بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– پاته‌ختی خۆشه‌ویستی –

پاته‌ختی خۆشه‌ویستی

 

 

له ‌ده‌شتێکا وه‌ک دڵی من

گه‌رده‌لووله، گه‌رده‌لووله

مژە، ته‌مه، تۆزه، بایه

هه‌ر ئه‌ڕۆم و

خه‌مێک به‌قه‌د بارستانی کوێستانێکم له ‌دڵدایه!

له‌ گه‌رووما، بولبولێکی برینداره

وشه‌ی خوێن و

وشه‌ی زام و

وشه‌ی ئه‌وین ئه‌چریکێنێ!

له ‌ناو زامی سینگی شه‌قار شه‌قار بووما

هه‌وره‌تریشقه‌ی ئاسمانێکی بێ‌سنووره

له‌ ژێر ڕەهێڵه‌ی بارانی قورقوشمدا ئه‌شریخێنێ

با هه‌ر گولله

با هه‌ر چه‌قۆ

هه‌ڵمه‌ت به‌رن بۆ ناو خوێنم

من دڵ ئه‌که‌م به ‌پاته‌ختی خۆشه‌ویستی

گیانم ده‌که‌م به ‌گزنگ و

دڕک و داڵی ڕێگه‌ی ئه‌وین ئه‌سووتێنم!

چیا ئه‌که‌م به ‌گۆرانی

له ‌سه‌ر لووتکه‌ی قامێکه‌وه ‌ڕاده‌وه‌ستم

پڕ به ‌گه‌روو هاوار ده‌که‌م

به‌ گوێ دنیا ئه‌خوێنمه‌وه

ناوی جوانی خۆشه‌ویستم.

 

1368 – 1989

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کورتە ھەواڵ –

کورتە ھەواڵ

 

 

دوێنێ شەوێ

کوێستان ئەيوت

لەم ڕۆژانا، ڕێوی ڕاوە!

دیسان بۆ کۆشم دێنەوە

پۆل پۆل پەڵەنگ

تفەنگێکی باڵابەرزی گڕھاوێژیش وتی: منیش

لەم ڕۆژانا

سترانێ دەخوێنمەوە

گشت کوردستان پڕ کا لە دەنگ

 

١٣٦٠ – 1981

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کوردستان –

کوردستان

 

 

کاتێ پێنووسی چاره‌نووس

که‌وته‌ گه‌ڕان

له ‌دوای ئه‌وه‌ی

نه‌خشه‌ی عه‌رد و دنیای نه‌خشان

…که ‌گه‌یشته ‌لای خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست

له‌ سه‌ر خاکێک

ساتێ ڕاما

نازانم بۆ… که‌وته ‌له‌رزین

دڵی شکا

چاوی تۆقی

دڵۆپێ خوێن

به‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌دا تکا!

خێرا هاتن،

ده‌وریان ته‌نی

شه‌قڵیان کرد

به‌ په‌رژین و موورد و تێمان!

گه‌ڕان، ناوێک بدۆزنه‌وه

فرمێسکی چاوی گه‌ردوونی تیا بگونجێ

ئینجا هاتن

ناوی ئه‌و خاڵه ‌سووره‌یان

نا، کوردستان!

 

15/10/1366 – January 5, 1988

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– من دڵداری کوردستانم –

من دڵداری کوردستانم

 

 

سنووره‌کان بشێوێنن

من تامه‌زرۆی بۆن و تامی نیشتمانم

چۆن هه‌نگ شه‌یدای گوڵه‌باخه‌

من دڵداری کوردستانم!

 

من ئه‌زانم

به‌فر بۆ خوێن،

چۆن باوه‌شی ئه‌کاته‌وه…

دار به‌ڕووه‌کان به‌کام تاوان ئه‌سووتێنن.

 

من ئه‌زانم،

مرۆڤ له‌گه‌ڵ بیری مه‌رگا چلۆن ئه‌ژی

په‌ڵه‌نگ ئاوی ڕق و کینه‌

له‌کام کانی ئه‌خواته‌وه!

 

من ئه‌زانم

تینووه‌کان چۆن

مه‌مکی چیا ئه‌چه‌کێنن

کوێستان چۆن خوێن له‌ ڕوخساری ئه‌سڕێته‌وه

دڵداره‌کان،

به‌ کام وشه ‌دێنه ‌به‌یان

تفه‌نگ به‌ کام ده‌نگ و زمان

سیاوچه‌مانه‌ی کورده‌واری ئه‌چڕێته‌وه!

 

من دڵداری کوردستانم!

من ئه‌مه‌وێ

له ‌شه‌قامه ‌قۆرخه‌کانی دیاربه‌کرا

شمشاڵ لێده‌م،

قام و حه‌یران بخوێنمه‌وه.

له‌ چوارچرای مه‌هابادا

هه‌ڵکه‌م ئاڵاکه‌ی کوردستان

له‌ قامیشلی هاوار که‌م و

له‌گه‌ڵ چینی کرێکارا شاری که‌رکووک،

به ‌مان گرتن بژوێنمه‌وه‌!

 

سنووره‌کان بشێوێنن

کورد بنه‌ڕە‌تی جیهانی ناو

خۆی له‌ چینی دیواره‌کاندا پڕووکا

بوو به‌خوێن و

د

ڵ

ۆ

پ

 

د

ڵ

ۆ

پ

به‌سه‌ر هه‌موو دنیا تکا!

 

من دڵداری کوردستانم

وڵاته‌که‌م پێده‌نه‌وه

نه‌خشه‌ی جیهان بخوێنن و…

سنووره‌کان شی که‌نه‌وه!

 

22/11/1358 – February 11, 1980

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– گۆرانی –

گۆرانی

 

 

دڵداره‌که‌م

بۆ من مه‌گری…

ڕاسته ‌ئێستا،

له ‌من دووری، له ‌تۆ دوورم

به‌ڵام گیانه!

به ‌شوێن ده‌نگ و ڕە‌نگی ونبووی خۆما وێڵم.

دڵنیا به‌

تاشه‌به‌ردێ نیشتمان و

تاڵی قژی تۆ به‌ دنیا ناگۆڕمه‌وه

هه‌رگیز، هه‌رگیز، کوردستان و خه‌یاڵی جێ ناهێڵم!

تۆ له‌ شاری، من له‌ کوێستان

هه‌ر شه‌و کاتێ

به‌ شریخه‌ی ده‌نگی تفه‌نگ ڕاچڵه‌کای

ئه‌وه ‌منم،

له‌ کوێستانا

له‌ ناو باخچه‌ی کوردستانا

گوڵی سه‌ربه‌ستی ئه‌ڕوێنم

گۆرانی عیشق و ئازادی،

بۆ کوردستان

بۆ تۆی ئازیزم ئه‌خوێنم!

 

چیای هه‌ورامان

1359 – 1980

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– حه‌سره‌ت ٢ –

حه‌سره‌ت ٢

 

 

ئه‌ی ڕێبواره‌ غه‌ریبه‌که‌

به‌م‌لا و به‌و‌لادا چاو مه‌گێڕە

خێڵ ڕۆییوه

ته‌نیا جێگه‌ی کوچکاورێک

به‌جێ ماوه ‌له‌م هه‌واره!

ئه‌م گه‌رداڵه

ته‌پ و تۆزی خۆڵه‌مێشی یاده‌کانه

ئه‌و چنووره‌کێویله‌یه

بۆی ده‌گه‌ڕێی

ئێستا گوڵێکی ده‌سته‌مۆی

نێو گوڵدانی خه‌ڵکی شاره

 

1360 – 1981

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سه‌رگه‌ردان –

سه‌رگه‌ردان

 

 

ئه‌م گه‌رده‌لووله‌

به‌ره‌و کوێم ده‌با؟

من قاره‌مانی

شانۆی کام قه‌ڵه‌م شکاوی شێتم؟

وشه‌ی داکه‌وتووی

کام دێڕی مێژووم؟

هه‌زاران ساڵه‌

ته‌نیا و سه‌رگه‌ردان

وه‌ک تۆپێکی شڕ

له‌ به‌ر  تووکه ‌شه‌ق

چه‌ند به‌چکه‌ بێژووم

 

1365 – 1986

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سزای دڵداری –

سزای دڵداری

 

 

زات ناکه‌م ڕازی دڵ بدرکێنم!

سه‌گی ئه‌م شاره…

لانگیره، بۆنی دڵ و ده‌م ئه‌کا

سه‌گی ئه‌م شاره…

نه‌ک ته‌نیا گۆشت و ئێسک و خوێنی دڵ

ته‌نانه‌ت شیعر و گۆرانی ئه‌خوا!

زات ناکه‌م بڵێم

چه‌ندم خۆش ئه‌وێی!

زیته‌ی چاوی گورگ

له‌م گورگه‌ناوه

زات ئه‌تۆقێنێ

له ‌سه‌رانسه‌ری ئه‌م وه‌رزه‌ تاڵ و زه‌رد و ژاکاوه

بۆ حه‌شاردانی گوڵی هه‌ستی خۆم

شک نه‌به‌م شوێنێ

زات ناکه‌م ڕازی دڵ بدرکێنم!

 

7/8/1364 – August 28, 1985

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بۆ کاوه، شاهۆ، نیما –

بۆ کاوه، شاهۆ، نیما

 

 

ئه‌ی کاوه‌ گیان!

له‌ مێژ ساڵه

زوحاک به‌ سه‌رمانا زاڵه

باده‌ی جامی ماره‌کانی

خوێنی لاوی کرچ‌و‌کاڵه!

ئه‌ی شاهۆ گیان!

چیا ده‌بێ، له‌ ده‌روونیا

بچریکێنێ لووله‌ی تفه‌نگ

ئه‌وینداران بۆ ئازادی

له ‌سه‌ر دوندی

بڵێن قام و به‌سته‌ و ئاهه‌نگ

کاوه‌ی دلێر

بۆ ڕاپه‌رین چیای ئه‌وێ

بۆ حه‌سان و پاڵ پێوه‌دان

قه‌ڵای ئه‌وێ!

ئه‌ی نیما گیان!

په‌لکه‌ی کچی هیواکانم بهۆنه‌وه

وشه‌ یاخییه‌ بێ‌لانه‌کان

ده‌سته‌مۆ که، وێنه‌ی فیشه‌ک

شیعرێک بڵێ بۆ هه‌ژاران ببێ به‌ چه‌ک

شاهۆ، کاوه!

من به‌ڵێنم به‌ گه‌ل داوه

حه‌ماسه‌یه‌ک بخوڵقێنین

نیما بیکا به ‌هۆنراوه!

 

20/1/1368 – April 8, 1989

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شه‌هید –

شه‌هید

 

 

کاتێ زانیان،

دڵت پاپۆڕی ئه‌وینه ‌و

بۆ گه‌یشتن به ‌به‌نده‌ری خۆشه‌ویستی

ده‌ریای شه‌خته‌ و سه‌هۆڵ ئه‌بڕي

هاتن سینگتیان هه‌ڵدڕی!

 

کاتێ زانیان،

دڵت پردێکه ‌پان و پۆڕ

به‌ره‌و ناخی مێژووی جیهان

ده‌ستی کوێستانت گرتووه و

له‌ قووڵایی مه‌رگ و خوێنا

ئه‌یبه‌ی به‌ره‌و کۆشکی ژیان

په‌رده‌ی وه‌رزی زریان ئه‌دڕی

هاتن سینگتیان هه‌ڵدڕی!

 

کاتێ زانیان،

بورکانه‌ دامرکاوه‌کان ئه‌خرۆشێنی

بوومه‌له‌رزه‌ خنکاوه‌کان

له‌ ناو خوێنتا ئه‌جوێنه‌وه

نه‌خشه‌ی جیهان ئه‌شێوێنی

سنوره‌کان له ژێر پێتا ئه‌توێنه‌وه

وه‌ک بڵێسه‌ی کڵپه‌ی ئاگر

له ‌ناو شه‌وه‌زه‌نگا ئه‌گڕی

هاتن سینگتیان هه‌ڵدڕی!

 

کاتێ زانیان،

ناوت بووه ‌به ‌جوانترین وشه‌ی ئه‌وین

دڵداره‌کان ده‌بزوێنی

ده‌نگت بووه به‌ چه‌پکه ‌تیشک

شه‌وی چڵکن ئه‌شڵه‌قێنی

شانت داوه ‌به ‌ژێر خه‌می نیشتمانا و

فرمێسک له ‌چاو هه‌ژار ئه‌سڕی

هاتن سنگتیان هه‌ڵدڕی!

 

کاتێ زانیان،

کوێستانت کردووه ‌هێلانه‌ و

به ‌شمشاڵی لووله‌ی تفه‌نگ

ئه‌وینداران بۆ جێژوانی چیا ئه‌چڕی

هاتن سينگتیان هه‌ڵدڕی!

هاتن سينگتیان هه‌ڵدڕی!

 

1368 – 1989

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha