جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– رامان | ژماره‌ی ؟ –

رامان | ژماره‌ی ؟

وتوووێژێک لەگەڵ شاعیر و نووسەری کورد کاک جەلال مەلەکشا | ڕێبوار کامەرانی پوور

 

کاک جەلال سەرەتا پێناسەیێک لە خۆتان؟

لە بارەی خۆمەوە لەملا و لەولا، لە گۆڤاران و بڵاڤۆکان و وتووێژانی زۆر، قسە و  باسم کردووە و ئیتر چەندپایە کردنەوەیان بە ڕاستی ناخۆشە… ئیستا زۆر کەس ناونیشان و جێ ژیانم دەزانن و دەمێنێتە ڕۆژژمێری مردنم کە ئەویش بۆ خۆی دێ.

چۆن بوو کە بوونە شاعیر؟

نازانم چۆن بووم بە شاعیر… زۆر شت هەیە کە دەتوانێ کاردانەوەی لە سەر هەست و گیان و ژیانی مرۆڤدا هەبێ… من پێم وایە، بەشێکی هونەری شاعیری، زاتییە… بەڵام تەنها ئەوە ناتوانێ کەسێ بە شعیر بکا. کچە تەونکەرێکی خۆشزەوقیش لە بەر خۆیەوە شیعری بەرتەونانە دەبێژێ و بڕێ لەو شێعرانەش سەرنجڕاکێش و جوانن… و بە تایبەت لە وڵاتی ئێمەدا زۆر کەس دەتوانن لانی کەم بە شێوەی سەرەتایی هەستی خۆیان بە ئیقاع و ئاهەنگ دەربڕن… بەڵام هەروا کە وتم ئەمانە بۆ شاعیر بوون بەس نییە… شاعیر دەبێ هونەرەکەی پەروەرش بدا، موتاڵا بکا، ئەدەبیاتت وڵاتەکەی بە دروستی و بە قووڵی بناسێ، ئەدەبیاتی وڵاتانی دیکە بخوێنی، بە تایبەت ئەدەبیاتی سەردەم. شەپۆلە ئەدەبیەکان بناسێ، بزانێ ئاستی شیعری دنیا لە کوێدایە و هەوڵ بدات لە هەموو کانی و ڕووبارێ کەڵک وەربگرێ، لە وڵامی پرسیارەکە دوور کەوتمەوە. بە هەر حاڵ چۆن بوومە شاعیر گرینگ نیە… گرینگ ئەوەیە ئایا توانیومە وەک شاعیر خزمەتێک بە ئەدەبیاتی وڵاتەکەم بکەم؟

وەکوو شاعیرێک، شیعرەکانتان چۆن ئەبینن؟

بڕوا بکەن من لە شێعری خۆم ڕازی نیم. هێشتا خۆم وەها شاعیرێک نازانم کە شانازی بە خۆم بکەم، شیعری خۆم وەک شیعری باش بە خەڵکی بناسێنم. من شیعری زۆرم نیە.. کەم دەنووسم و زۆر دەخوێنم… من پێم وایە، شاعیر دەبێ شیعرێ بنووسێ کە ببێ بە وێردی زمانی خەڵک.. هەندی کەس بە زۆر و زۆرداری قەڵەم بە سەر کاغەزا دەکوتن و ڕۆژێ چوار و پێنج شتی سەیر و سەمەرە بە ناو شیعر دەنووسن، کاکە.. خۆ شاعیر کارخانەی شیعرسازی نیە.. زۆر نووسین و درێژدادڕی کەس بە شاعیری چاک ناکا. بڕێ جار شیعرێکی کورتی (پۆستەرە شیعر) چوار پێنج رستەیی، بایەخی لە دیوانێکی قسەی قۆڕ زیاترە.

بەڕای ئێوە لووتکەی شیعری کوردی گەیشتووتە چ ئاستێک؟

شیعری کوردی لەم سەر دەمەی ئێمەدا، هەرچەند مێژینەی دوور و درێژێکی نیە، بەڵام بە ڕاستی توانیویە بە ئاستێکی بەرز بگات، ئەویش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە. وڵاتی کوردستان وڵاتی شۆڕش، عەشق، فرمێسک و مەرگ و خوێنە و شیعر لە وەها برودۆخێکدایە کە گەشە دەکا و دەگا بە پەڕپەڕۆچکەی خۆی بە تایبەتی شێعری بەرخۆدان. لەم لایەنەوە شیعری کوردی لە بەرزترین لووتکە دایە و لەگەڵ شیعری جیهانیدا هاوکووفە و شان لە شانی شیعری کوردی بە زۆر زمانی دنیا وەرگیڕاوەتەوە.

کاک جەلال، دوو کەسایەتی کە هەست ئەکەی زۆرتر زوڵمیان لێ چووە.

پرسیارێکی سەیرە… یانی چی، دوو کەسایەتی کە هەست ئەکەی زوڵمیان لێ کراوە! لەم وڵاتە زوڵم لە کێ نەکراوە… نەخوازەڵڵا شعیر… کام دوو شاعیری  زولمیان لێ چووە؟ تو بڵێ… کام شاعیر زوڵمی لێ نەچووە… شاعیری زۆرمان بووە و هەیە کە لە کۆمەڵگای خۆیاندا و ئەو وڵاتەی تیێدا دەژین هەر حیسابیان وەک بەنی­ئادەم و مرۆڤ لە سەر نەکراوە. کام شاعیری ڕاستەقینە، کە لە ژیانیدا سەری بە زۆردار و ملهوڕ و داگیرکەر دانەتەواندووە، نمرەی ئەشکەنجە و زیندانی نەچێشتووە. کام شاعیری ئازادیخواز و دژی دەسەڵاتداری دیکتاتۆرەکان ژیانێکی راحەت و ئاسوودەی بووە… کامەیان لە بارەی مادیەوە دابین بووە؟ کاکە گیان قسەی دووان و سیان و چوار و دە شاعیر نیە لە وڵاتی کوردەواریدا، ئێوە هەر لە نالیەوە بیگرن کە چۆن دەربەدی مەنفا بووە تا حاجی قادر و تا قانیع و بێکەس. هەژار و هێمن و هێندە زۆرن کە لێ گەڕێن چاکترە تو خوا یا ئەم زامە داپۆشراو بێ و نەکولێتەوە و تەشەنە نەکاتەوە هونەرمەند و ژیانی خۆش؟ مەحاڵە!!!

ڕەساڵەتی شیعری نوێ.

شیعری کوردی، تا ئیستا لە چەند قۆناغەوە تێپەڕیوە و هەر لە هەموویانەوە بە ساغی و سەلامەتی رابووردووە. ئیتر لەم قۆناغەی ئیستادا، شیعری کوردیش وەک شیعری سەردەمی وڵاتە دراوسێکانمان رێ دەکا. بە هەمان شێوە لە شەپۆل عوبوور دەکا چونکە کورد لە چەند وڵاتدا دەژی، هونەرمەندانی کەم تا بێش دەکەونە ژێر کاردانەوەی هونەری ئەو وڵاتانە وەک نووسەران و شاعیرانی کوردی کوردستانی ئێران کە زۆربەی موتاڵا و خوێندنەوەکانیان ئەدەبیاتی فارسیە و بێ­گومان تا ڕادەیەک لە ژێر کارتێکردنی ئەدەبیاتی فارسی داین. ئەوانەی کە ئەدەبیاتی عەرەب دەخوێنن یان ئەدەبیاتی وڵاتانی دیکە هەر هەموویان بە هەمان کاناڵدا ڕەت دەبن. ئەدەبیاتی هیچ نەتەوەیەکیش بە بێ ئەدەبیاتی وڵاتانی دیکە تەریک و پەڕگر دەمێنێتەوە گۆمێکی بێ­بوار لە ناو بیابانێکدا، ئەگەر رووبار و جۆباری جۆربەجۆری تێنەڕژێ مەند و گنخاو دەبێ و لە خۆیدا دەگەنێ. کەواتە تەعامول و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و ئەدەبی بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی هەر وڵاتێ باڵ و پەڕی هەڵفڕین بدات. ئێستا شێعرە کوردی خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە و لە ئاستێکێ بەرز و باڵا دایە.

ئاسۆی شێعر و ئەدەبیاتی کوردی بەرەو کوێیە؟

داهاتووی ئەدەبیاتی هەر ملەتێک بە دەستی ئەدیبان و خاوەن قەڵەمانی ئەو میلەتە دیاری دەکرێ. شاعیری چاک، شیعری چاک دەنووسێ و چیرۆک نووسی بلیمەت، چیرۆکی شاز و ناوازە دەخولقێنی. ئێمەش لە کوردستان مەبەستم کوردستانی گەورەیە شاعیر و نووسەری چاک و قەڵەم­ڕەنگینی زۆرمان هەیە. کەواتە داهاتووش ڕوونە.

ڕەساڵەتی شاعیری کورد…

من بۆ خۆم، بۆ شاعیر و نووسەر تعهد و التزام قایلم. شیعرێک و نووسراوەیێک، لە خزمەتی ئامانجی ئینسانیدا نەبێ، هیچ نیە و بایەخی تووریکی نیە…هونەر لە کۆمەڵگای ئەسیرو لە ژێر دەسەڵاتی ڕەشی ڕژیمە دیکتاتۆرەکاندا. دەبێ وەک چەکی پارتیزان دڵی دوژمنان نیشانە بگرێ و هەر وشەیەک وەک گوللە­یەک لە سەنگەری ئازادیخوازیەوە بەرەو دوژمنی ئینسان و ئازادی و شەرافەت و کەرامەت بتەقێتەوە. ئەرکی شیعر لە خەو داچڵەکاندنە. هاوارە، گریەی هەورە ترێشقەی خەباتە دژ بە ستەم و جەوری ستەمکاران.

ئەگەر کاک جەلال بگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵی پێش دەبێتەوە شاعیر؟

ئەگەر جەلال بگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵی پێش… دیارە هەر ئەبێتە بە شاعیر. بەڵام ئەمجارە بە هەندێ جیاوازیەوە…

ئەم وشەگەلە لە یەک ڕستەدا.

شیعر: شۆڕشی هەست.

شاعیر: شێتترین و غەریبترین مرۆڤی جیهان.

دایک: هیچ وشەیەک هێزی بەیانی مانای دایکی نیە.

ژیان: کەکرە بۆ من کەکرە بوو.

مردن: ئارامشی ئەبەدی.

خۆشەویستی: ئەگەر نەبیوایە، ژیانیش مانای نەبوو.

کوردستان: جەهەننەمێ کە بە هەشتی منە.