جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– کەسایەتی لە چیرۆکدا –

کەسایەتی لە چیرۆکدا

سروه 77 | جەلال مەلەکشا

 

کەسایەتی یەکێ لە هۆکاری­یەکانی چیرۆکە. ده‌زانی بۆ چی؟ چونکە هیچ چیرۆکێ پەیدا نابێ کەسایەتی تێدا نەبێ. ئەگەر بمانەوێ لە پەیکەرەی مرۆڤدا، کەسایەتی وەک ئەندامێک لە بەرچاو بگرین، کەسایەتی وەکوو سەرە. ئەوەش دەزانن کە هیچ مرۆڤێ بە بێ سەر ناتوانێ درێژە بە ژیان بدا، هیچ چئرۆکێکیش ناتوانێ سەری نەبێ.

تا ئێستا زۆر جار بیستوومانە، یەکێ جنێو دەدا بە یەکێکیتر دڵێ –ناکەس! (بێشەخسیەت) بەڵام هەرگیز بیرمان لێ نەکردۆتەوە کەس و کەسایەتی چیە؟ ئاخر مەگەر کەسێ پەیدا دەبێ کە کەسایەتی نەبێ؟

بە زبانی لاتین، مانای کەسایەتی (کاراکتر)ە و لە بنەڕەتدا بە مانای دارووشاندنە، رەنگە زۆر بێ مانا بنوێنێ، بەڵام بەڕای من زۆریش لە واتا دوور نیە.

کەسایەتی هەر یەک لە ئێمە ئەو بەشەی وجوودمانە کە لە رۆژی لە دایک بوونمانەوە تاکوو ئێستا قالبی گرتووە، دیاردەگەلێکی زۆر وەک بنەماڵە و خێزان، داب و نەریت، فەرهەنگ، کۆمەڵ، شار و وڵات… لە قاڵب گرتنی ئەم بەشەی ژیانمان رۆڵیان هەیە. بەشێکی تر لەم کەسایەتی­یە، پێوەندی بە رادەی  هۆش و توانایی گەلی جیسمی و رۆحی­یەوە هەیە. بەم بەشەی کەسایەتی­یە، (میراث گری) دەڵێن.

دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر کاراکتر بە مانای دارووشاندنی قووڵ­یا حەکاکی هاتووە، هێندەش بێ مانا نیە. چونکە ئەو جۆرە کەسایەتی­یە هەر لە سەرەتای ژیانمانەوە قالبی گرتووە و وەها لە وجوودماندا نەخشی بەستووە کە وەک دارووشاندێکی قووڵ لە توێی رۆحماندا ماوەتەوە و بۆتە بەشێکی هەرە گرینگ لە بوون و ژیانمان. ئێستا بۆمان دەردەکەوێ کە چەند ناخۆشە بە کەسێ بڵێن: بێ شەخسیەت “راست وەکوو ئەوەیە، یەکێ بڵێ “بێ سیما”، چونکە هەروەها کە هەر شتێک بۆ خۆی سیمای تایبەتی هەیە، کەسایەتی لە چیرۆکدا، لەگەڵ ئەوانەی کوتمان هێندێ جیاوازی هەبێ. چونکە نووسەر بە تایبەت لە کورتە چیرۆکدا چیرۆکدا، رەنگە هێندە دەرفەتی نەبێ رابردووی قارەمان و کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکەی بە خوێنەر بناسێنێ. بەم بۆنەوە دەبێ لە کورتە چیرۆکدا، هەر ئەم کەسایەتی­یە بە جۆرێکی تر گەڵاڵە بکرێ تا خوێنەر لەو ماوە و دەرفەتە تەسکدا بتوانێ گرینگترین لایەنی کەسایەتی یەکە بناسێ.

یەکێ لە رێگەکانی ناساندنی کەسایەتی لە چیرۆکدا، وتووێژە (دیالۆگ). قسە کردن هەر وەک- لە پەند و مەتەڵەکاندا هەیە – کەسایەتی مرۆڤ نیشان دەدا، سەعدی گوتەنی:

تا مرد سخن نگفته باشد، عیب و هنرش نهفته باشد. (تا پیاو قسە نەکا، عەیب و هونەری داپۆشراوە). یا ئەوەی کە دەڵێن: پیاو لە بن زبانی خۆیدایە.

وێڕای ناساندنی کەسایەتی بە هۆی وت و وێژ، دەتوانین بە (وەسفی عەمەلی)ش کەسایەتی چیرۆک بە خوێنەر بناسێنین. جگە لەوانە نووسەر دەتوانێ خۆی لایەنە چاکە، خەراپەکانی کەسایەتی شی بکاتەوە. بەڵام ئەم بابەتە بێ هێزترین کەرەسەیە کە نووسەر بۆ ناساندنی کەسایەتی کەڵکی لێ وەردەگرێ. پێویستە بۆ هەریەک لەو چەشنە ناساندنە کەسایەتی یا نە نموونەیەک بێنینەوە. نموونەکان لە چیرۆکێکی تایبەتی نین.

بۆ ناساندنی کەسایەتی لە رێگەی وت و وێژەوە.

– چ تەشک و قەڵافەتێکی هەیە، دەیناسی؟!

– نەوەڵڵا نایناسم، پیرە پیاوێکە وەک هەموو پیرە پیاوان، چاویلکەشی لە چاوە….. جا تۆ ئەم شتانەت پێ سەیرن؟!

– نا، ئەوە ناڵێم، بڕوانە دەستەکانی چۆن دەلەرزێن، ئەم کاکە ئەیووبە سەرگوزەشتە یەکی سەیری هەیە. لە رێگەی وەسفی عەمەلی­یەوە:

“هەر وا کە هیلاک و ماندوو جەستەی زل و زەبەلاحی خۆی وەک: بارێکی ……. دەکێشا. لە پڕ، …. بەردی دوو قەرانی یەکی ژەنگ گرتووی وەبەر چاو کەوت. لیم و قوڕ دەوری گرتبوو. ئەم لاو ئەو لای خۆی تەماشا کرد. کەس دیار نەبوو دامووکاوە و دوو قەرانی­یەکەی بە دوو ئەنگووستی قەڵەوی، لە بن لم و ئاوە لیخنەکە دەرهێنا”

ئەڵبەت نووسەر دەتوانێ پیاوێکی ئاوا رژد و پووڵەکی کە بەو شێوە لە سەرەوە نیشان دراوە بەم جۆرەش بە خوێنەر بناسێنێ” کابرا، پیاوێکی دنیا پەرەست بوو”. بەڵام ئەمە شێوەیەکی بێ هێز و لاوازە. قەت نووسەرێکی هونەرمەند وەها کرێک ناکا. دەبێ بە قارەمانانی چیرۆک دەرفەت بدرێ کە خۆیان قسە بکەن. خۆیان وەک مرۆڤی ئاسایی رایبوورن. کار بکەن و لە نێو کۆمەڵدا نەقش بگێڕن! تاکوو نووسەر بتوانێ لە کات و ساتە گرینگەکانی بۆ ناساندنی کەسایەتی ئەوان هەڵبگرێ. واتە قارەمانەکان بخرێنە بەر چاوی خوێنەر. نەک نووسەر بیرورای خۆی سەبارەت بە قارەمانەکان بە سەر خوێنەردا دانەپێنێ!

لەم بابەتەوە ئاندرە ژید نووسەری بە ناوبانگی فەرانسە دەڵێ: هەر نەققاش  و پەیکەرە سازێکی هونەرمەند. لە مودێل کەڵک وەردەگرێ. نووسەران و شانۆنووسانیش دەبێ وەها کارێ بکەن. من بۆ خۆم کەسایەتی شانۆکانم لە مۆدێلی زیندوو وەردەگرم”.

من ناڵێم کە قسەی برنارد شاو وەک حوکمێکی تەواو و قەبووڵ بکرێ. چونکە من بۆ خۆم لە هونەردا گوێ بە هیچ قانوونێک نادەم مەگەر بۆ قانوون شکێنی. بەڵام ئەو رێگەیە دەیڵی رێگەیەکی خەراپ نیە هەر چەند نووسەرێکی بە هێز و هۆنەرمەند وەک (فاڵکنر) خولقێنەری رۆمانی “خشم و هیاهو” زۆربەی کەسایەتی و فەزاکانی زیهنی­یە، لە بەرانبەریدا نووسەرێکی گەورە وەک ئەرنست هەمینگوێ بە بۆنەی ئەزموونی زۆر و سەبکی تایبەتی خۆیەوە زۆربەی قارەمانەکانی لە مودێلی زیندوو وەرگرتووە.

بە بیروڕوای من، فەرق ناکا نووسەر کەسایەتی­یەکانی چۆن دەخوڵقێنێ. گرینگ ئەوەیە کە خوێنەر بەو خوڵقاوانە باوەڕی هەبێ. ئەگەر نووسەر بیەوێ قارەمانەکانی نەبنە هێندێ کەسایەتی کڵیشەیی، دەبێ خۆی لەو کەسایەتی­یانەی شێوەی کڵیشە و تیپیان هەیە، بپارێزێ. بۆ نموونە، ئاگەر نووسەر بیهەوێ قارەمانێکی (لات و کڵاومەخمەری) بخوڵقێنێ، هەر ئەو تیپە بە ناو بانگە (کڵاو مەخمەر و سمێڵ چەخماخی و دەستماڵ یەزدی بە دەست) نەهێنێ. یا بۆ ئەوەی کەسایەتی مامۆستایەکی مەدرەسە، پێک بێنێ هەر ئەو پیاوە گۆچان قووتدراوە لاوازە خەتکێش بە دەستەی چاویلکە لە چاوە) نەخاتە ئاراوە.

رەنگە مامۆستایەک سەرەڕای کەسایەتی­یە فەرهەنگی­یەکەی لە نێو کۆمەڵدا، بۆ خۆی لە جێگایەکەوە هاتبێ کە ئەو جێگا فەرهەنگی تایبەتی خۆی هەبێ. مەسەلەن، مامۆستایەک کە نەختێ لۆتی مەسلەکە ئیتر ئەوە تیپ نیە، بەلکوو کەسایەتی­یە. هەروەها قارەمانێکی شەڕاشۆ و لە دوو شەڕگەڕ، رەنگە لە خەڵوەتی تەنیاییدا ئەوینداری بێ. ئیتر ئەو هەمان تیپی کاکە شەڕگەڕی جارانی نیە و بۆ خۆی وەک کەسایەتی یەک لە قەڵەم دەدرێ.

دیتنی خەڵک بەم چاوە: کە نە هەموو قەسابەکان وەک یەک دەچن و نەگشت مامۆستایان و نە هەموو ئەوانەی کە کار و حیرفەی وەک یەکیان هەیە دەبێتە هۆی ئەوە کە هەر تاکە، تاکە کەسێک نەک بەشێک لە گرۆیەک لەبەر چاو بگیردرێ و ئەمەش یانی کەسایەتی. لە کۆتایی ئەم وتارەدا سێ خاڵی گرینگ لە مەڕ کەسایەتی چیرۆک لە بەرهەمی نووسەرە گەورەکاندا دەهێنمەوە!

«لە جەنکەی نووسیندا، هێشتا بە باشی نازانم قارەمانەکانم دەیانهەوێ چ بکەن و یا دەیانهەوێ چی بڵێن، دادەنیشم و بە سەرسوڕمانەوە تەماشایان دەکەم!»

“ئەلەکسی تۆلستۆی”

“رۆژێک دۆستێک چوو بۆ دیدەنی ئەلکساندر دوومای (باوک) دیتی ئەو پیاوە زەلامە دانیشتووە و دەگری و هۆن هۆن فرمێسک دەڕێژێ. لێی دەپرسێ “ئەوە چیە، چ قەوماوە.” نووسەر دەڵێ: ئاخ دۆستی بەڕێز دەست لە دڵم مەدە (ئارتینان*)م کوشت”.

*ئارتینان یه‌کێ له‌ قاره‌مانه‌کانی ڕۆمانی سێ تفه‌نگداره‌.

“گۆستاو فلوبێر دەچۆوە قالبی قارەمانەکانی چیرۆکەکانی خۆیەوە و هەست و نەستی ئەوانی لە سەرخۆی دەگوزەراند. کاتێ کە خەریک بوو وەسفی ئەو سەحنەیەی دەکرد کە تێیدا، (ئەما بواری) خۆی کوشت، ئەمیش هەموو نیشانەکانی مەرگی پێوە دیاری دەدا. دەرد و ژانی دەکاتە رادەیەک، کە ناردیە شوێن دوکتۆر”.

*(ئەما بواری) قارەمانی سەرەکی رۆمانی (مادام بواری)یه.