارۆ چرۆی به‌ر به‌رۆکی ژیان و گوڵووکی ئه‌وینه

خودایه! ئه‌گه‌ر ئه‌م سواره

نه‌گاته ‌بنار

دڵی ڕاده‌وه‌ستێ له ‌لێدان و خورپه

گوڵی سووری سه‌ر تۆپ

که ‌ئاوی دراوه ‌به‌ ئه‌سرینی چاوی هه‌زاران هه‌زار!

شه‌وێکی دزیوه

به‌قه‌د چۆمی سیروان به‌ری پێوه‌ماوه‌.

هه‌تا تیشک هاوێژ

زگی هه‌ڵمساوه‌ به‌ پیلانێ ناحه‌ز ده‌ڵێی ئاوسه‌

خودایه‌! له‌ پزدانی ئه‌م قه‌حبه‌ زۆڵێک

له‌پڕ ده‌رپه‌ڕێت و

ژوان بێته‌ ژان و ژوانگه‌ مه‌زار!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– گه‌ڕانه‌وه –

گه‌ڕانه‌وه

 

 

گه‌لێ یاران!

کاتێ مردم، ده‌خیلتان بم!

له‌م غه‌ریبستانه‌ مه‌منێژن

جه‌سته‌ ماندوو خه‌مڕێژە‌که‌م بسووتێنن

خۆڵه‌مێشه ‌خه‌مباره‌که‌م

به ‌ئاوی دیجله ‌بسپێرن!

دیجله‌ ده‌مبا بۆ ئوقیانووس

ده‌بمه ‌هه‌ڵم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئاسمان

بای زریانیش هه‌ڵده‌کات و

جه‌سته‌ی سپی چه‌شنی هه‌ورم

ده‌باته‌وه ‌بۆ کوردستان!

دڵته‌نگ، دڵته‌نگ

له‌ سه‌رچاوکه‌ی ژیانه‌وه

چه‌شنی هه‌ورێکی خه‌ماژۆ، داده‌بارێم

له‌ کوێستان و له ‌پێده‌شت و دارستانا

داده‌بارێم، تۆزقاڵ تۆزقاڵ

ژیله‌مۆی دڵ، دابه‌ش ده‌که‌م

به ‌سه‌ر هه‌موو کوردستانا!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دڵته‌نگیه‌کانی فه‌رهاد –

دڵته‌نگیه‌کانی فه‌رهاد

 

 

-1-

 

چه‌ند گه‌ڕاوم

له ‌شار له ‌دێ

له ‌نیشتمان، له ‌بیانی

سوێند ده‌خۆم

نه‌مدیوه ‌که‌س

وه‌ک تۆ کچێ

شه‌نگ و چه‌له‌نگ!

له‌ ناو کچانی دنیادا

هه‌ر تۆ جوانی!

 

 

-2-

 

بانگت ده‌که‌م

ده‌م پڕ ده‌بێ، له‌ شیله‌ی گوڵ

ئه‌وین هه‌تاوێکی گه‌رمه

هه‌نییه‌ی ته‌نیاییم ماچ ئه‌کا

بانگم ده‌که‌ی

ئاسمان ده‌بێ

به ‌چارشێوی گوڵئه‌ستێره ‌و

دارستانی کپی ژیان

پڕ ده‌بێ له‌ چریکه‌ی بولبول!

 

 

-3-

 

شیرین گیان!

پێش ئه‌وه‌ی بتناسم

تفه‌نگێکی یاخی بووم

گرژ و مۆن…

له‌ لووتکه‌ی خۆمه‌وه

تا به‌ر پای عه‌شقی تۆ

که‌وتمه‌ تلاوتل!

ئێستا له‌ قه‌راخی ئه‌ستێرکی ئه‌وینتا

هه‌روه‌کووو شۆڕە‌بی

خاکه‌ڕاو و لا‌ره‌مل!

 

 

-4-

 

شیرین گیان!

خه‌ریکه‌ شێت ده‌بم

تۆیان لێم بزر کرد

ئاخر چۆن

من به‌رگه‌ی فیراقی تۆ ده‌گرم

ئه‌گه‌ر زوو نه‌یته‌وه

تۆ خۆش بی

من ده‌مرم!

 

 

-5-

 

شیرین گیان!

له ‌دووریت

بووگم به ‌په‌یکه‌ری ژان و ئێش

وه‌ره‌وه، ‌بخزه‌ نێو چاوانم

زوو به‌ زوو

ده‌ترسم، کڵپه‌ی ئاگری دڵ

بتکات به ‌خۆڵه‌مێش!

 

 

 

-6-

 

شیرین گیان!

دڵته‌نگم

شه‌ودێزی خه‌یاڵم ده‌نێرم

سواری به‌و وه‌ره‌وه

له ‌وه‌ختێ ڕۆیشتووی ده‌روونم خه‌زانه

به ‌ده‌ستی نیگایه‌ک، بزه‌یه‌ک

ده‌لاقه‌ی دڵ به‌ره‌و

به‌هاری جوانیت بکه‌ره‌وه!

 

 

-7-

 

شیرین گیان!

من ئه‌گه‌ر خوا بایام

ته‌نیا تۆم ده‌خوڵقاند

ده‌مکردی به ‌ته‌نیا ئافره‌تی ڕووی زه‌وی

په‌سنی تۆم ده‌کرد به ‌مه‌سحه‌ف و

ڕۆژانه ‌سه‌ت ڕەکات نوێژم بۆ ده‌کردی!

ئێستاکه‌ش…

من ئه‌گه‌ر خوا بایام

قابیزم ده‌نارده ‌خواره‌وه

ئافره‌تی سه‌رانسه‌ر ڕووی زه‌وی بمرێنێ

تۆم ئه‌کرد به‌ته‌نیا خواژن و

ئیتر هه‌رتا ئه‌به‌د

سوژده‌م بۆ ئه‌بردی!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– پووره‌ی ئه‌وین –

پووره‌ی ئه‌وین

 

 

واژەکان وه‌کوو هه‌نگ

له‌ باخی ئیلهامدا

یه‌کترین ناناسن

ده‌ست له ‌مل یه‌ک ناکه‌ن:

یه‌ک ناگرن، بێگانه‌ن، مل ناده‌ن

گه‌رچی گشت، ئاوسی ئاوباره‌ن!

گیانه‌که‌م!

یادی تۆ وه‌ک شانه‌ی هه‌نگوێنه

خێڵی هه‌نگ نیشتمان‌په‌رستن

که‌ شنه‌ی بای ئه‌وین هه‌ڵئه‌کا

ڕاده‌که‌ن، به‌په‌له…

ده‌ستی یه‌کتر ده‌گرن و

به‌ ده‌ورتا گشت پووره‌ ده‌به‌ستن!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– به‌خشش –

به‌خشش

 

 

خه‌ڵکی وڵاتی گریانم

کێڵگه‌ی کامتان وشک و برينگه

هه‌ردوو چاوم پێشکه‌ش ئه‌که‌م

وه‌ک شه‌م له ‌ناو شه‌وه‌زه‌نگا

ده‌سووتێم و ده‌توێمه‌وه

شه‌وگاری کامتان زۆر ڕە‌شه

دڵی ڕوونم دابه‌ش ئه‌که‌م

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– به‌خشش –

به‌خشش

 

 

خه‌ڵکی وڵاتی گریانم

کێڵگه‌ی کامتان وشک و برينگه

هه‌ردوو چاوم پێشکه‌ش ئه‌که‌م

وه‌ک شه‌م له ‌ناو شه‌وه‌زه‌نگا

ده‌سووتێم و ده‌توێمه‌وه

شه‌وگاری کامتان زۆر ڕە‌شه

دڵی ڕوونم دابه‌ش ئه‌که‌م

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شیعری لاسار –

شیعری لاسار

 

 

دیوارێکیان به‌ده‌ور شیعره‌کانما کێشا و

په‌رژینیان کرد…

ئه‌ودیویان لێ پاوان کردم…

له‌م‌دیو دیوار

تابلۆی ژنێکیان هه‌ڵواسی

وتیان فه‌رموو

ئه‌وه ‌باخی سینگ و مه‌مک

ئه‌وه ‌نازی چاوی جوان و

شه‌کری لێو و

باڵای سه‌رو و

ئه‌مه‌ش قه‌ڵه‌م!

تا ئه‌توانی

تا هێزی هه‌ستت بڕ ئه‌کا، پێیا بێژە

وشه‌کانت

له‌ قاڵبی قاچ و قول و سمت و که‌مه‌ریا داڕێژە!

 

شیعرێکم هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیا

بزۆز و شێت و لاسار بوو

به‌ گژ داروبه‌ردا ئه‌چوو…

هه‌ڵده‌به‌زی

بۆ ئه‌ودیوی دیواره‌که ‌سه‌ری ئه‌برد

له ‌ئاکامدا…

بڕیاری‌ دا،

شووره‌ی ده‌ستکرد بڕووخێنێ…

نهێنی و ڕازی ئه‌ودیو، دیواره‌که ‌بدرکێنێ.

به ‌قاڵدرمه‌ی وشه‌کانا،

هه‌رکه ‌گه‌یشته ‌سه‌ر دیوار

خێرا هاتن، به‌ده‌ست‌وبرد

پێی و ده‌ست و ده‌میان به‌ست و…

ئاگریان دا و…

جه‌سته‌یان به‌ خۆڵه‌مێش کرد!

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– من بووم وەک ئادەم –

من بووم وەک ئادەم…

 

 

یەکەم‌جار کاتێ

زەوی داسەکا،

بە دەور تەوەرەی زنجیری ڕۆژدا

کەوتە ھەڵسووڕان

من بووم وەک ئادەم، سەرم ھەڵبڕی!

لە نێوچۆمان و

ئەشکەوتەکانی شانەدەریدا

زەوین و زەمان، ناوی کردۆخیان

بەگوێمدا چڕی!

 

من بووم، یەکەم‌جار…

بەردی بناغەی ئەم جیهانەم نا…

چەلەنگ و شەنگ و بەلەنگاز و خوەش

ڕێم دا بە وەحش و دەعبا و جنۆکە

عەرەب و عەجەم، زەنگی و حەبەش!

ئەوانیش گەش گەش…

نامیانە چینی دیوارەکان و…

ناو و بوونمیان لە نێو دەفتەر و مێژوو سڕییەوە!

پشتیان شکاندم

شانیان چەماندم

ڕۆڵەکانمیان بەکۆیلەی خۆ کرد

نێر و ئامووریان لە سەر بڕبڕەی پشتم قایم کرد.

لەغاویان کردین

بەکۆمەڵ مردین

بەدریژانی ڕێ… ئیستاش وەک جاران..

ژینۆساید ئەکرین…

داگیرکەر زاڵن…

لە ژێر گرانیی باروبەریانا…

ھاوار ئەکەین و…

لە وڵاتی خۆمان،

وەکوو بێگانە و پەنابەر ئەمرین.

 

سنە

٦/١٠/١٣٩٣ – December 27, 2014

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سلێمانی، ھەر وەک خۆی ماوە –

سلێمانی، ھەر وەک خۆی ماوە

وڵامی ئەو شیعرانەی کە دۆست و برادەری شاعیر لەسەر شیعری جانتای سەفەر(کاوەی کوڕم) نووسیویانە.

 

 

 

گەلێ یاران و برادەران!

چل ساڵی پێش،

سلێمانی

شاری شۆڕش

ژینگەی پیاوی گەورە و مەزن

کانگای سەرھەڵدانی خەبات

مەتەرێزی شۆڕشوان و…

گۆڕەپانی بەرخۆدان بوو

“ئێستاش وایە و ھەروا ماوە!”

 

( چل ساڵی پێش…

ھیوام چوون بۆ ئەم شارە بوو..

بەڵام ئەفسووس، خۆم کەوتمە داوی نەیار.

کاوەی کوڕم…

بەدیھێنەری ئاوات بوو…)

 

سلێمانی، شاری ھەڵمەت و قوربانی

جادەکانی بەبێ وچان

پڕزایەڵە و …

ڕایەڵی پێوەندی شۆڕشگێر و

بەرەو ئازادی بەردەوام

دەم بەھاوار…

ئێستاش جگە دوو سێ ناکەسی بوودەڵە

سەرپاکی، ھەروەک جارانە و نەگۆڕاوە

 

کاوەی کوڕم

جارێکی‌کەش، ھەر بۆ سلێمانی ئەچێ

ڕاستی گەلۆ!

خاک فرۆش تاوانبارە

یان خاک؟

سلێمانی..

وەکوو جاران

ھەر سواری ئەسپە کوێتی که‌حیلانه و دانابەزێ!

دایکی ئەم شارە پیرۆزە

ڕۆژێ دەیان مامە ڕیشە و شەھاب ئەزئ!

 

ئێوە و خواتان

ئێتر بەسە،

خوێ بە زامی سارێژنەبووی شارا مەکەن

ئێتر چەمۆڵەی لێ مەنن

بە سەرمانا بەردەقارەمان دەبارێ!

دوو سێ خاسە جاش چاوشی پیرە پنۆک

نابن بە پێناسەی شارێ!!

 

٢٠/١٠/١٣٩٦ – January 10, 2018

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha