خه‌ون ئه‌بینم، یان بێدارم؟
شڵێوه‌ی ئه‌کرد
به‌فر و باران، تۆف و کڕێوه
ڕێگه‌ی ماڵیان لێ ون کردم
له ناو گێژی بۆرانێکی سیاساڵا چه‌واشه بووم
تۆفان پاڵی پێوه ئه‌نام
خۆم نازانم بۆ کوێ ئه‌چووم!
دنیا تاریک و نووته‌ک بوو
ڕێم ئه‌کرد و وه‌رز ئه‌گۆڕا
نه چاوی ڕۆحم ده‌یبینی
نه چاوی دڵ…
به‌ناو چقڵا ئه‌ڕۆیشتم
هه‌موو جه‌سته‌م بریندار بوو
له ده‌ست و پێم خوێن ئه‌چۆڕا
ده‌ڵێی ده‌ستێک ڕایده‌کێشام
به‌خۆم نه‌بوو… بێ ده‌ست و پێ
به شوێن چاره‌نووسا ئه‌کشام!
هاوارێکی پڕ له نفره‌ت
وه‌ک زریکه‌ی ڕۆحێک له‌پڕ:
هه‌ڵدێر، هه‌ڵدێر!
پێڵوه‌کانم لێک ترازان
له ترۆپکی ئازارێکدا ڕاوه‌ستابووم
ڕۆحم ڕەشڕەش هه‌ڵگه‌ڕا بوو
دڵ نووقمی خوێن
هه‌ردوو چاوم وه‌ک دوو گۆمی ليخن وابوو
بێڕه‌نگ، بێڕەنگ
له ناو جه‌رگه‌ی ته‌م و مژێکی خه‌ستا بووم!
ئێره کوێیه؟!
له خۆم پرسی!
من چۆن لێره گیرسامه‌وه؟
کوانێ ئه‌سپ و قه‌ڵه‌مه‌که‌م؟!
من خۆم به‌ره‌و پهڕپهڕۆچکهی ئاسمان ئه‌چووم؟
به وشه‌ی تیشک
قسه‌م له‌گه‌ڵ شه‌وا ئه‌کرد
دژی زریان و شه‌خته بووم
سینگم پڕ بوو له برووسکه
ڕۆحم وه‌ک ڕۆژ له ناو ده‌روونما ئه‌دره‌وشا
قه‌ڵه‌مه‌که‌م، به تیشک به ئاگر پڕ ئه‌کرد!
نامه‌ی دڵدارانهم پێ بوو
بۆ خوا، بۆ ئاسمان، بۆ سروشت
بۆ بارگای عه‌شقم ئه‌برد!
ئێره کوێیه؟!
که‌ی گه‌یشتمه ئه‌م هه‌ڵدێره؟!
چۆن بوو سه‌رم شۆڕ ببوه‌وه به‌ره‌و بنار؟
خۆ من باڵام به‌قه‌د باڵای کوێستان به‌رز بوو
چۆن ئه‌م گێژ و ئه‌م زریانه هه‌ڵیگرتم؟
خۆ من گۆمی شه‌وه‌زه‌نگم ئهشڵهقان به به‌ردی هاوار!
خه‌ون ئه‌بینم یان بێدارم؟
ئه‌م زلکاوه که‌ی مه‌به‌ست و ئامانجم بوو
من دڵۆپی خوێنی گه‌شی زامی سینگی نیشتمان بووم
به‌ره‌و ده‌ریا ئه‌چوو ڕۆحی وه‌ک ڕووبارم
ئێره کوێیه؟!
خه‌ون ئه‌بینم یان بێدارم؟
1374 – 1995
جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha