بابەتەکان

جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئاواتێک –

ئاواتێک…

 

 

ئاخۆ ده‌بێ،

ئه‌و ڕۆژە ‌بێ

کاوه‌ی کوڕم

جانتای سه‌فه‌ر کاته‌ شانی؟

ده‌ڵاڵانی به‌ر گاراژی شاری سنه‌،

هاوار بکه‌ن:

سلێمانی، سلێمانی!

 

1359 – 1980

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– په‌ڵه‌نگ و مانگ –

په‌ڵه‌نگ و مانگ

 

 

په‌ڵه‌نگ له ‌سه‌ر چیای ئاوات

له‌گه‌ڵ تریفه‌ی مانگه‌شه‌وا

یاری ئه‌کرد!

دنیا پڕ بوو له‌ خه‌یاڵ و حه‌ز و تاسه

گوڕتاوی شه‌م بۆ په‌پووله

سرته‌ی ماسی له‌گه‌ڵ ڕووبار

خورپه‌ی دڵی گوڵه‌باخ و

چرپه‌ی پای هه‌نگ.

له‌ناکاوا…

هه‌ڵزنایه ‌باڵای چیا

شریخه‌ی تفه‌نگ

ڕوخساری مانگ هه‌ڵپڕووکا

له ‌ئامێزی سووری چیا

بوو به ‌ئاسۆی هاواری خوێن

گڵکۆی په‌ڵه‌نگ.

 

1366 – 1987

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تۆڵه‌ی چاو پێکه‌وتن –

تۆڵه‌ی چاو پێکه‌وتن

 

 

ئه‌ی گیانه‌که‌م!

بڵا پۆلیسه‌کان بنوون

زیندان بنوێ

بێده‌نگی گشت به‌ند و قاوشه‌کان بگرێ.

ده‌لاقه‌ی ژووره‌که ‌داناخه‌م

چاوه‌ڕوانم

به‌ڵێنت پێداوم شه‌وێ

بخزێیته‌ ناو خه‌ونه‌کانم.

کاتێ هاتی ده‌خیلت بم

که‌س نه‌تبینێ

چونکه ‌پۆلیس به‌تاوانی نافه‌رمانی

تۆڵه‌ی چاوپێکه‌وتنی تۆم لێده‌ستێنێ!

 

1365 – 1986

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بێ‌وڵات –

بێ‌وڵات

 

 

چل ساڵه ‌من

ته‌رمی خۆمم له‌ کۆڵ ناوه

ده‌یگێڕم و ئه‌شک ئه‌ڕێژم

ڕێگه‌ی دووری ته‌مه‌ن ئه‌بڕم

بستێ خاکم ده‌ست ناکه‌وێ

ئه‌م جه‌سته ‌پڕ له ‌ئازاره‌ی

تیا بنێژم!

 

1365 – 1986

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– نامه –

نامه

 

 

دوێنێ شه‌وێ…

هه‌ورێکی ته‌ڕ

پرچی سه‌وزی ڕاوه‌شاند و

به‌گوێی ده‌شتا

موژده‌ی شینکه ‌و گوڵی چرپاند.

هه‌ر له‌وکاتا

باڵنده‌یه‌کی سپی هات و

سه‌ری کرده ‌ژووره‌که‌ما و

خۆی داته‌کاند

بۆنی به‌فر و چیای پێ بوو!

کوێستانێکی پڕ له ‌خوێن و

پڕ له‌ بێن و پڕ له‌ زام و پڕ له ‌ئه‌وین

به‌شه‌قامی دڵما پرژاند!

ئه‌و باڵنده‌ نامه‌ی تۆ بوو…

کوێستان له‌ ناو نامه‌که‌تا

ئامێزی بۆ ڕاده‌گرتم

ده‌ستی تاسه‌ی ڕاده‌کێشام!

بۆ سه‌رچاوکه‌ی عه‌شقی جارانی ئه‌بردم!

 

دوێنێ شه‌وێ…

هه‌ورێکی شێت

پڕ له ‌برووسکه ‌و بێ‌قه‌راری

له‌م ئاسمانه ‌نامۆییه‌وه

به‌ره‌و کوێستان سه‌ری هه‌ڵگرت

چی تاسه‌ بوو له ‌نێو دڵما

هه‌مووی کرده‌ کۆڵه‌بار و

له‌گه‌ڵ خۆی برد.

 

26/10/1360 – January 13, 1982

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– فه‌رمان –

فه‌رمان

 

 

ڕایه‌خێکیان بۆ ڕاخستم

قه‌ڵه‌مێکی ده‌سته‌مۆیان دایه‌ ده‌ستم!

وتیان: بنووسه ‌شه‌وه‌زه‌نگ

له‌م وڵاته ‌سروشتیه…

بۆنی گوڵ و تیشک و هه‌تاو ده‌مار ئه‌گرێ

ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاسمان ئه‌فڕێ ئه‌شقیایه

عومری باڵنده‌ی به‌رزه‌فڕ

کورته ‌به‌قه‌د ته‌مه‌نی گوڵ

_هه‌ر زوو ئه‌مرێ!_

وتیان: بنووسه ‌ئاسمان

قه‌ڵه‌مڕەوی یاسای داڵه

ئه‌وین، چیای یاخی‌بوونه

بۆنی گوڵ و بێنی رۆژ و په‌ڕپه‌ڕووچکه‌ی ئاسمانی به‌رز

خه‌ونه، خولیایه، خه‌یاڵه!

وتیان: بنووسه ‌یاسای داڵ

یاسای خوایه

چی باڵنده ‌و په‌له‌وه‌رن بێ‌سام و سڵ

هه‌تا بن‌میچی ئه‌و ڕکه‌ی تێیدا ده‌ژین

ده‌توانن ده‌نگیان هه‌ڵبڕن

ناوبه‌ناویش به‌ سرته‌سرت

قام و حه‌یران بۆ داڵ بچڕن

ئه‌توانن له‌شه‌قه‌ی باڵ ده‌ن.

تا به‌ر ده‌رکی قه‌فه‌ز بفڕن!

 

لقی شکاوی گوڵێکم کرده ‌قه‌ڵه‌م

به ‌خوێناوی بولبولێکی کوژراو نووسیم:

نووسیم: ئاسمان قه‌ڵه‌مڕە‌وی باڵنده‌یه

نووسیم ئه‌وین یاسای بێ‌خه‌وشی دڵداره

گوڵ و ئاسمان و ئازادی

قانوونی خوای ئه‌وینداره

 

1367 – 1988

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ته‌نیا –

ته‌نیا

 

 

ته‌نیا و غه‌ریب

له ‌چوارڕێیانی گه‌ردوونا ڕاوه‌ستاوم

وه‌کووو باوه ‌ئاده‌م ته‌نیا

له‌ خاکێکی ڕەش خوڵقاوم!

به‌هه‌شتی خوام له‌به‌ر حه‌وا فڕێ داوه

به‌ڵام حه‌وا…

له ‌دواژوانگه‌ی به‌ر جه‌ننه‌تی چاوه‌کانیا

سێوی کاڵی دڵی بردم

ڕۆیی و ئیتر نه‌هاته‌وه!

ئێستا، ته‌نیا، ته‌نیا، ته‌نیا

له ‌شه‌قامه ‌چۆڵه‌کانی رۆحی خۆمدا، سه‌رگه‌ردانم!

وه‌ک شه‌پۆلێکی یاخیم و له ‌ده‌ریای خۆم هه‌ڵبڕاوم

هیچ به‌نده‌رێک باوه‌شم بۆ ناکاته‌وه!

ئێستا، لێره، شاعیرێکم

زامه‌کانم ده‌هۆنمه‌وه

گۆرانی‌بێژێکی ته‌نیام و

له‌ شه‌وێکی بێ‌بواردا…

ده‌نک ده‌نک

خه‌مه‌کانم ده‌نووسمه‌وه!

 

1368 – 1989

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– خەمێکی لە مێژینە –

خەمێکی لە مێژینە

 

 

من خەمێکی مێژینەم و

لە ناو کڵپەی ئاگردانی

خۆزگە و عەزرەتا سووتاوم

من ئاخێکی دووکەڵاویم

ھەڵمی ناخێکی خنکاوم

من ڕێبواری مێژووی تاڵی دڵی خۆمم

ھەر ئەڕۆم و ھەر ئەڕۆم و

ھەر جێ ماوم.

 

1358 – 1979

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– تاسه –

تاسه

بۆ عه‌بدوڵڵا په‌شێو

 

 

خۆشه‌ویستم!

زۆر له‌مێژە

تاسه‌ی دووریت

وه‌ک دڵۆپێ فرمێسک له ‌ناو

گلێنه‌ی چاوما قه‌تیس ماوه!

هه‌وری ئازار

به‌ سه‌ر کێڵگه‌ی تینووی دڵما

پرچی ڕە‌شی خه‌م و زووخاوی ئاڵاوه!

 

خۆشه‌ویستم!

تاسه‌ی دووریت، بوو به ‌تفه‌نگ،

ده‌ستی له‌ مل چیا کرد و نه‌هاته‌وه‌.

تاسه‌ی دووریت، بوو به‌ خه‌یاڵ

ڕۆیی، ده‌رگای سنووره‌کان بکاته‌وه!

تاسه‌ی دووریت، بوو به ‌حه‌للاج

سێداره‌ی کرد به، ‌جێژوانی دڵداری و ماچ!

 

خۆشه‌ویستم!

له ‌نێوانی من و تۆدا

ده‌ریای ئاگر شه‌پۆل ئه‌دا

سنوور وه‌ک سه‌گ ئه‌لوورێنێ

قه‌پ به‌ پاژنه‌ی قاچا ئه‌کا

هه‌نگاو به ‌هه‌نگاو تێمانه‌

به‌ڵام من، ئه‌و ئه‌وینداره‌م

له ‌ناو خوێنا ئه‌ژیێمه‌وه

شه‌قڵی سنووریان ئه‌شکێنم

به ‌حه‌یران و سیاوچه‌مانه‌!

 

خۆشه‌ویستم!

باسی دڵداری من و تۆ

دنیای گرت و هێشتا ئێمه ‌له ‌یه‌ک دوورین

باسی دڵداری من و تۆ

چاوی مێژووی

کرده‌ کانیی فرمێسک و خوێن

هێشتا ئێمه‌

سه‌ده ‌و ساڵ و مانگ ئه‌ژمێرین!

 

خۆشه‌ویستم!

تۆ ڕێکه‌وه

من هه‌وڵ ئه‌ده‌م

با به ‌یه‌کتر بگه‌ینه‌وه!

تۆ بانگم که،

من پڕ به ‌ده‌م هاوار ئه‌که‌م!

وه‌ڵام یه‌کتر بده‌ینه‌وه‌.

قه‌ف قه‌ف زنجیر سنووره‌کان بپچڕین و

ئه‌و هێلانه‌ شێواوه‌مان

بکه‌ینه‌وه ‌به ‌نیشتمان!

 

1358 – 1979

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– نامه –

نامه

 

دوێنێ شه‌وێ…

هه‌ورێکی ته‌ڕ

پرچی سه‌وزی ڕاوه‌شاند و

به‌گوێی ده‌شتا

موژده‌ی شینکه ‌و گوڵی چرپاند.

هه‌ر له‌وکاتا

باڵنده‌یه‌کی سپی هات و

سه‌ری کرده ‌ژووره‌که‌ما و

خۆی داته‌کاند

بۆنی به‌فر و چیای پێ بوو!

کوێستانێکی پڕ له ‌خوێن و

پڕ له‌ بێن و پڕ له‌ زام و پڕ له ‌ئه‌وین

به‌شه‌قامی دڵما پرژاند!

ئه‌و باڵنده‌ نامه‌ی تۆ بوو…

کوێستان له‌ ناو نامه‌که‌تا

ئامێزی بۆ ڕاده‌گرتم

ده‌ستی تاسه‌ی ڕاده‌کێشام!

بۆ سه‌ر چاوکه‌ی عه‌شقی جارانی ئه‌بردم!

 

دوێنێ شه‌وێ…

هه‌ورێکی شێت

پڕ له ‌برووسکه ‌و بێ‌قه‌راری

له‌م ئاسمانه ‌نامۆییه‌وه

به‌ره‌و کوێستان سه‌ری هه‌ڵگرت

چی تاسه‌ بوو له ‌نێو دڵما

هه‌مووی کرده‌ کۆڵه‌بار و

له‌گه‌ڵ خۆی برد.

 

26/10/1360 – January 13, 1982