جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شیعری هاوچەرخ و… –

شیعری هاوچەرخی کوردی و تەپ و تۆزی پۆست مۆدیرنیسم

سیروان 345 | جەلال مەلەکشا

 

ئاخۆ بڵێی شێعر لە خەڵکی دوور کەوتبێتەوە؟ یا رەوتی رۆیشتنی شێعر بە پرتاوە و خەڵکی بە شەقاوەکانی ناگەنەوە و یا خەڵکی دوای شێعر ناکەون و لە خێری دەبووڕن و نایانەوێ، ئەدی چۆنە جاری وا هەیە تەنیا شێعرێک زۆر بە زۆریی و لە کاتێکی کەمدا سنوور تێدەپەڕێنێ و دەکەوێتە سەرزاران و خەڵکی دەیڵینەوە. جاری واش هەیە خەڵکی لە پەنای دیوانی  شێعرێکی ئەستوور و بەئەژمارەی زۆرەوە زۆر بە ئاسایی تێدەپەرن و ئاوریشی لێ نادەنەوە؟

پرسیار ئەوەیە ئەدی کات و دەورانی شێعر بەسەر چووە و خەڵکی لە ژیانی رۆژانەیان بۆ سوکنایی رۆحی خۆیان روویان کردووەتە مەبەست و هونەری دیکە. وازیان لە شێعر هێناوە و شێعریش لە ژیانی خەڵکی تەریک کەوتووەتەوە و لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک و گەل کاریگەر نییە؟

ئەم پرسیارانە بە هاو بایەخی نەوتوویان هەیە کە قەڵەم بە دەستان و لێکۆڵەرانی مەیدانی فیکر و ئەندیشەش لێی رامێنن و بەشێکی کەم لە وەخت و کاتی خۆیان بۆ وڵام دانەوە بەو پرسیارانە تەرخان کەن. دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ کە مەبەستی ئێمە لەم وتارەدا شێعری فارسی نییە.

لەو بارەوە شاعیران و ئەدیبانی فارس زۆر دواون و زۆریان نووسیوە و لە هەموو لایەنێکەوە هەڵیانسەنگاندووە؛ مەبەستی ئێمە لەم وتارەدا شێعری کوردی بە تایبەت لە کوردستانی ئێران دایە کە بەڕای من تووشی قەیرانێکی تایبەت بووە.

راستیەکەی ئەوەیە شێعری کوردی پێ نەگەیوە و خێرا جوانەمەرگ دەبێ، مەگە ئەوەی کە دەستەکانی شەفابەخش و موجەزەگەر قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵن و دەرمانی کەن و لەو بەدبەختییە دەری بێنن.

شاعیرانی ئێمە هەر لە سەرەتای رێگاوە، دەستەیەکیان رێگایان لێ هەڵە بووە،  گرووپێکیان سەریان لێ شێواوە و زەینیان ئاڵۆزاوە و تووشی سەرلێ شێواوی و هەڵە بوون، دەستەیەکیانیش بەردێکیان لە سەر بەردێک دانەناوە و خۆیان کردۆتە معمار و وەستا.[، هەروەها دەستەیەکیان چاوی خۆیان قووچاندووە و لە جێی خۆیان چەقیون و گرووپێکیش ئاوەکە لێڵ دەکەن و… ، ئەو کەمەش کە لەسەر ڕێبازی دروست و راستەقینەن، لە بەرانبەریاندا وێستاوتوو پێ دەدەنە بەر پێیان و قولاپەیان دەگرن و بەرد دەخەنە سەر ڕێگایان و کەسایەتی وەک رۆژیی رۆژشنی ئەوان، خەریکن بە سێبەری رەش و تاڵی خۆیان دەپۆشن. هیچ شاعێرێکی حەقیقی و راست لە گەلەکەی جیا نییە، هەر شاعێرێکیش کە پێی وایە تەنیا و تەنیا بۆ دڵی خۆی شێعر دەڵێ و دەدوی راست ناکا.

شاعێر لەگەڵ خەڵک دەدوێ و گوێڕادێرس ئەویش گەلەکەین و دەیهەوێ کە خەڵک قسەکانی بخوێننەوە و مەبەستەکەشی وەرگرن، ئەو شاعیرە مەجبوورە بە زمانی خەڵک بدوێ و گەلەکەی قسەکەی وەرگرن و لە مەبەستەکەشی بە جوانی تێگەن، مەبەستیشم لەوە نییە کە شاعیر هەنگاو بە هەنگاو و شان بە شانی خەڵک بڕواو زمانەکەشی بە قەد باڵای زمانی خەڵک بێ، بەڵکوو شاعیر دەبێ لە هەموو کاتەکاندا لە پێش گەلەکەی دا هەنگاو هەڵێی و بڕوا، ئەدی رازی مانەوەی ئەدەبیاتی گەورەی دونیا چییە؟

بە مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێران بە تایبەت شێعر چاو بخشێنن. کام رێبازی شێعری ماوەتەوە تا ئێستەش بەردەوامە؟ نیما، شاملوو، ئەخەوان، فرووغ، سپێهری، کەسرایی، ئاتەشی و….. لە رەگە و جەریانی ئەم رووبارە کە بەردەوام دەروا. و هەچەند لە ماوەیەکدا شەپۆلێک دێ و لادەدا و ئەو شەپۆلە لادەرەش کە لە رووبارەکە جیا دەبێتەوە زەنازەنا هەرا و هۆریای ساز کردووە و لە دوای ماوەیەکی کورت دا خۆی لە نێو قەڵەش و قوزینی رووبارەکەدا حەشار دەدا و دەتوێتەوە، هەر دەڵێی قەت نەبووە و ئەوەی لەو رێبازەدا ماوەتەوە، رێبازی راستەقینە و خەتی ئەسڵی بووە. لە شێعری کوردیش دا چیرۆکە کە هەر ئەوەیە.

لە گۆران تا ئیستا، شەپۆلی جیاجیا و بێ هێز و سەرگەردان هاتوون و بەزوویی فەوتان و لە بەین چوون، ریشە و بنەمایەکیان نەبووە وەک تۆقلە و بڵقی سەر ئاو هاتوون و لە بڕا تەقیون و هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و نەماون، زۆر جاریش تاقمێکی چکۆلە و بە دروشمی رەنگاورەنگ و پڕ لە زریقە و بریقە هاتوون و لە بەرانبەر رێگای راست و دروستی حەقیقەتی شێعر قوت بوونەوە و کارێکیان بۆ نەکراوە.

لە جیهانی سێهەم دا، ئەدەبیات بۆتە مە تەرێز و سەنگەر لە بەرانبەر هێرشی فەرهەنگی و نیزامی و زۆر جاریش لە سەدان چەکی ئاورین کاریگەررتر بووە و جەماوەرێکی زوری بردۆتە مەیدان و بەرانبەر و دژی دوژمن و هانی داون.  پاڵپشتی و هومێد و ورەیەکی کە بەرهەمێکی جوان و چاکی ئەدەبی دەیدا بە گەلێک و هەڵمەتێک و یان بە شۆڕشێک و بزوتنەوەیەک و یا شۆڕش وانێک لە سەدان ئەسڵەحە و چەکی گەرم کاریگەرترە، هەر بەو هۆیە دوژمن دەیەوێ ئەم مەتەرێزە بروخێنێ. و ئەگەریش نەتوانێ ئەم کارە بکا لانی کەم دەیهەوێ بێ نیوەرۆکی کا، هەیکەل و قەوارەی مومیایی بێ کەلکی لێ دروست کا  و جەوهەری واقیعی و راستەقینەی لێ خالی کاو بێ نێوەرۆکی کا. بۆ ئەو کارە لە قەڵەمی بەکری گیراوان کەڵک وەرگری، چون قەڵەمی ئەوان لە بنەوە کار دەکا و نەرمەبڕە و زۆر کارەسات دەقەومێنێ، هەر بۆ ئەو کارەش نەیاران و دوژمنان بۆ بەرەو پێش بردنی پیلانی خۆیان لاوانیان هەڵبژاردووە.

دەزانن لاوەکان عاشقی شتی تازە و رازاوە و بریقەدار نوێن و زۆر جاریش سەیر و سەمەرە.

لە پەنای ئەو شتانەی دەینێرن، لە ناردنی شەپۆلەکانی ئەدەبی و هونەری و فەرهەنگی راناوەستن و باش دەزانین ئەو شتانە لاوەکان چاک بە خۆیانەوە دەبەستێتەوە، بۆ نمونە ناوەندی “راکفلیر” لە ئامریکا  30 دانە گۆڤار و رۆژنامەی ئەدەبی و هونەری چاپ و بڵاو دەکاتەوە و لە زۆربەی ئەوان قەڵەمی توانای بە کریگیراوان دێنێتە ژێر کێفی خۆی، کە مەبەستیان درووست کردنی شەپۆلی تازە و نوێی کایەی رەنگاورەنگ و شێواندن و شپرزە کردنی مێشک و بیری ئەدەبیات و هونەری خۆراگری خەڵکی، گەلانی دونیای سێهەمە و بەس، و زۆر زیرەکانە ئەو کارە بە ئاکام دەگەیێنێ، و لاوەکانی ئێمەش زۆر زوو بە هۆی رەنگاورەنگی سەرەکی و زاهیری ئەو شتانە، هۆگری دەبن و دەبنە پارێزەر و لایەنگری راستەقینەی و بە باوەشی تاواڵەوە بە پیرێوە دەچن و لەوە بێ خەبەرن لە سەر پشتی ئەو شەپۆلانە ئەو قەڵەمانە سووراون کە خۆیان فرۆشتووەو…! بە داخەوە بە هۆی نەخوێندەواری و تێنەگەیشتووی گەلانی دواکەوتوو و نەبوونی ئاگاداری لە دایک بوون و پیر بوون و تەمەنیان بەسەر چووە و لە بەین چوون، تازە دێتە ناو وڵاتی ئێمە و دەستە و داوێنی ئەدەبیات و فەرهەنگی ئێمە دەبێت.

جاری واش هەیە کە دامەزرێنەران و پەرەپێدەرانی ئەو شەپۆلە، پشت لە بەرهەمی خۆیان دەکەن و لە بەدی هێنانی ئەو بەرهەمەی خۆیان نیگەران و پەشیمانن، لە هەمان کاتدا لە ناو ئێمەدا دەبێتە باو و باوەش و سینگی ئاواڵەی بۆ دەکەنەوە… .

کە بە قەولی فارس “دایایی بە رەحم تر لە دایک” و یا “دیزەی گەرمتر لە دەرخۆنە”.

بزووتنەوە و رووداوێکی پەرەنگاری و دژایەتی لە رۆژاوادا جاری وا هەبوو دەبینرا (هەڵبەت لە کەش و هەوایەکی تایبەت) کەڵکی چاکی هەیە. ئەو بزوتنەوەیە دوای لە بەین چوونی لە رۆژاوا دەگاتە ئێمە، کە ئیتر کەڵکی چاکی نامێنی بەڵکوو تەنیا کەڵکی خەراپ و وێرانگەری بۆ ئێمە هەیە. هییی (؟) گەری لە رابردوو دا، …..ەکان و مانکیسم و رەپ و … . لە بواری ئەدەبی و فەرهەنگیشدا وایە… شەپۆلە جۆراوجۆرەکان وەک ئەوانەی کە هونەر بۆ هونەر دەزانن، دادائیسم و … هەنووکەش پۆست مۆدیرنیسم و …. .

زۆربەی ساحیب فکران رایان وایە لە کۆمەڵی ئێمەدا پۆست مۆدێرنیسم بە دروستی نەناسراوە. و تا ئێستا وەرگێری ساغ و جوان و دروست لە ئیدە و ئامانج و بەرهەمی بەدیهێنەران و دامەزرێنەرانی و پەیرەوانی پۆست مۆدێرنیسم نەدراوەتە دەری ئەوەی بۆ لای ئێمە هاتووە رەشەبایەکە کە لە بنج و بنەوانی خۆیەوە دوورە و لە جیاتی ساغکردنەوەی فیکر و ئەندیشە، خەریکی تێکدان و لە بەین چوونیەتی، کاکلی و تەنەوەیە کە پۆست مۆدێرنیسم بۆ ئێمە بە دروستی لێک نەدراوەتەوە، هەر شتێک کە لەو بارەوە لە دەستی ئێمەدایە هەڵەیە و دوورە لە بنج و بناوانی، بە تایبەت لە ئەدەبیات و هونەردا….؟ پۆست مۆدێرنیسم ساڵەهای ساڵە لە رۆژئاوادا لە دایک بوو، تازە سەروکەلەی لە وڵاتی ئێمە داهێناوە ئەدەرێ و دەستە و تاقمێک بە ناوی داهێنەر و دامەزرێنەی ئەم شێخ زادە لە رێوە پێگەیوە، بێ ئەوەی جوان بیناسن، باوەشی بۆ دەکەنەوە و دەیانهەوێ بە زور لە ملی خەڵکی کەن و دەرخواردی گەلی خودای بدەن.

ئێوە وەرن پۆست مۆدێرنیسم بۆ ئێمە لە کوردستان دا شی کەنەوە. ئەوە راستە کە ئەو رێبازە، حەرەکەت و بزوتنەوەی دونیایە کە شێخ زادە و شەخس و ….. مورید و رێرەوانێکی زۆر لە دەوری مەرقەد و ئاڵای کۆ بوونەوە و دوعای بۆ دەکەن! وەلێ لە کوردستان جێگە و بارەگەی ئەو شێخ زادە و شەخسە لە کوێیە؟ ئەرێ بە راستی بای ئەم شەپۆلە “مۆدێرنیتە” بۆ ئێمە دەشێنێتەوە و فێنکمان دەکاتەوە؟ و یا نە گەشە بای ئەو شەپۆلە نوێخوازە بۆمان بشنێتەوە، روح و رەوانمان ناسووتێنێ و برینداری ناکا و لە سووتان و ئاهۆیە، توقلە ناکەین و تۆقلەکانیشمان چڵک ناکا و گەلێ جاریش برینەکەمان بە ناسۆر ناکەوێ و نامانکوژێ؟!

رۆژاواییەکان لە بزوتنەوەی مۆدێرنیتە، زۆر ئال و گۆریان بەدی هێناوە، خوێندنەوەیەکی تازەیان بۆ فەرهەنگ و سوننەتەکان بووە، لابردنی شتە بە کار نەهاتوەکان، خوو و خدەی نەزانین و پڕوپاگەندەکان، رێگا هەڵەکان لە فەرهەنگ و سوننەت لە ناو کومەڵدا، و لیباس و جلکی تازە لە بەر ئەو فەرهەنگ و سوننەتە کۆن و دواکەوتووانە، ئەوەیە مانای دروستی مۆدێرنیتە؟ ئەری برا ئێمە چمان کردووە، رەگ و ریشەمان وەبەر داوە، فەرهەنگەکان، داب و نەریتەکان و سوننەتەکان، هەرچی هەمانە تەر و ویشکمان لە سەر یەک هەڵچنیوەو یەک جێ سوتاندوو مانن، ئەو کات ئێمە بە کوێ گەیشتووین، لە راستی دا بە هیچ… بە سیفر، سیفر و هیچی تاک.

حاشا لێ کردن لە فەرهەنگ و سوننەتەکان!

فەرهەنگێک تەواو هەموو لایەنەکانی شەرەف و غیرەت ئابروو و قارامانە نییە. زۆربەی شاعیران و نووسەرانی ئێمە ئاگاداری دروست و ئەو تۆیان لە زمان و ئەدەبیات نیە، بەو حاڵەشەوە حاشایی لێدەکەن و رەتی دەکەنەوە و ئەو دارە پەل و پۆ جوانە و بە هێزە بەو تەور و داسانەی کە رۆژئاواییەکان درووستیان کردووە، بە مەبەستی ساغ کردنەوە و دەرمان کردن و بەرای خۆیان سوننەت شکێنی، دەقرتێن کە هەستی هەموو ئینسانی نیشتمانپەروەر دەبزوێنێ و فرمێسک لە چاوانی دەهێنێتە خوارەوە.

لەو قارەمانییە تا هەڵوەراندنی فرمێسک رێگایەکی زۆر دوور و درێژ نییە هەر وەک لێرەوە تا ناوەندی راکفلێرا “گایا… گاباکی… کامن یا… باگی کا! گاهویا…” ئەوە کۆپلەیە کە لە فڕوفیشال کۆن لە لاپەرەیەکی گۆوارێکی زۆر بە ناوبانگ بە چاوپ گەیشتبوو شاعێری ئەو شێعرە…! ناو بەدەرەوە یەو لەم دواییانەدا بە بۆنەی وشەی هاتەران پاتەران زۆر هەواداری بۆ خۆی کۆ کردۆتەوە و… .

رۆژێک لە رۆژان لەگەڵ چەند شاعێرێک! بووم، پرسیارم کرد: کاک الف- بە خاتری خودا ئەو چەند وشەیە بۆم لێک دەوە و بفەرمو دەتەوێ چی بڵێی؟ هەڵبەت رەنگە لە ناو ئەو وشەی سەیر و سەمەر و هاتەران پاتەرانەدا، مانایەکی قوول و جوان خۆی شاردبێتەوە کە ئێمە حاڵی نابین و سەوادمان ناگاتێ، شانێکی هەڵتەکاند و لێوی هەڵقرچاند و وتی: منیش بەقەی تۆم لێ زانیوە. وتم ئەی بۆچی؟! نەیهێشت قسەم تەواو بێت، وتی ئەی برا تۆش! کەر زۆرە! شایەد باوەر نەکەی ئەگەر بڵێم سەدان کەسم کوشتە و مردووی، لایەنگر پەیدا کردووە!  ئەمە شێوەیە ئازیزم! سونەت شکێنم کردووە….

وێران کردن و لە ناو بردنی زمان بۆتە باو… لە ناو بردنی ئاشنا! پۆست مۆدێرنیسم تێگەیشتی؟ پۆست مۆدێرنیسم! زۆر فیکری خۆت ئاڵۆز مەکە. دەبێ کار بکرێ، لاوەکان بە دوای ئەو شتانەوەن، هەر ئەو شتانەی لەگەڵ داب و نەریت ناکۆکیان هەیە. لێدە، بشکێنە، وێران کە. کێ بە کێ یە. زەرەر ناکەی هیچ، ساحیب سەبک و شێوازیش بووی. کەوتمە بیری برای حاتەمی تایی و ئەو قسە مەنشورەی ئەو، زۆر بە حاتەم بەخیلی دەهات بۆچی من لە حاتەم شتێکم کەمترە. ئەمن بۆچی نابێ ناوبانگم بزڕی و مەنشور بم. لە پاشان رۆیی فیکرێکی تازەی کرد و خۆی لە چاڵاوی زەم زەم خست. ئەو کردەوەیە خەرابە بەرابەرە لەگەڵ نێو دەرکردن لە دنیا.

ئێستاش لە دوای هەزار ساڵ و نەختێک هەرکەس لە حاتەمی تایی یاد دەکا بە بۆنەی ئەو هەموو بەخشش و دلاراییانە، براکەشیان دەکەوێتە یاد. هەڵبەت فەرقێکی چکۆلەی هەیە، زۆریش چکۆلە!

هەزاران کەس لە سفرەی نعمەت و بەخشینی حاتەم کەڵک و بەهرە وەردەگرن و براکەی بە هۆی ئەو کارەی لەعنەت دەکەن. هۆی دووری کردنی خەڵک لە شێعر هەر ئەوانەیە.

لە گۆڤارێکی کوردی لە لاپەڕەی شێعر ئاوا هاتبوو: “گیزە گیزی سەماوەر، قوڵتە قوڵتی دڵی من”.

هەڵبەت شاعیری ئەو شتە! فیکر دەکا شاکاری کردووە. بۆ ئەو فیکرە ناکاتەوە، مەگەر ئەوە هە و نییە لە گۆڤارێکی کوردی شاکارەکەی خۆی بە خەڵک –ببەخشێ و بە چاپی گەیاندووە! چاوەنواری بژی بژی و نەمری نەمری هەیە! بۆ چاوەنواری ئەکێشی سەر نوسەری گۆڤار هەیە و خۆی شاعیرە و لە کار بەدەستانی لاپەڕەی ئەدەبییە و لە و شاعێرە رەخنەگرانەیە کە (جێ لێ نەبێ) لە رەخنە گرتنی خوداوەندیش ترسی نییە و بە سەریەوە ناچئ.

برالە لە دنیای ئەدەب هیچ دیوارێک لە دیواری شێعر کورت تر پەیدا نابێت، چیرۆک نووسی کورت و جوغرافیدان و تاریخدان (مێژووزان)، نەمایشنامەنووس و دواتریش هونەرپیشەی سینەما و تیئاتر و …. هەموو ئەدعای شاعیریان هەیە. کورتی کەینەوە شێعر وەک سلاواتی لێ هاتووە هەمووکەس دەتوانی لێبدا.

زۆر کەس وا فیکر دەکە ئەوە کە هەرچی نووسراوەکەیان تێکەڵ و پێکەڵ تر و لە فام دوور و کەس تێنەگەیشتووبێت شێعرترە! پۆست مۆدێرنیسم! لە پۆست مۆدێرنیسمیشا ئەوەیان زانیوە کە دەبێ شیعر و نووسراوە دوور بێ لە فام و عەقڵ و تێگەیشتنی مرۆڤ… خەڵکی تێنەگەن و ئەو رێبازەیان قەبووڵە کە زمانی خۆیان نەهێنە هاو تەرازی زمانی خەڵک، دەڵین نێمە بۆ بەرەی داهاتوو دەنووسین! کەسیش دەس ناکەوێ پێیان بڵێ ئەرێ بەرەی داهاتوو لە باوک و دایکیان شت فێر نەبوون!

چ پێویستیان بە ئێوە هەیە. بەرەی داهاتوو هونەرمەندانی تایبەتی خۆیان دەوێ و دەشیان بێت. هونەر و ئەدەبیات ئاوێتەی کۆمەڵی خۆیانن. دەرد و مەینەت و غەم و شادی و ئارمان و بەدبەختی و کەند و کۆسپی کۆمەڵەی خۆیان دەردەخەن.

ئەوڕۆ بە خوێندنەوەی رۆمانەکانی وەک “چارلز دیکنز” حاڵ و هەوایی کۆمەڵ و مرۆڤی… کۆمەڵی ئەو رۆژەی ئنگلستان بە جوانی دەیبینین و هەر ئەو جۆرە بەرهەمانەن کە دەمێننەوە و مۆری جاودانی و هەرمانیان لێ دەدرێ. راز و رەمزی هەرمانی نووسەران و هونەرمەندانی گەورە لەوە دایە. ئەوانە رۆڵەکانی راسەتەقینەی دەوران و رۆژگاری خۆیانن، و شاکارەکانی ئەدەبی و هونەری دونیا ئەم تایبەتمەندییەیان هەیە، کە کەسایەتیکانی وەک فیردەوسی و شانامە، هومێر و ئیلیاد و ئەدیسە و ئەحمەدی خانی و مەم و زین.

لە چ حاڵ و هەوایەکدا ژیاون و لە سەر کام هێل سووریان خواردووە و بۆچ کەسایەتێکیان نووسیوە و بەرهەمەکانیان لە کام جەغزدا خولی خواردووە. گەلی کورد دەوڵەمەندترین پێشینە و گەنجینەی فەرهەنگی هەیە، ئەوە ویستێکی وشک و خاڵی نییە، زۆر روون و ئاشکرایە و پێویستی بە بەڵگە و پاسا و هێنانەوە نییە و شتێکی زۆر حیرەت هێنەرە. کوردەکان بە درێژایی مێژوو توانیویانە بێ ئەوەی نیزامێکی سیاسی و دەوڵەتێکی تایبەت و سەرزەوێکی سەربەخۆیان و … هەبێ زمەن و فەرهەنگی خۆیان پاراستووە و لە فەوتان رەخاندوویانە.

زۆر جاریش بە درێژایی مێژوو لە ئەسەری حوکمرانی سیاسی و نیزامی گەلانی داگیر کەر هەموو شتێکیان لە دەست داوە و فەرهەنگیان بە دەس فەرهەنگی زۆردارە وە قووت دراوە و نەماوە، و گەلانی زۆردار لە خۆیانا تواندەەیاننەوە و هاڕیویانن و زمان و فەرهەنگیان وا قووت داون کە نە لەداری تری نیشانەیەک ماوە نە لە باخەوانەکەی!

هێشتا گەلی کورد لە و هەموو هەزارەی مەترسییە سەری دەرهێناوە و لە هەڵداشتن بە جێگای بەرزەوەزیندوو ماوە و خۆی گرتەوە و لە هەر رێگایەکەوە کە رویی نیشانەیەکی لە خۆی بە جێ هێشت، نە تەنیا بۆیان لە ناو ئەچوو بەڵکوو ئیستا یەکێکە لە زمان و فەرهەنگی نێونەتەوەیی. پشت تێکردن و چاولێقووچاندن ئەو حەقیقەتە بەر چاو و روونە زوڵمە، زوڵمێکی گەورە و رۆشن.

شێعری نەو ” شێعری ئازاد” لە بەینی گەلانی ئێمە (فارس- عەرەب تورکەکان) داراوبردوویەکی دوور و درێژی نییە. لە “نیما” و “گۆران” و “نازک الملائکە” و تەوفیق فکرت” و …. تێ ناپەڕێ. ئەوە رووی مەبەستەکەیە. وەلی ئایا لە راستیدا شێعری نوێی کوردی بە گوران و شێخ نوری و شیخ سالح وە…. دەس پێ دەکا؟ درێژی و قوڵەیی میسراعەکان و گۆڕانکاری لە قافیەدا لە شێعری کوردیدا، گوران و شێخ نوری و شیخ سالح دەستیان پێ کردووە؟ ئەو کات لەگەڵ بەیت چ دەکەن؟ ئەو بەیتە کوردیانە هیوایان هەیە کە رابردووی هەزار ساڵەیان هەیە چی؟ کەس دەتوانێ بڵێ ئەو بەیتە کوردیانە ناسنامەی شێعری ئازادی نیمایی لە فارسی و ظ ئازاد لە کوردی ئەمرۆکە داو تورکی و عەرەبیان نییە… یار لە ماڵ و ئێمە دەوری دونیا دەگەرێن… ساڵەهای ساڵە دڵ جامی جەمی لە ئێمە دەویست. لاوەکان دەگەڕێن و دەپشکنن و نوێخوازان و سوننەت شکێن زۆر سروشتی یەکە ئەو سوننەت دەس و پێگرانە لابەرن. وەلێ ئایا دەبێ لەبەین بردنی زۆر شت خۆ بپارێزن، دوایە دەستەو داوێنی بێگانە نەبین، ئەدەبی کوردیش هەروەک ئەدەبی رۆژئاوا لە زۆر جێ تێپەڕیوە، بگرە لە زۆر جێگادا پتەوتر و قایم تر و جوان تر لە ئەدەبیاتی رۆژئاواش. هەر ئەو شێعرە ئازادانە “بەیتە کوردیەکان” سەدان ساڵ پێش ئەوەی لە فەراتە شێعر قۆناغی بەرەو پێش و ئازاد بوونی تێپەڕ کا خۆی لەو دار و لەلەی کۆنەی ئازاد بکا، لە نێو ئێمە دا باو بوون و لە سەر زمانان دەگەڕان.

ئەو بەیتە کوردیانە لە ژێر وەزن و یاسای عەرووز و بە قەد یەک بوونی میسراعەکان بووە و تەلەژێر دار و لولوی قافیە بە شێوەی ناوبانگ. ئەوەی ئەمڕۆ بۆ ئەدەبیاتی ئێمە بە تایبەت بۆ شێعر جێگەی مەترسیە و زۆر نیگەرانی بە دواوەیە، بێ ناوەرۆک کردنی شێعر و لە دەس خەڵک هێنانە دەرێ ئەو شتەیە.

شێعر خەریکە دەبێتە بەشی تایبەت بە کەس. رەمزی زۆر و لە ژێر پەردە داکوتن و تێکەڵاو شپرزەبوون و زیادەرەوی لە نهێنی کاری، شێعری لە خەڵک دوور خستۆتەوە. هۆی بوونی بەرهەمێک کە بلیمەتان و زانایان تێ ناگەن چییە؟ دەستەیەک دەڵێن پێویست ناکا خەڵک بزانن ئەوە شێعرە مەبەستی چییە؟ دەستەیەک دەڵین ئیتر زمان و کاتی ئەدەبیاتی خۆڕاگری بەسەر چووە. بەڵێ ئەوە لە زۆر کۆمەڵی رۆژئاواییدا دەتوانێ وابێت، لە کۆمەڵێک دا کە زگ تێری و زگ تێر کردن لە زیاد بوونی حاڵ و هەوای دێمۆکراسی ماسیون و هەر لە ناو کۆمەڵێک دا مانای رەگەز کوژی نازاندری، کوژرانی بە کۆمەڵ لە ناویانا مانای نییە، شارێکی وەک حەڵە بچەلە چرکەیەک دا دەبێتە گۆرستان. لە کۆمەڵی کوردەواری دەتوانێ نموونە بێت.

خاوەنانی ئەو جۆرە فیکر ە ئەندێشانە یا کوێر و کەریشن یا گەوج و خاینن! سەرزەویێ (….) سەرزەوییە کە کە ژمارەی کوژراوانی زۆرترن لە زیندووەکانی! سەرزەوێکی کە هەر رۆژێکی لە قوژبن و قولینچکێکی زور رووداوی دڵەتەزێنی ئینسانی روودەدا. سەرزەوییەکەی لە چەکمەکانی ئەواندا خنکاوە. ئاخۆ گەیوەتە قۆناغێک کە ئەدەبیاتی خۆراگری باوی نەمابێت؟

کام وژدانی ئاگای ئینسانی دەتوانێ لە بەرانبەر کوشتاری 5000 کەسی بێ تاوان لە چەند چرکەیەکدا هیچ نەلێ؟ کامە قەڵەمی ئاگا دەتوانێ بەرانبەر بەو هەمووە کارەساتە ترسناکە بێ تەفاوەت بێت و زمانی لە زاری داراگرێ و هیچ نەنووسێ؟ لە ناو ئەو سەرزەوییە لە نێو ئەو کۆمەڵەدا هۆنەر بۆ هۆنەر لە کارخانەی فیکری خوار و خێچ داهاتووەتە دەر. ئەوە وتە و قسەیەکی لە خۆراییە و جێگەی لە هیچ کوێ دا نییە. خوێنەی من لە نووسراوەیە دانابێ واڵیکی داتەوە کە هەڵمەتی نووکی قەڵەمی من بۆ سەر بەرهەمی نوێ بە تایبەت پۆست مۆدێرنیسمە. نا ئەو هەرا و هوریایەی من بۆ نەزانینی ئێمەیە، بە راستی ئێمە پۆست مۆدێرنیسممان نەناسیوە، دەس دەبەین بۆ قەڵەم و هاتەران و پاتەران دەنووسین قامکی پۆست مۆدێرنیسمی لە سەر دادەنین. پۆست مۆدێرنیسم تەواوی بوارەکانی ژیانی کومەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری، کومەڵایەتی کۆمەڵانی ئینسانی لە خۆدا گرتووە تەبەر. گرفت و کەند و کوسپی ئێمە تێنەگەیشتن و دروستی پۆست مۆدێرنیسم و تەمان درێژ بووە، چون ئێمە نەمانتوانی ئەوەی لە دڵماندایە جوان و پاک کراو بیخەینە دەرێ، ئەوە یا قەڵەمی ئێمە خواردەڕوا یا سەوادە کەمان ناگەینێت نوچکەی ئارەزوومان بپکێن و بیدرکێنین. تەوای وتەی من لە سەر ئەوە ساغ دەبێتەوە کە ئەگەر ساحییاتی قەڵەمی ئێمە بە جوانی و دروستی فکر بکەنەوە و جوان برۆن دەتوانن لە بەینی ئەدەبیاتی گەلانی تر جێگاوبانی خۆیان بە دەست بێنن و سەرکەون. حەیفە؛ ئەو ئەدەبیاتە بەو قەڵەمە کول و بێ جەوهەرەی خۆمان بریندار نەکەین و دوای بریندار کردنی خۆی پێوە نەکەین. رێگە دوور و درێژە و داووتەڵەش زۆر، زۆربەی ئەو داوو تەڵانە حیساب کراو و ئاگاهانە لە سەر رێگە دانراون بۆ ئەوەی پامان بکیشنەوە و لە رێگە لامان دەدەن.

دەستەیەک بە خیالی خزمەت دەکەونە داوەوە و لە دوایەدا لە رێبازی خۆیاندا داو دادەنێن.

ئەم مەلە جوان و دەنگ خۆشە، پێویستە بە خێوی کەین تا بەرز و بەرزتر بفڕێ.