جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– شێعری نوێی کوردی و… –

شێعری نوێی کوردی و …

سروه 137 | سیروان 369 | جەلال مەلەکشا

 

…. شێعر وەک بەشێکی هەرە گرینگ لە ئەدەبیاتی هەر نەتەوەیەکدا، مەقام و جێگایەکی تایبەتی هەیە وەک دیاردەیەکی فەرهەنگی چاوی لێدەکرێ. شاعیری رەسەن و بەهرەدار و دەروەست ((متعهد)) قەڵەمەکەی لە سەر چاوەی زوڵاڵی مێژووی فەرهەنگی نەتەوەکەی پڕ دەکات.

شاعیر و نووسەر، پێک هێنەرانی پێناسەی میللی هەر نەتەوەیەکن و ئەرکێکی مەزنیان لەسەر شانە. باخەوانی باخی ئەدەبیاتن. ئەم باخە، نیازی بە چاودێری، ئاویاری، و بژارە…. ئەگەر باخەوان دەمێ خافڵ بێ، ئافەت لە باخەکەی دەدا،…. فریزوو، مێوخۆرگە، دوەک و دەیان چەشنە نەخۆشینی دیکە. گوڵ و گڵووک دەژاکێنێ، دارەکان لە ناخەوە هوڵۆڵ و کلۆر دەکا… هێڕش بۆ دەماری باخ دەبا و شپرزی دەکا و…

بە داخەوە شێعری نوێی کوردی تووشی ئافەت بووە… چ لە کوردستانی ئێراق، چ ئێران… رەنگە بتوانم بە راشکاوی ئەوەش بڵێم لەیەنێکی ئەم ئافەتە مافەتەیە لە کوردستانی ئێراقەوە سنووری بەزاندووە و وەک نەخۆشێیکی سامناک ئەوکی باخچەی ساوای کوردستانی ئێرانی گرتووە. ((هەر چەند شێعری ئیرانیش دوچاری قەیرانە)) پەتایە کەو ئەگەر شاعیرە لاوەکان لە کۆڵ قەڵەمی خۆیان نەکەنەوە، رانگە نەخۆشە هەژارەکە دوچاری شێرپەنجەش بکا و لە نیوەی رێگەدا بە جوانمەرگی سەر بنێتەوە!

سەرەڕای ئەو ئافەتە کە لە هەندەران هاتووە، دەردە چەپڵەی ناو خۆییش، وەک خۆرە کەوتووە گیانی نەخۆشەکە. مەبەستم ئەو دەردەیە کە لە مێژە لە باڵای شێعری نوێی فارسی ئاڵاوە… ئەو شەپۆلە چەواشەیانە کە شێعری نوێی فارسی کردۆتە بازارێکی ئاڵۆز و بێ سەرودەر….

    • دوو پاتە کردنەوە و جووینەی یەکتر
    • نەبوونی سەربەخۆیی فیکری و زمانی
    • لاسایی کردنەوە شێعری بەیانی
    • بە هەڵەچوون لە بابەتی وێنە و وێنەسازی.
    • لە بەرچاو نەگرتنی کێش و لابردنی سنووری نێوان شێعر و نەسر.

ئەو چەند خاڵە، بنەڕەتی ترین هۆیەکانی ئەو ئافەت و نەخۆشینەیە کە بە داخەوە بەسەر شێعری نوێی کوردیدا زاڵ بووە. بە تایبەت ئەو شاعیرە لاوانەی کە چوار پێنج ساڵێکە دەستیان داوەتە شێعر نووسین، زۆرتر تووشی ئەم نەخۆشینە ئەدەبیانە بوون. هێشتا بیریان کرچ و کاڵە. دەفری ئەندێشەیان قاڵب ڕێژی نەکراوە، لە بەرابەر نەخۆشینە جۆربەجۆرەکانی ئەدەبیەوە ناسک و بێ دیفاعن. شێعرەکانیان سەرەری ئەوەی کەبێ ناوەرۆکە و لە باری داڕشتنەوە سستە و زبانیشیان دەلەنگێ، جووینەوە و دووپاتە کردنەوەی وشە و زاراوە و کەرەستەی هونەری، فەرهەنگی شێعری یەکترن. ئەم جووینەوە هەر لە هەڵبژاردن و بە کار هێنانی وشە و رستەی شیعرییەوە دەست پێدەکا، هەتا شێوەی وێنەسازی و… ئەم نەخۆشینە بووەتە هۆی توانەوەی شاعیرە لاوەکان لە نێو یەکدا و ون بوونی کەسایەتی تایبەتی هونەریان نەک تەنیا یەکتر، هەر خۆیشیان دووپاتە دەکەنەوە، لە حاڵێکدا دەبێ شێعر خاوەنی کەسایەتی و رەسەنایەتی بێ. ئەمە خاڵێکی گرینگە. شاعیر دەبێ دیاردەیەکی نوێی بخولقێنێ. شێعر دەبێ، زیاد کردن بێ نەک دووبارە وێژی. وێنە و روانین دەبێ، تازە بێ، شێعر دەبێ سەربەخۆ بێ. سربەخۆیی بێر و ئەندێشە و زبانی تێدا بێ. کاتێ شاعیر گەیشتە ئەو رادەیە کە بتوانێ زبان و ئەندێشەیەکی سەربەخۆ لە شێعرەکانیدا رەچاو بکا، دەڵێن شاعیر خاوەنی شێوازە. شێواز لە بنەڕەتی ترین کەرەستەی زبانە بۆ شاعیر، نووسەر و هونەرمەند.

گوتمان دوو پاتە کردنەوە و جووینەوەی یەکتر نەخۆشینێکی مەرگ هێنەرە کە شێحری لاوەکانمان لە دەروونەوە دەپووکێنێتەوە. خوا نەکا، یەکێ وشەیەکی تازە، یان زاراوەیەکی نوێ بدۆزێتەوە. ئیتر دەست بە جێ ئەم وشە و زاراوە دەبێتە باوی رۆژ…. دیتران دەیقۆزنەوە و دەکاری دەکەن. چ بەجێ، چ بێ جێ. جگە لەوە، دەڵێی زۆربەی شاعیران بڕیار و بەڵێنیان بە یەک داوە، لە سەریەک سەبک و شیواز بئاژوێن، هەموو بە یەک زمانی شێعری و لە یەک فەزای شێعریدا بئاخوێن! بە دەور یەکتردا دەخولێنەوە… قسە و مەزموونی یەکتر دەجووێنەوە. زمانیان یەکە…. شێوە دارشتنیان یەکە…. لەیەک کەش و هەوادا نەفەس دەکێشن.

هەموومان دەزانین، لە دنیای ئەدەبیاتدا شاعیر یا نووسەری سەرکەوتوو ئەو شاعیر و نووسەرەیە کە خاوەنی زبانێکی تایبەتی بێ. سەرکەوتوو ئەو شاعیر و نووسەرەیە کە خاوەنی زبانێکی تایبەتی بێ. راز و رەمزی سەرکەوتوویی شاعیرانی گەورە و بە ناوبانگ هەر لەوەدایە، ئەگەر شێعرناس بین، هەر کە بەیتێک لە شێعری ((نالی))مان بۆ بخوێنینەوە دەست بەجێ بێ ئەوەی ناوی شاعیرەکەمان پێ بڵەن دەزانین شێعری نالی یە، چونکە نالی زبان و شێواز و سەبکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەستعارات و وێنە و تەشبیهاتی تایبەت بە خۆی بە کار دەبا. هەروەها مەولەوی، حاجی قادر…… وەفایی، مەحوی، جزیری، خانی و…. هتد

لە شاعیرە نوێخوازەکانیش ((ئەڵبەتە قامک ژمێر)) هێندێکیان خاوەنی ئەو تایبەتیانەن، وەک سوارە، شێرکۆ…پەشێو، لەتیف هەڵمەت و…….

لە کوردستانی ئێراقدا، دەیان ساڵە، زبانی کوردی ئازادە، شاعیران و نووسەران بە کوردی دەنووسن، شێعر و چیرۆک لە ئاستێکی بەرزدایە. لە زانستگا کانیان­دا، بە کوردی تەدریس دەکرێ…. بەم حاڵەشەوە، هەرچەند ژمارەی شاعیران لە هەزاریش تێپەڕی کردووە، جگە هێندێ قامک ژمار، نەیانتوانیوە بە زبانی تایبەتی و شێوە و شێوازی رەسەنی ئەدەبی بگەین. ئەڵبەتە ئێمە هەرگیز نامانەوێ شاعیرانی کوردستانی ئێراق بکەین بە سەرمەشق.

چونکە رێنووسی عەرەبی و فیکر و ئندێشەی عەرەبی، زمانی کوردی دوچاری ئاڵۆزی و سەرلی شێواوی کردووە. رێنووس و زبانی عەرەبی لە گەڵ زبانی کوردیدا هەرگیز رێک ناکەوێ، جیاوازی و مەودایان زۆرە، لە حالێکدا زبانی کوردی و فارسی زۆر لایەنی هاوبەشیان پێکەوە هەیە. خاوەنی یەک ریشە و بنج و بناوانن. لە باری ڕێنووسەوە جیاوازی یەکی ئەوتۆیان نیە. لەم رووەوە…. لاوە ئەدیبەکانمان دەتوانن قۆڵی لێ هەڵماڵن و شێعری کوردی لە ئاڵۆزی و چەواشە بوون رزگار بکەن.

ئاشنایی زۆربەی شاعیرە لاوەکان، لەگەڵ زبانی کوردیدا لە دە پازدە ساڵ تێپەڕ ناکات. ((بە درێژەی تەمەنی رژیمە دیکتاتۆرە پادشایەکانی ئێران زبان و ئەدەبیاتی کورد یاساخ و قاچاخ بوو)). هەرچەند زمانی خەریک بوونی لاوەکانمان بە زبان و ئەدەبیاتی کوردی­یەوە کەم مەودایە. بەم حاڵەشەوە هەنگاوی بڵیندیان هەڵێناوە ((تەنانەت دەتوانین بە راشکاوی ئیدعا بکەین هێندێ لە شاعیرانی نوێخوازی کوردستانی ئێران سەرکەتووتر لە زۆربەی شاعیرانی کوردستانی ئێراقن کە دەیان ساڵە بە زبانی کوردی دەخوێنن و دەنووسن.))

بەڵام… کورت بوونی زەمانی ئاشنائیمان لەگەڵ ئەدەبیات و زمانی کوردی دا…. هەرگیز ناتوانین بکەین بە بیانووی کەم­تەرخەمی و ……. با پێکەوە ئەم شێعرە بخوێنینەوە:

-ئەوینی من

-باڵندەیەکی کرچ و کاڵە

-کۆترێکی دەستەمۆیە

-تەنیا کراسێکی مۆری پینەکراوی لەبەردایە!

-لە ئێواری ئەم شارەدا

-لەسەر ئەستوونی تێل دڕوو

-زەق زەق لە چاوم ئەڕوانێ.

-لە قەراخی رووبارێکا

-ئاوارەیەک تەک و تەنیا

-بۆ هەر لایەک هەنگاو دەنێ.

-با- یش- هێواشێ

-پرچەکانی شانە ئەکا!

شێعرێکی جوانە؟ نا؟ بەڵام رەنگە زۆرتان پێ سەیر بێ ئەگەر بزانن ئەم شێعرە هی یەک و دوان نیە بەڵکوو هی پێنج شاعیرە و لە کاروانی شێعری گۆواری سروەدا شێعرەکانیەن چاپ کراوە و من لە هەر یەکیان یەک دوو دێڕـ وەرگرتووە و ئەم شێعرەم لێ خوڵقاندووە! زبان و شێوەی بەیانی هەموویان وەک یەکە…. بەوە دەڵێن نەبوونی سەربەخۆیی زبان….. ئایا دەتوانین دێرێکی شێعری سوارەیان پێ زیاد بکەین! هەروەها، ناتوانین رستەیەکی شێرکۆ یان پەشێو لە پاڵ ئەمانە دابنێن، چونکە دەست بە جێ دەناسرێتەوە… سوارەیان پێ زیاد بکەین!…. هەروەها، ناتوانین رستەیەکی شێرکۆ یان پەشێو و پەشێو زبان و شێوە بەیان و داڕشتنی تایبەت بەخۆیان هەیە. یەکەم ئامانجی بزووتنەوەی نوێخوازی گۆڕانکانی زبانە. گۆڕانکاری بەو مانایە نیە دەست لە زمانی خۆمان هەڵگرین و بە زبانێکیتر بئاخێون و بدوێین بەڵکوو هەڵبژاردنی شێوە زبانێکی تایبەتی­یە.

شێعری کوردی لە بارەی کێشەوە هەژار و نەدار نیە. پیرەمێرد و گۆران و شێخ ساڵەح بە گەڕانەوەیەکی ژیرانە بەرەو کێشە کوردی­یەکان ئاسۆیەکی تازەیان کردەوە….. دەیان وەزنی خۆماڵی و کوردییان تاقی کردەوە…. بەڵام شاعیرە لاوەکانمان، دەڵێی سوێندیان خواردووە پێ لە چوارچێوەی تەسکی شێعری چواربڕگەگەیی نەهێننەوە دەرەوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەو هەموو کەم و کورتی و یەکتر جوینەوە و خۆ دووپاتە کردنەوەیە. ئەگەر نێوی شاعیری زۆربەی ئەو کتێبانە لەسەر کتێبەکان بسڕینەوە پێمان وایە هەموو ئەو خەروار خەروارە شێعرە هی شاعیرێکن و لە قەڵەمی یاک شاعیر هەڵقوڵاون.

خاڵێکی گرینگی دیکە فۆڕم یان قالبی شێعرە. شاعیر رۆڵی بەننایەک دەگێڕێ کە دەبێ بزانێ بۆ کردنەوەی خانوو بەرەیەکی لە بار و رێک و پێک، هەر ئاجۆرێک، یان کەڕەستەیەک، لە چ شوێنێکدا بە کار ببات. هەموو کەرەستەکانمان لە دەستدایە. واژە، ئیستیعارە، تەشبیه- سەمبپل، وێنە، بەڵام ئاخۆ کۆگا کردن لەسەریەک دارژاندنی ئەو هەموو کەرەستەیە دەبێ بە شێعر… بەننایەکی کارامە و دڵسۆز هەرگیز ئیزن بە خۆی نادا، ئاجۆر، ماسە، سیمان، دەرک، پەنجەرە… ئاسن، لوولە.. لە یەک جێگەدا کۆ کاتەوە و بە جێ خانوو، کۆگایەکی بێ شکڵ و قەوارە بەسەر خاوەن ماڵدا، داسەپێنێ. بەننایەکی باش دەبێ بزانێ هەریەک لەو کەرستەیانە، جێگایان کوێ­یە و شیاوی کام شوێنی خانووبەرەکەیە… جێگای ئاجۆر لە کوێیە و بەرد لە کوێ و ئاسن کام شوێن و… ئاجۆر لە جێگەی کاشی دادەنێ، و پەنجەرە لە دەرکەی عوبوور نەخات و دەست شۆری لە هۆدەی خەو دروست نەکات و حەمام لەبەر دەرکەی حەوشە نەکاتەوە و شاعیریش وەها ئەرکێکی وەئەستۆیە. هەر وشەیەک لە جێگای تایبەتی خۆیان دابنێ. وێنەکان پێوەندی مەنتیقیان پێکەوە بێ. لە عەینی حاڵیشدا شتێکی فانتێزی بە دەستەوە نەدا. ئیستیعارە تەشبیه و سەمبۆلەکان دوور لە زەین و سەڵت ((تجریدی)) نەبن. بە کورتی، خوانەخواستە، مەبەستی شاعیر، کڵاو لە سەر نانی خوێنەر نەبێ. هێندێ کەس بە بیانووی نوێخوازی……. وەها گێرە شوێنێک دەکەن کە خۆشیان لە ناو ئاژاوەکەدا ون دەبن.

ئاسمان-

ئا……مان

ئا….س-م-ا…….ن!

ئاخۆ ئێوە دەتوانن ئەم وشەی ئاسمانە وەک شێعر، لە شاعیر قەبووڵ بکەن؟ رەنگە شاعیر لە زەینی خۆیدا مانایەکی لە پشت هەورەکانی ئەم ئاسمانەوە حەشار دابێ. بەڵام تاوانی منی خوێنەر چیە؟! ئەلبەتە رەنگە من سەودام نەگاتە ئەم ئاسمانە بەرزە؟ ناتوانم…. هەرچەند دەکەم و دەکۆشم ناتوانم ئەم ئاسمانە وەک شێعر بە خۆم بسەلمێنم. ئەمە، یاری کردن بە ئەدەبیاتی میللەتێکە. ئاخر شێعر بۆ خۆی ((ضابطە و قاعدە))ی هەیە. نیما یووشیج دەڵێ ((من لە هەر بێ نەزمی­یەکدا، باوەڕم بە نەزمێک هەیە)). بە راستی هێندێ کەس ئاو لێڵ دەکەن تا کوو قوول بنوێنێ!

لاسایی کردنەوەی کوێرکوێرانەی شێعری وڵاتانی رۆژئاوا جێ شانازی نیە. ئەدەبیات و شێعری هەر میللەتێک بۆ خۆی خاوەنی تایبەتمەندیگەلێکە کە پێوەندی راستەوخۆی دەگەڵ رۆحیاتی ئەو میللەتەدا هەیە. مامۆستا هەژاری رەحمەتی دەڵێ: ((هەر گەلی پێوەدان و رێ و شوێنێکی هەیە بۆ شێعر و گۆرانی کە عەرەب پێی دەڵێن عەرووز! کورد لە عەرووزی خۆیدا لە هەموو کەس دەوڵەمەندترە. عەرووزە کۆنەکەی خۆت بدۆزەوە خۆشت و ئەدەبەکەشت تازە دەبنەوە. ئەو هەزاران هەوای کوردیە کە لە گۆرانیەکانماندایە هەر یەکەی رەوتێکی شێعری و هونەرێکی جیاوازە.

لە سەر رەوتی حەیران و لاوک و لەشکری و خەزاڵی بڵێ.چی لە دڵتدایە بیخە ناو هەوایەکی کە کورد بە گۆرانی دەیڵێن. گەلانی رۆژئاوا باری ژیانیان گۆڕاوە بەڵام زەوی گۆرانییان نەگۆڕاوە، هاتوون لە سەر کۆنەکەی خۆیان زیادیان کردووە….. بۆ نموونە لە نێو دێهاتەکانی ئازەربایجان گۆرانی­یەکی زۆر کۆن هەیە، کووچە باغی پێ دەڵێن کە لە جێی حەیران و لاوکی ئێمەیە. بە مۆسیقاری سۆڤیاتی هەر ئەوەیان تۆزێک دەستکاری کردووە و کردوویانە بە سەمفۆنێک و لە ئامرێکا جایزەیان پێ وەرگرتووە)). زۆر ئاسانە کەسێ ((بە نێو شاعیر)) هێندێ وشە و رستە بە دوای یەکدا ریز کات و نێوی شێعری لەسەر دابنێ و خوێنەر تووشی هێنان و بردن بکات، رەنگە بەدواکەوتوومان بزانن و وڕێنەکانیان بە ((وێنە)) لە قەڵەم دەن. ئێمە دژی وێنە نین، شێعرێک وێنەی تێدا نەبێ نەزمێکی بێ تام و چێژە و هێزی شێعر لەوەدایە کە لە رێگەی وێنەوە چەمک و مەفهووم ببەخشێ نە لە رێگەی بەیانی عوریان و وەسفەوە!. بەڵام مەفهوومی دوور لە زەین و شتی سەیر و سەمەرە، نە تەنیا وێنەی شێعری ناخوڵقێنێ بەڵکوو شێعریش دەکاتە موعەممایەکی رەمزاوی و رەنگە شاعیرە کەش نەتوانێ لێکی بداتەوە! ئەم جۆرە لاسایی کردنەوە و ئەم چەشنە وشەدانانە ئافەتە، کرمی ریشەخۆرە و لە بنەوە شوورەی شێعری کوردی دەخوات و دەیڕووخێنێ.

ئەگەر شێعری رۆژئاوا، لە باری وەزنەوە لەگەڵ شێعری کوردی جیاوازە، نە بە بۆنەی پێشکەوتن خوازی و نوێخوازییە بەڵکوو وەزنی شێعری ئەوان ئەوەیە و لەگەڵ شێعری ئێمە ناتەبایی دەروونی هەیە. ئەڵبەتە هونەر و ئەدەبیات دیاردەیەکی جیهانی­یەو پێوەندی فەرهەنگی و ئەدەبی نەتەوەکان لە پێویستی­یە سەرەکی­یە جیهانی ئەدەبیاتە. مەبەستی من ئەوە نیە کە روو لە ئەدەبیاتی جیهان وەرگێڕین. ئەوڕۆ، میللەتانی جیهان هیندە لەیەک نزیک بوونەتەوە کە شوێن دانان و کارتێکردنی فەرهەنگ و هونەر و ئەدەبی میللەتەکان لەسەر یەک شتێکی ئاسایی­یە. مەبەستی من لاسایی کردنەوەی کوێرکوێرانەیە…. ئەویش لاسایی کردنەوە لە ئەو وەرگێڕدراوانە کە رەنگە وەرگێڕەکانیان هەر مەبەستی خاوەن بەرهەمیان نەپێکا بێ. لەم لایشەوە شاعیری لاوی ئێمە پێی وابێ شێعر و ئەدەبی رۆژئاوا هەر ئەو وەرگێڕاوەیە…. لە حاڵێكدا هەر وا کە وتمان، شیعری هەر میللەتێک خاوەنی تایبەتمەندی گەلێکە و…. ئەم باسە دوور و درێژە و من بە نۆبەی خۆم دەلاقەیەکی بچکۆلەم لەسەر باسەکە کردۆتەوە و هیوادارم خاوەن قەڵەمە بە بڕشتەکان درێژەی بدەن.

شاعیری راستەقینە ئازار دەچێژێ و خۆی دەتوینێتەوە. نەک بۆ ئەوەی لەبەرچاوی خەڵک ببێتە تیشکی رووناک بەڵکوو بۆ ئەوەی گڕ لە خەڵک بەربدات.