جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– سوارە بوت نیە…! –

سوارە بوت نیە…!

سروه 75 | جەلال مەلەکشا

 

رەخنەی ئەدەبی، لە کوردستانی ئێران­دا نەک هەر رەگەئاژۆی نەکردووە، بەڵکوو بۆتە بازاڕێکی ئاڵۆز و بێ سەروبن….. لەراستیدا، ئەوانەی خۆیان وەک رەخنەگر لەقەڵەم دەدەن، جگە جنێو فرۆشی و نان بەیەک بەقەرزدان و داکاری یەکتر، هیچیتر لە بەرچاو ناگرن. و لەم بێنەدا، ئەوەی کە مەترەح ناکرێ بابەتە رەخنەیی­یەکەیە! رەخنەگری بەڕێز، بە جێگەی رەخنەی ماقووڵانە و بنەڕەتی دەست دەکاتەوە، بە جێی گەڵاڵەی مەبەستەکە، لە لایەنە شەخسی­یەکان دەکۆڵێتەوە، بارودۆخی ژیانی تایبەتی یەکتی دەخەن ژێر تیخی قەڵەم. کەرامەت و حورمەتی قەڵەم پێ­شێل دەکەن و زار بە تەشەروتانووت و جنێو – کە دوور لە شەڕافەتی خاوەنی قەڵەمە- دەکەنەوە…. ئەمانەش هەمووی بەوبۆنەوەیە کە رەخنەگرە بەڕێزەکانمان فارس گوتەنی (کونی دوعایان ون کردووە). نازانن لە کوێوەیەوە لەغاوی کەن. لە سەرەتایی­ترین بابەتە بنەڕەتی­یەکانی رەخنە بێ­خەبەرن. ئەرکی سەرشانی رەخنە گرێکی لێزان و بەئەدەب ئەوەیە بابەتەکە بخاتە ژێر موتاڵا و لێکۆڵینەوە. بەڵام رەخنەگرانی ئێمە یان تەنیا لایەنە سستەکان لە بەرچاو دەگرن یان ئامانجیان وێران کردن و رووخاندنی کەسایەتی غەنیمەکەیانە!! ئەرکی رەخنەگر چیە؟ غەیری ئەوەیە وەک سەرپشکێکی بەئاوەزو پسپۆڕ و داوەرێکی بێ لایەن بابەتەکە هەللاجی بکات؟ خاڵە سستەکان نیشان بدا و لە بەرانبەردا لایەنە بەقوەتەکانی بابەتەکەش لە بەرچاو بگرێ و ئەگەریش بتوانێ خاوەنی بەرهەم رێنموونی بکات؟ من کارم بە رۆژنامە و گۆڤارەکانیترەوە نیە. ئەو بەرهەمانەی تا ئێستا وەک رەخنە لە گۆڤاری سروەدا چاپ کراون بۆ جارێکیتر چاوێکی پێدا بخشێنن. بزانن جگە چەند بەرهەمی قامک ژمێر، شتێک وەک رەخنە دەبینن. رەخنەگر یا مەنزووری خۆهەڵکێشان بووە، یا نان قەرزدان، یان گۆپاڵ وەشاندنو تەمێ کردن. تەسفیەحیسابی شەخسی…..

ئێمە هێشتا تا گەیشتن بە رەخنەی عیلمی مەودایەکی زۆرمان ماوە، ئەوانەی کە خورجینی رەخنەیان لەکۆڵ ناوە و ئیدعای رەخنەگری دەکەن. لە سەر یەکەم پلەی پەیجەی رەخنەگری راوەستاون و بۆ ئاسمان دەڕوانن. قەڵەمەکانیان بەرەوخانخی مەبەست شۆڕنابێتەوە. هیندێ جار تەنانەت بێ ئەوەی بزانن خاوەنی بەرهەم چی گوتوەو چی دەڵێ دەست بەجێ تیخی قەڵەم لەکالان هەڵدەکێشن و یاڵڵا، کێ پیاوی شەڕە…. ئەوە مەیدان و ئەوەش شیری من!!

پەتایەکە وتووشی بووین! پەتای (بوت تاشین) چ بکەین عادەتمانە. دێین و لەیەکێک بەت دەتاشین. دەیکەینە بوت و لەبەرانبەریەوە چۆک دادەدەین و سوجدەی بۆ دەبەین! بێ ئەوەی هێندێ تەنانەت شیاوی ئەوە بن، ببن بە بوت!! کاتێ بوتەکەمان تاشی. جا ئیتر پیاومان دەوێ بڵێ لەل! پیاومان دەوێ، جورعەت بە خۆی بدا و زبانم لاڵ، بڵێ کوڕە خۆ تاڵەموویەکی سەری ئەو بوتە لارە! جا ئێرە دیار تیر شیر هەڵکێشان. دەبێتا گەلەکۆمە. خوێن بەرچاوان دەگرێ، بە کورتی کارێ دەکەن ئیتر کەس لەم جۆرە غەڵەتانە نەکا و خوانەخواستە، چەپ تەماشای بوتەکە نەکا! هەموو چەشنە تۆمەت و بوختان بۆ کابرای فزوول رێزدەگرێ. هەر دەیهاڕن. گۆڤاری سروەش چونکە رەوشتێکی ئازاد و دیموکراتێکی هەیە و بەهەموو قەڵەمێ مەیدان دەدا، هەموو ئەو بوختان و تۆمەت و تانەوتەشەرانە چاپ دەکا. هەرچەند من بۆ خۆم وەک یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەران بڕوای پتەوم بە ئازادی قەڵەم هەیە و پێم وایە دەبێ بە هەموو قەڵەمێک بە هەر بیر و بڕوایەکەوە مەیدان بدرێ. ئێستا بەو عەقیدە گەیشتووم دەبێ لەمەولا، قەڵەمە دەم هەراش و جنێو فرۆش و بوختان کەرەکان نەختێک بەربەست بکرێن. چونکە ئەم جۆرە قەڵەمانە کەرامەتی نووسەر لەکەدار دەکەن و شەرافەتیان دەخەنە ژێر پرسیار.

عەرزم کردی. کاتێ یەکێک، بوو بە بوت، ئیتر، هیچ قەڵەمێ حەقی ئەوەی نیە ئەو ئاخڵە پیرۆزەی وا بەدەوریدا کێشراوە بشکێنێ. یان زاتی ئەوەی ببێ لایەنێکی بخاتە ژێر رەخنەوپرسیار، ئەم شێوانە دروستە، سوننەتێکی رووخێنەرە. راوەستان و ئیستێکی ئەدەبی­یە.

هێندێ کەس، سوارەی ئیلخانی­زادەیان کردووە بە بوت و هێندێکیش وەک مەجێوەری مەزاری ئەدەبی سوارە گۆپاڵ بەدەست لە چەقی ئاستانەکەیدا راوەستاون. لە پشتی کێلی قەبرەکەیەوە سەنگەریان گرتووە و بە ئەسڵەحەی قەڵەمەکانیان بەکەس ئیزنی ئەوەش نادەن تەنانەت بڵێ: کاکە گیان لەکن گوڵەکانی سەرمەزاری سوارەوە دڕوویەک شین بووە! نەخێر، دڕوو غەڵەت دەکا بە خۆی ئیزنی شین بوون لەسەرمەزاری سوارە بدا. چاوی ئێوە کوێرە و بە جێگەی گوڵ دڕک دەبینن! ئاخە مەگەر دڕک دەتوانێ لە گوڵستانی سوارەدا بڕۆی. بەراستی بڕێ جار ئەم مجێورانە دەبن بە دەستەیەکی لاتی چەقۆکێش و ….

من بە گوێرەی تەمەنم، سوارەم دەناسی لە نیزیکەوە دەمناسی. چەند جارێکیش پێکەوە دانیشتووین. لانی کەم بەرهەمەکانم خوێندۆتەوە. یان گوێم لێ بووە، هەموو بەرنامەکانی تاپۆ بوومەلێڵم بیستووە. لە زۆر لەیەنی ژیانی سوارە خەبەرم هەیە کە تەنانەت مجێورەکانی ئێستای نەیان بیستووە. پێم وایە و لە قووڵایی دڵمەوە دەڵێم سوارە یەکێ لە باشترین شاعیرانی کوردی کوردستانی ئێرانە. چەند پارچەیەک لە شێعرەکانی بەراستی شاکارن. هەر چەند زۆربەی لە پەخشانەکانی وەرگیراو و وەرگێڕدراون، بەڵام شاکار و بێ هاوتان. شێعری خەوە بەردینە، هەرچەند ئیلهامەکەی لە ماسیە رەشە چکۆلەی سەمەدی بەهرەنگی وەرگرتووە بۆ خۆی شاکارێکە. وەک شاعیرێکی بەهرەدار، شێعری نویی کوردی لە ئیراندا رەواج­دا، جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی هەیە “هەرچەند پێش لە سوارە عەلی حەسەنیانی و چاوە شێعری نوێی کوردیان دەست پێ کرد” بەڵام شێعرە فارسی­یەکانی سوارە (جگەیەک دوانیان) لە رەدیفی شێعرە دەرەجە سێهەمەکانی فارسی دان و هەر ناویان لێ نەبرێ باشترە! من هەرگیز ناتوانم سوارە وەک شاعیرێکی باشی فارسی وێژ ناوببەم. بەڵێ دەتوانین سوارەی ئیلخانی زادە وەک باشترین و گەورەترین شاعیری نوێخوازی کوردستانی ئێران بناسین و بناسێنین. بەڵام ئەوەش نابێتە دەلیل ئیتر کەس نەتوانێ رەخنە لە سوارە بگرێ. ئەوە نابێتە دەلیل ئیتر کەسێ بە خۆی ئیزن نەدا بڵی فڵانە واژەی لە فڵانە شێعری سوارەدا سست و نارەسەنە یان فڵانە شێعری زەعیفە! ئێوە هیچ شآعیرێکی گەورە نادۆزنەوە هەموو شیعرەکانی شاکار بن و رەخنەیان لێ نەگیرێ. نازانم هێندێ کەس بۆ دەیانەوێ سوارە بکەنە بوت؟ ئایا هۆیەکەی بەزەیی­یە؟ چونکە سوارە ماڵئاوایی لە دنیا کردووە؟ یان ئەوەی کە سوارە لەشەوەزەنگی رەژیمی شاهەنشاهیدا بەستەڵەکی شکاندووە و لە رادیۆدا تاپۆ بوومەلێڵی بڵاوکردۆتەوە؟ هەرگیز ئەم هۆیانە مەکەن بە خاڵی موسبەتی سوارە. چونکە بێ­ئەوەی خۆتان بزانن چی دەکەن لە باری سیاسی-یەوە سوارە دەخەنە ژێر پرسیاری نالەبار! خۆ سوارە ئاشیلی رویین تەن نەبوو بتوانێ بەزۆری شان و با هۆترووای رادیۆ داگیر بکات و هیلنی زمانی کوردی رزگار بکات. ئاخە پاژنەپای ئاشیل…!!

کوتم سوارە شاعیرێکی گەورەیە. چەند شاکاری خستەسەر گەنجینەی ئەدەبیاتی کورد. بەڵام بوت نیە. زۆر لە بەرهەمەکانی چ پەخشان و چ شێعر شیاوی رەخنەن. لە ئەدەبیاتی فارسیدا، نیما یووشیج وەک باوکی شێعر نوێی جێگایەکی بە نرخ و تایبەتی هەیە بنەڕەت-دانەری شێعری نوێی ئێرانە. شاکاری هەرمانی زۆرە. شێعری زۆر خراپیشی هەیە. ئەوەش قەبووڵ کەن هەرگیز ناتوانین سوارە لەگەڵ نیما هەڵسەنگێنین. بەم حاڵشەوە نیمایان نەکردووە بە بوت. هەزاران رەخنەیان لە سەر بەرهەمەکانی نووسەوە. مجێوەرەکانیشی قەمەورەمیان هەڵنەکێشاوە، بەرهەمەکانیان هەللاجی کردووە، رێوەرانی شێعری نوێی تەنانەت دۆستان و یارانی خودی نیما، لە شاملووەوە بگرە تا بەراهەنی و حوقووقی و دەست غەیب لایەنە سستەکانی شێعرییان خستۆتە بەر چاوی خوێنەر و شاعیرانی لاو. کەسیش سەرکوتیانی نەکردووە. بەراستی ئەگەر شاعیرانی وەک لۆرکا نێروەدا هۆگرانی وەک سوارەیان ببایە خۆ دنیا نوقمی خوێن دەبوو. مەبەستم لە هەموو درێژدادڕی­یە رەخنەیەک بوو، باوکی تارا، لەسەر شێعری (شاری) سوارەی نووسی. یاخوا ئەوەی ئێمە دیتمان ئێوە نەی بینن، لەهەموو لایەکەوە قرمژنی جنێو داباری. لەناکاو بەرقی شمشیرەکان چاوی ئاسمانی مۆڵەق کرد. ئاخە مەگەر دەبێ؟ ئەوە کام کافری بێ­دینی و لامەزهەبەکە بەخۆی ئیجازەی داوە بە سوارە بڵێ (با لای چشمت ابروست!) جگە مارفی ئاغایی کە رەخنەیەکی ماقووڵانەی لە جوابی رەخنەی باوکی­تارا دانووسی، دیتران هەموو بەگەلەکۆمەو جنێودان دەستیان کردە خۆپیشاندانێکی مەستانە و هەراوهوریا. من نامەوێ لە باوکی تارا دیفاع کەم. ئایا بەراستی ئەم گەلەکۆمە، گەلەکۆمەیەکی ناوچەیی نەبوو؟ کاکە گیان لە زەمانی ئێمەدا (شەڕەگەڕەک) نەماوە. ئەمجۆرە شەڕانە یادگاری دەربەگایەتی و عەشیرەوعەشیرەت-بازی­یە. زەمان، زەمانی لۆجیک و مەنتیقە. رەنگە باوکی تارا، لە هەمووان زۆرتر هۆگری سوارەوبەرهەمەکانی بێ.

تەنیا تاوانی جەلیل ئەوەیە کە قسەی دڵی ناشارێتەوە. روک و راستە. تارا، ناوی کچەکەیە و خۆیشی باوکی تارایە. تاوانەکانی دیکەی جەلیل ئەوەیە کە لەسەر بیروبڕوای تایبەتی خۆی رەخنەی لە شێعرەکەی سوارەی گرتووە. لەم دنیایە هەر کەس بەپێی بیروبڕوای خۆی لە دیاردەکان دەڕوانێ دەرەبەگ، وەک بورژوا و مەلایەک وەک خۆی و…. ئەوەش سووچ و تاوان نیە. هەروا کە ئێوەش لەسەر عەقیدەی خۆتان بە جنێو و بوختان! ئەنگۆ کە خۆتان بەراژەگەرانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی دەزانن بەجێ ئەوەی تاڵانە بۆرواندنی شەتڵی گوڵ خۆش بگەن، گوڵ دەپڕووکێنن، کارتان وێرانکاری­یە. بهێڵین با قەڵەمەکان بێ­سام و سڵ لایەنەکانی بەرهەمی سوارەشی بکەنەوە. سوارەش وەک هەموو شاعیرێک هەم شێعری چاکی هەیە و هەم شێعری خراپ. بەشانتاژ و هەرەشە دەمی قەڵەمەکان  مەبەستی بهێڵێن با قەڵەمە بەهرەدارەکان سەمەر بگرن. سوارە نیازی بە مەجیور و ئەسکۆرت نیە. بەرهەمەکانی سوارە ناسێنەری هونەری سوارەن، بە داکۆکی نەفامانە لە سوارە بەرهەمەکانی ئاڵوودە مەکەن!