حه‌سره‌ت
من بیر له‌و به‌هاره ڕەنگینه ده‌که‌مه‌وه
هات و تێپه‌ڕی و
ئێمه نه‌مانتوانی
بۆن به گوڵێکیهوه بکه‌ین!
بۆنی خوێن، مه‌ستی کردبووین و
خوێنی یه‌کترمان
له په‌رداخی فیشه‌کدا فڕ ده‌کرد!
من بیر له‌و به‌هاره ڕەنگینه ده‌که‌مه‌وه و
نه‌فره‌ت ده‌که‌م له‌وانه‌ی
ده‌رکه‌کانیان داخست و نه‌یانهێشت
بۆن بهگوڵێکیهوه بکه‌ین!
ده‌یان سه‌ده
چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌هاره بووین
که هات ئێمه پشتمان تێکرد و
به‌رامبه‌ری یه‌کتر ڕاوه‌ستاین و
له زستانی ڕق و قینا
ڕەق بووینه‌وه
ئاخ، مخابن!
ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ره‌تای ڕێگا
نه‌وه‌کانمان هه‌میسان
بۆ گه‌یشتن به ئێستا
به ده‌م ڕێگاوه شه‌که‌ت و ماندوو
کارنامه‌کانمان ده‌خوێننه‌وه و
تف و له‌عنه‌ت له گۆڕەکانمان ده‌که‌ن
ئه‌ی مێژوو!
له‌بیرت بێ، به‌هار هات و
ده ساڵ، ده‌ساڵی ڕەبهق
له به‌رامبه‌ر دهرکهکانمانهوه ڕاوه‌ستا و پاڕایه‌وه
ئێمه ده‌رکه‌مان بۆ نه‌کرده‌وه و
له سه‌ر مێزی مه‌یخانه‌ی خه‌یانه‌ت و حه‌ماقه‌ت
خوێنی یه‌کترمان
له په‌رداخی فیشه‌کدا، فڕ ده‌کرد
ئه‌ی مێژوو…
له‌بیرت بێ، ده‌یان سه‌ده
به ئاواتی گه‌یشتن به ئه‌م به‌هاره جوانه‌مه‌رگه!
پێکه‌وه رێگامان بڕی
له هه‌ر هه‌نگاوێکدا،
هه‌زاران گیانی نهسرهوتمان به خاک ئه‌سپارد
کاتێکیش گه‌یشتین
به‌هار، به هه‌زاران گوڵخهندهوه
باوه‌شی بۆ کردینه‌وه
به‌ڵام، ئێمه پشتمان لێکرد و
له زستانی ڕق و قینا
ڕه‌ق بووینه‌وه!
هه‌ولێر
8/7/1379 – September 29, 2000
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha