بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– هه‌ڵه‌بجه –

هه‌ڵه‌بجه

 

 

هه‌ڵه‌بجه،

زا‌مێکی ناسۆره

هه‌ر زووخی لێ ئه‌تکێ

ئه‌ڕژێته ‌ناو گۆمی خنکاوی ویژدانی سه‌ده‌ی بیست!

هاواری هه‌ڵه‌بجه

ئاسمانی ڕاچڵه‌کاند

خوا تف و له‌عنه‌تی له‌ سیمای زه‌وی ‌کرد.

موویه‌ک له‌ لاشه‌ی ئه‌م ده‌عبایه ‌نه‌بزووت.

دنیای که‌ڕ، هاواری پێنج هه‌زار په‌پووله‌ی

دیلی نێو دۆزه‌خی شه‌یتانی هه‌ر نه‌بیست!

له‌ مێژوو بپرسن

نه‌ورۆزی کام وڵات

ئاوری ‌کۆگای قژ، بسکی خاو…

ژیله‌مۆی برژانگی چاوی جوان

کاکۆڵ و په‌رچه‌می منداڵی ساوایه!

ئه‌مه ‌نه‌ ئاکامی ئاکاری خۆمانه ‌و

نه‌ ده‌ستی چاره‌نووس

یاسای ده‌ستکردی به‌دخواکانی زه‌وینه.

له ‌ئاسمان بپرسن

زه‌وینی پڕ تاوان

به‌ستێنی جه‌ولانی کام خوایه!

هه‌ڵه‌بجه!

هاواری ئینسانه‌

ئینسانی بێ‌په‌نا و ته‌نیای‌ ئه‌م زه‌مانه

وه‌ک ڕە‌وه‌ئاسکێکه، بێ‌داڵده

له‌ هه‌موو لایێکه‌وه ‌ده‌ستڕێژی لێ ئه‌که‌ن

بۆ هه‌ر لا ڕوو ده‌کا هه‌ر ته‌ڵه ‌و هه‌ر داوه!

هه‌ڵه‌بجه، شکاتی گه‌لێکه

وڵات به ‌وڵات و شار به ‌شار ده‌یگێڕم

نازانم له‌ کامه ‌دادگای عادڵدا، وه‌ک تفێک

ته‌ژی له‌ نه‌فره‌ت و ڕق و قین

هه‌ڵیداوێمه‌ نێو چاوانی ئه‌م قه‌ڕنه ‌به‌دناوه!

 

12/1368 – February, 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– درۆ –

درۆ

 

 

به ‌ئه‌م هه‌وره‌ قسره

نه ‌ئاسمان ئه‌زێت و

نه ‌قاقڕ به ‌شینکه ‌ئه‌خه‌مڵێ

گوڵم! وا مه‌نۆڕە

له ‌نیسێ به‌ ئه‌و لاوه ‌نینه

تریشقه‌ش ئه‌گه‌ر بێ

وه‌کووو ده‌وڵه، به‌س ده‌نگه، بۆشه!

ئه‌من شه‌و نه‌خه‌وتم

هه‌تا ژوانی پیلان

له‌ سرته‌ و چپه‌ی گه‌رده‌لوول و هه‌ور تێگه‌یشتم

دژی خاک ئه‌دوان

گوڵم! وا مه‌نۆڕە‌

درۆیه، فریوێکی نوێیه

له‌چاویان وه‌شێره‌

چ بۆن و به‌رامه‌ت له‌کۆشه!

 

5/4/1370 – June 26, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاخ باران! –

ئاخ باران!

 

 

چه‌ندی ماوه؟

تا په‌ڵه‌ی ئه‌م ڕۆحه ‌دیله‌ قاقڕەم، چه‌ن وه‌رز

هه‌وری چه‌ن پاییزی خوێناوی؟

ئه‌م که‌ویره ‌تاکوو ئاسمان…

هێنده‌ دووره، ده‌ستی باران

ناگه‌يێته ‌ناخی خنکاوی!

ئه‌م گوڵه ‌نیلووپه‌ڕە‌ی ژاکاوی ده‌ستی لم

تا که‌مه‌رچینی ئه‌سیری زبڵ و زاڵی پیسی زه‌لکاوه!

هه‌وڵ ئه‌دا خۆی هه‌ڵکشێت و

له‌م سنووره ‌ته‌متومانه ‌تێپه‌ڕێ تا ئه‌وپه‌ڕی گه‌ردوون!

ده‌ست و باڵی هه‌ڵبڕیوه، ڕوو به ‌تیشکی ڕۆژ

ڕیشه‌ تا ناخی قوڕ و لیته

چه‌ن هه‌زار ئاواتی سه‌وزی له‌م سیا ئه‌ستێره ‌خنکاوه!

ئاخ باران!

که‌ی ده‌بێته‌ لێزمه‌ بارانێ

چی که‌لاکی بۆگه‌نیوی خاکپه‌روه‌ر

له‌م زه‌وینه ‌ڕۆح‌کوژە‌ی به‌دناوه‌ ڕاماڵێ

هه‌ر دڕوو ده‌ڕوێ

خێڵی گوڵ که‌وتوونه‌ به‌ر شه‌للاخی باهۆز و

هه‌ر چی شیناوه‌رده، ژاکاوه

خاک لانه‌ی مار و دووپشکه

ئاسمانیش قۆرخی داڵه

ئاخ باران!

که‌ی ده‌بێته ‌لێزمه ‌بارانێ

گیانی تازه‌ خاته ‌به‌ر ئه‌م ژینه ‌گنخاوه!

 

1373 – 1994

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– من ڕە‌وته‌نیم –

من ڕە‌وته‌نیم

 

 

من تاریکم وه‌ک شه‌وه‌زه‌نگ

تۆ گیانی تیشکی، ڕووناکی

من ڕووبارم

نائارام و پڕ له‌ خرۆش

تۆ وه‌ک ده‌ریا

مه‌نگ و خامۆش و سامناکی!

له ‌دۆزه‌خی عه‌شقی خۆتا بمسووتێنه

من جه‌ننه‌تی چاوی تۆ به به‌هه‌شتی خوا ناگۆڕمه‌وه

ڕۆحی یاخیم ده‌سته‌مۆ که

با چه‌واشه‌ی هه‌ڵدێر نه‌بم

تۆ ته‌وه‌ره‌ی جه‌غزی ژینی

من هه‌ر به‌ده‌ور عیشقی تۆدا ده‌خولێمه‌وه‌

ئه‌مه ‌دوایین جاره ‌ده‌ژیم

من خدر نیم

تاوێ، ته‌نیا تاوێ له‌لات داده‌نیشم

ماڵت ئاوا، من ڕە‌وته‌نیم.

 

6/8/1373 – October 28, 1994

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بۆ کچێکی قه‌ره‌ج –

بۆ کچێکی قه‌ره‌ج

 

 

کچێکی قه‌ره‌جم خۆش ده‌ویست

ئه‌و ڕازی ئه‌وینی فێر کردم

وه‌ک شه‌ماڵ

ڕۆحێکی ئازاد و ڕە‌ها بوو

من ده‌مویست له‌ته‌کیا بژیم و

به ‌ده‌وریا سنوورێک بکێشم

هه‌رێمی ئه‌وینی بۆ بکه‌م به ‌سامان!

ڕۆژێک لای ئێواره

گه‌رده‌لوول به‌ زه‌بر

جاڕی دا به‌ گوێچکه‌ی هۆبه‌دا

خێڵی گوڵ چۆڵی که‌ن بۆ به‌فر!

من له ‌پشت په‌نجه‌ره‌ی دڵمه‌وه ‌ئه‌گریام

ئه‌ویش وه‌ک خۆره‌تاو

له ‌ئاسۆی شاره‌وه ‌ئاوابوو!

ئیتر له‌و ڕۆژە‌وه

من بووم به ‌قه‌ره‌ج و

ئه‌و بوو به ‌نیشتمان!

 

زیندانی ورمێ

14/3/1372 – June 3, 1993

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ته‌نیایی –

ته‌نیایی

 

 

ئه‌م سه‌رده‌مه

چه‌رخی ده‌رده

سه‌ده‌ی ته‌نیایی ئینسانه

له ‌پانتایی ئه‌م که‌ویره ‌پان و پۆڕە

تۆ ئه‌و ئاسکه‌ سه‌رگه‌ردانه‌ی

خێڵی ڕاوچی

له‌ سه‌ر چاره‌نووست ده‌دوێن.

بڕیار ده‌ده‌ن

بازنه‌ی گه‌مارۆ کات‌به‌کات

ته‌نگتر ده‌بێ

له ‌هه‌ر لاوه‌ ده‌سڕێژ ده‌که‌ن!

تۆ نازانی له‌ کام لاوه

له ‌دۆزه‌خی ته‌نیاییدا

لاشه‌ت دابێژدابێژ ده‌که‌ن

 

1376 – 1997

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– زیندانی –

زیندانی

 

 

له‌ نێو ژووره‌ تاکه‌که‌سیه ‌ته‌نگه‌که‌مدا

هه‌ڵکورماوم!

کاره‌ساتێک به‌ڕێوه‌یه

له‌ودیو دیوار

وه‌ردیانه‌که‌م ڕاوه‌ستاوه

ده‌لاقه‌یه‌کی بچکۆڵه

له ‌سه‌ر سینگی ده‌رکه‌که‌یه ‌و

داخراوه!

کۆتره‌باریکه‌ی خه‌یاڵم

تامه‌زرۆیه، هه‌ڵفڕێت تا

په‌ڕپه‌ڕۆچکه‌ی ئاسمانی کاکی‌به‌کاکی!

جاربه‌جارێ

وه‌ردیانه‌که‌م

ده‌لاقه‌که ‌ده‌کاته‌وه ‌و

لێم ده‌ڕوانێ

ئه‌و تاریکی ده‌بینێت و من ڕووناکی!

 

25/3/1371 – June 15, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بۆسه‌ی ئه‌وین –

بۆسه‌ی ئه‌وین

 

 

چاوه‌چاو مه‌که

به ‌مژێکی خه‌ست

ڕێگه ‌و ده‌ر و بان، گشت داپۆشراوه!

دنیا خامۆشه

وه‌رزێکی زه‌رده

ئه‌و گوڵه‌ی که ‌تۆ به ‌دوایدا وێڵی

له ‌بۆسه‌یه‌که‌دا په‌رژین کراوه!

ئه‌م ڕێگه ‌ئاخۆ

چه‌نده ‌ڕێبواری، له پێی خستووه؟

دێوی ڕێگری باخی ژین ئاخۆ

چه‌ند په‌تی مه‌رگی

بۆ ڕێبوارانی ئه‌وین ڕستووه!

 

1374 – 1995

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– خه‌ون ئه‌بینم، یان بێدارم؟ –

خه‌ون ئه‌بینم، یان بێدارم؟

 

 

شڵێوه‌ی ئه‌کرد

به‌فر و باران، تۆف و کڕێوه

ڕێگه‌ی ماڵیان لێ ون کردم

له ‌ناو گێژی بۆرانێکی سیاساڵا چه‌واشه ‌بووم

تۆفان پاڵی پێوه‌ ئه‌نام

خۆم نازانم بۆ کوێ ئه‌چووم!

دنیا تاریک و نووته‌ک بوو

ڕێم ئه‌کرد و وه‌رز ئه‌گۆڕا

نه ‌چاوی ڕۆحم ده‌یبینی

نه ‌چاوی دڵ…

به‌ناو چقڵا ئه‌ڕۆیشتم

هه‌موو جه‌سته‌م بریندار بوو

له ‌ده‌ست و پێم خوێن ئه‌چۆڕا

ده‌ڵێی ده‌ستێک ڕایده‌کێشام

به‌خۆم نه‌بوو… بێ ده‌ست و پێ

به ‌شوێن چاره‌نووسا ئه‌کشام!

هاوارێکی پڕ له ‌نفره‌ت

وه‌ک زریکه‌ی ڕۆحێک له‌پڕ:

هه‌ڵدێر، هه‌ڵدێر!

پێڵوه‌کانم لێک ترازان

له ‌ترۆپکی ئازارێکدا ڕاوه‌ستابووم

ڕۆحم ڕە‌ش‌ڕە‌ش هه‌ڵگه‌ڕا بوو

دڵ نووقمی خوێن

هه‌ردوو چاوم وه‌ک دوو گۆمی ليخن وابوو

بێڕه‌نگ، بێڕەنگ

له ‌ناو جه‌رگه‌ی ته‌م و مژێکی خه‌ستا بووم!

ئێره‌ کوێیه؟!

له‌ خۆم پرسی!

من چۆن لێره‌ گیرسامه‌وه؟

کوانێ ئه‌سپ و قه‌ڵه‌مه‌که‌م؟!

من خۆم به‌ره‌و په‌ڕپه‌ڕۆچکه‌ی ئاسمان ئه‌چووم؟

به‌ وشه‌ی تیشک

قسه‌م له‌گه‌ڵ شه‌وا ئه‌کرد

دژی زریان و شه‌خته ‌بووم

سینگم پڕ بوو له ‌برووسکه

ڕۆحم وه‌ک ڕۆژ له‌ ناو ده‌روونما ئه‌دره‌وشا

قه‌ڵه‌مه‌که‌م، به ‌تیشک به ‌ئاگر پڕ ئه‌کرد!

نامه‌‌ی دڵدارانه‌م پێ بوو

بۆ خوا، بۆ ئاسمان، بۆ سروشت

بۆ بارگای عه‌شقم ئه‌برد!

ئێره‌ کوێیه؟!

که‌ی گه‌یشتمه ‌ئه‌م هه‌ڵدێره؟!

چۆن بوو سه‌رم شۆڕ ببوه‌وه‌‌ به‌ره‌و بنار؟

خۆ من باڵام به‌قه‌د باڵای کوێستان به‌رز بوو

چۆن ئه‌م گێژ و ئه‌م زریانه‌ هه‌ڵیگرتم؟

خۆ من گۆمی شه‌وه‌زه‌نگم ئه‌شڵه‌قان به ‌به‌ردی هاوار!

خه‌ون ئه‌بینم یان بێدارم؟

ئه‌م زلکاوه ‌که‌ی مه‌به‌ست و ئامانجم بوو

من دڵۆپی خوێنی گه‌شی زامی سینگی نیشتمان بووم

به‌ره‌و ده‌ریا ئه‌چوو ڕۆحی وه‌ک ڕووبارم

ئێره‌ کوێیه؟!

خه‌ون ئه‌بینم یان بێدارم؟

 

1374 – 1995

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بانگم ده‌که‌ن –

بانگم ده‌که‌ن

 

 

به‌رله ‌مێژووی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌م جیهانه

ئاسمانی پیر

ئه‌فسانه‌ی داهاتووی زه‌وینی

به‌ گوێی گه‌ردوونا ئه‌چرپاند

په‌ڵه‌هه‌ورێکی چه‌واشه،

دڵی پڕ بوو!

من دڵۆپێ له‌و گریانه‌م

که ‌له ‌چاوی هه‌ور تکاوم

ڕۆڵه‌ی ئاواره‌ی زریانم

له‌ سیلسله‌ی ڕۆحی ئاوم!

ته‌نیا و غه‌ریب

نیشتمانم به‌ قه‌د مه‌ودای مه‌رگ و ژیان، له ‌من دووره

به‌ زنجیری ته‌مه‌ن له ‌ئه‌م گۆڕخانه‌دا دیل کراوم!

هاوار ئه‌که‌م

تاسه‌یه‌کی لێو شه‌قارم

تینوو، تینوو، له‌م که‌ویره‌ به‌جێ ماوم!

بۆ سه‌رچاوه‌م بگێڕنه‌وه

له‌م وڵاته ‌نامۆیه‌دا

وه‌ک تۆپێکی شڕ و شیتاڵ

وه‌به‌ر لاق و شه‌قی چاره‌نووس دراوم!

ڕۆحم له ‌ناو ڕکه‌ی له‌شما ئه‌زریکێنێ

ئه‌م باڵنده ‌باڵ‌شکاوه

بیره‌وه‌ری ئاسمانی به‌رز، په‌ڕپه‌ڕۆچکه‌ و…

ته‌قڵه‌بازیی ساماڵی خوای هه‌رگیز له ‌بیر ناچێته‌وه!

بانگم ده‌که‌ن

گوێ ڕادێرن، بانگم ده‌که‌ن!

زه‌ریا، شه‌پۆلی چه‌واشه

هه‌ور، دڵۆپی ئاواره

ئاسمان، باڵنده‌ی ئه‌سیر و

منیش یه‌کێ بانگم ده‌کا

ده‌نگی پێ دێ، ده‌نگی پێ دێ.

زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی پێی مه‌رگه، له ‌داڵانی دڵمه‌وه ‌دێ

هه‌نگاو، هه‌نگاو، نێزیک گیانم ده‌بێته‌وه!

 

ورمێ

5/4/1375- June 25, 1996

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha