– برایهتی | ژمارهی 178 –
برایهتی | ژمارهی 178
جەلال مەلەکشا لای زۆربەمان ناسراوە و بەرلەوەی لێرە بگیرسێتەوە شیعر وچیرۆکەکانیمان خوێندۆتەوە.بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێمان لە دەنگی بێ،هەوڵمان دا بەم چەند پرسیارە دڵی خۆیمان بۆ بکاتەوەو لە چەند لایەنێکی ڕۆشنبیرییەوە قسان بکات.دیارە بە دەنگەوە هاتنەکەشی خۆی لە خۆی دا کارێکی رۆشنبیرانەیە. گفتوگۆی:جەلیل کاکە وەیس
جەلال مەلەکشا کێیە؟
ساڵی 1951ی زاینی لە گوندی(مەلەکشا)ی سەر بەشاری سنە لە دایک بووم.حەوت ساڵان بووم بە ماڵەوە چووینەتە شاری سنە…هەر لە پۆلەکانی سەرەتایی بە هۆی مامێکی خوێندەوارمەوە فێری خوێندن و نووسینی کوردی بووم…بە جۆرێ کە زۆربەی دیوانی نالیم لە بەر کردبوو…شەوانی زستان کە دەروجیران دەهاتن بۆ شەونشینی،بە هاندانی مامم کتێبی خورشید و خاوەر و ڕۆستەم وزۆراب و…قەڵای خەیبەر و ئەوجۆرە کتێبانەم دەخوێندەوە و زۆر زوو ئۆگری شیعر بووم،بەڵام ئەوکات شیعرم بە زمانی فارسی دەنووسی،لە یادمە مامۆستایەکم کە بۆ خۆیشی شاعیر و هەستیار بوو کاتێ یەکەم شیعرم کە لە گۆڤارێکدا بڵاوکرابۆوە بینی بانگی کردم و گوتی:ڕۆڵە بە داخم بۆت…یان لە برسا دەمری یان لە گۆشەی زینداندا دەپڕووکی.وتەکەی مامۆستا هاتە دی…لە برسا نەمردم بەڵام ساڵەکانی جەوانیم لە زیندان و لە ژێر ئەشکەنجە ڕابوارد…زووش کەوتمە نیو سیاسەت و شۆڕش و زۆریش چەپ و توند بووم…هەر لە سەرەتاوە شیعری بەرخۆدانم هەڵبژارد لە یەکەم زیندانم دا کە چوار ساڵ درێژەی هەبوو ڕووم لە چیرۆک نووسی کرد.هەر لە زیندانەوە ڕەوانەی گۆڤارە فارسییەکانم دەکرد.لە ساڵی (1977)بووم بە ئەندامی سەنتەری نووسەرانی ئێران.لە کوردستانی ئێران تەنیا دووکەس ئەندامی ئەو سەنتەرە بوون.یەک من و دووهەم کاک عومەری فارووقی.ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە من هیچ کتێبێکم لە چاپ نەدرابوو و مەرجی ئەندامەتی ئەو سەنتەرەش ئەوە بوو کە ئەندام دەبوایە دوو کتێبی چاپی هەبووایە،بەڵام هێندەم بەرهەم لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو ببۆوە،جەم و کۆیان دەبووە چەند کتێب…ساڵی 1979 لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێران دیسان کەوتمە زیندان و دوای چەند مانگێک ڕژیمی پادشایەتی لە ژێر تەوژمی خەباتی گەلان دا ناچار زۆربەی زیندانییە سیاسییەکانی ئازاد کرد…دوای سەرکەوتنی شۆڕش توانیم لە گەڵ چەند شاعیری ناوداری کوردستانی ئێراق پێوەندی بەرقەرار بکەم و،ئیتر کتێبی کوردیم بە دەست دەگەیشت و ڕەنگە یەکەم کەس بووم کە شیعری شاعیرانم بە فارسی وەرگێراو لە گۆڤارەکاندا بڵاوم کردەوە وەک شیعری عەبدوڵڵا پەشێو،لەتیف هەڵمەت،شێرکۆ بێکەس و…هەستی کوردایەتی لە گیانم دا هرووژابوو،ئیتر یەکسەر بامدایەوە سەر ئەدەبیاتی کوردی و چونکە پێشتر سەروکارم لە تەکیدا هەبوو،هەر زوو توانیم تا ڕادەیێک ڕێگاکە بدۆزمەوە…سەرەتا هەر لە بواری شیعردا کارم دەکرد،دوایی کە هێندێ زمانەکەم هێزی پەیدا کرد،دەستم دایە چیرۆکنووسی…جار بە جاریش بە زمانی فارسی شیعر و چیرۆک دەنووسم و بە تەواوی دەستم لێ بەرنەداوە.ساڵی 1983 کەوتمە بەر هێرشی ڕژێم و ئەمجار بە 10 ساڵ زیندان لە تەبعید و (15) ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرام…هەرچەند مانگ لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێ تەبعید دەکرام…زۆربەی نووسراوەکانم بەرهەمی کونجی زیندانن و بە هەزار زەحمەت دەمپاراستن،یان ڕەوانەی دەرەوەم دەکردن.چەندین دەفتەریشم کەوتە دەس زیندانەوانەکان و لە بەر چاوی خۆمەوە سووتاندیان.
دوای سێ ساڵ و نیو عەفوودرا بە زۆربەی کوردەکان،گۆڤاری سروە تازە یەکەم ژمارەی دەرچووبوو بە دەعوەتی مامۆستا هێمن لە سروە وەک ئەندامی دەستەی نووسەران دەست بە کار بووم و ماوەی 13 ساڵ لە سروە بووم…جارجاریش دەگیرام و چەند مانگ لە زیندان دەمامەوە و دوای بەربوون دەگەڕامەوە سروە…ئێستاش ئەوە لەم کوردستانە سەربەستەدا،دوای بیست ساڵ زیندان و ئازار،هەوای ئازادی هەڵدەکێشم و لە خزمەتی ئێوەدام و هەر بەردەوامی نووسین و خوێندنەوەم.
بەلای ئێمەوە چیرۆکی کوردی لە هەر شوێنێکی کوردستاندا بنووسرێت بەشێکە لە مێژووی ئەدەبی کوردی،بەڵام کاری جوگرافیاو سنوورە دەستکردەکان کاری خۆی هەر کردووە،ئاخۆ لەم ڕووەوە چیرۆکی چیرۆکنووسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تا چ ڕادەیێک بەمە کاریگەر بووە؟بەلای جەنابتانەوە ئەمە چۆن دەکەوێتەوە؟
لە کوردستانی خۆرهەڵات بە هۆی زوڵم و زۆری و سەرکوت و بەرگری لە زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی،ئەدەبیاتی کوردی مەجال و دەرفەتی سەرهەڵدان و گەشەی پێ نەدەدرا.ئەڵبەتە تاک و تەرا شاعیر و نووسەر پەیدا دەبوون کە ئەوانەش پەڕیوی هەندەران ببوون کەسانی وەک هێمن،هەژار،زەبیحی و…ئەوەش کە بیوێرایە شیعر و نووسراوەی خۆی ئاشکرا بکات تووشی زیندان و شکەنجە دەبوو.
بەوبۆنەو کوردی خاوەن قەڵەم ناچار ڕووی لە ئەدەبیاتی فارسی دەکرد.هەر ئێستاش نموونەی ئەوانە زۆرن کە لە ئەدەبیاتی فارسیدا بەتایبەت لە بواری چیرۆک و ڕۆمان نووسیندا گەیشتوونە پەڕپەرووچکە.
لە لایەکی دیکەشەوە سنوورەکان بە توندی لە ژێر چاودێریدا بوون و چاپەمەنی کوردستانی عێراق زۆر بە دەگمەن دەگەیشتە خۆرهەڵات،ئەوەش کە بە هەڵکەوت دەستی دەکەوت لە حەوت کون دا قایمی دەکرد.دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا،کوردیش دەرفەتی بۆ پەیدا بوو.سنوورە دەستکردەکان بۆ ماوەیێک شکان و توانەوە و شەپۆلی ئەدەبیاتی کوردستانی عێراق گەیشتە کوردستانی خۆرهەڵات.لاوانی خاوەن بەهرە ڕوویان کردە زمان و ئەدەبی کوردی.من بۆ خۆم یەکێ لەوانە بووم کە هەرچەند لە شیعر و چیرۆکی فارسیدا سەرکەوتووبووم.هەروا کە عەرزم کردی،بامدایەوە سەر زمانی زگماکی خۆم.سنووری دەستکرد هەرچەند بە پانایی بستۆکێکە،بەڵام کاریگەری زۆریان لە سەر فەرهەنگ و ئەدەبیات بووە.کوردی بەش کراوی بەش خوراو لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا،ناچار دەکەوێتە ژێر هێرشی فەرهەنگی و کاریگەریی ئەدەبیات و فەرهەنگی وڵاتی داگیرکەر.بۆ نموونە هەر ئێستا لەم کوردستانی ئێراقە زۆر نووسەر و ڕۆژنامەوان هەن کە بە عەرەبی بیردەکەنەوە و بە کوردی دەنووسن.لە ئیرانیش هەروا…بەڵام جیاوازییەک هەیە.زمانی کوردی و فارسی دوولقی یەک درەختن و زۆر لە یەک نزیکن.ڕێزمانەکانیان بە نەختێ جیاوازییەوە یەکێکە…بەوبۆنەوە نووسەری لای ئێمە نووسینەکەی پۆختەتر و ڕەوانتر و کوردی ترە.ئەڵبەتە با ئەوەش بڵێم کە لە کوردستانی عێراق شاعیر و نووسەری بەرز و لووتکە زۆرن.من بە گشتی قسە دەکەم و تایبەتەکان جێگای خۆیان هەیە زۆر لە مێژ نییە لە کوردستانی خۆرهەڵات نووسەر پەیدا بوون.ڕەنگە لە پازدە ساڵ تێنەپەڕێ.بەم حاڵەشەوە،دەستکەوتی باشیان بووە و هەنگاوی بڵندیان هەڵگرتووە و چەند قەڵەمێکی بەهێزیان لێ کەوتۆتەوە،بە تایبەت لەم ساڵانەی ڕابردوودا شەپۆلێکی توندی فەرهەنگی،ئەدەبی،هونەری ڕەسەن سەری هەڵداوە ئێستا هونەرمەندانی کورد،لە بوارە جۆربەجۆرەکانەوە،مۆسیقا،سینەما،نیگارکێشی،تئاتر و تەنانەت ڕۆماننووسی جڵەوەی ئەدەبیات و هونەری ئێرانیان بە دەستەوە گرتووە…لە پێش دا لایەنی زاڵی ئەدەبی شیعر بوو،بەڵام لەم ساڵانەدا گرینگییەکی تایبەتی بە چیرۆک و بوارەکانی دیکە دراوە…زۆر چیرۆکی بە هێز چاپ کراون و ڕۆمانی سەرکەوتوو بڵاوبۆتەوە،بەم حاڵەشەوە هێشتا زۆری ماوە بگەنە ئەو بابەتانەی کوردستانی ئێراق،چیرۆکنووسانی کوردستانی ئێراق چەند کەسیان بەڕاستی سەرکەوتوون،بەڵام بیروبۆچوون و ڕوانگە و دیدی نووسەرانی دووپارچەکە وەک یەک نین ئەوەش بە قەوڵی جەنابت کارتێکردنی سنوور و هێرشی فەرهەنگی داگیرکەران و بارودۆخی ناوخۆیی پارچەکان.وەک ئەوەی ئیستا چەشنە بادانەوەیەک لە ئەدەبیاتی بەرگری لە کوردستانی ئێراق دەبینرێ و هێندێک بە بێ ئەوەی سەبک و شێوازە ئەدەبییە ڕۆژاواییەکان بە باشی بناسن دەستیان کردووە بە لاسایی کردنەوەیەکی بێتام و پشتیان کردووە لە کەلتووری دەوڵەمەندی خۆیان. بەڵام بە پێچەوانەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نووسەر و شاعیر هەڵوێستی هەیە بەرامبەر بە ڕووداوەکان و خۆی بە بەرپرس دەزانێ لە بەرامبەر میللەتەکەیەوە و قەڵەمە بە هەڵوێستەکان لە پێناو ئازادی و سەربەستی کوردستاندا دەنووسن.هەرچەند لەوێش ئەوجۆرە لاسایی کردنەوە هەیە،بەڵام کەم و بە دەگمەنە.
ڕۆماننووسێکی گەورەی وەک ئەحمەد مەحموود و چیرۆکنووسێکی بە سۆزی وەک عەلی ئەشرەفی دەروێشیان و مەنسووری یاقووتی گەر بە کوردی بەرهەمەکانیان بنووسیایە،ئاخۆ وەک ئەمێستا داهێنەر و کاریگەر دەبوون؟
زبانی فارسی لە زبانە دەوڵەمندەکانی دنیایە،خزمەتی کراوە،ئەدەبیاتی فارسی فێردەوسی و حافیز و سەعدی و جەلالەدینی ڕۆمی هەیە.هەرگیز ناتوانین کوردی و فارسی لە گەڵ یەک هەڵسەنگێنین.ڕاستە کوردی لە فارسی ڕەسەنترە هیرشی عەرەب بە هۆی کوێستانی بوونی کوردستان نەیتوانی زبانی کوردی بگۆڕێ.زبانی فارسی تێکەڵاوێکە لە عەرەبی و پەهلەوی،بەڵام فارس عەرەبییەکەیان فارساندووە بە جۆرێ کە عەرەب ئیتر لەو وشانە تێناگەن.جامەی ئێرانیان کە بەر کردوون.بە هەزاران نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەر و مێژوونووس خزمەتی ئەم زبانەیان کردووە.ڕۆماننووسانی وەک ئەو بەڕێزانە ئەگەریش بیانتوانیبایە بە کوردی بنووسن(کە ناتوانن)هەرگیز ئەو سەرکەوتنانەیان وە دەست نەدەهێنا.کوردی زبانی گەلێکی بن دەست و زوڵم لێکراوە.
زبانی کوردی زبانێکە دەستەڵاتدارانی داگیرکەر هەمیشە لە هەوڵدابوون بن بڕی کەن یان تێکەڵی زبانەکەی خۆیانی بکەن،ئەوە لایەک، لایەکی تریش ئەوەیە کە بەڕاستی کورد ئەگەر لە شاخەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو شارەکان قسەی پێ نامێنێ.زبانی ئێمە زبانی شاخ و داخ و گوند و ئاژەڵدارییە.ئەوەش تەخسیری خۆمان نییە.بە سەرماندا داسەپاوە.بۆیە ئەگەر ئەونووسەرانە کە جەنابتان ناوتان بردووە بە کوردی بیاننووسیبایە،نەخێر ناوەڵڵا ئەو سەرکەوتن و داهێنان و کاریگەریەیان نەدەبوو…بە تایبەت لە کوردستانی ئێران.با ئەوەشت عەرز بکەم زۆر نووسەری فارسی و بەڕەچەڵەک کورد زەمینە و ئەزموونی کوردی ڕەچاو دەکەن و کەسانێکی وەک مەحموودی دەوڵەت ئابادی کە فارسە،ڕۆمانی گەورەی(کەلەیدەر)ی لە سەر خەبات و تێکۆشانی کوردانی خوارسان نووسیوە کە دە بەرگە و نێزیک چوارهەزار لاپەڕەیە.ئەحمەدی مەموود لۆڕی بەختیارییە و عەلی ئەشرەف و مەنسوور یاقووتیش کوردی کرماشانن و ئەگەریش گەرەکیان بووایە بە کوردی بنووسن نەیاندەتوانی.
ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی ڕۆمانی کوردیمان هەیە،یاخۆ بەلای ئێوەوە ئەو ڕۆمانانە ڕووی ئەوەیان هەیە وەربگێڕدرێنە سەرزمانانی دنیا؟
با خۆمان هەڵنەکێشین،ڕۆمانی کوردی تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئاستی ڕۆمانی جیهانی و تەنانەت کیشوەری درواسێ کانمان.ئەڵبەت چەند سیمایەکی تایبەتیمان هەیە.ڕەنگە هێندێ دڵیان لە من بڕەنجێ،بەڵام کاتێ من ڕۆمانی کوردی لە گەڵ ڕۆمانی فارسیدا هەڵدەسەنگێنم،هەست بە بێ هێزی و لاوازی زمانی کوردی دەکەم.ئێمە هێشتا ناتوانین خۆمان لە قەرەی فارسی و عەرەبی بدەین.ئەوە قاعیدەیە.ئیستسناش هەیە.ئەوەش هۆیەکەی ئەوەیە میللەتی تر خەت و کیتابەتی هەزاران ساڵەیان هەیە،بەڵام ئێمە ئەوپەڕی سەت ساڵە و پچڕپچڕ دەنووسین،دیارە سەت ساڵیش لە چاوی مێژوو زۆر نییە،بەڵام بەو حاڵەشەوە هەنگاوی بڵند هەڵگیراوە و هەلدەگیرێ.
ئایا چیرۆکی کوردی تا ئێستا تا چ ڕادەیێک کەڵکی لە کەلتووری کوردی وەرگرتووە؟گەر نموونە هەبێت…
بە داخەوە هێندێ لە نووسەران چەواشە بوون.بێ ئەوەی شەپۆلە ئەدەبییەکانی ڕۆژاوایی بە باشی بناسن و بزانن لە سەر چ بناغەیەک سازدراون و چێکراون دەستیان کردووە بە لاسایی کردنەوە.هەر میللەتێک تایبەتمەندی هایەکی هەیە.ڕاستە ئێستا میللەتانی جیهان زۆر لێک نزیکن و گوندە جیهانییەکەی جەنابی مەک لۆهان خەریکە پێک دێ،بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە فەرهەنگ و سووننەتەکانیش دەبن بە یەک.ئێمەی کورد کەلتوورێکی دەوڵەمەندمان هەیە ڕەنگە لە هی زۆر وڵاتان دەوڵەمەندتر بێ،بەڵام نووسەرەکانمان(کونی دۆعایان ون کردووە!) و بە جێگەی ئەوەی لە کەلتووری خۆمان کەڵک وەربگرن دەست لە بێگانە پان دەکەنەوە.
گابریل گارسیا مارکیز بەنگەی نووسراوەکانی خۆی لە سەر ئەستوورە و ئەفسانە و کەلتووری ئەمریکای لاتینی هەڵبەستراوە.تۆلستۆی سەرەڕای ڕووس،دەست درێژی بۆ سامانی کەلتووری میللەتانی تریش دەکا.نووسەرێکی وەک ویلیام سارۆیان لە ئەفسانەی کوردی کەڵک وەردەگرێ،کەچی خۆمان لووتمان دەگرین و پیف پیف دەکەین.من زۆرم نەدیوە لە نێو نووسەرانی کورد دا کە توانیبێتیان کەڵک لە کەلتووری کوردی وەربگرن.
بەڵام فەتتاحی ئەمیری نووسەری هاوارە بەرە و میرزا،لەو دوو ڕۆمانەی دا تا ڕادەیەک ئەو کارەی کردووە،نازانم لێرە کام نووسەر لەو بوارەدا سەرکەوتوون؟چۆن من تازە چەند مانگێکە لێرەم و زۆربەیان ناناسم،لە کوردستانی خۆرهەڵات بە دەگمەن کتێبی نووسەرانی ئەم دیومان بە دەست دەگەیشت…
ئیتر سوپاس.