جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– وای بۆ غەریبی ئەهلی قەڵەم –

وای بۆ غەریبی ئەهلی قەڵەم

? 11 | جەلال مەلەکشا

 

جار و بارە، دەردێک، کەسەرێک، قسەیەک، وەک گرێ کوێرەیەک، یا بوغزێکی نەناسراو، دە ئەوکی ئادەمیزاد دەوەستێ کە ئەگەر نەکرێتەوە و نەیرێژێتەوە دەرەوە ئینسان دەخنکێنێ.

من خۆ بە زل نازانم… نە شاعیرێکی هەڵکەوتەم نە نووسەرێکی بە ناو… جار و بارە لەسەر دەردی دەروون شتێک دەنووسم کە یا دەبێتە پەسندی ئەهلی قەڵەم یا دەبێتە دەستە چیلەی ئاگر. ئەو دەردە، ئەو کەسەرە، ئەو قسەیە. گازندەیەکی خۆمە و دەگەڵ کەسم نیە… بەڵام لەوانەشە دەگەڵ شاخی تێژی کەرگەدەنەکانی دنیای وێژە و ئەدەب بەرەنگار ببمەوە! لەم کوردستانەی ئێمە دا. کەسانێک هەن کە زۆر خۆیان بە زل دەزانن، پێ یان وایە تاووسی بەهەشتن، دابیر دەکەنەوە کە ئەگەر نەبرایەن دنیا لە گرێژە نەدەچوو… غافڵ لەوەی کە بوونیان بۆ فەرهەنگ و ئەدەبیات چ بەڵایەکی گەورەیە. بوونیان بەرێکی گرانە بە سەر شانی زاماری ئەم گەلەوە… بەختیش یاریانە، لە زەمانێکی مۆناسبدا سەریان هەڵداوە و خۆیان قوت کردۆتەوە… گەلی ئێمە بە هۆی ستەمی فەرهەنگی­یەوە لە ساڵگارێکی درێژدا چاک و خراپی لێک نەدەکردەوە. بەلام ئەم دەورانەش خەریکە تێپەڕ بێ و هەروا کە وردە وردە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی گەشە دەکا، ئەم کەرگەدەن گەلەش مەیدانیان لی تەنگ دەبێتەوە و فۆسیلەکان لە خۆیان حاڵی دەبن و دەزانن جێگەیان کوێ یە… تاقمێکی سەیر و سەمەرەن، هەرچەند وێک ناچن بەڵام لە شتێکداوەک یەکەن… لە هەموو چێشتێکدا ئەسکوێن!

شاعیرن، نووسەرن، توێژکارن، زانان، فەرهەنگ نووسن، مێژوو نووسن، جوگرافیا زانن ،… لە هەمان کاتیشدا هیچ کامیان نین و لە هیچ کام لە بەستێنانەدا بە قەدەر سەری دەرزی زەوق و چێژ و بەهرەیان نیە. هەرکات باسی ئاسەوار دێتە گۆڕێ هەرکام دەڵێن سەدان ئاسەواریان هەیە و هیچکامیشیان دیار نین.

لەهەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا حازرن، لە لای سەروو دادەنیشن، شەق و رەق و بە فیس و ئیفادە…. کاتێکیش دەگەنە تریبوون، دوو دەستیان هەیە دووی تریش قەرز دەکەن و مەحکەم دەیگرن و بەری نادەن و نۆرە بە کەس نادەن!

کەرگەدەن گەلێک هەن کە تەنیا خۆیان دەبینن و مەخابن کە ئەغلەب سەرۆکایەتی ناوەند فەرهەنگی و ئەدەبی و هونیەکانیان بە دەستەوە گرتووە و وەک گاشە بەردی تل پێ نەدراو رێگەیان لە لاوان بەستووە. دەڵێی ئاسمان کون بووە و ئەوانی پێدا هاتۆتە دەرەوە. تاقمێک فۆسیلی کۆنی زەمانی دەقیانووس! خۆ بە زل زان، خۆ ویست، وەها رزیو کە بۆ گەنیان دەگاتە ئەو سەری وڵات.

لاف و گەزافیان دەگاتە عەرشی ئەعلا. وەک مریشکە پیرە، بە هەزار زەحمەت و خۆرێک گوشین هێلکەیەک دەکەن، ج ئەو جار گارە گاریان گوێچکەی ئاسمان کەڕ دەکا و لایان وایە هێلکەی دوو زەردێنەیان کردووە! کە چی هێلکەکەیان بۆ ڕاوکەش نابێ! چاوەڕوانن ئەم شوێنە وارە بە نرخەیان، بە زووترین کات، بە نۆبە بڕێ بڵاو بکرێتەوە و….

بۆ سەردەبیر و بەرپرسی بڵاڤۆکان وەڵام دەنێرن، تەلەفۆن دوای تەلەفۆن و پارانەوە و لاڵانەوە و جامەلووسکێ، جار و بار هەڕەشە، هەر چۆنێکی هەیە دەبێ ئاسەواریان بە چاپ بگەیەنن و ناوی بە ناوبانگیان لاپەڕەی کتێب و گۆوار بڕازنێتەوە. ئەگەر شەوە شێعرێک، کۆنفەرانسێک و کۆنگرەیەک بەرپابێ و بە سوتفە، ناوی ئەوان لە قەڵەم بکەوێ و بانگ هێشتن نەکرێن، ئەو دەم وەک عاسمان، کۆڵەکەی ترازبێ و زەمین و زەمان تێک قرمابێ، هاواریان بەرز دەبێتەوە. وای ئەدەب! وای مێژوو! دەست پێ دەکەن. وەک ئەگەر ئەوان نەبن هیچ کارێک ئەنجام نادرێ. گازندە و شکات دەس پێدەکاو… کاتێکیش بانگهێشتن دەکرێن، سەنگ رە پێش دەخەن و خۆ هەڵدەمسێنن و وەلای سەروو دەکەون و بزەیەک دەخەنە سەر لێوان و لەو سەرەوە دەڕواننە خەڵک و کاتێک ناویان خوێندرایەوە بە هێندێک غەمزە و نازە وە دەچنە پشت تریبوون و بە جێگەی بابەتی دیاریکراو، بە درێژەی باسی هونەر و لێهاتوویی خۆیان دەکەن، کامە هونەر؟!

باسی ئەو کتێب­گەلە دەکەن کە نووسیویانن! کامە کتێب؟ و هەزار باسی بێ بناغەی­تر.

ئەهلی قەڵەمی واقعیش؟ غەریبانە ئەم بارودۆخە دەبینێ، خۆ دەخواتەوە، دەرد دەکێشێ و ژەهرە دەچێژێ. دەبینێ کە ئەدەبی گەلەکەی پێشیل دەکرێ. دەبینێ کە تاقمێک، زەلامی بێ هونەر و بێ سەواد و خۆ بە زل زان رۆژیانە و بە کەیفی خۆیان لێی دەخوڕن و چونکە پلە و ناویان هەیە و هێندیکیشیان پووڵ و پارەیان زۆرە، قسەکانیان پەسەند دەکرێ. پەسەندی ئەوانەی کە وەک خۆیانن و نازناوی فەرزانە و حەزرەتی مامۆستا و زانا و… بە دوای خۆیاندا رادەکێشن.

واوەیلا بەو رۆژە کە کەسێک بڵێ، نوختەیەکە لە فڵان واژەی نووسراوەکەت کەوتووە، یا فڵان شت وا نیە!

ئەو دەم دەبێتە رۆژی مەحشەر!  ئەو هەموو عوزم و ئەدەبە درۆزنانەیە تێکدە رووخی و ئەم گەورە پیاوانە دەبنە تاقمێکی جنێوفرۆشی بێ­شەرم و روو هەڵماڵاو، جانتایان پڕە لە جنێو و قسەی سووک و تەوهین! لە راستیدا کەسایەتی راستینی خۆیان دەخەنە روو!

ئەم باوەرە قۆرەتە ئەدەبییانە کە خۆیان بە مەزن دەزانن، بوونەتە هۆی سەر شۆڕی ئەدەبیات و فەرهەنگی گەلەکەمان. بە داخەوە گەڵانی دیکە جار و بار بە هەڵە ئەم تاقمە گەندەڵە بە نوێنەرانی ئەدەبی و فەرهەنگی کورد لە قەڵەم دەدەن.

وە ئێمە هاوارمان بۆ کێ ببەین؟ کە گەلۆ، ئەمانە، ئەم باوە قۆرەت گەلە خۆیان داسەپاندووە. خاوەنی راستینی قەڵەم… هونەرمەندانی دەردمەند، بێ دەنگ و بێ هەراو هوریا، بۆ هیچ شوێنێک رێگایان پێنادرێ، ئەگەر بۆ هێندێ جێگەش بانگهێشتن بکرێن، باواقۆرتەکان وەها تریبوون بە دەستەوە دەگرن و داگیری دەکەن کا کاتێک بۆ ئەهلی قەڵەمی واقیعی نامێنێتەوە. لێرەدایە کە هاوار دەکەم. وای بۆ غەریبی ئەهلی قەڵەم!!