جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– خەمی نان، تەنانەت… –

خەمی نان، تەنانەت ئەگەر نەهێڵێ | هۆشەنگ گوڵشیری

رامان 53 | و/ لە فارسییەوە جەلال مەلەکشا

 

هەورازو نشێوەکانی شیعری شاملوو، هەمیشە بۆ من لانی کەم سەرسوڕهێنەر بووە، چونکە هەر بە چەند ساڵێ لە دوای نوشوستی یان بێ دەنگییەک، لە پڕ سەری هەڵداوەتەوەو دەورەیەکی دیکەی دەست پێکردووە. لێرە باوە، بە هەر هۆیەکەوە، هەر خاوەن قەڵەمێک بە بەرهەمێکییەوە دەناسن، ڕۆمانێک یان چەند کورتە چیرۆک و بۆ نموونە کۆمەڵە شیعرێک و لەو نێوەشدا تەنیا چەند شیعرێکی و ئیتر هیچ.. و خاوەن قەڵەم.. هەروا دەژی ئەڵبەت بڕێ جاریش  چەند وردەکارێک دەکا کە خراپیش نییە.. کۆپلەیەکی، یان ڕستەیەکی وەبیر هێنەرەوەی هێزی قەڵەمی جارانیەتی، بەڵام بە گشتی وەهایە کە ئەگەر ناوی پیرۆزی خاوەن قەڵەمەکە لەسەر یان لەژێر بەرهەمەکە نەبێ، هیچ کات نەدەبینرایەوە تەنانەت نەدەخوێندرایەوە… هێندێ جار ئەم درێژەدان بە ژیانە، لە قەڵەمڕەوی ئەفراندندا، هێندە بێ ڕەنگە  کە دەتوانرێ بە فیتوای هەر خوێنەرێکی ئاسایی، بە زیندوویی نوێژی مردووی لەسەر بخوێنرێ.

لەم میانەدا، چەند کەسێک تایبەتین، کە نەک بە بەرهەمێک یان تەنیا شیعرێک، بەڵکو بهۆی سەرجەمی بەرهەمەکانیانەوە ناسراون و شاملوو لە نێو ئەم چەند تایبەتمەندییەدا تایبەتمەندییەکی دیکەیە، چونکە هەر جار، دوای ماوەیەک بێدەنگی مات و مەبهووتمان دەکا.

لەم چەند ساڵەی دواییدا کە کەم بەجێی خوێندنەوەی بەرهەم، خەریک بووین ببین بە بیسەر، بەردەوام کە زۆربەی گۆڤارەکان (جنێونامە باوەکان بە جێی خۆیان) و بە قەڵەمی بەعزێ لە مامۆستایان دەمانخوێندەوە کە شیعری نوێ تەواو بووڕە قسەی پێ نەماوەو بڕێ جاریش ئەم نوشستییەیان بۆهۆی کوفرانی نیعمەتی کێش و سەرواوە دەزانی. مامۆستایەکی دیکە دەیفەرموو: کە شیعری سەردەم کاڵای ڕۆژئاواو ڕۆژئاوا پەرستانە، ئەم جۆرە فەرمایشتانە لەو گۆڤارانەدا بڵاو دەبوونەوە کە پڕن لە دنە و هانەو ئافەرین و بارەقەڵای ڕۆژئاواناسانی بەڕێز بۆ زیاتر قەبر هەڵدانەوە لەسەر (شاعیرانی)ی کۆن. لە هەمووان تازەتر، قسەکانی مامۆستا خانلەری بوو کە گوایا هێشتا نازانێ کێشی نیمایی کێشی غەیرە عەرووزییە، (هەمان درێژەدان لەگەڵ چەندایەتیی بڕگەکان و ئەسڵی یەکسان بوونی میسراعەکان لەبەرچاو نەگرتن) سەیرت لە هەموو شتێ، ئەم مامۆستایانە بۆ سەلماندنی ئەددیعاکانیان، دەستەو داوێنی ڕۆژئاواناسان و هاودەمە ڕۆژئاواییەکانی خۆیان دەبن.. خافڵ لەوەن کە بە قەوڵی نیما، قەتار لەمێژە کەوتووەتە ڕێ و لە چۆناوچۆنی کارەکەش دەبێ لە مرۆڤە زیندووەکانی نێو قەتارەکە پرسیار بکرێ نەک لەوانەی کە حەز ناکەن سەر بەلەشی هیچ (لۆکۆمۆتیۆرڕان)ێکەوە بێ! باسی ئۆگری ڕۆژئاوابوون یا نەبوونی شیعری سەردەم خۆی باسێکی دوورودرێژە، بەڵام لێرە پێویستە بگوترێ کە خودی دانەر یان ڕاگەیانەری ئەم زاراوەیە، لە لایەنگرانی بەناوبانگی شیعری نوێ بوو لەلایەکی دیکەوە کام ڕۆژاواناسی بەڕێز – چ ڕۆژئاوایی و چ ڕۆژهەڵاتی- جگە لە ڕاستکردنەوەی ئاسەواری کۆن، کارێکی وەهایان کردووە کە نیشانەی ئۆگریی ئەوان بە (خاوەن قەڵەمی) سەردەم بێ.. ئەگەریش لایەکان لێ کردبێتەوە، تەنیا بۆ چەند کەسێ وەک جەمالزادە، دیهخودا یان هیدایەت و نەختێکیش نیما بووە… ڕۆژئاوا ناس جەماعیەتیش- وەک کۆنینەناس- سەروکاری لەگەڵ مردووانە. واتە کاتێ دەکەوێتە سەروبەری کەسێ، کە مەرگ یەخەی گرتبێ و بێ خەتەری کردبێ! واتە ئەو دەمەی کە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی هەلپەرەست دەتوانن کێلی قەبرێک- ببوورن ئاسەوارێک- ئەندازەگیری بکەن. بەم هۆیەوەیە کە ئەم تاقمە زیاتر کڕیاری ئەنتیکە و کۆن بێژانن وەکو دوکانداری کەلوپەلی ئەنتیکە، چاویان لە دەست و زمانی ئەوانە. نموونەی ئەم ڕەوتە لە داهاتوودا دەبینرێ، یان مەسەلەن لە نێو لیستی داوەتنامەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، لە ئەدیبە زیندوو و مردووەکاندا. لە کوێ و کەی دیتوومانە کە لە خاوەن قەڵەمی سەردەمی زیندوو کەسێ بووبێ بە (زینت المجالس)ی کۆڕە ڕێزگرتنەکان و مەگەر لە ڕابردوودا، لە هەموو ئاهەنگەکانی فراوان کردنی پێوەندییە فەرهەنگییەکاندا، خوالێخۆشبووان فرووزانفەر و سوورەتگەر و خوالێخۆشبووانی هێشتا نەمردووی دیکە، نوێنەرانی ئەدەبی سەردەم لە قەڵەم نەدەدران؟

لەمانە گەڕێین وتمان باس لە سەر ڕۆژئاواگەری بوارێکی بەرفراوانی دەوێ. ئەگەر قسە لەسەر شیعر و چیرۆکە.. سەرەتا دەبێ بزانین، لە ئەسڵدا کێ شاعیر یان چیرۆکنووسە؟ و باسی ئێمە لێرەدا لە سەر پێوەری ئەم خاڵەیە، بەڵام ئەوەی کە نییە ئەگەر هەموو ئەرکەکانی ئەردی و ئاسمانی جێبەجێ بکا و بۆ تەئیدی خۆی لە هەموو ئەوانەی ڕەگی گەردنیان ئەستوورە یارمەتی بخوازێ، هەر شتێک و هەر کەسێکە جگە لەم یا ئەوی دیکە: شاعیر یان نووسەر- کەواىوو ئەوەی کە بیەوێ بە یارمەتی پەتی ئەرکە، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی و میللییەکان بەرهەمە بێ نرخەکەی خۆی لە تلۆرەوە بوون بۆ ناو دۆڵی فەرامووشی بپارێزێ، تەنیا ئابڕووی خۆی دەبا… ئێستا کارمان سانا دەبێت.. واتە مەسەلەن، کەسێ شاعیر بێ، بەڵام مامۆستایان هاوفیکرێکی باش بۆ ئێمە نەبێ، یان لە سەر ئەو بیروباوەڕەی نەبێ کە ئێمە هەمانە یان حوکمی لەسەر دەدەین.. باشە، خەڵاتی پێ نادەین، یان نایدەنێ، هەر بەو جۆرەی کە سوڵتان مەحموودی غەزەنی، بە تاوانی ڕافزی بوون، فیردەوسی لە بارەگای خۆی دەرکرد.. پێموانییە سوڵتان مەحموود گوتبێتی فیردەوسی، شاعیرێکی گەورە نییە، بەڵکو ناڕەزایەتی لەوەدا بوو کە بۆچی فیردەوسی هەر بە باڵای (ڕۆستەم)یدا هەڵگوتووەو هیچی لە بارەی ئەوەوە نەگوتووە کە ئەو هەموو شەڕەی کردووەو بتخانەگەلی شکاندووە.. کەوایە دەردی ئێمە ئەوەیە کە هەموو شتێک تێکەڵ دەکەین.. وەکو هەمان لێڵ کردنی ئاو. بۆ نموونە نیما بە ڕۆژئاواییگەری تاوانبار دەکەی، بەڵام نە ئەو کەسەی کە هاوسەردەمی نیما بوو و یەکەمین نوسخەی شیعرەکانی بۆ ئیدوارد براون دەنارد.

ئەم جۆرە قسانە، بە قەڵمی مامۆستا، لەسەر ئێمەش کاری دەکرد. بە تایبەت کە هێندێ جار کەسێ بە پاڵپشتی ڕوونووسی کردنی چەند وتووێژی دەینووسی: (دەڵێی ڕەوتەکان لە جموجۆڵ کەوتوون و ڕاوەستاون) یان بە داخ و کەسەرەوە دەمانبینی هێندێ لە شاعیرانی سەردەم و نوێخواز، بایان دەدایەوە سەر غەزەل و قەسیدە و تەنانەت مەسنەوی کە وەک مۆرکێ سەلماندنی قسەی ئەوانە بوو کە دەیانوت نوێخوازان پاشگەز بوونەتەوە و تۆبەیان کردووە کە ئەگەر واش بێ ئەوە نیشانەی تەواوی بوونی هێندێکە، نەک ڕاوەستانی هەموو، یان ڕەوتێک.

بڕێ جاریش بڕوبیانووی سەیریان دەهێناوە، وەک خەمی نان، مەعاشی دواکەوتوو، کتێبی بە بێ کاغەزماوو هەزاران دەردی بێ دەرمانی دیکە… دەڵێی لە دنیای شیعر و شاعیری، یان نووسەریدا، شتێکیشمان بە ناوی سەربازی ون هەیە، کە بە یادی ئەوانەی بێ کەندوکۆسپەکانی ژیان نەیانهێشت تا کارێکی کارستان بەکن.یان لە دیوانەکانی ئەمانە، چەند لاپەڕەیەکی سپی لە دوا لاپەڕەکاندا، دەهیڵنەوە کە ئەم لاپەڕە سپییانە، بمێننەوە بۆ ئەو شتانەی کە بە هۆی ئیشوکار و گیروگرفت و یان تەنانەت دڵ وەستان نەیانتوانی بینووسن و بە جێی ئەوانە زۆر شتیان وت یان زۆر شتیان نووسی کە شیاوی ئەوە نەبوون با لەم پەراوێزانە بگوزەرێین، ڕاستەکەی، بە ڕای من کێشی نیمایی ئەو چوارچێوە نییە کە لە ڕیزی چوارچێوەگەلی غەزەل و قەسیدە و تاد… ناوی لێ ببردرێ، بەڵکو گۆڕان یان باشتر بڵێین تەکامولی ئەو قاڵب و چوارچێوەیانەیە، کەوایە مل دان بە قاڵبگەلی غەزەل و قەسیدە و .. تاد، بێ گومان گەڕانەوە بەرەو دواوە شکستە. تەنانەت ئەگەر لە بەحرە تازەکاندا، و بە زمانی تازە پەیدا ببێ. ئەڵبەت ڕووی دەمم لە کەسێکە کە لەسەر تیخەی هەڵدێرو کاری پڕخەتەرکردن ڕاوەستن و لە جێگەی دووپاتەکردنی خۆی، یان کەسانیتر بەهەبوونی ئێستا زیاد بکا.. ئەمە داهێنانی شتێکە کە پێش لەسەر کاغەز نووسینی، نوێکی نەبووە یان تەنانەت وجوودی نەبووە. ئیتر ئەو باکی لەوە نیەەی کە هێندێ کورت و درێژیی ڕستەکان یان چاوپۆشی کردن لە کەمایەتیی بڕگەکان، بە نەخوێندەواری و بێ سەوادیی ئەو بزانن، چونکە ئەوانە هەرگیز لەگەڵ لەرزەی لە ناکاوی داهێنان و ئافراندنا ڕووبەڕوو نەبوون و هیچ کاتیش نەیانتوانیوە یان نەیاندیوە کە دەکرێ هەموو ئاسمان و زەوی لە دێڕێکدا بەند بکرێن.

جیهانت چلۆن خولقاند

بە چ لەونێ؟

-بە لوتفی منداڵانەی ئەعجاز!

بە بێ ئەوەی دیمەنێکی وەکو منی هەبێ

(هاوسەنگی وردی نەگونجاوێک لە زومرەی گونجاو)

کێ توانای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەی هەیە؟

بە کریشمە دەستێکم هەڵێنا

جیهانم،

بە وێنەی خۆم بڕی

ئێمە ئەم جۆرە خەتەر کردنانەمان لە بەرهەمی کەسانێکی لاوتردا دەبینی، یان باشتر بڵێم، دەبیست و دڵنیا دەبووین کە ئەگەر درەختێکی بە ساڵا چوو بکەوێ- هەرچەند جێگای داخە، بەڵام نابێهیوامان بە خاک نەمێنێ، چونکە نەمامێکی تازە باڵا دەکا و ئێستا ئەم نەمامانە بوون کە خەریک بوون بە قەولی کافکا دەبوون بە کۆڵەکەی ئاسمانی شیعری سەردەم. لەم کەینوبەینەدا بوو کە نوسخەیەکی (مزگێنی بۆ هەڵەچنەکانی داهاتوو) لە شیعری لە خەبات لەگەڵ بێدەنگیدا (در جدال با خاموش)یم بینی. ڕاستەکەی بە قەولی ئەدەبیات زۆر دڵی نەگرتم، بەڵام بە دەرچوونی وتووێژ-کە ئاماژەم پێی کرد- چەند دێڕێکم لە شی کردنەوەی ئەو شیعرە خوێندەوە، لەو جێگەیە کە لە ڕووداوێک دەدوێ –لە شەش ساڵیدا-  واتە دیتنی «شەلاخ لێدانی سەربازێک» و لە «خاش، بە تەپڵ و شەیپوور و ئاهەنگی تایبەتی و بە ڕاست ڕاست و بە چەپ چەپ و خەبەردار ڕاوەستان» و لە دواییدا دەڵێ: «دیمەنی ئەو سەربازە کە لە سەر نیمکەتێ دەمەوڕوو کەوتبوو و یەکی لەسەر گەردنی دانیشتبو و یەکێ لە سەر قاچەکانی و بە ئەو قامچییە چەرمییە درێژە بێ بەزەییانە لێیان دەدا، قەت لە بەرانبەر چاومەو لاناچێ. دیمەنی ئەو دێهاتییە کە بە هەموو زەربەیەک خۆی کێش دەهێنا و لاروخوار دەبووەوە، بەڵام شیڕە و زرمەی شەیپوور و تەپڵەکان نەیاندەهێشت دەنگی ببیسترێ، لە بەر چاوم ون نابێ.» دوای خوێندنەوەی ئەو وتووێژە دیسان چوومە سەر خوێندنەوەی «لە خەبات لەگەڵ بێ دەنگیدا». ئەڵبەتە نوسخە خەتییەکەی… ئەم کۆپلانە، بە بڕوای من گزنگی شەهابێکە، کە لە پشت تاریکیی ئاسۆکانەوە، مزگێنی هێنەری هەڵاتنێکی تازەیە، واتە دەبینم شاملوو هەمیسان سەری هەڵداوەتەوە یان وردتر بڵێم، هۆی بێدەنگیی شاملوو نە نەتوانین، یان زار بەستنی ئەو بوو، لە ڕاستیدا، بەد حاڵی بوونی ئێمە لە ئەو بوو.

دوای پێنج ساڵانی

بادییەکەم بە دەستەوە

لە لمستانێکی عوریاندا، بە دوای نەخشی تراویلکەدا، ڕام دەکرد.

لە نوای خوشکم..

کە هێشتا

لەگەڵ جەزبەی مەگناتیسی پیاودا

نامۆ بوو.

یەکەم جار کە لە بەرانبەر چاوەکانمەوە

هابیلی خەمبار، بە دەستی خۆی، شەللاخی خوارد

شەش ساڵان بووم

ئاخ ئاهەنگەکەش

زۆر ڕێکوپێک بوو

لەگەڵ ئارایشی خامۆشی پیادەکانی شەترەنج-دا

شکۆی ئاڵای ڕەنگین سەما

دارداری شەیپوورو

ڕەپ ڕەپەی دەرفەت سۆری تەپڵ

تا کو هابیل

بە بیستنەوەی شیوەنی خۆی

ڕووزەردی شیوەنی خۆی

ڕووزەردی نەکێشێ.

دیسان سەرسووڕ هێنەر بوو. زیندوو بوو و هەنووکە شیعری دەوت. هەرچەند هەموو ئەم شیعرە درێژە لە باشترینەکان نەبوو. بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو خوتوبۆڵەیەی کە پشتەملەی کردبووم، تەلیفۆنێکم بۆ کرد و چوومە دیداری… لە مەڕ ئەم جۆرە غەزەل و مەزەل و قەسیدانەی کە شاعیرانی سەردەم بە هەزار عارەق ڕشتن دەڵێة دوام و لە تۆبە کردن و گەڕانەوەی هێندێک و دوایی گوتم:

«- کوانێ شیعری تازە؟»

کات، کاتی هەڵسان بوو و شاملوو بە ئەو دەنگە تایبەتییەی کە دەیزانی، تەنیا سێ دێڕی خوێندەوە.. برووسکە بوو، یا شەهاب؟ نازانم، ڕەنگە بوومەلەرزە بوو، بەڵام هەرچی بوو شیعر بوو، شاعیر لە سەر تیغەی ئەو لای هیچ، یان بڵێین سبەینێ، یان ئەبەدییەت ڕاوەستابوو، بە چەند ڕستەو لە هەر ڕستەیەکدا بە چەند وشە زەوین و ئاسمانی کردبووە تەختە بەندی شێوەیەکی تازە. سەرەڕای ئەوەش، لە سەر پێی خۆی ڕاوەستابوو، بە بێ هیچ قەرزداری بە ڕۆژهەڵات یان ڕۆژاوای جیهان، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی گیانی ئەوڕۆماندا بوو. نا، سێ دێڕ بەس نەبوو. دەبووایە هەمیسان دانیشم و گوێچکەی بۆ شل کەم. ئەویش بەهەمان دابونەریتی خۆمان، دەست لە سەر ئەژنۆ یا سینگ، هەموو هۆشت بسپێری بەکەلام. هەر واش بوو، زۆری هەبوو، یەکە یەکە، شیعرەکانی لە خاتوونی شیعرەکانی وەردەگرت، بەو چەشنەی کە بمانەوێ جووجەڵە لە ژێر باڵ و پەڕی مریشکێکدا هەڵبگرین.. من ئەوانم کە بە دڵ بوو، وەک جاران، بۆ خۆم دەنووسییەوە. شاملوو، دەیزانی تەنانەت وتی: فڵانی تەنیا ئەوانەی کە بە دڵە دەنووسیتەوە.. لە بیری بوو کە ساڵانی پێش لە نێو چەند شیعریدا، تەنیا شیعری «هاملێت»م نووسیبووەوە. یەکێ لەم بەرهەمانە تازەیە شیعری «حیکایەت» بوو کە لە گۆڤاری «ئادینە» بڵاوکرایەوە. بە بڕوای من ئەوجێکیترە لە شیعری سەردەمدا و دەمێنێتەوە. دیسانیش هەیە و لە هەموو ئەم شیعرانەدا کە بۆ خۆی –دەفتەرێک- هەروا کە لە قۆناخەکانی دیکە لە زنجیرە کێوەکانی شیعری شاملوودا، زیاتر لە هەر شتێک دەستەڵانی بە سەر زمانی فارسی و کەشف و خستنە ڕووی زەرفیەتەکانی لە بەر چاوە و ئەمە بازنەی هەموو بەرهەمە غەیرە شیعرەکانیشیەتی کە هەر کامەیان زیاتر لەم تواناییەی شاملوو سوودیان وەرگرتبێ جیلوەیەکی تریان هەیە. وەک ڕۆمانی «پێخاوسەکان» کە لە چوارچێوەی زبانی فارسیدا هێندێ زیاتر لە دەقە ئەسڵییەکەی پاراوترە. کەڵک وەرگرتن بەردەوام لە زەرفیەتی زمان-[ زمانی ڕەسمی و چ زمانی کووچە و کۆڵان دەبێتە هۆی ئەوەی لەم ڕۆژانەدا شیعری شاملوو بە دوو ڕەوایەت بگاتە دەستی خوێنەر، بۆ نموونە بیستبوومان:

«هەر ئیمڕۆژ

لە دایک نەبووم»

بەڵام دواتر ئاوام بە دەست گەیشت

« جەخ ئیمڕۆژ

لە دایک نەبووم

تەمەنی جیهان بەسەرمدا تێپەڕیوە.

نزیکترین بیرەوەریم

بیرەوەریی سەدەکانە.»

کەوابوو، (جەخ)ی لە جێگەی «هەر» داناوە. کە کورتکراوەی (جەخت)‌ە. جەخ لە دایک نەبوو، ڕەنگە زیادی تووڕەیی نیشان دەدا، یان، «جەخ» زیاتر زەق دەبوو، بۆیە وتوویە «جەخ ئیمڕۆژ»، تا هەم تووڕەیی وشەکە سووک بکاتەوەو هەم بە بەجێ هێشطنی «ئیمڕۆژ» لەگەڵ واژەکانی دیکەدا نزیک و ئاشنا بکا. شاملوو هەر بە هۆی توانایی زمانییەوە کە لە بیرەوەریی سەدەکانی دەدوێ.. لە بارەی هەموو ئەو ڕووداوانە کە بە سەریدا هاتوون، یان بە سەر ئێمەدا… بۆ نموونە:

خۆشبینی براکەت، تورکەکانی بانگ کرد

لە گەردەنی تۆ و منیان دا.

گەمژەیی من چەنگیزییەکانی بانگ کرد

نیری گایان لە مل کردین

ئامووریان لێ بەستین

لە سەر شانمان دانیشتن و

گۆڕستانێکی هێندە بی سنووریان کێڵا

کە هێشتا لە چاوی پاشماوەکان

خوێناو دەڕژێ…

ئەم ناوەرۆکە لە شیعرەکانی تری شاملوو دەبینرێ، دەڵێی لە جێگەی «لە دەلاقەی تاریکەوە دەنووشتێمەوە و لە جێی هەموو هیوا بڕاوەکانم دەگریم» ئەم جارە سەر بە ناو «بیری ویل»ی مێژوودا دەکا. یان باشتر بڵێین چووەتە نێو بیرەکەوە و لەو لاپەڕە زیڕینانەمان، بە دیاری بۆ دێنێ.

نەمدەویست ناوی چەنگیز بزانم

نەمدەویست ناوی نادر بزانم

ناوی شاکان

محەمەد خواجە و تەیمووری شەل

ناوی ئەتک کەرانم نەدەویست و

ناوی سووککراوەکان

دەمەویست ناوی تۆ بزانم…

بەڵام لەم شۆڕبوونەوە بۆ نێو بیری ویل و یان هەڵفڕین بەسەر خاکی بەریندا، ڕەنگە دەروونمایەی سەرەکی زۆر شیعرەکانی ئەم دواییەانەیە، لە هەموو شوێندا، لە مرۆڤ دەدوێ.

لە من و لە تۆ.. لە هەمان سووککراوەکان دەڵێی لە چەشنی هەمان درێژەی وتەکانی شەمسی تەبریزی-یە، لەوێدا کە دەڵێ:

«کاتەکان پیرۆز بێ لە ئێوە، پیرۆز ئێوەن.. کات دێ، تاکو بە ئێوەوە پیرۆز بێ، شەوی قەدر، لە ئێمەدا قەدری چاندووە.»

یان کەوێدا کە دەڵێ:

«هەمووان لە خۆدا دەبینی… مووسا و عیسا و ئیبراهیم و نووح و ئادەم و حەوا و ئاسیە و خزر و ئەلیاس و فیرعەون و نەمروود.. تۆ جیهانی بەرینی، لە زەوی و ئاسماندا ناگونجێی»

ئەوڕۆ  بەو زمانە کە شمالوو هەیەتی سەرەتا، وەسفی ئەوی دەکا، لەو شتانەی بەسەر مرۆڤدا هاتوون، لە چوار قوڕنەی دنیا: ڕووت لە سەر تەختی نەشتەرگەری لە چوارمێخەیان کێشاوم.

دوایی دەڵێ:

بەڵام دەبێ نەعرەتەیەک بکێسم

ئاخر من شەرەفی جیهانم

هابیلم من و

لە کوولەکەی کاسەی سەرمدا

بۆ قاوەڵتوونی سەرپزیشکێ

پاروویەکە

بە نەڕەیەکی تاڵ

پاڕووەکە، بەکامی ئەکەم بەژارەی حەزیا

ئاخر من «بامدادم» سپێدەم

یەکەم گزنگی هەتاوم

دیسان ناو بە ناو، هەرچەند لە خۆی، بەڵام لە «ئەو» دەدوێ، لە مرۆڤ:

ناتوانم جوان نەبم

خەمزەیەک نەبم

لە هەبوونی تا هەتاییدا.

ئەوەندە جوانم من

کە بەهارێکی بێ ئاگا لەخۆ.

گوزەرگاکانم دەڕازێنێتەوە.

لە جیهانی دەورووبەرمدا هەرگیز

خوێن عوریانیی گیان نییەو

سامی قوڕقوشم

بەر بەلەنجەی کەو ناگرێ.

دیسانیش هەیە، بەڵام ئێستا دەتوانم هەر دوو شیعری بنووسمەوە. یەکیان کورت، بەڵام لە شیعری (بیابان)دا خوێنەر دەتوانێ تەنانەت بە یەک جار خوێندنەوەی، کۆتایی بەندی هەر کۆپلەیەل بێنێ. سەروا داربوونی کۆتایی هەر کۆپلەیەک وهەم سەرنج بدرێ کە چۆن لە کۆپلەکانی دووەم و سێهەمدا، بەرئاژۆی «گوڵم وا» زیاد دەبێ، سەروادار کردنی کۆتایی کۆپلەکان نەلەسەر تەقلیدی کلسیکەکان، بەڵکو لە سەر سوننەتی نیما-یە هەر بەو شێوە کە لە شیعری نیما-دا کێشی شیعرێک نە دێڕێک بەڵکو کۆپلەیەک یان تەنانەت پارچە شیعرەکە دیاری دەکا. سەرواش، هەم کۆتایی هەر کۆپلەیەک دیاری دەکا و هەم کورتە ڕامانێکە بۆ بیستنی بەرئاژۆ. هۆی زیاد بوونی «گوڵم وای»ەکانیش، ڕەنگە ئەوەبێ کە لەو دیمەنانەی کە پیشان دراون، بەرەبەرە، تەنیا هەمان ناڵەی «گوڵم وای» و دوایی هەر «وای»ە کە دیبیسرێ، دەڵێی لە پشت تراویلکەیەک، لە گوندێک یان قەڵایەکەوە تانیا هەر «وای» دەبیسین، بەڵام وێنە دیداری و زەینییەکانی شیعر، سێ وەسفە لە سێ ڕوانگەوە، کە هەرچی بینەر، دوورتر ببێتەوە، دیمەنەکە دوورتر دەبینێ و سەرەنجام تەنیا تەرحێک دەمێنێتەوەو ئەوسا ئیتر هئچ نییە جگە لە (گوڵم وای)… وەک وایە بە کامێرایەک –ئەڵبەت عەینی و زەینی بین- سێ وێنە لەیەک وێنە بگرین. نزیکترینیان ئەوەیە کە دەیبینین، وەسفێکی ڕێکەوەندی لە حاڵەتی دەروونی و دەرەکیی ژن. لە کۆپلەی دووەمدا، لە ڕابردووەکانی هێشتا ڕانەبردوو دەدوێ! و بە کەڵک وەرگرتن لە (کۆنە نەمامی) بە ژیانەوە گرێ دەدا. کۆپلەی سێیەم وەسفێکە لە هەموو شوێن، وەک لە باهێرێکدا، لە پشت تراویلکەیەوە، جێگایەک ببینین.. هەر بەو هۆیەوە لە پشت وێنەیەوە، تەنیا هەر (گوڵم وای گوڵم) دەبیسین کە ئەڵبەتە بۆ خۆتان دەیبیسن و دەیخوێننەوە.

لە سەر بەردڕێژ

یارانی نەناسراوم

وەک ئەستێرە سووتاوەکان

هێندە بەسەر خاکی ڕەشدا، داڕژان سارد

کە دەڵێل

ئیتر زەوی

بۆ هەمیشە

شەوێکی بێ ئەستێرە مایەوە.

 

 

ئەو کات،

من کێ بووم؟

کوندەبووی بێدەنگیی هێلانەی تاریکی ئازاری خۆم

چەنگی ژێ پچڕاوم

دانایە سووچێک

پڕم دایە فانۆس و هاتمە نێو گوزەرگا

گەڕام بە کۆڵانی خەڵکدا

ئەم هاوارە پڕ پوولەیەم لەسەر لێو:

«ئەهای!

لە پشت شیشەکانەوە بڕوانن بۆ شەقام!

لەسەر بەردڕێژ خوێن ببینن!…

دەڵێی ئەوە خوێنی سپێدەیە لەسەر بەردەڕێژ

کە بەم چەشنە دەخورپێ دڵی ڕۆژ

لە نێو دڵۆپەکانیدا…»

بایەک، بە پەلە، ڕابورد

بە سەر خەوتووەکانی خاکدا

هێلانەی چۆڵی قشقەڵەی خستە خوار

لە سەر لقی ڕووتی پیرە هەنجیری باخ

«ڕۆژ زیندووە!

لەم شەوە ڕەشەدا [ڕەشیی ڕووڕەش

بۆ ئەوەی شنگی کینە کاوێژ بکا

لە پێیەوە تا سەر

هەموو گیانی بووە بە دەم]

ئاهەنگی پڕ شکۆی ترپەی دڵی ڕۆژم

ڕوونتر

تووڕەتر

پڕ زەربەتر لە ڕابردوو بیستووە!

لە پشت شیشەکانەوە بڕوانن

بۆ شەقام!

لە پشت شیشەکانەوە بڕوانن

بۆ شەقام…

لە پشت شیشەکانەوە

 

 

گەڵا نوێیەکانی ڕۆژ بەلاو لاوی قەراخی دەرکەی باخی کۆنەوە ڕوان

فانۆسە شۆخەکانی ئەستێرە

ئاوێزی ڕەواقی گوزرگای هەتاو بوون

 

 

 

 من لە ڕێگا گەڕامەوە

گیانم پڕ لە هیوا

دڵم پڕ ترپە.

چەنگی پچڕاوە ژێ-م

ژێ بەستەوە

لە بەر دەلاقە دانیشتم و

لەو نەغمەیەی کە چڕیوتە پڕ لە سۆز

جامی لێوە ساردەکانی شەهیدانی کۆڵانم

بە نۆشخەندی سەرکەوتن

شکان:

«ئەهای!..

ئەوە خوێنی سپێدەیە، دەڵێی لەسەر بەردڕێژ

کە بەم چەشنە دەخورپێ دڵی ڕۆژ

لە دڵۆپەکانیدا…

لە پشت شێشەوە بڕوانن بۆ شەقام

خوێن ببینن لەسەر بەردڕێژ!

بە بەردڕێژەوەخوێن

ببینن

خوێن بە

 بەردڕێژەوە…»

 

 

کەرەستە

ئەوەی گیان،

لە من دەستێنێ.

ئەی خۆزگە خەنجەرێک بێ

یان گوللەیەک

 

ژار نەبێ ئەی خۆزگە…

ژاری ڕق و ئێرەیی

یان ژاری بێزاری.

دەرد نەبێ، ئەی خۆزگە

دەردی پرسیاری چزوودار

کوشندە، وەک ئەو دووپشکانەی

لەو چەشنە کە وەڵامەت هەیە و

زمانی وەڵامدانەوەت، نا!..

بە ناچار پێتوابێ

بۆ دووپشک گەستوو

تریاکێ نییە

 

 

ئەوەی گیان لە من دەستێنێ

خەنجەرێک بێ، ئەی خۆزگە…

یان گوللەیەک

شوباتی 1965

 

 

 

ماسی

من پێموایە

هەرگیز دڵی من

بەم چەشنە گەرم و سوور نەبووە

هەست دەکەم

لە ناحەزترین چرکەکانی ئەم شەوە مەرگ هێنەرەدا

چەندان هەزار کانیاوی هەتاوی یەقین

هەڵدەقوڵی، لە دڵمدا

هەست دەکەم

لە هەر گۆشە و کەنارێکی ئەم شۆرەکاتەی نائومێدیدا

چەندان هەزار جەنگەڵی گەش

لە ناکاو،

دەڕسکێ لە زەوی

من هەست دەکەم

هەرگیز دەستی من

بەم چەشنە شاد و مەزن نەبووە

هەست دەکەم

لە چاوانی بەخوڕژنی فرمێسکی سووری من

خۆڕێکی بێ ئێوارەی سروودێک

هەناسە دەدا

ئاخ ئەی یەقینی ون بوو

ئەی ماسییە سرکەی

لە دوو توێی گۆمەکانی ئاوێنە خزاو

من گۆمی زوڵاڵم.. ئێستا.. بە سیحری عەشق

لە گۆمەکانی ئاوێنەوە

ڕێگایەک بەرەو من بدۆزەوە

هەست دەکەم

لە هەر دەمارێکمدا

 بە هەر ترپە،

دڵم ئێستا

بۆ بیدار باشی قافڵەیەک جەرەس لێدەدا.

شەوێک، هات

ڕووت، لە دەرکەوە

وەک ڕۆحی ئاو

دوو ماسی بە سینگییەوەو

لە دەستیدا ئاوێنە

بسکی تەڕی قەوزە بوو

قەوزەی دەرهەم

من لە سەرەتای نائومێدییەوە

هاوارم کرد

ئاخ ئەی یەقینی دۆزراوە

ئیتر لە دەستت نادەم.

 

ئایدا لە ئاوێنەدا

لێوەکانت، بە ناسکیی شیعر،

شەهوەتبارترین ماچەکان دەکاتە شەرمێکی وا

کە گیانلەبەری ئەشکەوت نشین، کەڵکی لێ وەردەگرێ

تا بێتەسەر شێوەی ئینسان

گۆناکانیشت

بەو دوو هێڵی خوارەوە،

کە غورووری تۆ ڕادەگرن و

چارەنووسی من..

کە شەوم گوارا کردووە

بە بێ ئەوەی لە چاوەڕوانیی سپێدەدا

چەکدار بووبێتم و پاکیزەگییەکی سەربەرزم

لە قەحپەخانەکانی سەوداوە

سەر بە مۆر هێناوەتەوە.

هەرگیز کەسێ بەم جۆرە ژاناوی

بە کوشتنی خۆی هەڵنەستا

کە من لەسەر ژیان دانیشتم

چاوەکانیشت

نهێنی ئاگرەو

ئەوینت سەرکەوتنی مرۆڤە

کاتێ دەچێتە شەڕی قەدەر

باوەشیشت

نەختە جێگایەک، بۆ ژیان

نەختە جێگایەک بۆ مردن و

ڕاکردن لە شار

کە بە هەزار قامک، بەبێ شەرمی

پاکیی ئاسمان تاوانبار دەکەن

کێو بە یەکەمین بەردەکانییەوە دەست پێ دەکا و

مرۆڤ بە یەکەمین ئازار

لەمندا زیندانییەکی ستەمکار بوو

کە خووی بە زڕەی زنجیرەکەی نەدەگرت

من بە یەکەمین نیگای تۆ ژیامەوە.

زریانەکان

لە سەمای مەزنی تۆدا

شکۆمەندانە، شمشاڵێ دەژەنن و

گۆرانیی دەمارەکانت

هەتاوی بەردەوام هەڵدێنێ.

بهێڵە با وەها لە خەو ڕابم

کە کۆڵانەکانی شار

بە هەبوونی من بزانن

دەستەکانت، ئاشتییە و

ئەو دۆستانەن کە یارمەتی دەکەن

کە دۆژمەنایەتی لە بیر بچێتەوە.

هەنیەت ئاوێنەیەکی بەرزە

بەرز و ڕووناک

کە خوشکە هەفتەوانەکان لێی دەڕوانن

تا بە جوانیی خۆیان بگەن

دوو باڵندەی بێ ئۆقرە لە سینگتدا

گۆرانی دەچڕن

تا تینووێتی

ئاوەکان خۆش نۆشتر بکا.

پێش لەوەی بێیتە نێو ئاوێنە

تەمەنێکی درێژ تێم ڕوانی

بە قەد گۆمەکان و دەریاکان گریام

ئەی پەری شێوەی، لە قاڵبی ئینسان

کە پەیکەرت جگە لە نێو ژیلەمۆی ناڕاستیدا ناسووتێ!

هەبوونت بەهەشتێکە

کە هەڵاتن لە جەهەننەم پاساو دەکا. دەریایەک کە من لە خۆیدا نوقم دەکا

تا لە هەموو گوناه و درۆیەک

بشۆریمەوە

سپێدەش بە دەستەکانت لە خەو هەڵدەستێ

(…………..)

گوتیان:

((نامانەوێ، نامانەوێ

بمرین!))

گوتیان:

((نەیارن، نەیارن

نەیاری خەڵکانن))

چ سادە،

چ بە سادەیی گوتیان و

ئەوانیان

چ سادە

چ بە سادەیی کوشت!

مەرگی ئەوانەش

هێندە ئیهانە بار و هەرزان بوو

کە هەوڵدان بۆ ژیان

بە شێوەیەکی پڕ ئازار،

گەمژانە بوو.

سەفەرێکی دژوار و تاڵ

لە داڵانە تەنگ و نزم و پێچاو پێچەکانەوە..

بە دوای هیچدا!

 

 

نەیانویست بمرن.

یان پێش ئەوەی کە مردبێتن

باری سەر شۆڕییان،

بەشان کێشا بێ

بە ناچاری گوتیان:

((نامانەوێ، نامانەوێ

بمرین))

ئەمەش بۆ خۆی

چەشنە سرتەیەک بوو.

وەک بڵێی

ڕەوە ئەسپێ

لە پڕ بەغار

لە یاڵە تۆزاوییە ڕژدەکانە

بەرەوبنار داکشێن و

لە سەر پشتیان

پیاوانێ،

بە شمشێرە هەڵکێشراوەکانیانەوە.

 

 

ئەوان

کاتێ بەخۆدا چوونەوە

جگە لە-با

هیچیان لە نێو لەپدا نەبوو

جگە لە باو جگە لە خوێنی خۆیان

چونکە نەیاندەویست

نەیاندەویست، نەیاندەویست بمرن!

شوباتی (1965)

 

سەرچاوە

…..

1-کتاب باغ در باغ- هوشنگ گلشیری- جلد اول- پائیز 1378- انتشارات نیلوفر- تهران.

2-دیوانەکانی شاعیر