جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دوا ڕۆژانی سه‌ده‌ی بيست –

دوا ڕۆژانی سه‌ده‌ی بيست

 

 

ئێمه‌ خێڵی چه‌واشه‌ی نێو مێژووی دڵی خۆمانين و

چاومان تا سه‌ر کڵاوه‌ی لووتمان هه‌ته‌ر ناکا

هێشتا بيرمان کرچ و کاڵه!

هێشتا خه‌نجه‌ر

ئه‌ندێشه‌مان سه‌ر ئه‌بڕێت و

هێشتا تفه‌نگ،

فه‌رهه‌نگێکه ‌تاڵ و تووڕە

به‌ سه‌ر ژيانمانا زاڵه!

تفه‌نگ نه‌بێ لاڵ و کوێرين

له ‌هه‌وراز و له‌ نشێودا

تفه‌نگ گۆچانی ده‌ستمانه!

به‌ زمانی تفه‌نگ ده‌دوێين

له‌ جاسووسه‌ی تفه‌نگه‌وه

چاومان بۆ دنيا ئه‌ڕوانێ

ته‌نيا تفه‌نگ، تفه‌نگ، تفه‌نگ مه‌به‌ستمانه!

 

له ‌به‌رانبه‌ر دوژمن مه‌ردين

پۆڵاين، به‌ردين!

سه‌رمان له‌ حاستی گه‌ردووندا، دانانه‌وێ

هه‌مبه‌ر، قه‌نديل و هه‌ڵگوردين!

له ‌هه‌ڵمه‌تا، شێرين، په‌ڵه‌نگين، نه‌به‌ردين!

به‌ڵام ڕێگا باش ناناسين، زوو ئه‌خڵه‌تين!

سه‌دان که‌ڕە‌ت

نه‌وت و خوێن له‌ شاری که‌رکووک ئاوێته‌ بوو

سنه ‌سووتا

دياربه‌کر، له ‌ئاگری داخا هه‌ڵگيرسا

گردی سه‌يوانی سلێمانی خه‌ڵتان خوێن بوو

هه‌زار قازی

له ‌چوارچرای مه‌هابادا

له ‌دار درا…

به‌ڵام هيچمان به‌هيچ نه‌بوو!

 

کاتێ هه‌ستاين

کاتێ ويستمان ده‌نگ هه‌ڵبڕين

زه‌خم و زووخی مێژينه‌مان

به ‌گوێی جيهانا ده‌ربڕين

هه‌موو به‌يه‌ک ڕێگا بڕۆين

تفه‌نگ بۆمان بوو به ‌مه‌به‌ست!

ئامانج دزرا و ڕێگا ون بوو…

هه‌رکه ‌سازی خۆی گرته‌ده‌ست!

يه‌کێ چوو بۆ باوه‌ش دوژمن

تووره‌که‌ی جاشی کرده‌ سه‌ر

له‌م‌لايشه‌وه

بۆ چۆن مردن، گيان به‌خت کردن

بێگانه‌ بوو به‌ ڕاوێژکه‌ر!

ته‌ماشا که‌ن

ته‌ماشای ده‌ورو به‌رتان که‌ن

هه‌ر قۆناخێ پێداويستی خۆی گه‌ره‌که!

ئێستا، بير و مێشک و ئه‌ندێشه ‌پێويسته

به ‌جێی تفه‌نگ

به‌ چاوی خۆمان بڕوانين

به ‌هێزی مێشک و ئه‌ندێشه

بارودۆخی ژين بگۆڕين

ته‌ماشا که‌ن

دوا ڕۆژانی سه‌ده‌ی بيسته!

 

14/1/1370 – April 3, 1991

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– زریکه‌ی رۆح –

زریکه‌ی رۆح

 

 

ھێشتا زەوی

کۆرپەی ئامێزی گەردوون بوو

ھێشتا ئاسمان

خەڵکی وڵاتی نەبوون بوو

عیشق و خەمیان ئاوێتە کرد.

کردیانە دڵ!

زریکەی ڕۆحێکی ئەشقیا

خەوی کۆرپەی نووستووی شێواند

زنجیریان کرد،

جەستەمیان وەک ڕکە ھێنا

ڕۆح و دڵیان تیا بەستەوە و

نایانە کڵ!

ئێستاکەش ھەر

ڕۆحم، ڕۆحە تووڕە و دیلەکەی جارانە

دڵیشم ھەر عیشق و خەمە ئاوێتەکەی

بەر لە خیلقەتی جیھانە…

بەڵام ھەرچەند دنیا گەڕام..

نەمدیتەوە

نە ئاسمانێ بۆ ھەڵفڕین

نە دڵدارێ بۆ تاقی کردنەوەی ئەوین!

 

٧/٨/١٣٧٥ – October 28, 1996

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– چریکەی نێو قەفەز –

چریکەی نێو قەفەز

 

 

ھەموو شەوێ

لە ئەودیوی دیوارەوە

باڵندەیەک، دیلی قەفەز

تێی دەچریکاند.

بەستەکانی، ڕووداوانی نیشتمان بوون

لاوک، حەیران، سیاوچەمانەی ئەکرد بە پرد

ھەڵگورد دەستی شاھۆی ئەگرت

لە گەڵ قەندیل

بۆ لای چیای ئاگری ئەچوون!

ھەموو شەوێ

منیش لە پشت دەلاقەی ژوورەکەمەوە

زنجیری دیلیم دەپساند و

ئەسپی خەیاڵم زین ئەکرد

بە شاڕێگەی حەنجەرەی ئەو باڵندەدا

 

بۆ نیشتمان ئەچوومەوە!

دوێنێ شەوێ

شەو بۆنی خەم، بۆنی ماتەمی لێ ئەھات

تا بەیانی چاوەڕوان بووم

دەنگی باڵندەکە نەھات!

ئەوڕۆ بیستم،

لە کازێوەی بەیانیدا

باڵندە دەنگ خۆشەکەیان سەر بڕیوە

بۆ تێکدانی بنکەی سووری بەستەکانی

ڕەگ بە ڕەگی حەنجەرەیان ھەڵدڕیوە!

ئێمشەو دڵم، دەکورکێنێ

باڵندەیەک، باڵ و پەل و پۆ خوێناوی

لە سەر لقی شیعرێ ھێشتا نەگوتراوم

ھەڵنیشتووە و دەچریکێنێ!

 

٢٤/٣/١٣٧١ – June 14, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تەنیایی –

تەنیایی

 

 

شەو خەریکە

بە چارشێوە ڕەشەکەی، شار دادەپۆشێ

ڕیشۆڵەکان لە سەر لق و پۆپی داری قەراخ شەقام

ئارام دەگرن

ڕێبوارەکان پەلەیانە

ھەر ھەنگاوێک بەلەز بەرەو ماڵی دەکشێ.

دەست بۆ مل و

چاو بۆ دیدار، ھەڵپەیانە…

یەکتر دەچڕن.

ھەر من تەنیا

بێکەس، غەریب

وەک باڵندەی بێ‌ھێلانە

بە‌بێ ئامانج شەقام دەبڕم

شار خەوتووە

شەقام چۆڵە…

ھەر من تەنیا… سەرگەردانم.

دڵتەنگ، دڵتەنگ

لە چاوی خەم، فرمێسک ئەسڕم!

 

٢٨/١/١٣٧٥ – April 16, 1996

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– نوێژ –

نوێژ

 

 

ڕووگەی جێژوان، چاوەڕوانە!

من لە ئێرە دەس‌نوێژەکەم ھەڵگرتووە!

دەمەوێ چوار ڕەکات ئەوین،

لە میحرابی چاوەکانتا بخوێنمەوە!

کات درەنگە،

دڵ ھەڵپەیە بۆ میعراجێ!

عیشا بە سەر شان و ملما، بڵاو بووە!

سەرم بچێ، نوێژم ناچێ!

 

٥/٣/١٣٧١ – May 26, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ژوان –

ژوان

 

 

که‌ی زیندان ده‌توانێ ڕێم بگرێ

به ‌باڵی په‌پووله‌ی

ڕە‌نگینی خه‌یاڵم هه‌ڵده‌فڕم!

دوێنێ شه‌و

هه‌تاکوو به‌یانی

پێکه‌وه

شه‌قام و کۆڵانی شار نه‌ما

گشت گه‌ڕاین

کاتێ رۆژ،

هه‌ڵات و «ڕابوون»یان ڕاگه‌یاند

به‌ زرمه‌ی پۆستاڵی وه‌ردیانه

لێک بڕاین.

 

28/6/1378 – September 19, 1999

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– زیندان –

زیندان

 

 

دنیا، زیندان!

وڵات، زیندان!

شار، زیندان و

خانوو، زیندان!

جه‌سته‌م زیندان

ئاخ، نازانم…

گه‌ر بتوانێ مشکی زه‌مان

تیمانی ژە‌نگ‌گرتووی قه‌فه‌ز

لێک بپچڕێ

باڵنده‌ی دیل

بۆ کوێ ده‌فڕێ؟!…

 

28/6/1378 – September 19, 1999

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تفه‌نگ و خوێن و چیا –

تفه‌نگ و خوێن و چیا

بۆ شێرکۆ بێکه‌س

 

 

وتیان: کاکه!

وشه‌ی تفه‌نگ

ڕەقه، زه‌قه، ناهه‌مواره

به‌رهه‌ڵستی گه‌شه‌ و نه‌شه‌ی شیعره‌کانته

شانی شیعرت

به‌و بۆنه‌وه‌ برینداره!

ئه‌ی من چ بکه‌م؟

نه‌خشه‌ی گه‌وره‌ی وڵاته‌که‌م

تفه‌نگێکه‌ و

بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ

له‌ ناو هه‌موو نووسراوه‌کانمدا دیاره!

وتیان: چیا زۆر سه‌رکه‌شه

له ‌ناو شیعرێکی په‌سه‌ند و ڕێک‌وپێکدا

ناشرینه‌ قوت بێته‌وه

ئه‌ی من چ بکه‌م؟

نیشتمانم کوێستانێکه‌ و

هه‌رچه‌ند ئه‌که‌م

وشه‌ی چیا

له ‌ناو دێڕ و کرت و ڕستی شیعره‌کانما ناچێته‌وه!

وتیان: ئه‌ی خوێن!

خۆ ئیتر خوێن

پێویست ناکا

له ‌ناو شیعرا خۆی بنوێنێ

ئه‌ی من چ بکه‌م؟

نیشتمانم ده‌ریای خوێنه

ڕە‌نگی خوێن له‌ دڵۆپی خوێن بسڕمه‌وه

چی ده‌مێنێ؟

بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ

وشه‌ی شیعری من هه‌ر خوێنه.

پێتان ده‌ڵێم

شاعیرانی وڵاته‌که‌م، پێتان ده‌ڵێم

سه‌ری شیعری بێ‌چه‌ک ده‌بڕن

شیعری بێ‌خوێن

زه‌رد و بێ‌هێز و لاوازه

شیعرێ چیای تێدا نه‌بێ

زگی ده‌دڕن!

پێتان ده‌ڵێم

بۆیه‌ شیعرم خوێناويیه‌ و

سووره‌ ڕه‌نگم

من شاعیری نیشتمانی خوێن و کوێستان و تفه‌نگم!

 

22/11/1368 – February 11, 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ھێلانەی من… –

ھێلانەی من…

 

 

-١-

 

ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم

چۆن بێمەوە؟

ئەم گێژاوە دەمخنکێنێ

لەم لێمشتە سامناکە چۆن بپەڕمەوە؟!

 

گەر بتەوێ

دڵت ئەکەی بە پردێک و

نەک ھەر لافاو

شەپۆلی گشت زەریانەکانیش لەغاو ئەکەی

کە ھاتیەوە

عارەقەی نێو چاوانت بە قژ و کەزی ئەسڕمەوە!

 

 

-٢-

 

ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم

چۆن بێمەوە؟!

لە نێوانی من و تۆدا

شمشێرێکە و

خوێنی ھەزار ئەوینداری لێ‌دەچۆڕێ

 

شمشێر کولە و ئەوین تێژە

بە بڵێسەی ئاگری دڵ

ئەم شمشێرە بتوێنەوە

ئەوینداری ڕاستەقینە

لە بەرامبەر ھیچ کۆسپێکا

دڵ ناگۆڕێ

 

 

-٣-

 

ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم

چۆن بێمەوە؟!

تا چاو بڕ کات

ھەر بڵێسە و کڵپەی ئاگر

بەرەو ئاسمان ھەڵئەچێت و

دووکەڵ دنیای داپۆشیوە

دڵم نەماوە حەجمێنی

 

ئاگر بە ئاو دائەمرکێ

دەبێ لە کوورەی ئەوینا

ببێ بە ئاو

بەرەو ئاسمان ھەڵکێشیت و

وەک ھەور بەسەر

چەڕە دووی ئەم گڕکانەدا، داباریت و

سینگە سووتاوەکەی من و

زەوینی خوا بخەمڵێنی

 

 

-٤-

 

ھۆ کیژۆڵە قژ سەوزەکەی دارستانی ھەست و شیعرم

چۆن بێمەوە؟!

ئا لەم شەوە کش و مات و گورگە ناوە، چەواشەم و

نازانم چۆ بتبینمەوە؟

 

گەر ئەتەوێ لەگەڵ منا ئاوێتە بیت و ھەر بژیت

گیانت بکە بە گزینگ و

سامانی شەو بسووتێنە!

بۆ ئەم ساماڵە تاریکە، ببە بە ڕۆڵەی تاقانە

ئەگەر تیری ھەوری چڵکنیش پێکاتی

ئەوسا ئیتر، دێیتەوە بۆ باوەش من و

سینگم ئەکەی بە ھێلانە!

 

٢٥/١/١٣٦٩ – April 14, 1990

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕۆحی کوێستان –

ڕۆحی کوێستان

 

 

که ‌هه‌ره‌س هات

هێندێ که‌وتن

هێندێ ڕێگه‌یان هه‌تڵه‌ کرد

هێندێ خۆیان پێ نه‌گیرا و

به‌ره‌و ئه‌ودیوی گرده‌شان ئاواره‌ بوون!

ئه‌وانه‌ش وا

به‌هار له‌نێو ده‌روونیاندا پێده‌که‌نی

سینگیان ڕووگه‌ی خۆره‌تاو و

ڕۆحیان گوڵه‌کێویله ‌بوو

دڵیان له‌گه‌ڵ دڵی خاکدا ئاوێته ‌بوو

وه‌ک دار به‌ڕوو

بوون به ‌تۆوی گڕ و کڵپه‌ و

به‌ره‌و ناخی کوێستان ڕۆچوون!

 

به‌فر و ڕنوو توایه‌وه‌

منیش هاتووم بۆ چه‌پکێ گوڵ

هێندێ لە ئەو به‌رزانه‌وه ‌ڕاوه‌ستاون

جامه‌ی سووری گوڵه‌کانیان له‌به‌ردایه

ده‌یانناسم، هه‌ر چقڵه‌کانی جارانن

سیمایان به‌ خوێناوی گوڵ ڕه‌نگ کردووه

وه‌ک ده‌وڵی بۆش هه‌ڵمساون

هێندێ چه‌کمه‌سووری به‌رتیپ، زوڕنا به‌ده‌ست

کردوویانه ‌به‌ شایلۆغان

به ‌دیلان و چه‌پڵه‌ڕێزان

ده‌ڵێن به‌هاره، به‌هاره…

چاو ده‌گێڕم…

ئه‌ی بۆ چیا ڕە‌ش ده‌نوێنێ؟!

ئه‌مانه‌ کێن؟!

من ده‌گریم و…

ئاو و خاک و دارستانی ئه‌م بناره‌ش

به‌ کوڵ ده‌گرین

ئه‌مانه‌ کێن، گوڵه‌کان پێشێل ده‌که‌ن؟

ڕۆحی کوێستان ده‌زریکێنێ!

 

20/2/71 – May 10, 1992

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha