جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئێواره‌ی غه‌ریبستان –

ئێواره‌ی غه‌ریبستان

 

 

ئێواران غه‌م دێت و له ‌ده‌رکه ‌ده‌دا. له ‌په‌نجه‌ره‌وه ‌هه‌ڵدێم. ده‌ڕۆم خۆم له‌نێو شووشه‌ی باده‌دا بشارمه‌وه! که‌چی ده‌بینم غه‌م پێش له‌ من له‌سه‌ر کورسیی به‌رامبه‌رم دانیشتووه‌ و چه‌مه‌ڕایه! ده‌ست له ‌ملم ده‌کا و ده‌ڵێ: دڵنیا به، من وه‌ک شادی بێ‌وه‌فا نیم! هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی ژیانته‌وه‌ له‌گه‌ڵتدا بوومه ‌و هه‌تا دوا‌ڕۆژ به‌ جێت ناهێڵم! هه‌ڵده‌ستێ و ڕۆ ده‌چێته ‌نێو شووشه‌ی باده‌که‌وه. ده‌یخۆمه‌وه ‌و تک تک له‌ چاوه‌کانمه‌وه ‌داده‌چۆڕێ و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌لام و به‌رامبه‌رم داده‌نیشێ.

ئێواران، دڵم پڕخورپه‌تر و چکۆله‌تر له‌ دڵی په‌ڕه‌سێلکه ‌کۆچه‌رییه‌کانه.

شه‌قامه ‌قه‌ره‌باڵغه‌کانی هه‌ولێر پڕن له ‌ته‌نیایی و «مه‌چکۆ»ش ته‌ژی له ‌ریا و قسه‌ی پشته‌مله‌یه؟

ئێواران، نازانم سه‌رم بۆ کامه‌ شوێن هه‌ڵبگرم، نه‌ختێ له‌م غه‌ریبستانه‌ دوورم بکاته‌وه! مه‌یخانه‌کانیش لێواولێوی خه‌م و فرمێسکن.

ئێواران هه‌موو غه‌ریبه‌کان دێن و له ‌به‌رامبه‌ر شێخی باده‌دا پرچ و قژی خه‌مه ‌درێژ و پرش و بڵاوه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه‌ و کووره‌ی زیکرێکی پڕ له‌ جه‌زم و حاڵ ده‌به‌ستن.

ئێواران سواری ئه‌سپێکی تیژپا ده‌بم و به ‌قاچاخه‌ڕێیه‌کانا له‌ سنووره ‌ده‌ستکرده‌کان ده‌په‌ڕێمه‌وه ‌و له‌پڕ باوه‌ش به‌ خۆشه‌ویسته‌کانمدا ده‌که‌م و پڕمه‌ی گریان به‌ر بینگم لێ ده‌گرێ.

ئه‌گه‌ر «ئیسماعیلی به‌رزنجی» جڵه‌وەی ئه‌سپه‌که‌ نه‌گرێ و ده‌نگم نه‌دا… ئاخ!

ئاخ ئیسماعیلی به‌رزنجی!… ئه‌سپه‌که ‌سڵ ده‌کا و ده‌مگڵێنێ و ده‌بینم:

له ‌باخچه‌ی مه‌یخانه‌یه‌‌کدا دانیشتووم و گه‌یشتوومه ‌سنووری دوایین پێک.

 

 

ئێواران

نازانم بۆچی هه‌ر ئێواران

شاعیر و عاشق و دێوانه

ئۆقره‌یان لێده‌بڕێ

دنیایان لێ ده‌بێ به ‌پێسته‌ چۆله‌که ‌و

حه‌ز ده‌که‌ن، له ‌خۆیان یاخی بن

به‌ره‌و ‌ڕووی،

گه‌ردوون و گشت جیهان ڕاپه‌ڕن!

ده‌بن به ‌ئاگر و

بڵێسه‌یان کۆڵه‌که ‌ده‌به‌ستێ

هه‌ربۆیه‌ ئێواران

خۆیان به‌ مه‌یخانه‌ ده‌گه‌ێنن

که ‌به ‌مه‌ی کوڵ‌وکۆی ده‌روونیان خامۆش که‌ن!

به‌ڵام مه‌ی، وه‌کووو نه‌فت

ئاگره‌که‌ خۆش ده‌کات!

ئێواران،

وه‌کوو مار

دڕکه‌زێ خه‌فه‌ت و په‌ژاره‌ی غه‌ریبی

کاژم پێ ده‌خات و

جامه‌ی پڕ فریو‌ی ڕۆژانه ‌تووڕ ده‌ده‌م!

ده‌بمه‌وه‌ خودی خۆم

جه‌لالی مه‌له‌کشای ڕووت و قووت

دڵه‌که‌م ده‌خه‌مه ‌سه‌ر له‌پ و

له ‌ژێر تیشک چلچرای باده‌دا

هه‌موو که‌س ده‌مبینێ

چۆناوچۆن ده‌سووتێم!

دڵداره‌ دووره‌که‌م!

ئه‌ی ژنه ‌خه‌مناکه ‌دوازده‌ساڵ بێوه‌که‌م!

من هه‌ڵۆی یاخی بووی کوێستانم

هاکا له‌م ڕۆژانا، گولله‌یه‌ک

دڵه ‌پڕ ژانه‌که‌م وێران کات

ئه‌زانم به‌ جێگه‌ی سه‌رسینگی نه‌رمی تۆ

به‌ گولله‌ی تفه‌نگێکی تیرۆریست

چیمه‌نتۆی شه‌قامی ئه‌م شاره

ده‌بێ به‌ سه‌رینم

تۆ خواکه‌ی پێش له‌وه‌ی

خاکی ئه‌م وڵاته ‌خه‌مباره‌ قووتم دا

هه‌ر جارێ

وه‌ره ‌نێو خه‌ونێکی ئاڵۆزم!

 

13/6/1379 – September 3, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ئه‌گه‌ر هاتی –

ئه‌گه‌ر هاتی

 

 

نازانم چۆن بپه‌ڕمه‌وه

شه‌وه‌زه‌نگه

بوار نییه

تا چاو بڕ کا، له‌ هه‌ر لاوه

هه‌ر هه‌ڵدێر و داره‌به‌نه

ڕێگا به‌رته‌سک و باریکه!

ئه‌گه‌ر هاتی،

له‌گه‌ڵ خۆتا

چه‌ند هێشوه‌ ئه‌ستێره‌ بهێنه

لێره ‌شه‌وه‌ و

ئاسمان هه‌میشه ‌تاریکه!

 

هه‌ولێر

18/9/1379 – May 7, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– هه‌زار و دووهه‌مین چیرۆکی شه‌هرزاد –

هه‌زار و دووهه‌مین چیرۆکی شه‌هرزاد

 

 

تۆ لێره چی ده‌که‌ی؟

ئه‌ی ڕۆحی ئاواره ‌و

غه‌ریب‌تر له ‌دیجله؟!

به ‌سواری گژه‌بای دڕی کام کاره‌سات

هاتیت و له ‌به‌غدا دابه‌زیت؟

گوێ بگره…

له‌وبه‌ری دیجله‌وه

له‌ دارولخه‌لافه

شریخه‌ی شه‌لاخ و هه‌ڕە‌شه‌ی مردنه

ده‌زانم

هه‌زار و دووهه‌مین چیرۆکی شه‌هرزاد

چیرۆکی ئه‌وینی که‌سێکه

که ‌خولیای عه‌شقێکی ئاورین

سه‌ری پێ هه‌ڵگرت و

قه‌راخی دیجله‌ی کرد به ‌ژوانگه‌ی فرمێسک و ته‌نیایی

چیرۆکی ئه‌وینی که‌سێکه

ته‌ک «ئه‌بوونه‌واس»ی سه‌وداسه‌ر

له ‌خه‌ڵوه‌ی شه‌وانی به‌غدادا

شه‌رابی ده‌رد و ژان ئه‌نۆشن

کاتێکیش سه‌رخۆش بوون

له‌ خه‌می غوربه‌ت و فیراق و ته‌نیایی

هێند ‌ده‌گرین، هێند ‌ده‌گرین

ده‌بن به‌ شه‌پۆل و

ده‌ده‌ن له ‌ڕووبار و

ئاوێته‌ی ئاو ده‌بن!

 

به‌غدا

1380 – 2001

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بانگت ده‌که‌م –

بانگت ده‌که‌م

 

 

بانگت ده‌که‌م

ده‌م پڕ ده‌بێ

له ‌شیله‌ی گوڵ!

ئه‌وین هه‌تاوێکی گه‌رمه

هه‌نییه‌ی ته‌نیاییم ماچ ئه‌کا!

بانگم ده‌که‌ی

ئاسمان ده‌بێ

به‌ چارشێوی گوڵئه‌ستێره ‌و

دارستانی کپی ژینم

پڕ ده‌بێ له ‌چریکه‌ی بولبول

 

18/2/1379 – May 7, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕێگه‌ی دژوار –

ڕێگه‌ی دژوار

 

 

من فریشته‌یه‌ک ده‌ناسم

له‌ دوڕگه‌ی ژان و ئازاردا

دڵۆپ دڵۆپ

فرمێسک ده‌کا به ‌ملوانک

بۆ گه‌رده‌نی ئاواتێکی باڵابه‌رز و

خۆی له‌ گڕی ئه‌وینێکی ئاوریندا ده‌توێته‌وه

فریشته‌که‌م!

نه‌مگوت خۆت له‌م گڕستانه ‌بپارێزه؟

نه‌مگوت ئه‌م ڕێگه‌ ‌دژواره

بست به ‌بستی، دڕکه، گوڵمێخه، بزماره!

نه‌مگوت لێره،

زه‌وی سه‌خت و

ئاسمان قه‌ڵه‌مڕە‌وی داڵه

نه‌مگوت شیعر

گه‌رووی هه‌سانی چه‌قۆیه!

ئازای ئه‌ندامی زاماره؟!

فریشته‌که‌م

منیش ڕێبواری ئه‌م ڕێگه‌ بزمارڕێژەم

هه‌ر ئه‌ڕۆم و چقڵ، سینگی هه‌ستم ده‌دڕێ،

هه‌زار هه‌زار چه‌قۆی ده‌مه‌زه‌ردی سیخوڕ

شوێنی هه‌نگاوم هه‌ڵده‌گرێ

هانێ ده‌ستم!

وه‌ره‌ با پێکه‌وه ‌بڕۆین

ڕه‌نگه‌ له‌پشت تراویلکه‌ی ئه‌م ژیانه‌ پڕ له ‌زامه

ئارام بگرین!

یان له ‌گه‌رمه‌ی ڕووداوێکدا

وه‌ک دوو باڵنده‌ی نافه‌رمان

دژی ڕکه‌ی خواوه‌نده‌کانی سه‌ره‌ڕۆی ئه‌م زه‌وینه

یاخی له ‌یاسای ئاسمان

به ‌بڵێسه ‌و گڕی شیعری خۆمان بمرین

 

1380 – 2001

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– حه‌سره‌ت –

حه‌سره‌ت

 

 

من بیر له‌و به‌هاره‌ ڕەنگینه ‌ده‌که‌مه‌وه

هات و تێپه‌ڕی و

ئێمه ‌نه‌مانتوانی

بۆن به ‌گوڵێکیه‌وه ‌بکه‌ین!

بۆنی خوێن، مه‌ستی کردبووین و

خوێنی یه‌کترمان

له ‌په‌رداخی فیشه‌کدا فڕ ده‌کرد!

من بیر له‌و به‌هاره ‌ڕە‌نگینه ‌ده‌که‌مه‌وه‌ و

نه‌فره‌ت ده‌که‌م له‌وانه‌ی

ده‌رکه‌کانیان داخست و نه‌یانهێشت

بۆن به‌گوڵێکیه‌وه‌ بکه‌ین!

ده‌یان سه‌ده

چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌هاره‌ بووین

که‌ هات ئێمه‌ پشتمان تێکرد و

به‌رامبه‌ری یه‌کتر ڕاوه‌ستاین و

له ‌زستانی ڕق و قینا

ڕە‌ق بووینه‌وه

ئاخ، مخابن!

ده‌مانبه‌نه‌وه ‌سه‌ره‌تای ڕێگا

نه‌وه‌کانمان هه‌میسان

بۆ گه‌یشتن به‌ ئێستا

به‌ ده‌م ڕێگاوه ‌شه‌که‌ت و ماندوو

کارنامه‌کانمان ده‌خوێننه‌وه ‌و

تف و له‌عنه‌ت له ‌گۆڕەکانمان ده‌که‌ن

ئه‌ی مێژوو!

له‌بیرت بێ، به‌هار هات و

ده‌ ساڵ، ده‌ساڵی ڕە‌به‌ق

له ‌به‌رامبه‌ر ده‌رکه‌کانمانه‌وه ‌ڕاوه‌ستا و پاڕایه‌وه

ئێمه ‌ده‌رکه‌مان بۆ نه‌کرده‌وه‌ و

له‌ سه‌ر مێزی مه‌یخانه‌‌ی خه‌یانه‌ت و حه‌ماقه‌ت

خوێنی یه‌کترمان

له‌ په‌رداخی فیشه‌کدا، فڕ ده‌کرد

ئه‌ی مێژوو…

له‌بیرت بێ، ده‌یان سه‌ده

به‌ ئاواتی گه‌یشتن به ‌ئه‌م به‌هاره ‌جوانه‌مه‌رگه!

پێکه‌وه ‌رێگامان بڕی

له ‌هه‌ر هه‌نگاوێکدا،

هه‌زاران گیانی نه‌سره‌وتمان به خاک ئه‌سپارد

کاتێکیش گه‌یشتین

به‌هار، به ‌هه‌زاران گوڵخه‌نده‌وه

باوه‌شی بۆ کردینه‌وه

به‌ڵام، ئێمه ‌پشتمان لێکرد و

له‌ زستانی ڕق و قینا

ڕه‌ق بووینه‌وه!

 

هه‌ولێر

8/7/1379 – September 29, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دڵخۆشی –

دڵخۆشی

 

 

کڵاوم لاره!

قه‌ڵه‌مه‌که‌م…

له‌ به‌رامبه‌ر چی سوڵتان و

فه‌رمانڕە‌وا و داگیرکه‌ره

کڕنۆش نابات!

هیچیش وه‌ک ئه‌و

تفه‌نگه‌ ده‌م به‌هاواره

وا له‌ په‌نای قه‌ڵه‌مێکدا

له‌سه‌ر پێیه…

منی ئه‌وینداری وڵات

دڵخۆش ناکات!

 

هه‌ولێر

1378 – 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– بریا –

بریا

 

 

بریا من وه‌کوو په‌پووله‌ بایام

ده‌م له ‌ناو ده‌می گوڵێکی سووردا

سه‌رمه‌ست له‌ شیله‌ی ئه‌وین ده‌مردم!

کیژۆڵه‌یه‌کی شۆخ و نازه‌نین

له‌ نێو ده‌فته‌ری بیره‌وەریدا

ویشکی ده‌کردم!

 

به‌غدا

1378 – 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– ڕۆژژمێر –

ڕۆژژمێر

 

 

خه‌ریکه ‌ڕێ ته‌واو ده‌بێ

زۆربه‌ی زۆرم لێ ‌بڕیوه

ڕۆژژمێری سه‌ر مێزه‌که‌م

هه‌تا دێ که‌م ده‌بێته‌وه

په‌نجا په‌ڕە‌م لێ دڕیوه

هاکا وتیان

ئه‌سپه ‌سه‌رشێته‌که‌ی زه‌مان

“جه‌لال مه‌له‌کشا”یشی گلان.

 

1380 – 2001

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha
جەلال مەلەكشا | Jalal Malaksha | جلال ملکشا

– دۆزه‌خ –

دۆزه‌خ

 

 

له‌ ناو گڕ و کڵپه‌ی ئازاری ئه‌م دۆزه‌خه‌دا

ده‌سووتێم و هه‌ڵده‌قرچێم

ڕۆژێ هه‌زار که‌ڕە‌ت ده‌مرم!

به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانم، نا…

به‌جێ بێڵم

ئه‌و به‌هه‌شته ‌شاد و سه‌ربه‌سته‌ بۆ ئێوه ‌و…

به‌کامتان بێ…

من ته‌نیا هه‌ر له‌م دۆزه‌خه

هه‌ست به‌بوونی خۆم ده‌که‌م و ئارام ده‌گرم!

 

4/1379 – july, 2000

جەلال مەلەکشا - جلال ملکشا - Jalal Malaksha