– لە ناسینی شێعردا –
لە ناسینی شێعردا
سروه 116 | محەممەدسدیق رووهی | وەرگێڕ لە فارسییەوە: ئارێز ئەحمەد سنەیی (جەلال مەلەکشا)
هێندێ لە ئەدیبان دەڵێن: شێعر نایەتە تاریف، هەروا کە جوانی و راستی لە چواجێوەی تاریفێکی تایبەتیدا ناگونجێ، هەروەهاش رەنگ و حەز و جیهانی رۆحیات…. شێعریش کە سەر بە جیهانی جوانی و هەستە لە قاڵبێکی تەسک و تەنگی تاریف دا جێی نابێتەوە. بەڵام ئەمە تەنیا بەڵگەی بابەتەکە نیە، بەڵگەیەکی گرینگی دیکە هەیە: هەر شێعرێک کۆرپەی خەیاڵی شاعیرێکە و هەر شاعیرێک لە ژیان و سروشت و بەستێنی خۆی، تاریف و چمکی تایبەت بە خۆی هەڵدەهنجێ. بۆ یەکێ شێعر ئامرازە و بۆ یەکێکی تر ئامانجە. هێندێ دەڵێن: شاعیر دەبێ دەروەست بێ و لە پێناوی ئارمانجە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای خۆیدا ئەرکی سەرشانی خۆی بە جێ بێنێ و شێعریش بایەخێکیئەدەبی هەبێ و نەبێ بە دیاردەیەکی چەوساوە بۆ بەرژەوەندی گرووپ و دەستەیەک و هەرگیز وەک ئامرازێکی پڕۆپاگەندە نەدرێتە قەڵەم و چاوی لێ نەکرێ.
بە پێ بۆچوونی ئەمانە: شێعر بە ژیانی تاڵ و پڕ لە خەم و پەژارەی مرۆڤ، چێژ و رەنگ و بۆنێکی تایبەت دەبەخشێ. بۆ ماوەیەک، خوێنەر، لە جیهانی پڕ لە ژان و کەسەرەوە بۆ جیهانی هەست و عاتیفە، خەیاڵ و جوانی دەبا، عاتیفە لە بێژنگ دەدا و ژەنگی ژیانی تاڵ و دیاردە ناپەسەندەکان لە دڵ و دەروون دەشواتەوە. دەڵێن شێعر ئامرازی بڵاو کردنەوەی کینە و نفرەت و دژایەتی نیە، هەروەها کاڵای سەودا و موعامەلەش نیە… بەڵکوو، بەیانی جوانی و گواستنەوەی ئیحساسە. یاخی بوون لە ژیانی ماشینییە. نەخشی ژیانی شیرینی ئارمانی بە کەلامی جادوویییە، لاواندنەوەی هەستە. چریکەی باڵندەی بریندارە. ئەندێشەی مۆسیقایی، ئیلهامی ئاسمانیە… بە کورتی، هونەر پەیامی خودایی و شێعر، شێعرە!
دژواری یەکی دیکەی تاریف کردنی شێعر ئەمەیە کە هێندێک تەشریحی دەکەن و هێندێکی دیکەش تەجویزی دەکەن. مەبەست لە تەشریح (شی کردنەوە) دەرکێشانی هەویە و تایبەتمەندییەکانی شێعرە. بەڵام شێوە تەجویزی (دەستووری) لە پێشدا ئامانج بۆ شێعر دیاری دەکا و بە شاعیر دەستوور دەدا لە سەر پایەی ئەو ئامانجە شێعر بڵێ. بە واتایەکی تر شێعری تەشریحی لە “چلۆنایەتی” شێعر باس دەکا و شێوەی تەجویزی پێمان دەڵێ “دەبێ چلۆن بێ”.
هێندێ جار کە ئاخاوتن لە مەڕ شێعر دێتە گۆڕێ، زۆربەی ئەدیبان ئاماژە بۆ ئەرەستوو دەکەن ئەم فیلەسۆفە گەورەی یوونانییە ریسالەیەکی تایبەت بە شێعری بە ناوی (پۆیەتکا) نووسیوە و باسی هێندێ خاڵی بنەڕەتی کردووە. بە پێ بۆچوونی ئەرەستوو، شێعر بەیانێکە، خورپە و تەکان بخاتە دڵ. ئەرەستوو، لە کاتی خۆیدا، کتێبێکی لە بارەی (زانستی سروشتی) بە شێوەی نەزم نووسیبوو، بەڵام بۆ خۆی ئەو کتێبەی بە شێعر نەزانیوە چون دڵ بزوێن نیە. بەمجۆرە بۆمان دەردەکەوێ کە هەست و عاتیفە لە دیاردە بنەڕەتییەکانی شێعرن و بە هەر (نەزم)ێ شێعر ناوترێ هەروا کە شێعری یوونانی قافیەی نەبوو. کە وابوو کەلامی (مەنزووم) بە بەیانی (مەوزوون) لە قەڵەم دەدرا و ئەندێشەی عیلمی و وەز لە تایبەتمەندییەکانی شێعر، نەدەهاتە ئەژمار.
زانایانی مەنتیق، شێعر بە کەلامی خەیاڵاوی دەزانن و بەم جۆرە خەیاڵ دیاردەی بنەرەتی شێعر لە قەڵەم دەدرێ. ئیبنی سینا لەم بارەوە دەڵێ: (ان الشعر هو کلام مخیل….) خواجە نەسیری تووسی لە کتێبی (معیارالاشعار)دا دەڵێ: “حەکیمە یوونانییەکان خەیاڵیان بە یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی دەزانی، بەڵام شاعیرانی عەرەب عەجەم، خەیاڵ بە ئامرازی خەلقی شێعر دەزانن”
ئەڵبەتە وتەی زانایانی مەنتیق بە مانای ئەوە نیە کە هەزار ساڵ پێش، شێعری ئازاد، یا شێعری بێ وەزن باو بووە. مەنتیقی دەڵێ: هەرچەند شێعر کەلامی مەوزوونە و بە زبانی عەرەبی خاوەنی قافیەش بووە، بەڵام وەزن و قافیە لە شێعردا، نەخش و رۆڵی سەرەکیان نیە، بەڵکوو تەنیا خەیاڵ، ئەو نەخشە گرینگەی لە ئەستۆدایە و بە شێعر شەرەف و رەسەنایەتی دەبەخشێ. ئەگەر خەیاڵ، ئیماژ و وێنەی نەبێ ناوی شێعر، نیە… ئەوەی کە شێعری ئازادی پێ دەڵێن، هەم زەمان لە عیلم دا، لە ئەندێشەی بێ وەزنی پەیدا بووە. ئەگەر عیلم شاعیری بێ وەزن قەبووڵ دەکات، شێعری بێوەزنیش لە گۆڕەۆانی ئەدەبیات دا، ئەسپێکی رەسەنە و ئەتوانێ خۆی تاو بدا. لە راستیدا، وەزن، لە مەقامی بەرزی ئاغایەتی خۆی، کەم کەم دابەزیوە و تەنانەت هێندێ بە تەواوی وەلایان ناوە.
لە رۆژگارانی (سنکرونیزم)دا، ئەو کاتەی شاعیر هەم ظی دەگوت و هەم لەگەڵ شێعرەکەی خۆیدا هەڵدەپەڕی و سەمای دەکرد، بە چمک و مانای شێعر زۆریان گوێ نەدەدا. لەززەت و خۆشی لە (ئاهەنگ)ەوە سەرچاوەی دەگرت. سنکرونیزم، ئێستاش لە نێو هێندێ خێڵ و قەبیلان داماوە. لە نێو ئەو قەبیلانەدا، لە نێوان شاعیر و شایەردا، زۆر فەرق و تەوفیر دانانێن. دەڵێن وشەی عەرەبی شێعریش لە (شیر)ی زبانی -عیبرانی- گیراوە کە لە بنەڕەتدا، بە مانای ئاهەنگە. لەم دوایییەدا، هەر بەو جۆرە کە لق و پۆی زانستەکان- لق و پۆی هونەریش لەیەک جودا بوونەتەوە. وەک: شێعر، گۆرانی، سەما و هەڵپەرکی، مۆسیقی و….. کە هەر یەکە لق و پۆی جیا لە یەکتر دەناسرێن. بەم حالەشەوە، لق و پۆکانی هونەر پێوەندی بنەڕەتییان لەگەڵ یەک هەیە… وەک نموونە، سەما، نیازی بە مۆسیقی هەیە و گۆرانی بێژ بە بێ شێعر، کارێکی لە دەست نایە (ئەڵبەت حیسابی ئەوانەی کە ڕەمەکی سەما دەکەن و یان بەبێ ناوەرۆک دەخوێنن جیایە). گوتمان لە قەدیمدا، شێعر بە گۆرانی دەخوێندرایەوە و وەزنی بووە. کە بە پێی بۆ چوونی ئەدیبانی ئەم دوایییە وەزن لە سیفەتە خوازراوەکان بووە. ئەگەر وایە، پێوەری شێعر بوون لە چی دایە؟ عەیامێک لە قوتابخانە، لە مەڕ شێعر وامان دەخوێندەوە کە “شێعر بەیانێکی کێش و قافیەدارە” بەڵام ئێستا، دوای پەیجۆیی و لێکۆڵینەوەی زۆر بەو ئاکامە گەیشتووین: شێعر چەشنێکی بەیانی ئاهەنگینە کە لە سەر عاتیفە و هەستی ئینسان شوێن دابنێ. ئەم شوێن دانانەش دەبێ شیرین و دڵ نشین بێ. بە بیروڕای هێندێ لە ئەدیبان: (لە شێعردا، بە گشتی لە هونەردا، ئافراندن و خەیاڵ، گرینگترییە. وەک نموونە ئەگەر کەسێ، لە مەرگی کەسێکدا، دەگری و شین دەگێڕێ و دەیلاوێنێتەوە و لاواندنەوە کە لەسەر هەست و عاتیفەی بیسەردا، کار بکا و شوێن دابنێ، ئەوە شێعر نیە، چونکە لەگەڵ -راستەقینەدا- پێوەندی هەیە. بەڵام ئەگەر کەسێ، لە سەر شانۆ، وەک (تمثیل) رووداوەکە، بگێڕێتەوە و بە شیوەن و چەمەری هەست و عاتیفەی بیسەر و بینەر بهەژێنێ، لێرەدایە کە رەنگی هونەری شێعر بە خۆیەوە دەگرێ کە وایە، ئەگەر کەسێ لە رووداێکی واقیعی، لە سەر کەسێکی تر، راستەوخۆ، شوێن دابنێ، ئەو هونەر نیە بەڵام ئەگەر، بە لەفز، یا تەمسیل و وێنە، وێکرا، خۆی بنوێنێ و شوێن دابنێ. ئەوە هونەرە.
تولستۆی دەڵێ: “ئەگەر کەسێک، گورگێ ببینێ و لێی بترسێ هونەر نیە. بەڵام ئەگەر بینەری گورگ، کاتی بەیانی رووداوەکە بۆ بیسەر، بتوانێ ترس بخاتە دڵی، کردەوەکەی هونەرە”. لەم رووەوە هێندێ لە ئەدەب ناسان لە سەر تەقلید و لاسایی کردنەوە و زۆربەیان لە سەر خەیاڵ و وێنە، پێدادەگرن. بنەڕەتی ترین بابەتی شێعری سەردەم، خەیاڵ، ئیماژ-وێنە-عاتیفە. ئیحساس، جوانی و ئاهەنگە.
خەیاڵ دەکار کردن: لە بارەی خەیاڵ، تاریفی زۆر کراوە، بە زبانێکی سادە بڵیێن: خەیاڵ، ئافراندنی ئەو وێنە گەلەن، یان ئەو چمکانەن، کە لە واقیعدا، وجوودیان نیە، لە خەیاڵدا، آنالۆژی –لێکۆڵینەوەی دیاردەکان لە رێی وێک چوونەکانەوە- زۆر گرینگە. لە خەیاڵی شاعیرانەدا، دیاردەکان پێکەوە پێوەندییەک بەر قەرار دەکەن کە زۆر مەنتیقی و عاقڵانە نیە، وەک “دەستی عەقڵ”، “بە رۆکی سووری شەفەق”، “ئاواتە ماندووەکان”.
وێنەیان وێنەی زەینی: یەکێ لە پێداویستییەکانی زۆر گرینگی شێعرە. وێنە، بە شێوەی عاتیفی، ئامرازی نیشان دان و گواستنەوەی ئەزموونە. بە هۆی وێنەوە لە نێوان دوو یا چەند دیاردەی دوور لە یەک “تەنانەت دژ بە یەک” پێوەندی بەرقەرار دەکرێ و لەم رووەوەیە کە هێزی وێنەسازی زۆرتر لە هێزی خەیاڵدایە. وێنە لە چەشنی (تشبیه)، ئیستعارە، سەمبول و ئوستورەدا، خۆی دەنوێنێ. هێندێ وێنە بەستراوە و (مقید) و هێندێ ئازادن. وێنە بەستراوەکان بە هۆی دووپاتە کردنەوەی زۆریان بە ئاستێ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان گەیشتوون، بۆ نموونە، نیرگز بە چاو، بنەوشە بە زولف و سەرو بە باڵا، مانا کە دەگەینێ. وێنە ئازادەکان.
مانای زۆریان هەیە، عاتیفە، تایبەتمەندی، جیا بوونی عیلم لە هونەر. جوانی: لە پێداویستییە گرینگەکانی شێعرە. ئاڵا هەڵگرانی (رۆمانتیزم) جوانی و کەڵک دار بوونیان بە دژی یاک دەزانی. ئەمڕۆ دەڵێن، شێعر دەبێ جوان بێ، جا ئەگەر کەڵکیشی هەبوو، باشتر! بەڵام لە روانگەی ئەدیبانەوە کەلک دار بوون لە دیاردە بەسراوەکان بە گیانی شێعرەوە نیە. شێعرێک دەتوانێ جوان بێ بەڵام کەلکی نەبێ…. چونکە شێعر ئەگەر خاوەنی جوانی نەبێ هەر شێعر نیە.
-ئاهەنگ –ریتم- : لەگەڵ رەواج و پەڕە گرتنی شێعری ئازاد…… ئەو ئەندێشەیە هاتە ئاراوەکە: وەزن یان ئاهەنگ، پێوەری شێعر نیە. چونکە زۆربەی شێعری ئازاد بێ کێش و تەنانەت وەک نەسر وان. هێندێ لە ئەدیبان ئەوە قەبووڵ ناکەن و لەو بڕوایەدان شێعری ئازادیش لە چەشنێ مۆسیقی و ئاهەنگ بەرخوردارە. فەرقی نێوانی نەزم و شێعری ئازاد لەوەدایە شێعری ئازاد دەروەستی وەزنێکی تایبەت نیە. هێندێکیش، وەزن یا ئاهەنگ لە پێداویستییەکانی بنەڕەتی شێعر لە قەڵەم دەدەن و شێعری ئازاد رەت دەکەنەوە. کەوابوو:
هێشتا، تاریفێکی گشتی، لە مەڕ شێعر، نەکراوە و لە نێوان ئەدیباندا، بیر و بۆ چوون جۆر بە جۆرە. تەنانەت هێندێ کەس، (دەروەستی) و (تعهد)یان مەسەلەی ئەخلاق و سیاسەت بە دوو دیاردەی رووخێنەر لە قەڵەم دەدەن کە شێعر لە دەروونەوە پووچەڵ دەکەن و دەیڕووخێنن.