– هەنگاو بە هەنگاو –
هەنگاو بە هەنگاو
برایهتی 213 | جەلال مەلەکشا
ئۆسکار وایڵدا دەڵێ: لە ژێر ئەم ئاسمانە کۆنەدا، هیچ شتێک نوێ نییە، ئەوەی کە نوێیە فۆرمە و ئەدەبیاتیش شتێکی جگە لە فۆڕم نینە.
بە پێی ئەم بۆچوونەی وایڵد، پێشینیان هەموو شتیان گوتووەو هەموو قسەکانیان کردووەو ئیتر شتێکیان بۆ داهاتووان نەهێشتۆتەوە! شاعیرانی ڕابردوو چی تەشبیه و ئیستعارە و تەعبیر و وردەکاری شیعرییە هەموویان دەکار کردووە. نووسەران هەموو سووژەو مەزموونەکانیان نووسیوەتەوە و هونەرمەندان هەموو شێوە هونەرییەکانیان تاقی کردۆتەوە.
کەوایە چی دەمێنێتەوە؟! ڕەنگە بەم هۆیەوەیە کە هێندێ نە ناوی شیعر وشە و ڕستە و بابەتی سەیر و سەمەرە و ئەنتیکە و دوور لە زەین دەنووسن، بە ناوی چیرۆک و ڕۆمان سووژە و مەزموونی نائاسایی و وەک وێنەگەری و پەیکەرسازی وێنەگەلی تەجریدی بە کار دەبەن و ئیدەعا دەکەن کە دەیانەوێ قسەی تازە بکەن و سووژەی دووپاتە نەکراوە بێنن و بەرهەمێ بخوڵقێنن کە تازە و نوێ بێ و قسەیەک بکەن کە تا ئێستا نەکرابێ، لەم ڕوەوەیە کە ئەدەبیات و هونەر لە خەڵک دادەبڕێ و دوور دەکەوێتەوە، هێندێکیان بۆ پاکانەی بەرهەمە بێ سەر و بەرەکانیان دەڵێن مەرج نییە خەڵکی ئەم سەردەمە لە قسەمان بگەن، ئێمە بۆ داهاتووان دەنووسین! لە ڕاستیدا ئەم تاقمە قەڵەم بە دەستە بە شیعر و چیرۆک و هونەری نائاسایی خۆیان، فارس گوتەنی “سوراخ دعا را گم کردەاند.” واتە کونی دوعایان ون کردووە! بەڵێ ئەمە ڕاستە کە دەبێ شاعیر و نووسەر و هونەرمەند کای کۆن بەبا نەدا و قسەی کۆن نەجوێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شاعیر و نووسەر بە بیانووی نوێخوازی و قسەی تازە هاتەران پاتەران بکا و مەتڵی وا بنێتەوە کە یارمەتی (ڕەمڵ و ئوتورلابیش) کەس نەتوانێ هەڵی بێنێ!
وەک نموونە: عەشق، چەمکێکە هەرگیزاو هەرگیز کۆن نابێ… ژیان بە بێ عەشق تفت و تاڵ و بێ مەبەست و ئامانجە… خەم و دەرد هەمیشە بووەو هەیە و دەبێ و بە شێوەگەلی جۆربەجۆر دەردەبڕێ، جوانی (بەڕێژە) هەتا هەتاییە… بەڵام شێوەی بەیانی ئەو دیاردانەیە کە سەرنج ڕادەکێشێ. هەموو خانووبەرەکانی شارێک یان گوندێک، لە کاکڵ و ناورۆکدا هاوبەشن هەموو خانووەکان بە کەرەستە و ئامرازگەلێکی وەک بەرد و قوڕ و ئاجۆ و گەچ و سیمان و ئاسن و هتد… چێدەکرێن، بەڵام هەر میعمارێک بەپێی سەلیقەی تایبەتی خۆی کەڵکیان لێوەردەگرێ و سەت بەننا و میعماری کارامەو بە ئەزموون، لە شەقامێکدا دەتوانن بە هەمان کەرەستە هاوبەشەکان سەت خانووی جۆر بە جۆر و جیاواز لە یەک دروست بکەن.
کە وایە بە قەولی ئوسکار وایڵد: “ساختار و فۆرمەکە تازە و نوێیە.” ئیتر ئێوە حەقتان نییە تەعبیر و تەشبیه و وردەکارییانەی حافیز و سەعدی و خەیام و نالی و مەحوی و مەولەوی لەمەڕ عەشق و مەی و ساقی و فەراق و وەساڵ دووپاتە بکەنەوە… ئەگەر وا بکەن، ئەوە لە دید و چاوی ئەوانەوە لە دنیا و دیاردەکان دەڕوانن و سەربەخۆیی فیکری و ئەندێشەتان نییە، ئێوە دەبێ ئەو چەمکانە بە ئامرازی نوێ بە پێی پێویست و نیازی سەردەم فۆرم و جامەی تازەیان لەبەر کەن و دڵنیاش بن لە لایەن خەڵکەوە پەسەند دەکرێ، نیاز بە هاتەران پاتەران گوتن نییە.
نیاز بە وشە و ڕستەی سەیر و سەرسوڕهێنەر و تەعبیراتی دوور لە زەین نییە، ئامرازی کاری شاعیر و نووسەر وشەیە، هەر ئەم وشە باوانەی کە لە ناو خەڵکدایە، هیچ شاعیر و نووسەرێک ناتوانێ خۆی بە خاوەنی وشەیەکی تایبەتی بزانێ.
بەڵێ ئەوەی کە تازەیە فۆرمە، بەڵام لەم سەردەم و يۆژگارەی ئێمەدا فۆرم تەواوی ئەدەبیات نییە، ئەم بۆچوونە نووسەر و هونەرمەند دەخاتە نێو داوی (هونەر بۆ هونەر)ێ و هونەر بۆ هونەر ئەو هونەرە ڕام و دەستەمۆ و پووچەڵەیە کە دەروەست بوون و ئەرکی کۆمەڵایەتی لە هونەرمەند دەستێنێ، هەر ژانرێکی ئەدەبی و هونەری لە خزمەتی کۆمەڵدا نەبێ ئەوە کاڵایەکی لووکسە و شیای پشت شیشەی جامخانەی بازاڕی ئاڵۆزی ئەدەبیات و هونەرە.
“لە ڕێر ئەم ئاسمانە کۆنەدا هیچ شتێک نوێ نییە” ئەمە ڕاستە بەڵام هەر مرۆڤێک پێ دەنێتە عەسری ژیان ڕوانین و بۆچوونێکی جیاوازی لەسەر دیاردەکان هەیە.